هاوسه‌رگیری نێوان مامۆستا و قوتابی، له‌نێوان دروستی و نادروستیدا
سامان سیوه‌یلی – ده‌روونناس
(ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کی پێویست: مه‌به‌ستم له مامۆستا و قوتابی له‌م وتاره‌دا مامۆستایانی قۆناغی ئاماده‌یی (10 – 12)، بێگومان له ده‌ره‌وه‌ی شاره گه‌وره‌کاندا یان بڵێین له قه‌زا و ناحیه و گونده‌کاندا خوێندن له قۆناغی بنه‌ڕه‌تی و ئاماده‌یی تێکه‌ڵاوه واته کوڕان و کچان تێکه‌ڵاون، به‌هه‌مان شێوه مامۆستایانی هه‌ردوو ڕه‌گه‌زیش بوونیان هه‌یه له‌و خوێندنگانه‌دا، وه‌ک زانراوه ده‌رچووانی زانکۆکان کاتێک وه‌ک مامۆستا داده‌مه‌زرێن له‌سه‌ره‌تادا و هه‌تا ماوه‌ی چه‌ند ساڵێک ده‌بێت له‌ده‌ره‌وه‌ی شار خزمه‌تی مامۆستایی بکه‌ن، پاشان ده‌گوازرێنه‌وه بۆ شاره‌کان و شوێنی نیشته‌جێبوونیان)
به‌هۆی ئه‌وه‌ی له پێنج ساڵی ڕابردوودا هه‌ستاوم به‌سازدانی پتر له 150 سیمینار بۆ قوتابیان و خوێندکاران و مامۆستایان، له ناوشاری سلێمانی و زۆرێک له قه‌زا و ناحیه و گونده‌کانی پارێزگای سلێمانی، به‌مهۆیه‌وه چوومه‌ته ناو پتر له (50000 – په‌نجا هه‌زار) قوتابی و خوێندکار و چه‌ند هه‌زار مامۆستایه‌ک، بۆیه زێده‌ڕۆیی نیه ئه‌گه‌ر بڵێم زیاتر له وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ئاشنام به که‌لێن و که‌مکورتییه‌کانی بواری په‌روه‌رده له هه‌رێمی کوردستان، چونکه ئه‌و چالاکییانه‌ی له‌ناو قوتابخانه و خوێندنگه‌کاندا ئه‌نجاممداون ته‌نها بریتی نه‌بووه له قسه کردن و ڕێنمایی پێشکه‌شکردن، به‌ڵکو هاوکات گوێگرتنیش بووه له پرسیار و ژانکۆی به‌شداربووانی سیمیناره‌کان، ئه‌و پرسیار و ژانکۆیانه‌ی که به‌ئاشکرا له‌ناو هۆڵه‌کاندا قوتابیان و خوێندکاران ده‌ریانبڕیبێت یاخود به‌نهێنی و به‌شێوه‌ی تاک و گروپ ئاڕاسته‌م کرابێت، یاخود دواتر له‌ڕێی په‌یوه‌ندیه ئه‌له‌کترۆنیه‌کانه‌وه ئاڕاسته‌م کرابێت.
ساڵانێکه لێره و له‌وێ باسوخوازی په‌یوه‌ندی سۆزداری یان هاوسه‌رگیریی نێوان مامۆستا و خوێندکارم ده‌بیست یان لێی ئاگادار ده‌کرامه‌وه له قوتابخانه و خوێندنگه ئاماده‌ییه‌کاندا، به‌ڵام هه‌ستم ده‌کرد ئه‌م حاڵه‌ته ده‌گمه‌نه و ڕه‌نگه پێویست به‌وه نه‌کات قسه‌ی له‌سه‌ر بکرێت، هه‌ندێجاریش له خولی شیاندنی مامۆستایان‌دا له هاویناندا که به‌نده وه‌کو وانه‌بێژی ماده‌ی (سایکۆلۆژیای هه‌رزه‌کاری) ماوه‌ی پێنج ساڵه له‌و خولانه‌دا وانه ده‌ڵێمه‌وه به مامۆستایان، له زمانی چه‌ندین مامۆستاوه باس له بوونی ئه‌و حاڵاتانه ده‌کرا، ئه‌م باسکردنانه‌ی مامۆستایان به‌هه‌ردوو ئاڕاسته‌دا بوو، باسی ئه‌وه ده‌کرا که هه‌ندێجار خوێندکارانی کچ ده‌ستپێشخه‌رن بۆ دروستکردنی په‌یوه‌ندیه‌کان له‌گه‌ڵ مامۆستاکانیان، هه‌ندێ حاڵه‌تیش هه‌یه که مامۆستایان ده‌ستپێشخه‌رن.
با واز له‌و حاڵه‌تانه بهێنم که پێشتر و له‌ساڵانی ڕابردوودا بیستوومه یان بینیومه، ئه‌وه‌ی بووه پاڵنه‌رم بۆ نووسینی ئه‌م بابه‌ته، چه‌ند حاڵه‌تێک بوو که ئاماژه‌یان پێده‌که‌م له‌م وتاره‌دا، له‌هه‌موویان به‌ئازارتر بۆ من ئه‌و په‌یوه‌ندیه ته‌له‌فۆنیه بوو که سێ ڕۆژ به‌ر له‌ئێستا له‌لایه‌ن کچه قوتابیه‌کی قۆناغی (12) له یه‌کێک له قه‌زاکانی سه‌ر به‌پارێزگای سلێمانی په‌یوه‌ندی پێوه‌کردم، ئه‌مه‌ش پوخته‌ی په‌یوه‌ندی ئه‌و کچه خوێندکاره‌یه: (ساڵ و نیوێک په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ مامۆستایه‌کی خۆماندا هه‌بوو، مامۆستا کوڕه‌که به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی پێدام که بمخوازێت و ببینه هاوسه‌ری یه‌کتر، زۆرم خۆشده‌ویست، ئه‌ویش خۆشه‌ویستی زۆری بۆ ده‌رده‌بڕیم، که‌چی له وه‌رزی یه‌که‌می ئه‌مساڵدا په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵمدا بچڕاند و هێنده‌ی نه‌برد ده‌نگوباسی هاوسه‌رگیری ئه‌و مامۆستایه بڵاوبۆوه، زۆر نیگه‌ران بووم به‌م هه‌واڵه، که‌وتمه سۆراخی مه‌سه‌له‌که، هه‌تا ئه‌و کچه‌م دۆزیه‌وه که بووه ده‌ستگیرانی خۆشه‌ویسته‌که‌م (مامۆستا کوڕه‌که)، کاتێک قسه‌م له‌گه‌ڵ کچه‌که کرد بۆم باسکرد که من و ئه‌و کوڕه‌ی ده‌ستگیرانت خۆشه‌ویستی یه‌کتر بووین و په‌یمانی ئه‌وه‌مان له‌نێواندا هه‌بوو که دوای ته‌واوبوونی خوێندنی ئه‌مساڵم هاوسه‌رگیری بکه‌ین، به‌ڵام ئه‌م قسه‌یه‌م کچه‌که‌ی تووشی شۆک کرد چونکه ئه‌وان واته ئه‌م دوو ده‌ستگیرانه ماوه‌ی چوار ساڵه په‌یوه‌ندی سۆزداریان له‌نێواندا هه‌بووه، واته ئه‌م مامۆستایه له‌هه‌مان کاتدا په‌یوه‌ندی سۆزداری له‌گه‌ڵ منیش و ئه‌و کچه‌شدا هه‌بووه که ئێستا ده‌ستگیرانیه‌تی، به‌مهۆیه‌وه من به‌ته‌واوی کشامه‌وه له قسه‌کانم و به‌دڵی شکاوه‌وه گه‌ڕامه‌وه، هه‌ر به‌مهۆیه‌وه باری ده‌روونیم تێکچوو و چیتر نه‌متوانی درێژه به‌خوێندن بده‌م، له کۆتایی وه‌رزی یه‌که‌مه‌وه (نیوه‌ی ساڵه‌وه) له‌ماڵه‌وه دانیشتووم و به‌ده‌ست خه‌م و تێکچوونی خه‌و و لاوازبوونی جه‌سته‌مه‌وه ده‌ناڵێنم).
ئه‌م کیژۆڵه هه‌رزه‌کاره وێڕای باسکردنی ئه‌م ژانکۆیانه‌ی ده‌یویست ڕاوێژم پێ‌بکات ده‌رباره‌ی مه‌سه‌له‌یه‌ک ئه‌ویش به‌مجۆره باسی لێوه‌کرد: (چه‌ند ڕۆژێک به‌ر له‌ئێستا کوڕێک هاتۆته داوام، من به‌هیچ جۆرێک ئه‌م کوڕه‌م به‌دڵم نیه و ناچێته دڵمه‌وه، به‌ڵام ده‌مه‌وێت له‌داخی ئه‌و مامۆستایه ئه‌م هاوسه‌رگیرییه بکه‌م، چۆن ئه‌و داخی نا به‌دڵی منه‌وه منیش ده‌مه‌وێت به‌م هاوسه‌رگیریه داخ بنێمه‌وه به‌دڵیه‌وه).
نامه‌وێت زیاتر درێژه به‌وته‌کانی ئه‌م کیژۆڵه برینداره بده‌م، هێنده هه‌یه به سێ ئاڕاسته ڕێنماییم کرد که خۆشبه‌ختانه وه‌ڵامدانه‌وه‌ی زۆر ئه‌رێنی بوو:
1- ده‌ستهه‌ڵنه‌گرتن له خوێندن و گه‌ڕانه‌وه بۆ خوێندن له ساڵی نوێی خوێندن.
2- به‌ده‌مه‌وه چوونی چاره‌سه‌ری باره ده‌روونییه‌که‌ی که ئێمه هه‌موو ئاماده‌ییه‌کمان بۆ ده‌ربڕی.
3- هاوسه‌رگیری نه‌کردن له‌م کاته‌دا، به‌تایبه‌تی له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و ته‌مه‌نه کاتی هاوسه‌رگیریی نیه و ئه‌مجۆره هاوسه‌رگیرییه ده‌چێته خانه‌ی هاوسه‌رگیری پێشه‌وه‌خته‌وه و له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌پاڵناری تۆڵه‌کردنه‌وه‌یه له که‌سێک ئه‌و هه‌نگاوه ده‌نرێت که دواجار بۆ جارێکی تریش ده‌بێته‌وه به‌قوربانی.
ڕۆڵی مامۆستایان له‌پرۆسه‌ی په‌روه‌رده و فێرکردن‌دا ڕۆڵێکی گرنگ و پڕ بایه‌خه‌وه، ئه‌گه‌ر له‌ڕابردوودا مامۆستایان له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا ته‌نها ڕۆڵی فێرکردنیان له‌ئه‌ستۆدا بووبێت، ئه‌وا له‌م ڕۆژگاره‌دا چیتر ڕۆڵی مامۆستایان له پرۆسه‌ی فێرکردن‌دا قه‌تیس نامێنێت به‌ڵکو ده‌بێت مامۆستایان شانبه‌شانی فێرکردن ڕۆڵی په‌روه‌رده‌کار و ڕێنماییکار و ئاڕاسته‌کاریان هه‌بێت، به‌ڵام له‌کاتێکدا ڕۆڵی مامۆستا پێچه‌وانه‌ی ئه‌رکه پیشه‌یی و په‌روه‌رده‌یی و مرۆییه‌که‌ی بێت ئه‌وا ده‌چێته خانه‌ی به‌خراپ که‌ڵک وه‌رگرتن له پۆست و په‌یامه په‌روه‌رده‌ییه‌که‌ی.
له سه‌ردانێکمدا بۆ یه‌کێک له ئاماده‌ییه‌کان له قه‌زایه‌کی سه‌ر به‌پارێزگای سلێمانی به‌ر له‌چه‌ند مانگێک، قوتابیان ڕاشکاوانه نیگه‌رانی خۆیان پێڕاگه‌یاندم که حه‌وت حاڵه‌تی هاوسه‌رگیری ڕوویداوه له‌نێوان مامۆستایان و قوتابیه کچه‌کاندا که له‌قۆناغی ئاماده‌یی ده‌خوێنن. له‌سه‌ردانێکی ترمدا له‌یه‌کێک له ناحیه‌کانی سه‌ر به‌قه‌زایه‌کی پارێزگای سلێمانی ئاگادارکرام که چه‌ند په‌یوه‌ندیه‌کی سۆزداری نێوان مامۆستایانی کوڕ و قوتابیه کچه‌کان بوونی هه‌یه. ئه‌م حاڵه‌تانه و چه‌ندانی تر له‌کاتێکدا یه‌کێک له ئامانجه‌کانی ئه‌و سیمینارانه‌ی پێی هه‌ڵده‌ستین بۆ قۆناغی ئاماده‌یی به‌تایبه‌تی ئاماده‌ییه‌کانی کچان، هۆشیارکردنه‌وه‌ی کچانی هه‌رزه‌کاره له هاوسه‌رگیری نه‌کردن له‌و ته‌مه‌نه‌دا که ده‌چێته خانه‌ی هاوسه‌رگیری پێشوه‌خت، هه‌روه‌ها خۆ به‌دوورگرتن له‌و په‌یوه‌ندیانه‌ی به‌ناوی په‌یوه‌ندی سۆزداریه‌وه ده‌کرێت و مه‌رامی تری له‌پشته که دواجار به‌هۆیانه‌وه کچان دووچاری کێشه و گرفت ده‌بنه‌وه و ڕووبه‌ڕووی توندوتیژی ده‌بنه‌وه.
له‌ڕاستیدا مایه‌ی نیگه‌رانیه و ڕه‌فتارێکی نابه‌رپرسانه و ناپه‌روه‌رده‌کارانه‌یه مامۆستایانی قۆناغی ئاماده‌یی هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ قوتابیه کچه‌کانیاندا بکه‌ن که هێشتا له ناوه‌ڕاستی قۆناغی هه‌رزه‌کاریدان. له یه‌کێک له ئاماده‌ییه تێکه‌ڵاوه‌کاندا له یه‌کێک له قه‌زاکان چه‌ند خوێندکارێکی کوڕ له‌پاش ته‌واو بوونی سیمیناره‌که هاتنه لام و نیگه‌رانی زۆری خۆیان پێڕاگه‌یاندم، قسه‌ی یه‌کێک له‌و قوتابیانه کاریگه‌ر بوو کاتێک پێی وتم: (سه‌ره‌تای ساڵ مامۆستا کوڕه‌کان که دێنه ناو پۆله‌وه پێمان ده‌ڵێن ئێوه کوڕ و کچی ئێمه‌ن، ئێمه وه‌کو برا و باوکتانین، که‌چی هێنده نابات هه‌ر له‌و مامۆستایانه‌ی ئه‌م قسانه ده‌کات له‌گه‌ڵ قوتابیه‌کی کچدا په‌یوه‌ندی ده‌به‌ستێت یان هاوسه‌رگیری ده‌کات، ئه‌م حاڵه‌تانه خوێندکاره کوڕه‌کان توڕه و نیگه‌ران ده‌کات، ئه‌مه‌یه برایه‌تی و باوکایه‌تی و مامۆستایه‌تی؟).
هاوسه‌رگیری پێشوه‌خت مه‌ترسیه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌ندروستییه که چه‌ندین ئاکامی خراپی لێده‌که‌وێته‌وه، زۆرێک له‌و حاڵه‌تانه‌ی که له‌خوار ته‌مه‌نی (18) ساڵییه‌وه ئه‌نجامده‌درێت هه‌رزوو ڕووبه‌ڕووی کێشه و گرفتی خێزانی و هه‌ڵوه‌شانه‌وه ده‌بنه‌وه، هه‌ر به‌هۆی هاوسه‌رگیری پێشوه‌خته‌وه به‌شێکی به‌رچاو له کچان له خوێندن داده‌بڕێن و ده‌بنه کابانی ماڵ، جگه له‌وه‌ی کچان له‌ته‌مه‌نی ناوه‌ڕاستی هه‌رزه‌کاریدا (15 – 18) ساڵ له‌ڕووی ته‌ندروستییه‌وه ڕووبه‌ڕووی چه‌ندین گرفت ده‌بنه‌وه کاتێک هاوسه‌رگیری بکه‌ن، هه‌روه‌ها به‌هۆی ئه‌وه‌ی بیرکردنه‌وه و لایه‌نی ژیری کچان له‌قۆناغه‌کانی پاشتری ته‌مه‌نیاندا گۆڕانکاری به‌سه‌ردا دێت به‌مهۆیه‌وه هه‌موو ئه‌و بڕیارانه‌ی له قۆناغی ئاماده‌ییاندا ده‌یده‌ن پاشتر ده‌که‌وێته ژێر ڕه‌خنه‌ی خۆیانه‌وه و له‌زۆرێکیان په‌شیمان ده‌بنه‌وه له‌ناویشیاندا هه‌ڵبژاردنی ئه‌و که‌سه‌ی که هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن و پێکهێنانی ژیانی هاوسه‌رگیری.
ڕه‌نگه کچان له‌قۆناغی خوێندنی ئاماده‌ییاندا له‌ئه‌نجامی سه‌رسامبوون به‌که‌سایه‌تی مامۆستا یاخود له‌ئه‌نجامی بوونی بۆشاییه‌کی سۆزداری و ڕۆحی لای ئاسایی بێت په‌یوه‌ندی سۆزداری له‌گه‌ڵ مامۆستایه‌کی کوڕدا ببه‌ستێت که وانه‌ی پێده‌ڵێته‌وه، ته‌نانه‌ت ڕه‌نگه خودی کچه‌که‌ش ده‌ستپێشخه‌ر بێت بۆ سه‌رنجڕاکێشانی مامۆستاکه و دروستکردنی په‌یوه‌ندییه‌که، به‌ڵام ده‌بێت مامۆستا که‌سێتیه‌کی زۆر به‌هێزتری هه‌بێت له‌وه‌ی ڕێگه به‌خۆی بدات خۆی بخاته ناو بازنه‌ی ئه‌مجۆره په‌یوه‌ندییانه‌وه، ده‌کرێت مامۆستا ڕێنماییکارێکی دڵسۆز و ڕێپیشانده‌رێکی خاوه‌ن په‌یام بێت له‌مجۆره ڕه‌وشانه‌دا، به‌ڵێ ده‌کرێت و ده‌بێت خودی مامۆستاکه به‌رچاوڕوونی بداته قوتابیه کچه‌که به‌وه‌ی ئه‌م وه‌کو مامۆستا شیاو و ڕێگه‌پێدراو نیه له‌ڕووی پیشه‌ییه‌وه بۆ دروستکردنی ئه‌و جۆره په‌یوه‌ندیانه یاخود بۆ ئه‌نجامدانی هاوسه‌رگیری، پاشان ده‌بێت مامۆستایان هانده‌ر نه‌بن بۆ ئه‌نجامدانی هاوسه‌رگیری کچانی خوێندکار له‌قۆناغی ئاماده‌ییدا چجای ئه‌وه‌ی خۆیان هاوسه‌رگیرییان له‌گه‌ڵدا بکه‌ن. ئه‌گه‌ر مامۆستایان به‌پێچه‌وانه‌وه ڕه‌فتار بکه‌ن دواجار متمانه‌ی خۆیان له‌لای خوێندکاران و قوتابیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ئه‌م ڕه‌فتارانه به لادان له په‌یامه په‌روه‌ردییه‌که‌ی مامۆستایان داده‌نرێت.
ئه‌گه‌رچی له‌ڕووی یاساییه‌وه هه‌ر کچێک ته‌مه‌نی (16) ساڵ تێپه‌ڕێنێت ده‌توانێت هاوسه‌رگیری بکات به‌ڕه‌زامه‌ندی سه‌رپه‌رشتیاره‌که‌ی به‌پێی ئه‌و هه‌موارکردنه تازه‌یه‌ی به‌سه‌ر یاسای باری که‌سێتیدا هاتووه (که پێشتر ته‌مه‌نی 15 ساڵ دانرابوو)، به‌ڵام نابێت و ناکرێت مامۆستایان، هه‌ڵگرانی په‌یامی په‌روه‌رده و پێگه‌یاندن، مه‌شخه‌ڵ هه‌ڵگرانی ڕێگه و تونێله تاریکه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگه، به‌خراپ که‌ڵک له‌و یاسایه وه‌ربگرن و خۆیان ئه‌نجامده‌ری ئه‌و سته‌مه بن که له‌کچانی هه‌رزه‌کار ده‌کرێت.
ئه‌گه‌رچی به‌ڕای من هێشتا ئه‌و یاسایه‌ی باری که‌سێتی له‌جێی خۆیدا نیه و پێویسته سه‌قفی ته‌مه‌ن بۆ هاوسه‌رگیری به‌رزتر بکرێته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا پێشنیار ده‌که‌م بۆ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده که به‌ڕێنمایی هاوسه‌رگیری نێوان مامۆستا و خوێندکار قه‌ده‌غه بکات و هه‌موو سه‌رپێچکارێک له پیشه‌ی مامۆستایی دوور بخاته‌وه.
نووسراوه له‌لایه‌ن
user post
ليست هناك تعليقات: