خوێندنى باڵا ئاگاداریەکی بۆ خوازیارانى خوێندن لە دەرەوە بڵاوکردەوە
خوێندنى باڵا ئاگاداریەکی بۆ خوازیارانى خوێندن لە دەرەوە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە، ژمارەیەک کەس و کۆمپانیا پارە بە ناوى وەزارەتەکەوە لە خەڵک کۆدەکەنەوە و هیچ پەیوەندییەکیان بە خوێندنى باڵاوە نیە.
عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ ١٣ى نیسانى ٢٠١٧ لە ئاگاداریەکدا ڕایگەیاندووە “ژمارەیەک کەس و کۆمپانیا بەناوى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، پارە لە خەڵکى وەردەگرن لەبەرامبەر هێنانى قبوڵى زانکۆیى لە زانکۆکانى دەرەوە، سەرجەم خوێندکاران ئاگادار دەکەین ئەو کەس و کۆمپانیانە بەهیچ جۆرێک پەیوەندییان بە وەزارەتەکەمانەوە نیە”.
وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا ڕاشیگەیاندووە ” وەزارەتەکەمان ڕێوشوێنى ڕەوانەکردنى خوێندکاران بۆ دەرەوەى وڵات بەپێی ڕێنماییەکان ڕێکخستووە و، هەر خوازیارێکیش دەخوازێت لە زانکۆکانى دەرەوەى وڵات لەسەر خەرجى تایبەتى خۆی درێژە بەخوێندن بدات دەتوانێت سەردانى فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان بکات”.
ئاماژە بەوەشکراوە، “خوێندکاران دەتوانن سەردانى وێبسایتى وەزارەت بکەن بۆ زانینى لیستى زانکۆ باوەڕپێکراوەکان لەهەرێمى کوردستان و، چۆنیەتى کردنەوەى دۆسیەى تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتى نێردراوان”.
ئەمەش لە کاتێکدایە لە ماوەى ڕابردووشدا چەندین جار چەند کۆمپانیا و کەسایەتییەک بە ناوى وەزارەتەوە پارەیان لە خەڵک کۆکردووەتەوە بەڵام تا ئێستا ئەو کەسانە سزا نەدراون.
نووسراوه لهلایهن
user post
ليست هناك تعليقات: