Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

با زمان و پەروەردە، لەمەلا شوکور فێربین

بۆ ئەوەی ببیت بە کەسێکی زۆرشارەزا مەرج نیە کوڕی کەسێکی دەوڵەمەند بیت، لەشار بژیت و ھەموو پێداویستیەکانی ژیانت لەبەردەست بێت، مەرج نیە مرۆڤ کە دەرچووی بەشێک نەبوو نەتوانێ لەم بوارە برەو بەخۆی بدات، بەتایبەت لە زانستەمرۆڤایەتیەکان، شوکورموستەفا؛ ناوێکی دیاری نێو دونیای ئەدەبی کوردیە ، لە بواری زمانی کوردیەوە بەجۆرێک بووە، توانیویەتی لە نووسینەکانی ھەموو دیالیکتەکانی زمانی کوردی بەکاربێنێت ــ ئەمە جگە لەوەی زمانی( تورکی وفارسی وعەرەبی ) بەشێک لە شێوەزارەکانی زمانی تورکی وفارسیشی زانیوە ـــ ھەربۆیە نووسینەکانی شوکور موستەفا سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی زمانی کوردین، کە ئەو خۆی حەزی دەکرد بە مەلا شوکور بانگی کەن*.

ئەگەر کەسێک بیەوێت شارەزایی لەزمانی کوردی پەیدا بکات، دەبێت بچێتە خزمەت بەرھەمەکانی شوکور موستەفا و بیان خوێنێتەوە دێڕبەدێڕ ، چونکە ھیچ شێوەزارێک نیە لەزمانی ئەم کەڵە ئەدیبە رەنگی نەدابێتەوە، بەجۆرێک مرۆڤ سەرسام دەبێت بەخوێندەوەی نووسینەکانی…! ئەو لە رێی وەرگێرانەوە خزمەتی بەزمانی کوردی کردووە، بەشێکی نووسینەکانی لەزمانی تورکی وەرگێراوە، بەشێکی لەزمانی عەرەبی وزمانەکانی ترەوە بۆ کوردی وەرگێراوە، مەلاشوکور لەژیانی خۆی خزمەتی زۆربواری کردووە، لایەنی زمانەوانەوانی ئەوەندە دەوڵەمەندە خوێنەر ناتوانێت پێویستی پێی نەبێت، ئەمەجگە لایەنی زمان وئەدەب….

یەکێکی تر لەوبوارانەی خزمەتی بەرچاوی تێداکردووە بواری پەروەردەی منداڵان بووە، بەوپەری سەلیقەوە باسی دونیای پاکی منداڵ دەکات، لە وەسفی پاکی دنیای منداڵدا مەگەر دڵداری شاعیر بەم جۆرە باسی منداڵی کردبێت، بەتایبەت باس لە دوو قۆناغی ژیانی خۆی دەکات لەگەڵ مندڵان، قۆناغی یەکەمی؛ ئەوکاتەی، کە دەبێتە مامۆستا لە قوتابخانە، ئەمە وادەکات جارێکی تر مەلاشکور منداڵ بێتەوە، پێی وایە: دونیای منداڵان دنیایەکی زۆر ناسکە، ھەوەک بلووری لالە دەچێ….. ھەموو رۆژێ خاوێن کردنەوەی دەوێ، لێی گەرێی زوو پیسی دەیگرێ وپەڵەی وێ دەکەوێ). ئەوپێی وایە دەبێ رۆژانە منداڵان پەروەدەبکرێنەوە، نابێت لێ بگەڕێین رۆژگار منداڵانمان بەرەوە ھەڵدێر ئاراستە بکات، لەکاتی مامەڵەکردنیش پێمان دەڵێت: (وەک چۆن لەکاتی پاکردنەوەی شوشە نابێت ھیچ جێ پەنجەیەکی پیس بەسەر منداڵەوە ھەبێت، ئاواش دەبێت ئاگاداری پەروەدەی منداڵان بین، دەنا شوێنەواری ئەنگوستی لەسەرچاپ دەبێت، ئەمەش دواجار دەبێتە پەڵەیەکی رەش لە پەروەدەی ئەم منداڵە…. مەلا شوکور موستەفا باس لەرۆژگاری خۆی دەکات وانەی بەمنداڵان گوتووە، لەم بارەوە دەڵێت: رۆژگارێ دەرزم بەمنداڵان دەگوتووە، خولیای لە دڵ ودەروونی منداڵ نزیک بونەوەم لێ ببو بە مەراق، وەک دەڵێن: ئەمنیش منداڵ ببوومەوە، حەزم لێ بوو وەک ئەوان ھەڵبەزم، دابەزم، بقیڕێنم، بزریکێنم، ھەموو شتێ بکەم بەئی خۆم وەک گورگی برسی پڕدەمە ھەمووشتێک، حەزم لەخەون وخەیاڵ، لەفڕین وباڵ گرتنەوە**.

مەلا شوکور نەک لە قوتابخانە لەماڵەوەش ئەرکی پەروەدەکردنی منداڵەکانی گرتۆتە ئەستۆو، بەردەوام لەگەڵ منداڵەکانی خۆی دواوە بەگوێرەی پێداویستی ئەوکات ھەڵسوکەوتی لەگەڵ کردوون، بۆ رۆژگاری ئەمرۆش پێی وایە، ئەوەی ئەوکات بۆ منداڵەکانی کردووە، ناکرێت لەم رۆژگارە بەم جۆرە منداڵەکان پەروەردەبکەین….!!! چونکە ئەو سەردەم سەردەمی چیرۆکی تیتلەوبیبلەو، بزنۆکەو مەرۆکەو، گورگ وبزن، چیرۆکەکانی تربوو، ئەمە وا لە شوکور موستەفا دەکات درێژە بە نوسین بدات، چەندین شاکاری گەورەنوسەرانی جیھانی بواری منداڵان وەربگێرێت بۆ زمانی کوردی، کاتێک ئەم قسانەی کردووە تەمەنی نزیکەی ھەشتا ساڵ بووە، بەڵام بەسۆزەوە لە جیھانی منداڵانی دەڕوانی.

شوکورموستەفا لەساڵی ١٩٢٦ لە ناوچەی قەرەحەسەن لە دایک بووە، سەرەتای خوێندنی لە حوجرەکانەوە دەست پێدەکات، پاشان لە کۆلێژی شەریعە قبوڵ دەکرێت، ساڵی ١٩٥٥ دەبێتە مامۆستای زمانی عەرەبی، خاوەنی چەندین بەرھەمی ناوازەیە بەزمانی کوردی، لەساڵی ٢٠٠٣ کۆچیدوای کردوە.

*ـــ رۆڤار مەلا شوکورویادەوەری د.عیزەدین موستەفا رەسووڵ .لاپەرە٢٨
**ــ شوکور موستەفا گەشتێک بەناوزمان وفیکروئیستاتیکا. کتێبی گوڵان ھەولێر، چاپی یەکەم ساڵی: ١٩٩٨.لاپەرە:٧



نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
user post

با زمان و پەروەردە، لەمەلا شوکور فێربین Reviewed by Unknown on 6:09:00 م Rating: 5

ليست هناك تعليقات:

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.