زانکۆی سلێمانی خاوهنی 1814 مامۆستایه، خوێندكاران له ئاستیان رازی نین
لە زانکۆی سلێمانی١٨١٤ مامۆستا بونی هەیە، ٧٦٨ لەوان بڕوانامەی دکتۆرایان هەیەو ١٠٤٨ بڕوانامەی ماستەریان هەیە، بەڵام بەشێک لەخوێندکارەکان پێیانوایە مامۆستاکانیان ئاستێکی باشی رۆشنبیریو زانستییان نیەو توانای گەیاندنو وانەبێژیان لاوازە.
ئا: تەرزە تەها
خوێندکارەکان لەمامۆستاکانیان ناڕازین
بەپێی راپرسییەک کە لەکەمپی نوێی زانکۆی سلێمانیو هەندێک لەگروپو پەیجەکانی خوێندکارانی زانکۆدا کراوە، بەشێکی زۆری خوێندکاران ناڕازین لەئەدای مامۆستاکانیان، هەندێکیان زۆر بەڕاشکاوی دەڵێن کە ئاستی رۆشنبیریو زانستی مامۆستاکانیان زۆر خراپە، هەندێکیشیان پێیانوایە مامۆستاکانیان توانای گەیاندنو وانەبێژیان لاوازە، د.هۆشیار عەبدوڵا کە سەرۆکی بەشی بایۆلۆجیە لەمبارەیەوە بەئاوێنەی راگەیاند کە مامۆستاکانی زانکۆ کەمتر خاوەنی ئەم خەسڵەتانەن، ئەو وتی “ئەم خەسڵەتانە ئەبێ لەمامۆستایەکی نمونەیی زانکۆدا هەبێت”.
هەروەها د.خەسرەو عەبدوڵا، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی سەبارەت بەم بابەتە ئاماژە بەوە دەکات کە لەئێستادا کۆمەڵێ بڕیاری تازە دەرچونو بون بەمامۆستا وەک ساڵانی تر ئاسان نییە، ئەو وتی “ئێستا پێویستە ئەو کەسەی دەبێتە مامۆستای زانکۆ١٢٠ کاتژمێر وانە دەربارەی چۆنیەتی وانەوتنەوەو سەرکردایەتی کردن بخوێنێتو دو تاقیکردنەوەو تاقیکردنەوەی زمانی ئینگلیزی ئەنجامبدات، جگە لەکۆمەڵێک سیمینارو بابەتی تر کە ئەمانەش هەموی کاریگەری هەیە لەسەر ئاستی مامۆستاکان”.
وتیشی “کێشەکانی ناو زانکۆی سلێمانیو زۆربەی زانکۆکان زۆرن، جا چ لەلایەن مامۆستا یان خوێندکارەکانەوە ، لێکتێنەگەیشتنی نێوان خوێندکارو مامۆستاکان، گرنگی نەدان بەموعاناتی یەکتری، لاوازی ئاستی رۆشنبیریو کەمی توانای وانەبێژی، کەمی پێداویستییەکانی خوێندن لەبەشەکان”.
هاوکات کامیل عومەر، مامۆستای بەشی راگەیاندن پێیوایە مەرج نیە ئەوەی بەناوی مامۆستای زانکۆوە دامەزرابێت بەمانای وشە مامۆستای زانکۆ بێت، ئەو وتی “نەک تەنیا زانکۆکانمان بەڵکو زۆربەی دامەزراوەکانی ئێمە تەمەڵخانەیەو پڕە لەکەسانی خەواڵو”.
وتیشی ” پێموایە زانکۆ زیادەیە لەم وڵاتەدا، مادام ئێمە بەرهەممان نییە، بەرهەمی مەعریفیمان نییە”.
ناوبراو پێیوایە بەپارەکردنی خوێندن هۆکارێکی باش دەبێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانکۆو مامۆستاو خوێندکارەکانیش، زانکۆکانیش سەربەخۆیی خۆیان وەربگرن.
د.خەسرەویش بەهەمان شێوە بەپارەکردنی خوێندنو چاوپێکەوتن پێش وەرگرتن بەڕێگەچارەیەکی باش دەبینێت، ئەو وتی “ئەگەر خوێندن بەپارەبێت رێزێکی زۆرتری دەبێت، لەوەی کە ئێستا نرخی خوێندن زۆرکەم بوە، بەڵام لەگەڵ بەپارەکردنیشیدا دەبێ حکومەت یارمەتیو پشتگیری خوێندکارەکان بکات”.
ئەمە لەکاتێکدایە کە لەزانکۆی سلێمانی١٨١٤ مامۆستا بونی هەیە ٧٦٨ لەوان بڕوانامەی دکتۆرایان هەیەو١٠٤٨ بڕوانامەی ماستەریان هەیە.
دەستێوەردانی حزب
بۆچونی باو لەهەرێمی کوردستاندا ئەوەیە کە زۆربەی ئەوانەی مامۆستان لەزانکۆکانی هەرێمی کوردستاندا، لەساڵانی رابردودا بەهۆی ئینتیمای حزبی بونیانەوە ئاسانکارییان بۆ کراوە بڕوانامەی دکتۆراو ماستەر بەدەستبهێنن، حزبی بون پێوەری سەرەکی بوە نەک تواناو کارامەیی، زانکۆکانیش زیاتر وەک گیتۆی حزبی مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە، ئەمەش لەکوالێتیو توانای زانستیو ئەکادیمی زانکۆکانو بایەخی بڕوانامەکانی کەم کردوەتەوە، بەتایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا کە زیاتر ئامانج لەوەرگرتنیان تەرقیەو وەرگرتنی ئیمتیازو زیادکردنی موچە بوە، بەڵام د.خەسرەو عەبدوڵا یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی ئەوە رەتدەکاتەوە کە حزب رۆڵی لەزانکۆدا هەبێت، ئەو وتی “خوێندنی باڵای زانکۆی سلێمانی بەهیچ جۆرێک نە حزب نە کەسی حزبی تێدانیە”.
وتیشی “ئەگەر دەستی حزب هەبێ زانکۆی سلێمانی کەمترین دەستی تێدایە”.
بەڵام بەپێچەوانەی ئەم قسانەوە، کامیل عومەر کە مامۆستای بەشی راگەیاندنی زانکۆی سلێمانییە، ئاماژە بەوە دەکات کە دەستێوەردانی حزبی هەیە، ئەو وتی “مەرج نیە حزبەکە خۆی راستەوخۆ دەستی هەبێ، رەنگە لەڕێی کەسایەتییەکی حزبی ناسراو دەستێوەردان کرابێتو بەردەوامیش بونی هەیە”.
وتیشی “لەهەمو زانکۆکانداو زانکۆ حکومیەکانیش بەتایبەتی ئەوانەی کە حزب بەهی خۆیانی دەزانێت دەستێوەردانێکی ئاشکرا هەیە”.
مامۆستاش لەخوێندکار ناڕازییە
لەبەرامبەر ئەو رەخنانەی خوێندکاران ئاڕاستەی مامۆستایانی دەکەن. مامۆستاکانی زانکۆش قسە لەسەر لاوازی تواناو کەمتەرخەمیی خوێندکار دەکەن کە ساردبونەوەتەوە لەخوێندن، د.نیاز محەمەد کە پسپۆڕی بواری کۆمەڵایەتییە وتی “داوا لەمامۆستاکان دەکرێت کە ئەبێ دو زمان یان زیاتر بزانێت، بەڵام خوێندکارێکیان هێناوەتە بەردەمم کە زمانی دایکیشی بەباشی نازانێت، خوێندکارەکان بۆ بڕوانامە هەوڵدەدەن نەک زانستو پەروەردە”.
وتیشی “زانکۆ بوەتە شوێنی خۆدەرخستنو پۆزلێدان بەو شتانەی کە هەیانە”.
د.نیاز ئاماژە بەوە دەکات کە هەموان تاوانبارن بەڵام کەسیش تاوانباری راستەوخۆ نیە، ئەو وتی “جگەلەهەمو ئەمانەش، قەیرانی داراییو بارودۆخی سیاسی وڵاتو بایکۆتی خوێندنو نەبونی بازاڕێک بۆ ساخکردنەوەی دەرچوەکانو چەندانی تر هۆکارن بۆ لاوازی ئاستو کەمی بەرهەمی زانکۆ”.
سایتی ئاوێنه..
نووسراوه لهلایهن
qasm srush
ليست هناك تعليقات: