وەزارەتى خوێندنى باڵا: هێرشکردنە سەر فەرهاد پیرباڵ ئیدانە دەکەین
وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەڵێ هێرشکردنە سەر د. فەرهاد پیرباڵ مامۆستاى زانکۆ ئیدانە دەکەین، هەروەک داواش دەکات ئەم هێرشانە دەرهەق بە کەسانى ئەکادیمى و ڕۆشنبیرى هەرێمەکەمان دوبارە نەبێتەوە.
عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەبارەت بەو هێرشەى کرایە سەر د. فەرهاد پیرباڵ مامۆستاى زانکۆ و ڕوناکبیر ڕایگەیاند: وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەهەمو شێوەیەک ئەم دەستدرێژى و هێرشکردنە سەر د. فەرهاد پیرباڵ ئیدانە دەکات و، ئەو پەلامارەى دەرهەق بە د.فەرهاد پیرباڵ کرا دورە لە هەمو بەهایەکى مرۆڤایەتى، چونکە کەلتورى کۆمەڵگەکەمان بەهەمو شێوەیەک دورە لەم ڕەوشتە ناشرینەى بەرامبەرى ئەنجامدراوە.
عەباس ئەکرەم داوا لە لایەنە یەیوەندارەکان دەکات ئەرکى خۆیان ڕابپەڕێنن، بۆ ئەوەى لەم کەیسە هەستیارەدا ئەنجامدەرانى ئەم تاوانە بەسزاى یاسایى خۆیان بگەیەنرێن، هەروەک پەیامێکیش بێت بۆ ئەوەى جارێکى دیکە کردەى هاوشێوە دەرهەق بەهیچ کەسێک دوبارە نەبێتەوە و، هەمومان ڕێز لەکەسانى نوسەر و رۆشنبیر و ئەکادیمیست و دڵسۆزان بگرین.
وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژنەوەى زانستى دوپاتیشى کردەوە کارى نامرۆڤانهی لەم شێوهیه لهسهر ئاستی ههرێمی و ئاستی نێودهوڵهتیش ڕویهكی ناشرینی ههرێمەکەمان نیشانى دەرەوە دەدات، بۆیە پێویستە لەسەر هەموان ڕێگر و بەرهەڵستى هەر جۆرە کردارى لەم شێوانە بین بۆ ئەوە چیتر دوبارە نەبێتەوە.
نووسراوه لهلایهن
zankoline
ليست هناك تعليقات: