Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

عەلی باپیر لەسەر زەردەخەنەکەی ڕۆژی بەخاکسپاردنی نەوشیروان مستەفا ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

زانکۆلاین
ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، لەرونكردنەوەیەكدا وەڵامی ئەو پرسیارانە دەداتەوە، كە لەدوای وتەكەی لەمەڕاسیمی بەخاك
سپاردنی نەوشیروان موستەفا هاتونە ئاراوە.
عەلی باپیر باسی زەردەخەنەکەی دەکات کە بوە جێی رەخنەی لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان  چوونکە  جەماوەری گۆڕان لەو ڕۆژەدا زۆر دڵخۆشبوون بە وتەکانی عەلی باپیر.
ڕونکردنەوەکە
{كۆچی دوایی كاك نەوشیروان موستەفاو چەند سەرنجێك}
سەرەتا دەڵێم: نكووڵیی لەوە ناكرێ‌ كە كاك نەوشیروان “خوا لـێ‌ی خۆشبێ‌” كەسایەتییەكی كاریگەری سەر گۆڕەپانی خەباتی ڕزگاریخوازیی بوو لە كوردستان‌و عێڕاقیشداو لەدەست دانی كەسایەتییەكی وا، مایەی خەفەتباریی‌و ناڕەحەتییە، بەتایبەت لەو بارودۆخە قەیراناوییەی ئێستاماندا!
لەوبارەوەش ئەم چەند سەرنجە دەخەمەڕوو:
یەكەم:
كاك نەوشیروان چەند سیفەتێكی جوانی هەبوون وایان لێكردبوو خەڵكێكی زۆر خۆشیبوێ‌‌و، بۆ مردنەكەشی ئاوا بەپەرۆش بن “كە بینیمان” وەك: ڕاستگۆیی، بەخەم خەڵكەوە بوون، خاكێتیی‌و بێ‌ فیزیی، بێ‌ تەماعیی لەپۆست‌و پارەدا، پێداگریی لەسەر چەسپاندنی دادگەریی‌و نەهێشتنی گەندەڵیی…
دووەم:
بەندەش: 1- وەك جێ‌بەجێ‌كردنی فەرموودەی: (أژكروا محاسن موتاكم…) رواه أبوداود والترمژی، واتە: چاكەكانی مردووەكانتان باس بكەن… 2- وەك وەفاداریی، پێغەمبەری خواش “صلی الله علیە وسلم” فەرموویەتی: (حُسن العهد من الإیمان» (رواه الحاكم والبیهقی وصححه اڵالبانی فی الصحیحە‌، واتە: بێگومان وەفاداریی‌و ئەمەك لەئیمانەوەیە. 3- هەروەها وەك هاندانی بەرپرسانی دیكەی وڵات كە ئەو جۆرە سیفەتانە ڕەچاوبكەن، لە وتاری ڕۆژی بەخاك سپاردنیدا، ئاماژەم بەو سیفەتە باشانەی كرد كە تێیدا بەدیم دەكردن.
سێ‌یەم:
گومان خستنە سەر ئەو قسەیەی بەندە كە لەدەمی كاك نەوشیروانم گێڕاوەتەوە: {ئەگەر ئیسلام بەوجۆرە بێ‌ كە تۆ باست كرد، من بەدەوڵەتێكی كوردیی ئیسلامیی ڕازییم} لەجێ‌ی خۆیدا نیە، چونكە كاتی خۆی لە دوو توێ‌ی گۆڤاری لڤین ژمارە (259) لە (10/2/2014)دا بڵاو كراوەتەوەو، دواتریش لە كتێبی: (چەند مەڵۆیەك لە خەرمانی تەمەنم)، لە لاپەڕە: (159)دا، هاتوە، ئنجا هەم ئێمە سێ‌ چوار كەس بووین، كە هەموومان لەژیاندا ماوین، هەم كاك نەوشیروانیش چەند كەسێكی دیكەی لەگەڵدا بوون.
چوارەم:
دوعاكردنی بەندە لەكاتی بەخاك سپاردنی كاك نەوشیرواندا “كە هەندێك كەس لێیان بەڕەخنە گرتووم” هۆكارەكەی هەرئەوەیە كە بەپێ‌ی بنچینەی: (نحن نحكم بالڤاهر والله یتولّی السرائر) واتە: ئێمە حوكم بەپێ‌ی ڕواڵەت دەكەین‌و نهێنییەكانی حەواڵەی خوا دەكەین، ئەسڵ لە مسوڵماناندا مسوڵمانەتییە، مەگەر بەڵگە لەسەر پێچەوانەكەی هەبێ‌، چونكە: (الیقین لایزول بالشك) دڵنیایی بەگومان هەڵناوەشێتەوە، هەڵبەتە ئەویش وەك هەندێك كەس بۆ كۆڕو مەجلیس گەرم كردن، قسەی كوفرو دژی ئیسلامی لـێ‌ نەبیستراوە، خۆشم لەنزیكەوە ئاگادارم كە جەختی لەسەر مسوڵمانەتیی خۆی دەكردەوە.
پێنجەم:
زەردەخەنەكردنم لەكاتی وەرگرتنی وێنەیەكی كاك نەوشێرواندا لە گەنجێكی بەشداربووی مەڕاسیمەكەو هێشتنەوەی بۆ ماوەی چەند چركەیەك لەدەستمدا، “كە هەندێك كەسیش ئەوەیان بەڕەخنە گرتوە” بەهۆی ئەوەوە بوو كە ئەو گەنجە زەردەخەنەی بۆ كردم، بێگومان وەڵامی زەردەخەنەش وەك خۆی دەدرێتەوە، خۆ قابیلە مۆڕەی لـێ‌ ناكەم!
شەشەم:
پێویستە هەموولایەكمان “بەتایبەت بەرپرس‌و قسە ڕۆیشتووان” بەزیندوویی مافی برایەتیی لەگەڵ یەكدا جێ‌بەجێ‌ بكەین، تاكو دوای مردن، هەست بەسەغڵەتیی‌و پەشێمانیی نەكەین، بەدڵنیایی هەركامێكیشمان یەكی مردنێك قەرزدارین‌و درەنگ یان زوو هەردەبێ‌ ئەو قەرزە بدەینەوە!
حەوتەم:
ئومێدم وایە چیدیكە كات بەفیڕۆ نەدەین‌و، هەرچی زووترە هەموولایەك واقیع بینانەو دووربینانە لەگەڵ ئەم بارودۆخە هەستیارەدا مامەڵە بكەین‌و، گرێ‌ی دەستان نەخەینە ددانان‌و، دڵسۆزانەو بەرپرسانە بەرەو ئاشتەوایی‌و تەبایی‌و، پاشان هاوكاریی جیددیی نێوانمان بۆ چارەسەری ڕیشەیی قەیران‌و كێشەكانی هەرێم، هەنگاو بنێین.
خوای میهرەبان بەلوتف‌و كەڕەمی خۆی بەپاكیی‌و چاكیی‌و دوور لە عەیبداریی لای خەڵك‌و گوناهباریی لای خۆی، بمانژیەنێ‌، تاكو لەتاقیكردنەوەی ئەم ژیانە دنیاییە دەربچین‌و، سەربەرزانە بەدیداری خۆی‌و پێغەمبەرەكەی شاد بین.
عــەلــی بـاپــیـر
28/شەعبان/ 1438ك
24/5/2017ز



نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
zankoline

عەلی باپیر لەسەر زەردەخەنەکەی ڕۆژی بەخاکسپاردنی نەوشیروان مستەفا ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە Reviewed by Unknown on 8:30:00 م Rating: 5

ليست هناك تعليقات: