Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

بەیاننامەیەك لە لیستی هاوبەشی مامۆستایان

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
بەڕێزان/
– سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان
– سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم
– وەزارەتی خوێندنی باڵا
– وەزارەتی پەروەردە
– یەكێتی مامۆستایانی كوردستان
– لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی كوردستان
– دامودەزگا و رێكخراوە پەیوەندیدارەكانی پەروەردەو خوێندن..
سڵاوی خواتان لێبێت
وا ساڵێكی تری خوێندنی قوتابیان و خوێندكاران بەرەو كۆتایی دەچێت و، قۆناغێكی تری ژیان بەسەر نەوەكانماندا تێپەڕ دەبێت، جێی خۆیەتی پێش تیپەڕبوونی دەرفەتەكان فریای خۆمان و نەوەكانمان بكەوین و نەهێڵین بڕیارێكی بەپەلەو بە بێ خوێندنەوەی واقیع و دواڕۆژ زیان بە داهاتوومان بگەیەنێت..
بەڕێزان..
لە ماوەكانی رابردوودا وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستان بڕیارێكی دەركرد دەربارەی هەردوو وانەی (زمانی كوردی و زمانی عەرەبی)، كە وەك دوو بابەتی ئیختیاری بۆ قوتابیانی قۆناغی دوانزەی ئامادەیی حیساب بكرێن بۆ چەند كۆلێژێك، ئەگەرچی پێشتریش ناڕەزایی مامۆستایان و خوێندكارانی بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام وەزارەت لە بڕیارەكەی خۆی پەشیمان نەبوویەوە، هەروەك وەزارەتی پەروەردەو یەكێتی مامۆستایانیش هەڵوێستیان نەبوو لەبەرامبەر ئەو بریارەی كە بە بۆچوونی ئێمە ئەم زیانانە بەدوای خۆیدا دێنێت:
1- لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمایەتی دەبێتە جێی نەنگی، كە وانەی زمانی دایك وەك وانەیەكی لاوەكی دادەنرێت و حیسابی بۆ ناكرێت.
2- بۆ هەردوو وانەكەی پۆلی دوانزە، (١٠)بەشەوانە دەبێتە جێی بەسووك سەیر كردن و گرنگی پێ نەدان لەلایەن خوێندكارانەوە، ئەمەش بە زیان بۆ خوێندن و پەروەردەو قوتابخانە ئامادەییەكان تەواو دەبێت..
3- بۆ مامۆستایانی بەڕێزی ئەو وانانە دەبێتە جێگای نیگەرانی، چونكە هەر لە سەرەتاوە قوتابیان بە گرنگییەوە بۆی ناڕوانن و مامۆستایانی بەڕێزیش ناتوانن لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكەن.
4- بۆ تەواوی قوتابیانیش جێی سەرسوڕمانە كە بۆچی بۆ ئەو بەش و كۆلیژانە ئەم دوو وانەیە ئیختیاری بێت، ئەی بۆچی بەش و كۆلیژەكانی تر سەرجەم وانەكانیان بۆ حیساب بكرێت..
ئەم بڕیارە بە هەر پاساوێك درابێت، ئێمە هۆكاری تایبەت و بەرژەوەندی بەشێك لە بەرپرس و سەرمایەداران و توێژێك لە قوتابیانی تێدا دەبینینەوە كە رەچاوی كۆی مامۆستایانی دڵسۆز و قوتابیان و خوێندكارانی بەڕێزی تێدا نەكراوە، بۆیە لەكاتێكدا ئێمە چاوەڕێ بووین دەزگا پەیوەندیدارەكان بەتەنگ داوای مامۆستایان و قوتابیانەوە بهاتنایە، كەچی بەداخەوە لەلایەك یەكێتی مامۆستایان بێدەنگی لێ كردووەو، وەك بابەتەكە پەیوەندی بەوانەوە نەبیت، هیچ هەڵوێستێكیان نییە، لەلایەكی ترەوە وەزارەتی پەروەردە مەترسییەكانی پشت ئەم بڕیارە نابینێت و، رێكخراوە قوتابی و خوێندكارەكانیش زیانی گشتی قوتابیانی تێدا نابیننەوە..
بۆیە تا تاقیكردنەوەكان دەستی پێ نەكردووەو ساڵ بە كۆتا نەگەیشتووە، داواكارین كە:
1- لەلایەن وەزارەتی خو]ندنی باڵاوە بڕیارەكە هەڵوەشێندرێتەوە..
2- یان بۆ ئەمساڵ بڕیارەكە هەڵپەسێردرێت، تا بۆ ساڵی داهاتوو بە بەشداری لایەنە پەیوەندیدارەكان خوێندنەوەو بەدواداچوونی زیاتر و باشتری لەبارەوە بكرێت.
3- یانی بە لایەنی كەمەوە رێژەی نمرەكانی ئەو دوو وانەیە بەرزبكرێتەوە بۆ (٧٠%)، بۆ ئەوەی لەلایەن قوتابیانەوە بە لاوەكی سەیر نەكرێت و جێی گرنگییان بێت..
4- وانەكان بەپێی پسپۆڕییان بە یەكە (وحدات) دیاری بكرێن.
لەكۆتاییدا وێڕای هیوای سەركەوتن بۆ سەرجەم قوتابیانی خۆشەویست و، رێز و خۆشەویستی بۆ سەرجەم مامۆستایان، هیوادارین لەم ساڵە پڕ لە كێشەو قەیرانەدا، قەیرانی تر زیاد نەكرێت و، لە جیاتی گەڕانەوە بۆ پەروەردەیەكی دروست، پرۆسەی خوێندن و پەروەردە نەخرێتە پشت گوێ و، رۆڵ بۆ پەروەرشیاران و دڵسۆزان بگێڕدرێتەوە، تا گەلەكەمان لەمە زیاتر نەبێتە قوربانی بێ پلانی و پەروەردەی سەقەت و بڕیاری نادروست..
لیستی هاوبەشی مامۆستایان
مامۆستایانی سەردەم (گۆڕان) ، مامۆستایانی یەكگرتوو ، مامۆستایانی پێشەنگ (كۆمەڵ) ، مامۆستایانی سەربەخۆ
٣٠/٤/٢٠١٧



نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
user post

بەیاننامەیەك لە لیستی هاوبەشی مامۆستایان Reviewed by Unknown on 10:27:00 م Rating: 5

ليست هناك تعليقات: