Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

تێڕوانینی کاربەدەستانی حکوومەت بۆ زمانی کوردی لە هەرێمی کوردستان

تێڕوانینی کاربەدەستانی حکوومەت بۆ زمانی کوردی لە هەرێمی کوردستان


د. ڕەحیم سورخی، دکتۆرا لە زمانەوانی لە زانکۆی سەلاحەددین

لە وڵاتێکی تازەدامەزراودا هەموو هەوڵی دەزگه‌ حکوومییەکان ئەوەیە چۆن خەڵک ئامادە بکەن بۆ ئەوەی باوەڕیان بە خۆیان و بە زمان و کەلتووری خۆیان بێت تا لەژێر باڵادەستیی زمانی داگیرکەر دەرچن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان پێچەوانەیە. بۆ نموونە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ڕێکەوتی ٨/٣/ ٢٠١٧ بڕێارێکی دەرکرد کە "لەمساڵەوە ئەژمارکردنی نمرەی وانەکانی زمانی کوردی و عەرەبی، بۆ دەرچووانی پۆلی دوازدە لە کاتی پێشکەشکردن بۆ کۆلێژەكانی پزیشکی، ئەندازیاری و زانستی، ئارەزوومەندانە دەبێت". ئەوەی جێگه‌ی سەرسووڕمانە ئەوەیە ئەو دەزگه‌یانەی بەرپرسیارن لە گەشەپێدانی پەروەردەی زمانی نەتەوەیی، تەوری بڕینەوەی پێگەی زمانی نەتەوەیییان گرتووەتە دەست. ئەوانەی کە دەبوو هەوڵی پاراستنی پێگەی ناسنامەییی زمان بدەن، بە دەرکردنی بڕیاری لەم چەشنە، داڕشتنی دەقی وانەییی پڕ لە هەڵە و ناڕێزمانی، پەراوێزخستنی زمانی خوێندنی کوردی لە چاو پەروەردەی ئەهلی بە زمانە بیانییەکان، جێبەجێنەکردنی بڕیارە یاسایییەکانی بەفەرمیبوونی زمانی کوردی لە پاڵ زمانی عەرەبی لە عێراقدا، زمانی کوردییان پشتگوێ خستووە.

بایەخی زمانی کوردی وەک ناسنامەی نەتەوەیی لە ئەدەبی کوردیدا

خەڵک بەردەوام لە ڕەوتی مێژوودا، بە بەکارهێنانی زمانی هاوبەش، هەوڵی بووژانەوە و بنیادنانەوەی ناسنامەی نەتەوەییی خۆیان داوە؛ هەر ئەمەیش ڕۆڵی زمان لە پێکهێنانی ناسنامەدا ڕێک دەخات. ئەگەر بڕوانینە "مەم و زین"، ئەحمەدی خانی یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی هۆنینەوەی ئەم شاکارە ئەدەبییەی لە قاڵبی مەسنەویدا، پاراستنی زمانی کوردی و ناسنامەی نەتەوەییی کورد دەزانێ. نەتەوەکەی بە بەراورد لەگەڵ خەڵکی تر، دەبینێ کە خاوەنی ئەدەبی نووسراو بە زمانی خۆی نییە، بۆیە هۆی "نیزام و ئینتیزامی "داڕشتنی چیرۆکی مەم و زین بە زمانی کوردی و لە گەڕانەوە بۆ ئەسڵ و بونیاد و ڕەسەنایەتیی نەتەوەی خۆی دەبینێ:

[دا خەلق نەبیژتن کو ئەکراد

بێ مەعریفەتن بێ ئەصل و بونیاد

ئەنواعێ میلل خودان کتێبن

کورمانج تەنێ د بێ حسێبن].

"نالی" هەرچەند بە وتەی خۆی "ئیستیتاعە و قووەتی تەبعی بە کوردی، فارسی و عارەبی ئیزهاری چالاکی دەکا"، بەڵام شیعری خۆی "بە کوردی ئینشا دەکا":

[تەبعی شەککەرباری من ئەگەر بە کوردی ئینشا دەکا

ئیمتیحانی خۆیە مەقسوودی، لە عەمدەن وا دەکا]

شاعیر تەبعی خۆی بە زمانی کوردی تاقی دەکاتەوە، لە هەمان کاتدا خودی زمان و کوردبوونیشی تاقی دەکاتەوە. بە شێوەیەکی هاوپێچ، دەیەوێت کورد لەبەر باری هێژموونیی زمانی فارسی و عەرەبی دەربێنێت و بەو خۆدۆڕاوانەی پێیان وایە مەعنا هەر بە زمانی دیکە دەکرێ دەربڕێ، دەڵێ:

کەس بە ئەلفازم نەڵێ خۆکوردییە، خۆ کردییە ئەو کەسەی نادان نەبێ خۆی تالبی مەعنا دەکا

ئەم نموونانە هەرچەند نموونەی ئەدەبی و زمانی شیعرن، بەڵام تژین لە هەستی بڕوابەخۆبوون و داهێنان. ئەمانە لووتکەی زمانی خوێندەواری و ناسنامەی کوردین. ئەم مامۆستا مەزنانە، کۆڵەگەی مانەوەی نەتەوە و زمانەکەیین. ئەمانە زۆر شارەزای فەلسەفە و زانستی سەردەمی خۆیان بوون. خانی و نالی پێمان دەڵێن، بەم زمانە دەکرێ چەند داهێنانی گەورە بکرێ. ئەو کاتەیش دیارە هێندێ کەس هەبوون کە پێیان وا بووە زمانی کوردی ناتوانێ زمانی شیعر و حیکمەت بێت، بۆیە خانی و نالی لێیان وەدەست هاتوون. بەگشتی، تا ئەو کاتەی کورد خاوەن بەڕێوەبەرایەتییەکی خۆجێییی خۆی بووە، زمان و فەرهەنگی خۆی لا شیرین و بایەخدار بووە.

خانای قوبادی دەڵێ:

ڕاستەن مەواچان فارسی شەکەرن کوردی جە فارسی بەس شیرینتەرەن

زمان دەربڕی بیر و هزری ئەو خەڵکەیە کە لە وڵاتێکی یەکپارچەدا دەژین و، هەر بۆیەیشە تاووتوێکردنی کۆمەڵایەتییانەی زمان یەکێکە لە شێوەکانی ناسینی دینامیزمی ئەو کۆمەڵە (Levie Strauses, 1958). تێڕوانینی سیاسەتدانه‌ران لەبارەی زمانێکەوە گرنگییەکی تایبەتی هەیە. بە بۆچوونی زۆربەی زمانەوانانی کۆمەڵایەتی، پشتگوێخستنی زمان، لەگەڵ بێباوەڕی بە زمانی خۆجێیی، یان بەکارهێنانی تاکییانەی زمان، دەبێتە جۆرێک لە هەستی نەبوونی ئاسایش و، هەر ئەمەیش پاڵنەری سەرەکیی تاکە بۆ کردار و ڕەوشتی زمانی ئەو و هۆشیاری بۆ زمان و ناسنامەکەی. ئەم بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، تێڕوانینی قوتابیان بۆ زمانی کوردی و زمانی عەرەبی بەرەو تێڕوانینیێکی نەرێنی دەبات و، لە ڕەوتی بەرەوپێشچوونی ژیانیاندا بە ناپێویست دەزانرێ.

دامەزرانی دەوڵەتی عێراق و کۆنتڕۆڵی کورد و زمانەکەی

لە ماوەی ١٠٠ ساڵی ڕابردوو، حکوومەتە داگیرکەرەکانی کوردستان لە پێناو سەرخستنی پرۆژەی دەوڵەت- نەتەوەسازیی تورکی، عەرەبی و فارسی، هەوڵی سڕینەوەی زمان و کەلتووری کوردیان داوە. ڕێگەگرتن لە بڵاوكرانەوەى بەرهەمە چاپكراوە كوردييەكان لە سنوورى نێو وڵاتە داگيركەرەكانى كوردستان، یەکێک لە لایەنەکانی دابڕانی کوردی پارچەکان لە یەکتر بووە. بۆ نموونە بڕوانە ئەم هەواڵەى "زارى كرمانجى":

"مەتبووعات عێراق لە حدودى ئێران دا لە مەتبووعاتى عێراق هەرچييەكى بێت كتێب يان جريدە كە لەحدودى ڕەواندزەوە بچێ بۆ ئێران: مەئمورى ئێران دەيگرن و دەيدڕێنن، كەسێكى كە لە دەستيشى دەگرن گەلێكى چەرمەسەرى دەدەن. لێمان مەعلوم نەبووە داخوا معاهدەيەكى وا هەيە كە مەتبوعاتى عێراق لە ئێراندا مەمنوع بێت و هى ئێرانيش لە عێراقدا. مەئمورانى ئێران لە سابلآغ و لاجاندا جەسارەت وا بكەن كە بەبێ گفت و گۆ تەعەروزى وايان لێ سادر بێت و ئەو بێ قانوونييە ئيمزا بكەن؛ لەسەر حكومەتى عێراق و ئێران لازمە كە تحقيقات ئەو جۆرە معاملاتانە بفەرموون چونكو ئەوە دەبێتە سەبەبى هاتوچۆنەكردنى توجاڕانيش" (زارى كرمانجى، ژمارە٨؛ لاپەرەى ١٨، ١٩٢٨).

بە دامەزرانی دەوڵەتی عێراق لەژێر سەرپەرشتیی بریتانیادا، هەنگاوەکانی سنووردارکردنی ئیرادەی نەتەوەیی بە پرۆپاگەنده‌ و بە یاسا دەستی پێ کرد و لە ڕێگەیەوە پێوەندییەکانی کوردی باشوور لە نێوخۆ و لەگەڵ کوردی پارچەکانی دیکەدا دیاری کرا. تەنانەت ئەسپتاودان، خەنجەربەقه‌دداکردنیش قەدەغە کرا؛ واتە هەموو ئەو شتانەی بەشێک لە کەلتووری نەتەوەیی بوون و لە ڕووی دەروونییه‌وه‌ ورەی بە کورد دەبەخشی، دەبوو لێیان بسه‌ندرێتەوە. بۆ نموونە، بڕوانە ئەم ڕاگەیەنراوانەی لە ڕۆژنامەکانی "پێشکەوتن" لەو سەردەمە بڵاو کراونەتەوە:

"جگە" لە عەسكەرى هەچكەس لە كۆڵان و ڕێگاى ناو شاردا تاو و غار بدا بەم ڕەنگە جزا دەدرێت، هەوەڵ جار پێنج ڕوپيە، دووەم جار ١٥، سييەم جار ٣٠ ڕوپيە يان حەوت ڕۆژ حەپس دەكرێت؛ حاكمى سياسي، مەيجەرسۆن(پێشكەوتن، ١٩٢٠).

بۆ زانينى هەموو- ئێعلام دەكرێت كە لەمەو دووا خەنجەر بەقەدا كردن و هەڵگرتنى لەناوشاردا مەمنوعە. هەچ كەسێك بەپێى ئەم ئەمرە نەڕوا بەرێيەوە بە حەپس و جزا مەحكوم دەكرێت "؛ (حاكمى سياسي، مەيجێر گۆڵ دسميت، پێشكەوتن ١٩٢١).

پێگەی زمانی کوردی لە سیاسەت و پلانی زمانی دەوڵەتی عێراقدا

سەرەڕای ئەوەی، لە ماددەی (٤)ی دەستووری كۆماری عێراقدا هاتووە: "زمانی عەرەبی و كوردی، دوو زمانی فەرمین لە عێراقدا"، حکوومەتی ناوەندیی عێراق لە هه‌ندێک بواردا ئەم یاسایەی جێبەجێ کردووە؛ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەچاوی ناکات. بۆ نموونە، لەسەر تابلۆی ناوی شوێنە حکوومییەکانی وەک ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان، پارە و دیکۆمێنت و بەڵگە یاسایییەکان و خوێندن بە زمانی کوردی لە ناوچە عەربییەکان. سەیر ئەوەیە کارتی مۆڵەتی شۆفیری لە بەغدا بە عەربی و کوردییە، لە هەرێمی کوردستان بە عەرەبییە! بۆ دەرهێنانی ڕەگەزنامە، هەموو شتەکان بە عەرەبی دەنووسرێت. ئەوە لە كاتێكدا کە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای ژمارە (٧)ی ساڵی ٢٠١٤ی سەبارەت بە زمانە فەرمییەكان پەسند کردووە، کە تێیدا لەسەر گرنگیی زمانی كوردی و عەرەبی جەخت كراوەتەوە.

ئەو بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، لە ڕووی بەکارهێنانی دەسەڵاتەوە بڕیارێکی کارگێڕانەی ستوونییە و، ئەوەندەی لە هێزەوە ڕوانیویه‌تە مەسەلەکە، لە مەنتیق و زانستەوە نەیڕوانیوە. چونکە به‌بێ پرسی پسپۆرانی زمان و زمانناسانی کورد کراوە. لە ڕابردوودا و لە ئێستایشدا لە بەشە داگیرکراوەکانی کوردستاندا، شتێکی کە داگیرکەران دەیکەن سەپاندنی یاسای ساختەیە بەپێچەوانەی مەیل و ئارەزووی دانیشتووانی ئەو شوێنەی یاساکەی بۆ دەردەچێت. بۆ نموونە، بە مەبەستی پەراوێزخستنی زمانی كوردی لە خوێندنگە، پەیمانگە و زانكۆكاندا، ڕژێمی بەعس فەرمانی ژمارە (٦٣٢)ی لە (٧/١٠/١٩٨٩) دەرکرد، کە بەپێی ئەوە هەر خوێندكارێك لە بابەتی زمان و ئەدەبی كوردی دەرنەچوو، ئەوا بە كەوتوو هەژمار ناكرێت. ئەم چەشنە بڕیارانە، لە ئاکامدا کوشتنی زمانی لێ دەکەوێتەوە.

كوشتنی زمان/ خۆكوژیی زمان

بە پەراوێزخستنی زمانی کوردی، لە پەروەردە و خوێندنی باڵا، له‌وانه‌یه‌ كاتێك بێت كه‌ منداڵان به‌رده‌وام نه‌بن له‌سه‌ر فێربوونی ئه‌و زمانه‌ی وه‌ك زمانی زگماكییان له‌به‌ر مه‌ترسیدایه‌، یان خه‌ریكن به‌ شێوه‌یه‌كی ناته‌واو فێری ده‌بن. له‌م حاڵه‌دا ئێمه‌ ده‌ڵێین زمانه‌ به‌رمه‌ترسییه‌كه،‌ له‌ سه‌ره‌مه‌رگدایه‌. پرۆسه‌یه‌كه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجامدا ئه‌و زمانه‌ ده‌گۆڕێ‌. ئه‌مڕۆ باوترین هۆ بۆ مه‌رگی زمان، ئاپۆرای قسه‌پێكه‌رانی نییه‌، به‌ڵكوو گۆڕینی زمانه‌. ئه‌مه‌یش كاتێ‌ ڕوو ده‌دا، كه ‌پێچه‌وانه‌ی قسه‌پێكه‌ره‌ گه‌وره‌كانی زمانێك، منداڵه‌كانیان زمانێكی جیاواز له‌ دایك و بابیان وه‌رده‌گرن و، به‌ره‌ به‌ره‌ زمانی كۆی كۆمه‌ڵه‌كه‌ ده‌گۆڕێ‌. به‌پێچه‌وانه‌ی كوێربوونه‌وه‌ی ئاسه‌واری جۆری ئاژه‌ڵه‌كان، مرۆڤه‌كان نامرن، ته‌نیا زمانه‌كه‌یان ده‌مرێ‌.

به‌ بۆچوونی زمانه‌وانی كۆمه‌ڵایه‌تی "جاشوافیشمه‌ن" (١٩٩١)، زمان به‌ سێ‌ شێوه‌ به‌سه‌ر سێ‌ نه‌وه‌دا ده‌گۆڕێ‌. نه‌وه‌یه‌كی قسه‌پێكه‌رانی زمانی "x"، داپیر و باپیره‌كان، زمانه‌كه‌یان ناگه‌یه‌نن به‌ منداڵه‌كانیان و، هانیان ده‌ده‌ن زمانێكی دیكه‌ فێر بن؛ واته‌ زمانی "y". نه‌وه‌كه‌ی دوایه‌ دایك و بابه‌كانن كه‌ گه‌وره‌ بوون، ته‌نیا به‌ شێوه‌یه‌كی ناچالاك زمانی "x" ده‌زانن، به‌ڵام به‌پاراوی به ‌زمانی "y" ده‌دوێن. له‌ ئاكامدا له‌ هه‌ر دوو زمانه‌كه‌دا خێزانه‌كه‌ ده‌بێته‌ "دووزمانه"‌. منداڵه‌كانیان وه‌ك قسه‌پێكه‌رێكی زمانی "y" گه‌وره‌ ده‌بن و، ته‌نیا چه‌ند وشه‌یه‌كی كه‌می زمانی"x" ده‌زانن، نه‌ك زیاتر؛ هه‌ر چه‌ند ده‌یانه‌وێ‌ زمانی باپیره‌یان زیاتر بزانن. ئه‌گه‌ر ئه‌م پرۆسه‌یه‌ی گۆڕان له‌ زۆربه‌ی خێزانه‌كانی كۆمه‌ڵه‌یه‌كدا ڕوو بدا، له‌وانه‌یه‌ زمانێك له‌ سێ‌ نه‌وه‌دا بمرێ‌.

ئه‌مه‌ پرسیارێكی گرینگ ده‌ورووژێنێ‌ كه‌ بۆچی دایك و بابه‌كان یه‌كه‌م جار بڕیار ده‌ده‌ن زمانه‌كه‌یان به‌ منداڵه‌كه‌یان نه‌گه‌یه‌نن. زمانه‌وانان ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ میتافۆری كوشتنی مه‌به‌ستداری زمان و "خۆكوژیی زمان"دا به‌كار دێنن. به‌پێی ئه‌م دوو ڕوانینه،‌ كوشتنی زمان كاتێ‌ ڕوو ده‌دا كه‌ ده‌وڵه‌ته‌كان، یان دامه‌زراوه‌كانیان، به‌ ده‌ركردنی یاسا، یان سزادانی قسه‌پێكه‌رانی، هه‌وڵی "له‌مه‌یدانبه‌ده‌ركردن"ی زمانه‌ كه‌مینه‌كان ده‌ده‌ن؛ ئه‌مه‌ جۆرێك گوشارخستنه‌سه‌ر قسه‌كه‌رانه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌. "خۆكوژیی زمان" كاتێ‌ ڕوو ده‌دات كه‌ تاكه‌كان هه‌ست ده‌كه‌ن له‌ كۆمه‌ڵه‌یه‌كدا له‌ ڕووی ئابووری، سیاسی و، یان كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ باشتر ده‌بن، ئه‌گه‌ر به‌ زمانی جیاواز قسه‌ بكه‌ن؛ ئه‌مه‌ به‌ واتای ئه‌‌وه‌یه‌ كه‌ گوشاره‌كه‌ له‌ ناوه‌وه‌یه‌ بۆ وه‌ستاندنی به‌كارهێنانی زمانه‌ بێكه‌ڵكه‌كه (ئەو زمانەی ئەرکە زانستی، کارگێڕی، یاسایی و تەکنیکییەکانی لێ وەرگیراوەتەوە و بەزمانی دیکە سپێردراوە، لای خەڵکی خۆی بە زمانی بێکەڵک دادەنرێ)‌ و ئه‌وی به‌كه‌ڵكه‌ نوێیه‌كه‌یان (زانست، کارگێڕی، یاسا و تەکنۆلۆژی و زانیاریی سەردەمە و خەڵک ئەگەر لێی شارەزا نەبن تووشی نەخوێندەواریی ئەرکی و پیشەیی دەبن و دەرفەتەکانی ژیانی نوێیان لەدەست دەدەن) وه‌رده‌گرن (Nelson, 2007).

مه‌رگی زمان، ئاسایی به‌ره ‌به‌ره‌ دێته‌ ئاراوه‌. له‌ هه‌ر شوێن و كاتێكی دیاریكراودا هێشتا هه‌ندێ منداڵ خه‌ریكی فێربوونی ئه‌و زمانه‌ن وا وه‌ك زمانی زگماكییان خه‌ریكه‌ ده‌مرێ‌، كه‌چی هه‌ندێكی تر، خه‌ریكن به‌ ناته‌واوی فێری ده‌بن و، كه‌سانێكی دیكه‌ هه‌ر هیچ فێری نابن. زمانێكه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ هه‌ندێک ناوچه‌ به‌ته‌واوی بفه‌وتێ‌ و له‌ هه‌ندێ ناوچه‌ی دیكه‌ له‌ ژیاندا بێت. به‌ له‌ناوچوونی زمانێك، به‌شه‌ پێوه‌ندیداره‌كان به‌ زمانییشه‌وه‌ (وه‌ك ئه‌فسانه‌ و فۆلكلۆر و گۆرانییه‌ ناوچه‌یییه‌كانیش) له‌بیر ده‌كرێن. زمانێكی له ‌سه‌ره‌مه‌رگدایه‌، "له ‌لایه‌ن گرووپێكی بچووكی خه‌ڵكه‌وه‌ قسه‌ی پێ ده‌كرێ‌ و، له ‌ڕووی كاره‌كییه‌وه‌، جێی خۆی به‌ زمانی دووه‌می ئه‌وان (زمانی فه‌رمیی وڵاته‌كه‌) ده‌دا. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م ژماره‌ كه‌مه‌ی ئاخێوه‌رانی و به‌كارهاتنی سنوورداری، پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی زمانێكی وا داده‌شكێ‌ و، قسه‌پێكه‌رانی زگماكیی ئه‌و زمانه‌ له‌ كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ فه‌رمی و گشتییه‌كاندا خۆ له ‌به‌كارهێنانی ده‌پارێزن... چونكه‌ ئه‌و زمانه‌ی به‌ره‌و له‌ناوچوون ده‌چێ‌، پله‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیی باڵای نییه‌، به‌ساده‌یی له‌ نه‌وه‌یه‌كه‌‌وه‌ بۆ نه‌وه‌یه‌كی دیكه‌یش ناگوازرێته‌وه‌ و قسه‌كردن به‌ زمانی فه‌رمی له‌ زه‌ینی نه‌وه‌ی نوێدا ده‌بێته‌ ئامرازێك بۆ وه‌رگرتنی پله‌ و بره‌وی كۆمه‌ڵایه‌تیی زیاتر؛ ده‌وڵه‌ته‌كانیش ڕاسته‌وخۆ، یان ناڕاسته‌وخۆ ئه‌م ڕه‌وته‌ په‌ره‌ پێ ده‌ده‌ن" (محمود بختیاری،١٣٨٩).

له ڕووی زمانه‌وانییه‌وه‌، "زمانه‌ قسه‌پێكراوه‌كه‌ به‌ هۆی [دانه‌ زمانییه‌] زیادكراوه‌كانی پێشوو، یان هه‌روه‌ها ئه‌و دانانه‌ی له ‌لایه‌ن ئاخێوه‌ره‌ زگماكییه‌كانییه‌وه‌ دواتر زیاد كراون، زۆر گۆڕاوه‌. ناوێزه‌كان (استثنا) ده‌بێ‌ بفه‌وتێن؛ فۆرمه‌ ئاڵۆز یان كه‌متر دووباره‌بووه‌كان و نموونه‌كانی ڕسته‌ به‌كار نه‌هێنرێن؛ له‌وانه‌یه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی له‌ڕادده‌به‌ده‌ر جێگه‌ی وشه‌ زگماكییه‌كان به‌ وشه‌ وه‌رگیراوه‌كانی زمانی زاڵه‌وه‌ پڕ بكرێنه‌وه‌؛ جۆره‌ شێوازییه‌كان له‌وانه‌یه‌ له‌ناو بچن، ته‌نیا تاكه‌ شێوازێك به‌نه‌گۆڕی بمێنێته‌وه‌. ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی هه‌ڵبه‌ت زمانێكی مردووه‌" (Trask, 2007).

له‌به‌ر په‌ره‌سه‌ندنی پێوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ئه‌گه‌ر زمانێك به‌ سنووری یه‌ك وڵات ببه‌سترێته‌وه‌، ئه‌و زمانه‌ پرۆسه‌ی توانه‌وه‌ی خۆی زیاتر ده‌كات. چونكه‌ له‌ دانوستاندنه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا هیچ پێویستییه‌ك به‌و زمانه‌ هه‌ست پێ ناكرێ‌. ئه‌م بابه‌ته‌ خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته‌، به‌تایبه‌تی سیاسه‌تمه‌دارانی، به‌رانبه‌ر به‌ پاراستن و په‌ره‌پێدانی ئه‌و زمانه‌ بێلایه‌ن ده‌كات؛ ئه‌م باره‌ به‌ تێپه‌ڕینی كات، خێرایییه‌كی زیاتر به‌خۆی ده‌گرێ‌" (حمید نساج، ١٣٨٨).

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەو سیاسەتەی لە پەروەردەی زمانی کوردی گرتوویەتە بەر، بەرە بەرە بەرەو جێگیرکردنی زمانی ئینگلیزی دەچێت و، پێوەندیی زمانی کوردی بە باشوورەوە بەخورتی نامێنێ؛ کە ئەمە خۆی لەوانەیە کار بکاتە سەر جۆری هاوپێوەندییە ڕۆشنبیری و سیاسییەکانیش؛ کە لە ئەنجامدا بەگشتی پرۆژەی سیاسەتی زمانی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کورد لە پارچەکانی دیکە بۆ فەوتاندنی زمانی کوردی سەر دەکەوێت و، حکوومەتی هەرێمیش قووڵاییی جوگرافیای زمانی- که‌لتووری لە ئاستی کوردستانی گەورەدا لە ناوچەکە لەدەست دەدات، کە دەتوانێ کار بکاتە سەر ئاسایشی نیشتمانیی ئەم هەرێمە.



نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
ڕێزمانی کوردی

تێڕوانینی کاربەدەستانی حکوومەت بۆ زمانی کوردی لە هەرێمی کوردستان Reviewed by Unknown on 12:07:00 ص Rating: 5

ليست هناك تعليقات:

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.