خۆپیشاندانی مامۆستایان لە ھەولێر دەستی پێکرد
ژمارەیەک مامۆستا لە هەولێر دژی بڕیارێکی خوێندنی باڵا گردبوونەوەی ناڕەزاییان ئەنجامدا بۆ ئەژمارکردنی نمرەی وانەی کوردی پۆلی 12 بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە.
ئەمڕۆ 26ی ئازاری 2017، ژمارەیەک مامۆستا و ڕێکخراوی ناحکومی و هاوڵاتی لە هەولێر گردبوونەوەی ناڕەزاییان دژی بڕیارەکەی خوێندنی باڵا ئەنجامدا و داوایان لە وەزارەت کرد کە بڕیارەکە هەڵبووەشێنێتەوە.
بەشداربووانی گردبوونەوەکە، لە هەموو دنیادا زمانی دایک لەپێشینەیە بۆ فێرخوازان و دەبێت پەرەی زیاتر بە زمانی کوردی بدرێت.
ئاماژەیان بەوە کرد، ئەم بڕیارە هەوڵێکە بۆ لاوازکردنی زمانی کوردی و دەبێت وەزارەتی خوێندنی باڵا هەڵیبووەشێنێتەوە و لەبری ئەوە گرنگی زیاتر بە زمانی کوردی بدات،
بە وتەی ئەو بەشداربووانە، پزیشک و ئەندازیاریش دواجار دەگەڕێنەوە بۆ کۆمەڵگە و دەبێت زمانی کوردی بەتەواوی شارەزا بن.
ڕۆژی 9ی ئازاری 2017، وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریدا لە ئەمساڵەوە ئەژمارکردنی نمرەی وانەکانی (زمانی کوردى و عەرەبى) بۆ دەرچوانى پۆلی 12 لەکاتی پێشکەشکردن بۆ کۆلێژە پزشکى و ئەندازیارى و زانستیەکان ئارەزومەندانە بێت، هاوکات بڕیارەکەش ناڕەزایی بەشێک لە مامۆستایان و هاوڵاتیانی بەدوای خۆیدا هێنا.
بەپێی بڕیارەکە، دەرچوانی پۆلی 12ی ئامادەیی کاتێک داواکاری پێشکەش دەکەن بۆ کۆلێژە پزشکى و ئەندازیارى و زانستیەکان سەرپشک دەکرێن لەوەی کە ئایا دەیانەوێت نمرەی تاقیکردنەوەکانی زمانی کوردی و عەرەبیان بۆ ئەژمار بکرێت، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا دەبێت بەشداری تاقیکردنەوەی هەردوو وانەی زمانی کوردی و عەرەبیان کردبێت و لە تاقیکردنەوەکە دەرچووبن، جێگەی ئاماژە پێکردنە کە ئەم بڕیارە لە ئەمساڵەوە جێبەجێ دەکرێت.
هاوکات لەو بارەیەوە عەباس ئەکرەم وتەبێژی خوێندنی باڵا وتی ئامانجی بڕیارەکەیان لەبارەی وانەی کوردی پۆلی 12 بۆ ئەوەیە کە خوێندکار وردتر ئەو بابەتە هەڵبژێرێت کە دەیەوێت و زیاتر خۆی بۆ تەرخانبکات، وتیشی بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا دژی زمانی کوردی نییە، هەروەها ڕەتیکردەوە کە ئەو بڕیارە بۆ پەراوێزخستنی زمانی کوردی بێت.
نووسراوه لهلایهن
Raw Raw
ليست هناك تعليقات: