لەسەر دەرنەچوونی لە وانەی بیركاری كچێكی قوتابی لە قەڵادزە خۆی سوتاند و گیانی لەدەست دا
كچێك ی تەمەن هەرزەكار پۆلی هەشتەمی بنەڕەتی بەناوی كەیغان
كەسوكارەكەی كەیغان دەڵێن ئەو رۆژەی نمرەی وەرگرتووە و بینیویەتی هێڵی سوور بەژێر نمرەكانیدا هاتووە، گەڕاوەتەوە ماڵەوە و ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە، لە قوتابخانەكەی قسەیەكی جیاواز دەبیستی.
(كەیغان، ئە،ح)، قوتابی پۆلی هەشتەمی بنەڕەتی و دانیشتووی گەڕەكی ئاشتی لە شارۆچكەی قەڵادزێ، رۆژی 25/3/2017 دوای ئەوەی نمرەی وەرزی یەكەمی تاقیكردنەوەكانی خوێندنی وەرگرتەوە و لە چەند وانەیەكدا كەوتبوو، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا. كەیغان هەفتەیەك لەژێر چاودێریی پزیشكدا لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی مایەوە، بەڵام بەهۆی زۆریی رێژەی سووتانەكەی گیانی دەرچوو.
بەختیار، مامی ئەو كچە قوتابیە بە (رووداو)ی گوت “برازاكەم كچە گەورەی باوكی بوو، هیچ نەخۆشییەكی دەروونی نەبوو. باوكی زۆر بەناز گەورەی كردبوو. ئەو رۆژە بەدڵخۆشییەوە چووبووە قوتابخانەكەی بۆ وەرگرتنەوەی نمرەكانی، بەڵام دیارە نمرەكانی بەدڵ نەبووە، بۆیە كە گەڕاوەتەوە ماڵەوە یەكسەر خۆی سووتاندووە”.
بەختیار باسی كاتی سووتانی برازاكەی دەكات و دەڵێت “لای نیوەڕۆ هەر نەنكی لەماڵەوە بووە، كەیغان چووەتە گەرماوی ماڵەكەیان و هەندێك نەوتی بەخۆیدا كردووە و ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە، پاشان لە كۆڵان بووەتە هاتوهاوار كە كەیغان سووتاوە”.
بەختیار كە ئەو رۆژە خەریكی دروستكردنی خانوو بووە، هەر كە هەواڵی خۆسووتاندنی برازاكەی پێگەیشتووە، بە پەلە رایكردووەتە ماڵی براكەی و لەگەڵ كەسوكارەكەی كەیغانیان بردووە بۆ نەخۆشخانە.
بەختیار دەڵێت لە نەخۆشخانە لە برازاكەی پرسیوە بۆچی خۆت سووتاند؟ ئەویش تەنیا گوتوویەتی “پەشیمانم، فریام بكەون، ئەگەر دەزانن ناژیم گەردنم ئازاد بكەن، هەڵەیەكی گەورەم كردووە”.
بەختیار بە سەرسوڕمانەوە دەڵێت برازاكەی تەنیا بەهۆی دەرنەچوونی لە وانەی بیركاری خۆی سووتاندووە “كەیغان پێیگوتم تەنیا بەهۆی ئەوەی لە وانەی بیركاری دەرنەچووە خۆی سووتاند. پێم سەیرە بۆ تەنیا وانەیەك خۆی سووتاندووە، ئەو زۆر دڵی بە خوێندن خۆش بوو”.
كەیغان ساڵێك لە خوێندنەكەی دواكەوتووە، ئەمساڵیش لە وانەیەك كەوتووە، بەڵام سەرچاوەیەك لە قوتابخانەكەی رەتیكردەوە ئەو كچە بەهۆی دەرنەچوونییەوە، خۆی سووتاندبێ.
ئەو سەرچاوەیە كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بە (رووداو)ی گوت “كەیغان لای ئێمە لە قۆناغی هەشتی بنەڕەتی بوو، بەڵام لە قۆناغی حەوت ساڵێك مایەوە، ئەمجارەش تەنیا لە وانەیەك كەوتبوو، نمرەی وانەكەشی لە سەرووی 40ەوە بوو، كەسایەتییەكی بەرزی هەبوو، كچێكی بێدەنگ بوو”.
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، كەیغان پێشتریش دووجار هەوڵی خۆكوشتنی داوە، جارێك خۆی سووتاندووە، جارێكی دیكەش ویستوویەتی لە رێگەی خواردنی حەبەوە كۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێ.
ئەو سەرچاوەیە گوتی “كەیغان جاری سێیەمی بووە هەوڵی خۆكوشتن بدات، دوایینجاری هاوكات بوو لەگەڵ وەرگرتنەوەی نمرەكانی، زانیومانە دوو كەسی دیكەی بنەماڵەكەیان خۆیان سوتاندووە، بۆیە پێدەچێت ژینگەی خێزانی لەبار نەبووبێت بۆ ئەو، بەخێزانەكەیمان گوت كە نەخۆشیی دەروونی هەبووە، لانیكەم ئێمەتان ئاگادار كردبایەوە، بۆ ئەوەی هاوكاریی بكەین”.
بەڵام پێناچێ پۆلیس بەدواداچوونێكی ئەوتۆی بۆ كەیسی ئەو كچە منداڵكارە كردبێت.
ملازمی پۆلیس رێبوار ئەسعەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لە راپەڕین بە (رووداو)ی گوت “ئەو كچە 98%ی جەستەی سووتابوو، پۆلیس دۆسیەی بۆ رووداوەكە كردەوە، لە لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان دەركەوت لە وەرزی یەكەمی تاقیكردنەوەكان دەرنەچووە، بۆیە خۆی سووتاندووە”.
- گوتیشی :”ئەو كچە بەهۆی زۆریی رێژەی سووتانەكەی رۆژی 31/3/2017 لە نەخۆشخانە گیانی دەرچووە”.
نووسراوه لهلایهن
Raw Raw
ليست هناك تعليقات: