Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

نیشتمانم قەرزاری تۆیە.

نیشتمانم قەرزاری تۆیە.

ستونی ڕوشنفکر: حسێن علی شریف

دوای بیست ساڵی غوربەت ڕەنگەکانی نیشتمان لە مێشکما کاڵ بونەوە تەنانەت دوای گەڕانەوەشم هیچ کوچەیەکی مناڵیم نەدۆزیەوە وەک خۆی مابێت. بە دوی ئەو بەردانەدا گەڕام کە بە مناڵی ئەمکردنە گۆڵ ،بەڵام نەمدۆزینەوە. بە دوی ئەو دار توانەدا گەڕام کە توە ڕەشەم لێ دزیبوون بەڵام هەمویان بڕابونەوە لە جیگایان خانو دروست کرابو. هەرچیم کرد نەمتوانی بۆنی ڕۆنو پیازە هەڵقرچاوەکەی میمکە جەیران بدۆزمەوە. نەمتوانی پڕ بە لوتم بۆنی دوکەڵی جگەرەکەی دادە ئاهو بکەم. هیچ حیکمەتێکیشم لە حاجی لەیلێ نەبیستو مامە عەزەش نەمابو تا دو هەنجیری گەییوی باخەکەم بداتێ. نەفرەتم لە هەمو گۆڕان کاریەکان کرد .نەفرەتم لە بەرفراوانبونی شار کرد.ئەوشارەی کە رۆژانە لەم سەرەوە بۆ ئەو سەری تەنها دە خولەکم پێ ئەچو بۆ گەڕانو سەڵاوم لە یەک بەیەکی ئەکرد. ئەم شارە نازانم چی بە سەر هاتوە ئێستا بە دەگمەن پیادەیەکی تیا ئەبینمو بە دەگمەن کەسیک ئەدۆزمەوە سەڵاوی لێ بکەم. نیشتیمان لە زاکیرەمدا خەریک بو ئەبو بە رابوردو. کۆڵانەکانی شار هیچیان وەک خۆی نەمابو. هەمو شتێک لەو شارەدا گۆڕابو تەنانەت مردنو پرسەکانیش زۆر گۆڕابون. گەشتو چونەدەرەوەی بەهارانیش هەروەها. .لە هیچ جێگایەک دیمەنی هەڵپەڕکێو ڕەش بەڵەکو سەدای سەید حسەینو عەزیز مەلەکەم نەئەبیست. قەد پاڵەکان پڕ بون لە خەڵکی نامۆو داپۆشراو کە هەرکەسو سنورێکی مۆڕەو رقی بە دەوری خێزانەکەی خۆیا کێشابو !. بە دوی بۆنی پێستەکانی حەمەکاکەدا گەڕام.بە دوی ئەو گوڵە ئاڵو سورە جوانانەی گەرەکی تەمیمیداگەڕام کە بە نیوەڕوان ئەڕۆشتم بۆ دزینیان. بە دوی ڕەنگی پۆڵکەی ناو خەلەکانی کانی ساردا گەرام بە دوای هەلوکینو شێرو خەتو رەسم رەسمێنەی مناڵەکانا گەڕام کەچی هیچم نەدی جگە لە نێرگەلەخانە! ئیتر هەستم ئەکرد کە من هیچ شتێ نامبەستێت بەم خاکەوە هەستم ئەکرد کە من غەریبەیەکم نیشتیمانی خۆم لێ ون بوەو هیچ خاکێکی تریش نابیتە بەدیل بۆم. بە هیوای هینانەوەی تامی خۆشی نیشتیمان پەنام بردە بەر سڕکێنەکان* (زبڵەکان) تا بەڵکو بۆنی تەپاڵەی سوتاوو یادی گەیاندنی نامە دڵداریەکانم بیتەوە بەر چاو.بەڵام نە سەر سڕکێن مابو نە ئاسەواری نامەی دڵداری ناو قاوغی شخارتە. سڕکێن نەمابو بەلام شار خۆی بوبو بە یەک سڕکێنی گەورە! بۆ تامی شروبو محەلەبیو پاقلەی کوڵیوو قاورمە بەکەوەر یەک بە یەکی کۆڵانەکان گەڕام بەڵام هیچ مناڵێکی دەست گێرم نەدی ئەو شارە لەوە ئەچو ماڵیکی هەژاری تیا نەمابێت! لە ساتی بێ ئومێدی دۆزینەوەی نیشتمانا لە دوا ترۆپکی بێ هیوابون لە ناسینەوەی شاری یاریو عیشقو سەرەڕۆییەکانم خەریک بو ڕۆ ئەچوم خەریک بو تەسلیمی ئەو قەدەرە تاڵە ئەبوم کە چی دی ئێرە نابێتە ماڵی من. بەڵام تۆ وە دەر کەوتی! وای لە دەرکەوتنی تۆ کە تامی دەرکەوتنی مەهدی بۆشیعەو عیسا بۆ مەسیحیەکانی ئەدا! کچێکی گەنم رەنگی پرچ ڕەشی چاوو برۆ ڕەش.کچێک کە هەر لەو کچە کلاسیکانەی گەڕەک ئەچوییت کە بە لاستیکی بەندو خوین مەمکە چوکەڵەکانت قوت ئەکردەوە. کچێک کە بۆنی گەڵای گوێزی تەڕو سنەوبەری قەدپاڵەکەی سەلیم پیرکت لێ ئەهات. کچێک کە هیچت لە کچی ئەم شارەی ئێستا نەئەچوو. لە یەکەم ساتی دەرکەوتنتا وام هەست کرد کە من وڕێنە ئەکەمو گەڕاومەتەوە بۆ رۆژانی مناڵی. هەستم ئەکرد تۆ بنیادەمی سەردەمێکی کۆنی شاریتو لە ناو چاڵە بەفرێکی ئەو شاخانەدا هەڵگیراویتو هیچت نەگۆڕاوە. ئاخر لە یەکەم ساتی نزیک بونەوەتا هەستم بە بۆنی زەوی دوای یەکەم بارانی تەپۆڵکەیەکی بانی خێڵان کرد. بۆنی کۆلیرەی تەنوری ماڵە گەرمیانیەکانت لی ئەهات.بۆنی نێرگزی چنارەت لێ ئەهات. چەن جارێک کێشام بە ڕومەتی خۆما تا دڵنیابم لەوەی کە بێ هۆش نیم ،ئاخر نەئەکرا باوەڕ بکەم من لە بەردەم کچێکا وەستاوم کە گەڕاندومیەتەوە بۆ نیشتیمان. نەم ئەتوانی باوەڕ بکەم کە لە پڕێکا جارێکی تر شوناس نامەی مناڵیو یادەوەری رۆژانی عەرەبانە حەماڵیەکەم بۆ گەڕاوەتەوە. نەم ئەتوانی باوەڕ بکەم جارێکی تر بە چاوەکانی خۆم دڵۆپە بارانەکانی بن میجی سەقفە قوڕەکەی خۆمان ببینمو چاوەڕیێ بکەم کە بکەوێتە سەر لێفە شڕەکە. تۆ ئێستا منت بردۆتەوە بۆ قۆناغی ڕاوە ریشۆڵەی فەوجەکەو هەیا هەیای بەر لە دەست پێ کردنی تیپاو تیپی گەرەک. ئێستا تۆ جارێکی تر گەڕاندتمەوە بۆ نیشتیمان بۆیە ئێستا ئەمەوێت بێ دو دڵی لە پێناوی نیشتیمانا بمرم

ئەم ستونە بەردەوام دەبێت.تکایە بڵاوی بکەنەوە




نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
zankoline

نیشتمانم قەرزاری تۆیە. Reviewed by Unknown on 8:04:00 م Rating: 5

ليست هناك تعليقات: