Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

قوتابیه‌كی سلێمانی سپلیتێکی دروستکردووە بە 1 ئەمپێر کارەبا کاردەکات

گەنجێکى دانیشتووى شارى سلێمانى چەند ئامێرێک دروستدەکات، یەکێک لەوانە سپلیتێکە کە بەگوتەى خۆى تەنیا بە یەک ئەمپێر کارەبا کاردەکات و، تواناى هەیە رووبەرى 50 مەتر دووجا فێنک بکاتەوە یان گەرمى بکات. هەروەها دەڵێت 23 پرۆژەى دیکەى هەیە کاریان لەسەر دەکات.

محەممەد غەفوور، 28 ساڵ، لە گەڕەکی مامۆستایانى شاری سلێمانی لەدایکبووە. خوێندکاری قۆناخی 3ی بەشی ئەندازیاریی میکانیکە لە زانکۆى سلێمانى. 

محەممەد یەکێک بووە لە 10 یەکەمەکانی بەشی میکانیک لە پەیمانگا، بۆیە لە کۆلێژی ئەندازیاریی سلێمانی وەردەگیرێت. پێشتریش خوێندکاری پیشەیی بووە لە بەشی ئۆتۆمبێل و لەنێوان 308 خوێندکار، پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی ئامادەییەکەى بەدەستهێناوە.

هەر لە منداڵییەوە زۆر خولیای میکانیک بووە، ئایدیاکانی لەلای زۆربەی مامۆستاکانی جێگەی بایەخ بوون. 

محەممەد دەمێکە ئامێرى جۆراوجۆر دروستدەکات و دەڵێت “پێشتر سێ کارگەی دروستکردنی نانم دروستکردووە کە یەکێکیان هی خۆمە و تەواوی ئامێرەکانی کارگەکە بە دەستی خۆم دروستکراون”. 
هەروەها پڕۆژەی ئامێری هەڵێنانی هێلکەی مریشک کە لە رۆژی جیهانیى ئەندازیاری لە ساڵی 2016 لە بەشی ئاودێریی زانکۆی سلێمانی نمایشى کرد و پلەى دووەمى بەدەستهێنا.

محەممەد دەستێکی رۆبۆتیشی دروستکردووە “پڕۆژەی پەیمانگام دروستکردنی قۆڵێکی رۆبۆت بوو کە زۆر سەرکەوتوو بوو، ئێستا لە پەیمانگای بابل وانەی لەسەر دەخوێندرێت”.

ئەو گەنجە بەشداریى پێشانگاى ساڵانەى مایای کردووە کە 18 زانکۆ و پەیمانگا لە وڵاتانی مالیزیا و ئوردن و عێراق و لوبنان بە 89 پرۆژە بەشدارییان کردووە. ئەو بەناوى زانکۆى سلێمانى بە پرۆژەیەک بەناوى “پلەی گەرما و خێرایی سووتاندن لە ژووری سووتانی مووشەک و فڕۆکە” بەشداریی کرد، پرۆژەکەى لەلایەن لیژنەیەک کە پێکهاتبوو لە پڕۆفیسۆرێکی ژاپۆنی و سێ پڕۆفیسۆری مالیزی و لوبنانی و عێراقی هەڵسەنگاندنى بۆ کرا و پلەى یەکەمى بەدەستهێنا.

ئەو باسی نوێترین پرۆژەى خۆى بۆ (رووداو) کرد و گوتى “ئەمساڵیش بە پڕۆژەی ئامێری ساردکەرەوە و گەرمکەرەوە بەناوی زانکۆی پۆلیتەکنیک بەشدارى ئەو پێشانگایەى مالیزیام کرد”.

لەبارەی ئامێرەکەشەوە، محەممەد دەڵێت “ئەو ئامێرەی دروستم کرد هەوای گەرم و سارد بەرهەمدێنێت. گرنگییەکەی لەوەدایە تەنیا بە نیو ئەمپێر کارەبا کاردەکات و بۆ هەوای گەرم پێویستی بە غازێکی کەم هەیە، بەجۆرێک یەک بوتڵ غاز بەشی 16 رۆژ کارکردنی ئامێرەکە دەکات”.

محەممەد زیاتر لەبارەى ئەو ئامێرە قسە دەکات و دەڵێت “ئەو ئامێرە 8 تایبەتمەندیی گرنگی هەن، لەوانەش: بەئاسانی کۆنتڕۆڵی پلەی گەرمییەکەی دەکرێت و بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کاردەکات، بوتڵێک غازی 16 کیلۆگرامی نزیکەی بەشی 16 رۆژ کارکردنی دەکات کە پێویستە لە شوێنێکی داخراو بەکاربێت بۆ گەیشتن بە پلەی گەرمیی ویستراو”. 

گەنجەکە کوردەکە گوتیشی “یەک دانە لەو ئامێرە بەکاردێت بۆ گەرمکردنی نزیکەی 50 مەتر دووجا و جێگایەکی کەم دەگرێت و دەنگیشی کەمە. بەشێوەیەکی زۆر خێرا دەگاتە ئەو پلە گەرمیەی دەمانەوێت. تایبەتمەندییەکی دیکەی ئەوەیە کە بەتێکڕا تەنیا بە نیو ئەمپێر کاردەکات. هەروەها تەمەنێکی درێژی هەیە لە بەکارهێناندا، جگە لەوەش بوونی سەلامەتییەکی تەواوی کەسی بەکارهێنەر و دوا تایبەتمەندیشی ئەوەیە کە بەئاسانی لەلایەن بەکارهێنەرەوە کاری پێدەکرێت”.

سەبارەت بە نرخی ئەو ئامێرەش، محەممەد دەڵێت: “تێچووی ئەم ئامێرە لە 250 بۆ 350 دۆلارە، بەپێی قەبارەی داواکراویش تێچووەکەی دەگۆڕێت”.

چەند کەسێک داوایان لە محەممەد کردووە تاوەکو پڕۆژەکانی بکەن بە بزنس، “هەر پڕۆژەیەک پێویستی بە پشتگیریی ماددی هەیە و دەبێت وەرشەیەکت هەبێت بۆ تاقیکردنەوەکانت، تاوەکوو ئێستا چەند کەسێک داوایان لێکردووم پڕۆژەکانم بکەنە بزنس، بەڵام بەهۆی بەردەوامبوونم لە خوێندن، بواری ئەوەم نەبووە کاریان لەگەڵ بکەم”.

محەممەد چەندین پڕۆژەی دیکەی هەیە و وەک خۆی دەڵێت “بۆ ئایندە 23 پڕۆژەی دیکەم وەکو پلان ئامادە کردووە، کە هەموویان خۆی لە بابەتی مرۆڤدۆستی و ژینگەیی و کارگەدا خۆیان دەبیننەوە”.



نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
qasm srush

قوتابیه‌كی سلێمانی سپلیتێکی دروستکردووە بە 1 ئەمپێر کارەبا کاردەکات Reviewed by Unknown on 11:03:00 ص Rating: 5

ليست هناك تعليقات:

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.