ئەو بەردە نەیزەكە بچووكەی هەموو رووسیاو جیهانی هەژاند!
ئاوڕێك بۆ رووداوە فەلەكییە دەگمەنەكان
=========================
ئەو بەردە نەیزەكە بچووكەی هەموو رووسیاو جیهانی هەژاند!
———————————————————-
بەدرێژایی مێژووی هەسارەكەمان، دەیان بەركەوتنی بەردی نەیزەكی روویانداوەو بەشێكی زۆریان تا ئێستا ئاسەوارەكانیان لەسەر شێوەی چاڵی مەزندا ماونەتەوە، بەڵام ئەو رووداوانە گشتیان لەسەردەمانێكدا روویانداوە كەوا مرۆڤ یان ئەوەتا هێشتا لەسەر زەویدا بوونی نەبووە یان ئەگەر لە سەردەمێكدا هەبووبێت، بەڵام لەبەر نەبوونی دەزگاو نێوەندەكانی راگەیاندن و میدیاییدا، هەرگیز ئاگاداری روودانی نەبووە.
لەم سەردەمەی ئێستاماندا هیچ جۆرە دیاردەیەكی بەركەوتنی نەیزەكی گەورەو كوشندە روویان نەداوە، ئەگینا، دەزگاكانی راگەیاندن و هۆكارو سیستەمە پێشكەوتووەكانی درێخیان نەدەكرد بۆ گواستنەوەی بۆ هەر هەموو جیهان، تا بەرەبەیانی رۆژێكی یەگجار زۆر ساردو سوڕی شوباتی 2015 داهات و ساتەكانی بووە مێژوویێك كە هەرگیز لە یاد ناكرێت، چ لەسەر ئاستی زانستی و فەلەكیدا، یاخود لەسەر ئاستی مرۆیی و جەماوەریدا، بەتایبەتیش بۆ دانیشتوانی هەرێمی (چیلیابینسك – Chelyabinsk ).
لە بەرەبەیانێكی ئاساییدا، خۆر تیایدا هەڵات و ئاسمان و زەوی رووناك كردەوە، ئا لەوكاتەی خەڵكی شارۆچكەی (چیلیابینسك – Chelyabinsk ) ی پیشەسازیی خەریكی رۆیشتن بوون بەرەو شوێنی كاركردنی خۆیان وەك رۆژانی پێشووتریان، كاتێك لە پڕێكەوە، سەرچاوەیەكی زۆر گەشیان لە ئاسماندا بینی دەهاتە خوارەوەو پاشان گوێبیستی دەنگی تەقینەوەیەك بوون، ئا ئەم دیاردەیە وایكرد كەوا رۆژی هەینی 15-2-2013 یەگجار زۆر جیاوازو سەرسوڕهێنەرو بگرە تۆقێنەریش بێت، بەجۆرێك كە هەرگیز لە یادیان نەسڕێتەوە.
ئەم بەردە نەیزەكە بە شێوەیەكی لەناكاوی و بێ روانگەكردن و پێشبینیكردن پێشوەختە هاتە نێو بەرگە هەوای زەوی و پاشان لەسەر شێوەی (تۆپە ئاگر – Fire Ball ) لە ئاسمانی (هەرێمی چیلیابینسك) ی ناوچەی (چیاكانی ئۆرال) كە دەكەوێتە 1500 كیۆمەتر لە رۆژهەڵاتی (مۆسكۆ) دا بینرا، هەروەها تۆپە ئاگرەكە، كە لە دەرەنجامی سووتانی بەردە نەیزەكەكەوە دروست ببوو، ئاسۆی ئەو سەر بۆ ئەوسەری ئاسمانی بڕی و لە دوای خۆیدا هێڵێكی شێوە هەورییی سپی جێهێشت و لە ماوەی نێوان شاری (Chelyabinsk) و شارۆچكەی (یكاترینبێرگ – Yekaterinburg ) بە پانتایی 200 كیلۆمەتردا بینرا.
لە كاتی هاتن و لەبەر توندیی هێزی تەقینەوەی بەردە نەیزەكەكە لە ئاسمان و نانەوەی دیاردەی (شەپۆلی بەركەوتن – Shock Wave)، سیستەمی ئاگادراكردنەوەی ئۆتۆمبێلەكان، واتە (Alarm) ەكان لەخۆیانەوە داگیرسان و شوشەی پەنجەری چەندین باڵەخانە شكان و دیواری چەند دەزگایەكیش داڕمان و هەرەسی هێناو تۆڕەكانی مۆبایلیش پەكیان كەوت!
نزیكەی 1000 كەس برینداربوون، ئەمەش بەهۆی تەقینەوەی شووشەی پەنجەرەی باڵەخانەو ماڵەكانیان بە روو و جەستەیاندا، وادیاربوو ئەو كەسانەش لەپێش پەنجەرەكان وەساتبوون و بە سەرسامییەوە سەیری ئەو دووكەڵە سەیرەیان دەكرد، بەڵام هەرگیز نەیاندەزانی كەوا دوای ماوەیەكی كەم، گرمەی تەقینەوەی بەهێزی بەدواداێت.
” ئۆتۆمبێلم لێ دەخوڕی و بەرەو دەوامی رۆژانەم بەڕێكەوتم، هێشتا ئاسمان كەمێك تاریك بوو، بەڵام لە پڕێكەوە كات بووە نیوەی ڕۆژ!” بە گوتەی شایەتحاڵێك بەناوی (ڤیكتۆر پڕۆكۆفایڤ – Viktor Prokofive) ی نیشتەجێی شوقەی ژمارە (36) لە شارۆچكەی (یكاترینبێرگ – Yekaterinburg ) لە قەدپاڵی چیاكانی (ئۆڕاڵ).
بەشێك لە پسپۆڕانی رووسیایی گومان لەوە دەكەن كەوا رەنگە هەندێ لە پاشماوەی جیابووەوەی بەردە نەیزەكی ( 2012 DA 14 ) هۆكاری ئەم دیاردەیە بن كەلە كاتژمێر 3 ی بەیانی رۆژی هەینی 15.2.2013 بە نزیكترین خاڵ لەگەڵ زەوی تێپەڕی لە دووریی 27520 كیلۆمەترو بێ ئەوەی كارەساتی بەركەوتنی لێ بكەوێتەوە. ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی رووسیی (Roscosmos) رایگەیاند كەوا خێرایی ئەو بەردە نەیزكە گەیشتبووە 30 كیلۆمەتر لە یەك چركەداو پێشبینیكردنی روودانی ئەم جۆرە دیاردانەی دزەكردنی ئەو بەردە نەیزەكە بچووكانە یەگجار زۆر ئەستەمەو چەندین جاریش روویانداوەو لە داهاتووشدا بێ گومان روودەدەنەوە.
یەكێ لە مۆركەكانی ئەم دیاردانە، بڕینی ئەم گاشە بەردانەیە بۆ بەربەستی دەنگ و بەمەش تەقینەوەیەكی زۆر گەورەی لێ دەكەوێتەوە (وەك لەوەی كاتی بڕینی فڕۆكەیەك بۆ بەربەستی دەنگدا دەیبیستین)، ئەمەش دەبێتە هۆی نانەوەی ترس و تۆقێنێكی زۆرو لەزۆر حاڵەتیش نانەوەی زەرەرو زیانێكی مادی و كەمجاریش گیانیی.
وەزارەتی حاڵەتە نائاساییەكانی رووسیایی رایگەیاند كەوا 1000 كەس لە دەرەنجامی پێكەوتنی پارچەی جامی شكاو بەڕوو و جەستەیانەوە بریندار بوونەو 112 یان بۆ چارەسەری پێویست گەیاندراونەتە نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست.
لە لایەكی دیكەوەش تیمێكی زۆر پێكهێنراوە بۆ گەڕان بەدوای پاشماوەی ئەم بەردە نەیزەكە.
“لە مێژووی پێشووی رووسیاو تاوەكو ئەمڕۆ، دیاردەی سووتانی نەیزەكێكی بەم شێوەیە لەسەر ناوچەیەكی ئاوەداندا تۆمار نەكراوە” بە گوتەی (یوری بورینكۆ –Yuri Burenko)ی بەرپرسی بەشی (فریاگوزاری Chelyabinsk) ی سەربە وەزارەتی حاڵەتە لەناكاوەكانی رووسیایی.
زیانێكی مادی زۆری نایەوە
—————————-
لە دەرەنجامی تەقینەوەكە، جامی پەنجەرە شكان و بەڵكو زۆرێك لەم پەنجەرانەو چواچێوەی دەڕابی چەندین دووكانیش لەبنكەیانەوە هاتنە دەرەوە، بە تایبەتیش باڵەخانەكانی شەقامی سەرەكی (لینین) لە (Chelyabinsk)، ئەمەش لە كاتژمێر 9:20 ی بەیانی بە كاتی مۆسكۆ.
شایەتحاڵێكی دیكەش ئاو وەسفی دیاردەكەی كرد:”من لە شوێنی وەستانی پاسدا بووم، لە پڕێكەوە وەك لێدانی فلاشێكی بەهێزی كامێرام بینی لە ئاسماندا، پاشان تەنێكی دووكەڵاوی بەسەر سەرماندا تێپەڕی پاش ماوەیەكی كەم و دوای كپبوونی دونیا، دەنگی تەقینەوەی گەورەی یەك لەدوای یەكمان دەبیست و لەگەڵیشیدا، شووشوی پەنجەرەی باڵەخانەكانی دەوروبەرمان دەشكان و دەكەوتنە خوارەوە!” ئەمەش بە گوتەی (ئاندرێ – Andri).
لەگەڵ ئەم تەقینەوە نەیزەكییەشدا، دیواری كارگەیەكی بەرهەمهێنانی مادەی (زینك –Zinc) لە (Chelyabinsk) دا رووخا بێ ئەوەی هیچ زیانێكی گیانی یان ژینگەیی لێ بكەوێتەوە.
ئەم دیاردەیە، تەقینەوەی مەزنی نەیزەكی (تۆنگۆسكا) ی (سایبریا) ی رووسیامانی هێنایەوە یاد كە لە 88 ی حوزەیرانی 1908 دا روویداو تیرەی بەردەكە نزیكەی 30 تا 40 مەتر دەبوو و لەگەڵ تەقینەوەی لە ئاسماندا بووە هۆی شكانی شوشەی پەنجەرەی ماڵان لە دووریی 200 كیلۆمەتر لە شوێنی رووداوەكەدا، ئەویش هیچ زیانێكی گیانی لێ نەكەوتەوە، بەڵام زیاتر لە 800 كیلۆمەتر چوارگۆشەی دارستانەكانی لەگەڵ زەویدا تەخت كرد.
لەكاتی رووداوەكەدا، بەرپرسانی (Chelyabinsk) داوایان لە دانیشتوان كردبوو كەوا تەنها بۆ كاری زۆر پێویست نەبێ لەماڵەكانیان دەرنەچن مەگەر ئەوانەی منداڵەكانیان لە داینگەو قوتابخانەكاندا بهێننەوە ماڵەوە.
لەلایەن خۆیانەوە زانایان روونیان كردەوە كەوا ئەم تەقینەوە نەیزەكییە لە بەرزایی 10 كیلۆمەتر بووە لەسەر ئاستی رووی زەویداو ئەگەر نزمتر بووایە، ئەوا بێ گومان سنوور و شێوەو رووبەری دیاردەكە، شێوازێكی كارەسات ئاسای بەخۆوە دەگرت.
=======================================
نووسینی: Natalia Shurmina و Andrey Kuzmin
وەرگێڕانی بە دەستكارییەوە : ئەژی چەتۆ حەسەن
سەرچاوە: Reuters
نووسراوه لهلایهن
qasm srush
ليست هناك تعليقات: