“خواست له‌سه‌ر نوسینی توێژینه‌وه به‌پاره زیادیكردوه”
ژینگه‌ی توێژینه‌وه له‌زانكۆكانی كوردستان له‌ئاستێكی نزمدایه، به‌شێكیشی به‌پاره ئاماده ده‌كرێت، ئه‌و جۆره كاره نائیتیكییانه نه‌ك خوێندكارانی زانكۆ، به‌ڵكو هه‌ندێك مامۆستای زانكۆش په‌نای بۆ ده‌به‌ن.
ئا: سروه جەمال
له‌كۆتایی ساڵی خوێندن نزیك ده‌بینه‌وه‌و خوێندكارانی قۆناغی كۆتایی زانكۆ‌و په‌یمانگاكان ده‌بێت وه‌ك به‌شێك له‌ئه‌ركی ده‌رچونیان توێژینه‌وه ئه‌نجام بده‌ن، له‌م ساڵانه‌ی دوایی خواست له‌سه‌ر نوسینی توێژینه‌وه به‌پاره زیادیكردوه‌و خاوه‌نی یه‌كێك له‌چاپخانه‌كان ده‌ڵێت “داواكاری له‌سه‌ری خه‌یاڵییه”مامۆستایه‌كی زانكۆش ده‌ڵێت “دژی بنه‌ما ئیتیكیه‌كانی توێژینه‌وه‌یه”.
له‌نێوبازاڕو كۆچه‌و كۆڵانه‌كانی شاردا، دوكانه‌كانی تایبه‌ت به‌تایپكردن‌و كۆپی كردن‌و نوسینی توێژینه‌وه ده‌بینرێت.
فاروق ئه‌بوبه‌كر خاوه‌نی یه‌كێك له‌و چاپخانانه‌ی كه له‌شاری سلێمانی تایپ‌و داڕشتنه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌كان ده‌كات به‌ئاوێنه‌ی راگه‌یاند”ئه‌و توێژینه‌وانه‌ی به‌ده‌ستنوس دێته لای ئێمه ته‌نها داڕشتنه‌وه‌ی بۆ ده‌كه‌م یان تایپ، وشه‌یه‌ك زیاد یان كه‌م ناكه‌م، خوێندكار زۆر دێـته لامان ده‌ڵێت توێژینه‌وه‌یه‌كمان ده‌وێت‌و ناونیشانه‌كه‌یمان پێده‌ڵێت كاتێك پرسیاری لێده‌كه‌ین توێژینه‌وه‌كه چۆن بێت هیچ زانیاریه‌كی نیه”.
فاروق كه له‌ساڵی2009وه ئه‌و كاره ده‌كات ده‌ڵێت “مامۆستا هۆكاره بۆئه‌وه‌ی خوێندكار په‌نا بباته به‌رئه‌وه، چونكه هیچ ئیجرائاتێك ناكات یان خوێندكار توێژینه‌وه‌یه‌كی چل په‌ڕه‌یی ده‌نوسێت مامۆستاكانی به(2-5)ده‌قیقه گفتوگۆی ده‌كه‌ن یان كه ره‌خنه ده‌گرن ته‌نها له‌باره‌ی خاڵبه‌ندییه‌وه‌یه، جگه‌له‌وه‌ی كاتێك خوێندكاران دێنه‌وه بۆئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانیان بۆ چاك بكه‌م له‌كه‌سیانم نه‌بیستوه بڵێن له‌به‌ر ئه‌و توێژینه‌وه‌یه ده‌رنه‌چوم”.
خاوه‌نی چاپخانه‌ی فاروق ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌شكرد “كه نزیكه‌ی دوسه‌د توێژینه‌وه‌ی ئاماده‌كراوم لایه به‌ڵام ئاماده‌نیم هیچ كات توێژینه‌وه به‌وشێوه‌یه بنوسم كه ته‌نها ناونیشان‌و پاره‌م بده‌نێ كه داوكاری له‌سه‌ری خه‌یاڵییه‌و ئێستا به‌ڕێژه‌ی80% زیادیكردوه، به‌ڵام ئه‌م دوساڵه‌ی دوایی به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه خوێندكار كه‌م دێن بۆ تایپكردن بۆنمونه توێژینه‌وه‌یه‌كی په‌نجا لاپه‌ڕه‌یی گه‌ر كوردی بێت هه‌ر په‌ڕه‌ی هه‌زارو پێنج سه‌د، گه‌ر عه‌ره‌بی بێت دوهه‌زاره، ئینگلیزی چوار هه‌زاره‌و بیركاری به‌شه‌ش هه‌زاریش ناكه‌م چونكه ئه‌گه‌ر سی لاپه‌ڕه‌ش بێت سه‌دوهه‌شتا هه‌زار ده‌كات جگه له‌وه‌ی پێنج نوسخه‌ی ده‌وێت كه ئه‌وه‌ش حه‌وت هه‌زارێكی ده‌یه‌وێت، كه ئه‌وه‌ش به‌گشتی بۆ ته‌له‌به زۆره”
ده‌چینه یه‌كێكی تر له‌چاپخانه‌كان‌و له‌وێ دو خوێندكار له‌گه‌ڵ خاوه‌نی دوكانه‌كه دانیشتون، ژینۆ كه خوێندكاری قۆناغی چواره‌مه له‌كۆلێژی كارگێڕی‌و ئابوری به‌ده‌م وتنی تێبینیه‌كانی به‌خاوه‌نی چاپخانه‌كه بۆچاككردنی توێژینه‌وه‌كه‌ی قسه‌ی بۆ ئێمه كرد وتی “له‌سه‌ره‌تای ساڵه‌وه خه‌ریكی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ین كه جگه له‌به‌كارهێنانی كتێب كاری مه‌یدانیشم ئه‌نجامداوه، به‌ڵام دو رۆژ دواتر مامۆستاكانیش به‌بێ بایه‌خ سه‌یری ده‌كه‌ن”.
ژینۆ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خوێندكاری به‌شی ناوخۆییه‌و سه‌ره‌ڕایی كۆمه‌ڵێك گرفتی تر ده‌ڵێت “ئێمه ئاوا ماندو ئه‌بین كه‌چی كه‌سانی تریش به‌پاره ده‌یكڕن، ئه‌مڕۆ له‌چه‌ند هاوڕێیه‌كم پرسی توێژینه‌وه‌كه‌تان ته‌واوكرد، زانیم خۆیان هیچیان نه‌كردوه وتیان به‌ڵێ، منیش وتم چۆن وتیان ده‌ستمان كه‌وت‌و كه دڵنیام یه‌ك وشه‌شی خۆیان نه‌یان نوسیوه، بۆیه ئه‌وان ره‌نگه نمره‌یه‌كی زۆرباش وه‌ربگرن‌و منیش له‌سه‌ر یه‌ك هه‌ڵه‌ی بچوك نمره‌م لێده‌شكێت”.
هه‌رچه‌نده ژینۆ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد كه سودی له توێژینه‌وه‌كه‌ی وه‌رگرتوه “فێری نوسین بوم هه‌روه‌ها چۆنێتی به‌كارهێنانی داتاكان به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا ئه‌گه‌ر سه‌د نمره‌ی له‌سه‌ر نه‌بوایه‌و شتێكی ئیختیاری بوایه كه‌سمان نه‌مان ئه‌كرد”.
خاوه‌نی ئه‌و چاپخانه‌یه له‌گه‌ڵ قسه‌كانی ژینۆدا جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرده‌وه كه توێژینه‌وه به‌پاره ده‌كڕرێت‌و بۆ ئاوێنه قسه‌ی كرد وتی “داواكاری زۆره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه توێژینه‌وه به‌پاره بنوسن ئه‌وان دێنه ئێره‌و ده‌ڵێن له‌سه‌ر فڵانه ناونیشان توێژینه‌وه‌یه‌كمان بۆ بنوسه، هه‌رچه‌نده من ته‌نانه‌ت تایپیش ناكه‌م ته‌نها راكێشانی توێژینه‌وه‌كه ده‌كه‌م، به‌ڵام خه‌ڵك هه‌یه ده‌یكات به‌پاره، براده‌ر هه‌بوه نزیكه‌ی سێ سه‌د یان چوارسه‌د هه‌زاری وه‌رگرتوه كه توێژینه‌وه‌كه هی ئه‌وه نه‌بوه ئه‌و بڕه پاره‌یه وه‌ربگرێت”.
ئه‌و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد “له‌چاو ساڵاندا هاتنی خوێندكار بۆئه‌وه‌ی بۆیان تایپ بكه‌ین‌و رایبكێشن كه‌میكردوه به‌هۆی ئه‌وه‌ی پاره‌یان پێنیه، پار ئه‌م كاتانه له‌به‌ر ته‌له‌به ئه‌م بازاڕه رێگه نه‌بو، به‌ڵام خواست له‌سه‌ر نوسینی توێژینه‌وه به‌پاره زیادیكردوه”.
دوای ئه‌وه‌ی سه‌ردانی چه‌ندین دوكانی تایبه‌ت به‌و كارانه‌مان كرد هه‌رچه‌نده هه‌مو جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرده‌وه توێژینه‌وه نانوسن به‌و شێوه‌یه‌ی كه خوێندكار ته‌نها ناونیشان‌و پاره‌یان پێبدات، به‌ڵام هه‌موشیان جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرده‌وه كه به‌ڵێ خاوه‌نی چاپه‌مه‌نی ده‌ناسن به‌و شێوه‌یه توێژینه‌وه ده‌فرۆشێته‌وه.
به‌شێك له‌مامۆستایانی زانكۆش سه‌رنج و تێبینیان هه‌یه له‌سه‌ر نوسینی توێژینه‌وه‌كانی زانكۆ، مامۆستای زانكۆ، خالید محه‌مه‌د له‌باره‌ی گرنگی توێژینه‌وه‌كانی كۆتاساڵی خوێندن ده‌ڵێت “ئامانج لێی فێركردن‌و ئاشناكردنی خوێندكارانه به‌ڕێگاكانی توێژینه‌وه‌ی زانستی‌و شێوازی ئه‌نجامدانی، واته ئامانج لێی فێركردنی شێوازی لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستیه، مه‌رج نییه هه‌مو جۆره توێژینه‌وه‌یه‌ك له‌دنیادا سودی راسته‌وخۆی هه‌بێت بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵگا، به‌ڵام مه‌رجه له‌سه‌ر ئاسته زانستیه‌كه‌ی ناوازه‌یی‌و نوێگه‌ری تێدابێت، به‌ده‌ر له‌وه‌ی هه‌مو توێژینه‌وه‌یه‌ك ده‌بێت په‌یڕه‌وی مه‌نهه‌جیه‌تی میتۆدۆلۆجی توێژینه‌وه بكات واته مه‌رج نییه هه‌مو توێژینه‌وه‌یه‌ك ئاڕاسته‌ی مێژو بگۆڕێت. یان كاریگه‌ری هه‌بێت له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا یان سودی راسته‌وخۆی لێوه‌ربگیرێت، به‌ڵام ده‌بێت زانستی بێت‌و به‌پێوه‌ری توێژینه‌وه‌ی زانستی بنوسرێت”.
ئه‌و مامۆستایه‌ی زانكۆ باس له‌ئامانج له‌توێژینه‌وه‌ی كۆتاساڵی خوێندن ده‌كات‌و ده‌ڵێ “بریتیه له‌وه‌ی كه فێرببێت چۆن كێشه‌یه‌كی زانستی پێناسه بكات‌و بیخاته ناو چوارچێوه‌ی توێژینه‌وه‌یه‌كی زانستی‌و به‌دوای وه‌ڵامدا بگه‌ڕێت بۆی، به‌پشتبه‌ستن به‌زانستی توێژینه‌وه یان رێگاكانی توێژینه‌وه”.
خالید محه‌مه‌د، چاودێری دۆخی خوێندنی باڵا له‌باره‌ی كڕینی توێژینه‌وه‌وه وتی”كڕین یان ئه‌وه‌ی كه‌سێكی تر بینوسێت ئه‌وه دژی بنه‌ما ئیتیكیه‌كانی توێژینه‌وه‌یه جائه‌گه‌ر له‌سه‌رچاوه‌ی دیكه‌وه راسته‌وخۆ وه‌ریبگریت یان كه‌سێكی دیكه ئه‌و كاره‌ی بۆ بكات ئه‌و جۆره كارانه له نێو ژینگه‌ی زانستیدا جێگای نابێته‌وه، به‌ڵام له‌كوردستاندا چونكه ژینگه‌ی توێژینه‌وه له‌ئاستێكی باشدانیه ئه‌و جۆره كاره نائیتیكییانه نه‌ك خوێندكارانی زانكۆ ئه‌نجامی ده‌ده‌ن به‌ڵكو هه‌ندێك مامۆستای زانكۆش له‌وجۆره كارانه ده‌كه‌ن. بۆیه رێنمایی گرنگ‌و تۆكمه پێویسته هه‌بێت بۆ رێگرتن له‌وجۆره كارانه”.
به‌پێی ئامارێكی تۆماری گشتی زانكۆی سلێمانی ژماره‌ی خوێندكاران كه ئێستا قۆناغی چوارن (5810)ن‌و قۆناغی پێنج (442)خوێندكار‌و قۆناغی شه‌شه‌م (136)خوێندكارن. كه هه‌مو ئه‌وانه توێژینه‌وه‌یان ئه‌نجامداوه هه‌رچه‌نده كۆلێژی پزیشكی گشتی له‌كۆتاساڵدا توێژینه‌وه ئه‌نجام نادات.
سەرچاوە:ئاوێنە
نووسراوه له‌لایه‌ن
Parwarday Maxmur
ليست هناك تعليقات: