Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

بۆچی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا وانه‌ی كوردی پشتگوێ خست؟


Friday, 04.07.2017, 03:09 PM
154 بینراوە

  
راستی شاراوه‌ بزانه‌
وه‌زاره‌تی خویندنی باڵا له‌ساڵی خوێندنی 2016 – 2017 وه‌ هه‌ردوو وانه‌ی كوردی و عه‌ره‌بی له‌ پۆلی 12ی ئاماده‌یی كرد به‌ ئاره‌زوومه‌ندانه‌ بۆ ئه‌و خوێندكارانه‌ی له‌ كۆلێژه‌كانی پزیشكی و ئه‌ندازیاری و زانست وه‌رده‌گیرێن، ته‌نها مه‌رجی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت خوێندكاره‌كه‌ ده‌ربچێت تیایداو سه‌ربه‌سته‌ بۆی حساب بكرێ یان نا؟ ئه‌ڵبه‌ته‌ سه‌ربه‌ستی له‌ هه‌ڵبژاردندا بۆ ئه‌م بڕیاره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خوێندكار ده‌رسی كوردی و عه‌ره‌بی له‌ كۆڵ بێته‌وه‌، پاساوی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گۆڕانكاری له‌ وه‌رگرتنی خوێندكاردا بكات، هاوكاتیش خوێندكاریش به‌ره‌و پسپۆڕی بڕوات و مه‌شغوڵ نه‌بێت به‌ ده‌رسێكه‌وه‌ كه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر پسپۆڕی داهاتووی نه‌بێت.
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م بڕیاره‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵادا، شه‌پۆلێكی ناره‌زایی بۆ پشتگیری له‌ زمانی كوردی سه‌ری هه‌ڵدا، هاوكاتیش بۆ زمانی عه‌ره‌بی بێ ده‌نگی لێكرا، پێش ئه‌وه‌ی بێینه‌ سه‌ر زمانی كوردی پێویسته‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ رووبه‌ری و ره‌خنه‌ی توند بكه‌ینه‌وه‌ و بپرسین بۆچی له‌ خوێندنگه‌ حكومیه‌كاندا ساڵه‌های ساڵ عه‌ره‌بی و ئینگلیزی ده‌خوێنرێت، كه‌چی خوێندكار فێری ئه‌و دوو زمانه‌ نابێت؟ 
ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا به‌ره‌وگۆڕانكاری بڕوات ئه‌وا من ئاماده‌م پرۆژه‌ی له‌م چه‌شنه‌ی پێشكه‌ش بكه‌م، هه‌ربۆیه‌ پێویسته‌ به‌سۆزه‌وه‌ به‌رگری له‌ زمانی كوردی نه‌كه‌ین و ده‌ستخۆشی له‌م هه‌نگاوه‌ بوێرانه‌یه‌ بكه‌ین و هه‌ندێ هۆكاریش بۆ په‌سه‌ندكردنی لادانی زمانی كوردی له‌ پۆلی 12 روونبكه‌ینه‌وه‌: 
1ـ پێش ئه‌وه‌ی بێینه‌ سه‌ر پۆلی 12 ، ده‌بێت ئه‌و راستیه‌ بزانین كه‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردی له‌ دوای راپه‌ڕینی 1991 وه‌ نه‌ك گرنگیان به‌زمانی كوردی نه‌دا، به‌ڵكو ئه‌م زمانه‌یان برد به‌قوڕا، ئه‌م زمانه‌ له‌زمانی ئه‌ده‌ب و راگه‌یاندن ده‌رنه‌چوو، واته‌ هه‌ر له‌ سوچی ئه‌ده‌ب و راگه‌یاندندا مایه‌وه‌، كارێك نه‌كرا ئه‌م زمانه‌ هاوشانی زمانی ئه‌ده‌ب و راگه‌یاندن  ببێته‌ زمانی زانست، دیاره‌ ئه‌م كاره‌ به‌كه‌سانێك ده‌كرێ كه‌ به‌دڵسۆزی كوردستان به‌ڕێوه‌ به‌رن، نه‌ك به‌ كه‌سانێك تاسه‌ر ئێسقان نوقمی گه‌نده‌ڵی بووبن. 
2ـ له‌باره‌ی پرۆگرامی زمانی كوردی پۆلی 12وه‌ ، پێویسته‌ پیاچوونه‌وه‌ به‌م كتێبه‌دا بكرێ و ئه‌م مه‌نهه‌جه‌ی ئێستا بخرێته‌ ته‌نه‌كه‌ی خۆڵه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌م مه‌نهه‌جه‌ وه‌ها دانراوه‌ كه‌ ده‌بێت قوتابی مه‌لزه‌مه‌و مامۆستای تایبه‌تی هه‌بێت (بڕۆن سه‌یری بازاڕ بكه‌ن و پرسیار بكه‌ن ئه‌م هه‌موو مه‌لزه‌مه‌یه‌ بۆچی؟) ئه‌گه‌ر ئه‌م كتێبه،‌ كتێبێكی بێ كێشه‌یه‌، ئه‌م هه‌موو مه‌لزه‌مه‌یه‌ بۆچی و بۆ كێ دانراوه‌؟ دیاره‌ خه‌له‌ل له‌كتێبه‌كه‌یه‌.

خه‌له‌له‌كان چین؟ 
1ـ به‌شی رێزمانه‌كه‌ی وه‌ها دانراوه‌ كه‌ قوتابی پێویستی به‌ كتێب و ده‌فته‌ری زمانی كوردی ساڵانی رابردوو بێت له‌ پێنجی بنه‌ڕه‌تیه‌وه‌ بۆ یانزه‌ی ئاماده‌یی، واته‌ ده‌رسێك له‌ پۆلی 12 نادۆزیته‌وه‌ كه‌ پێویستت به‌ ده‌رسه‌كانی ساڵانی رابردوو نه‌بێت، به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ خوێندكار پێویستی به‌ هه‌موو كتێبه‌كان و ده‌فته‌ره‌كانی ساڵانی پێشوو هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش نه‌ك بۆ خوێندكارانی خوازیاری پزیشكی و ئه‌ندازیاری و زانست تاقه‌ت پڕوكێنه‌، به‌ڵكو بۆ كۆی خوێندكارانی تریش مایه‌ی سه‌رئێشه‌و ماڵوێرانی و پڕ گیروگرفته‌، چونكه‌ ده‌رسێك كه‌ عه‌مه‌لی نه‌بوو به‌ڵكو تیۆری و وشك بوو ئه‌وا له‌بیری خوێندكار ده‌چێته‌وه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش خوێندكار پێویستی به‌ مه‌لزه‌مه‌و مامۆستای تایبه‌ت ده‌بێت. به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر خوێندكارێك به‌ته‌مای نمره‌ی به‌رز بێت.
2ـ زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی ئه‌م مه‌نهه‌جه‌یان داناوه‌ ده‌ستیان هه‌یه‌ له‌ چه‌سپاندنی خاڵی 1دا چونكه‌ زۆربه‌یان ساڵانه‌ به‌هۆی ده‌رسی تایبه‌ته‌وه‌ پاره‌یه‌كی زۆریان ده‌ستده‌كه‌وێت، ئه‌مه‌ش بۆ ناڕوونی مه‌نهه‌جه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، چونكه‌ هه‌تا بڵێی مه‌نهه‌جێكی تاریك و بێ كه‌ڵك و ناڕوونه‌ یان له‌ تۆپه‌ڵه‌ وشه‌ پرۆگرامیان ریزكردووه‌ كه‌ هه‌ر بابه‌تێكی پێویستی به‌ مه‌لزه‌مه‌یه‌ك هه‌یه‌ روونی بكاته‌وه.
3ـ من ئاماده‌م له‌كۆڕێكدا یان له‌ ته‌له‌فیزیۆن یان خۆتان چۆنتان پێخۆشه‌ ئه‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه‌ به‌ به‌ڵگه‌وه‌ بسه‌لمێنم و له‌ كۆتایشدا ئه‌وه‌ بڵێم كه‌ پێویسته‌ زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ مه‌نهه‌جی كوردیان داناوه‌ ده‌بێت رۆژێك بێت دادگایی بكرێن و داواش له‌كه‌سانی وه‌كو د. فه‌ره‌یدوون عه‌بدول به‌رزنجی و مسته‌فا زه‌نگه‌نه‌و عه‌زیز گه‌ردی ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی ناویان پیس نه‌بێت ناوی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌م كتێبه‌ بسڕنه‌وه‌، چونكه‌ هه‌ندێك له‌وانی تر ئه‌م به‌ڕێزانه‌یان كردووه‌ به‌ پرد بۆ مه‌رامی خۆیان كه‌ بریتیه‌ له‌ پاره‌ په‌یدا كردن بۆ خۆیان و له‌ به‌رچاوخستن و بێتامی زمانی كوردی له‌لای هه‌موو خوێندكارێكی كورد.‌ 
بۆچی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا وانه‌ی كوردی پشتگوێ خست؟ Reviewed by k on 12:25:00 ص Rating: 5

ليست هناك تعليقات: