Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

یاسای هەبڵ

edwin-hubble-1مێژوی فەلەک بریتییە لە مێژوی لە یەکتردورکەوتنەوەی ئاسۆکان.

ئەدوین هەبڵ (1889 – 1953)

یەکێک لەو فەلەکناسە هەرە مەزنانەی لە سەدەی بیستەمدا کە بازدانێکی زۆر مەزنی بە کۆسمۆلۆژیا دا و توانی سەرتاپا دیدی خەڵک سەبارەت بە پەرەسەندنی گەردون بگۆڕێت، پیاوێکی ئەمەریکی بە پیشە پارێزەربو. فەلەکناسی ئەمەریکی ئەدوین هەبڵ یەکەم کەس بوو کە دەرکی بەو هەقیقەتە کرد کە گالاکسییەکانی ئەو دیو سنورەکانی ئەو گالاکسییەی ئێمە داگیرمان کردووە لێمان دوردەکەونەوە. خۆ هەتا زیاتر لە ئێمەوە دوربن، ئەوا خێراتر لێمان دوردەکەونەوە، ئەمەش پێی دەگوترێت یاسای هەبڵ. ئەم جوڵە گالاکسییانە بوون بە سەرەتای سەهەڵدانی بەڵگە لەمەڕ ئەو چەمکەی کە گەردون لە پرۆسەی گەورەبوندایە، ئەم هزرەی هەبڵ بە جۆرێک گەشەی کرد کە تەواو بوو بە هۆی گۆڕانی دیدی مرۆ لە بەرانبەر گەردون و چارەنوسی گەردون.

کاتێک، لە سەدەی شازدەهەمدا، کۆپەرنیکۆس ئەو سیستەمەی پێشکەشکرد کە زەوی بە دەوی خۆردا دەسوڕێتەوە، ئەمە بۆ خۆی بوو بە هۆی بڵاوبونەوەی دودڵی و گومان لای خەڵک، چونکە مرۆ لەسەر ئەو کلتورە ڕاهاتووە کە ئەو زەوییەی لەسەری دەژی چەقی پڕاوپڕی گەردونە. بەڵام لە ساڵی 1920 دا، هەبڵ کۆمەڵێک پێوانی تەلەسکۆپی ئەنجامدا کە بوون بە هۆی دروستکردنی نائارامی زیاتر. هەبڵ ئەوەی خستەڕوو کە سەراپای گەردون دیاردەیەکی ستاتیک و نەگۆڕ نییە، بەڵکو لە گەرەبوندایە.

هەبڵ دیاردەیەکی زۆر سەرنجڕاکێشی لە مێژوی کۆسمۆلۆژیدا دۆزییەوە، توانی دوری هەندێک لە گالاکسییەکان لەو گالاکسییەوە بپێوێت کە لە مێژودا بە ڕێچکەی شیری ناسراوە و سیستەمی خۆری خۆمان بەشێکە لێی. جگە لەمەش هەبڵ بۆی دەرکەوت کە ئەم گالاکسییانە بە خێراییەکی نسبی لە ئێمە دوردەکەونەوە، ئەو ڕاستییەشی خستەڕو کە هەتا گالاکسییەکان دوربن، ئەوا خێرایی دورکەوتنەوەیان زیاترە، بەمجۆرە یاسایەکی گەڵاڵەکرد کە بە یاسای هەبڵ ناسراوە و دەڵێت: هەتا گالاکسییەکە دورتربێت، ئەوا خێرایی دورەکەوتنەوەی گالاکسییەکە ڕاستەوانە دەگۆڕێت لەگەڵ دوررەکەی لە ئێمەوە. واتە ڕێژەی خێرایی بۆ دوری هەمیشە هەمان ژمارەیە و بە نەگۆڕی هەبڵ ناودەبرێت. فەلەکناسان، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، ئەم بەهایەیان دۆزیوەتەوە یاخود پێواوە و زۆر نزیکە لە 72 کیلۆمەتر بۆ چرکە لەسەر مێگاپارسێک(مێگاپارسێک دەکاتە یەک ملیۆن پارسێک، یاخود 3262000 ساڵی ڕوناکی. بەمجۆرە گالاکسییەکان بە بەردەوامی بەم بڕە لە ئێمە دور دەکەونەوە.hubble3

مشتومڕی گەورەی سەدەی بیتسەم

بەر لە سەدەی بیستەم، فەلەکناسان بە دەگمەن لە گالاکسیەکەی خۆمان، ئەو گالاکسییەی کە سیستەمی خۆری لەخۆدەگرێت، تێدەگەیشتن. سەدان ئەستێرەیان لە نێو ئەم گالاکسیەدا ژماردبو، سەرنجیان دابو کە زۆرێک لەمانە تەڵخ دەنوێنن و ناویان نابون هەورییەکان(نیبیولا nebulae ). هەندێک لەم هەورییانە بریتی بون لە هەوری گازی کە پەیوەست بون بە لەدایکبون و مردنی ئەستێرەکانەوە. بەڵام هەندێکیان جیاوازبون، لە باتی ئەم وێنەیە، سیمایەکی لولخواردو spiral یان شێوەی هێلکەیی وایان لەخۆگرتبو، کە لە هەورییەکان ڕێکوپێکتر بن. لە ساڵی 1920، دو فەلەکناسی بەناوبانگ سەبارەت بە بناوانی ئەم هەورییانە کەوتنە ئاخاوتن و مشتومڕێکی گەرم هاتەئاراوە. یەکەمیان هارلۆ شاپلی بو کە گوتی هەمو شتێک لە ئاسماندا بەشێكە لە ڕێچکەی شیری، واتە گالاکسییەکەی ئێمە، کە سیستەمی خۆریشی تێدایە،دوەمیش هێبەر کێرتیس Heber Curtis بو، پێشنیازی ئەوەی کرد کە هەندێک لە هەورییەکان گالاکسی دەرەکیین و دەکەونە سنورەکانی دەرەوەی ڕێچکەی شیری(واتە گالاکسییەکەی لەمەڕ خۆمان). هەبڵ ئەوەی دەرخست کە هەورییە لولخواردوەکان بە ڕاستی گالاکسی دەرەکین. بەمجۆرە دەروازەیەکی نوێ و شۆڕشگێڕانە لە بەردەم توێژینەوەی گەردوندا ئاواڵەبو.

هەبڵ ئەو تەلسکۆپە هەرە زەبەلاحەی بەکارهێنا کە لە مێژودا بە تەلەسکۆپی هووکەر ناسراوە و تیرەکەی سەد ئینج(دو سەد و پەنجا سم) بوو. ئەم تەلەسکۆپە لەسەر چیای ویلسن بوو. هەبڵ کەوتە پێوانی ئەو تروسکە ڕوناکییەی لە ئەنجامی تروکەی ئەستێرەکانی ئەندرۆمێدا Andromeda سەرەتاتکێیان لەگەڵ مرۆڤی سەر زەوی دەکرد، ئەندۆرمێدا لە رۆژگاری ئەمڕۆدا بە گالاکسییە لولخواردوەکان spiral galaxy ناسراون و زیاتر هاوشێوەی ڕێچکە شیرییەکانن. ئەم ئەستێرانە، کە چاوانیان دەتروکاند، بە ئەستێرە گۆڕاوە سێفیەدەکان called Cepheid variable stars ناودەبرێن، ئەو بڕە زەمەنەییەی کە چاوتروکاندنەکە دەیخاینێت پێوەرێکە بۆ گەشاوەیی ناوەکی ئەستێرەکە، بەمجۆرە کاتێک بۆمان دەردەکەوێت کە چۆن ڕوناکییەکەی دەگۆڕێت، چەند گەشاوەیە، ئەوا بەم پرۆسەی گەشانەوەیە دەتوانین ئەو لوغزە حل بکەین کە چەند دورە. بەم میتۆدە، هەبڵ توانی دوری گالاکسی ئەندرۆمێدا بدۆزێتەوە، دورییەکەی زۆر لە قەبارەی گالاکسییەکەی خۆمان، ڕێچکە شیرییەکان، دورتربو، بەم شێوەیە هەبڵ گەیشتە ئەو دەرەنجامەی کە هەر دەبێت لە دەرەوەی سنورەکانی گالاکسییەکەی ئێمەدا بێت. ئەمەش بو بە هۆی خامۆشکردنی مشتومڕە مەزنەکە، جگە لەمەش، ئەو بیرۆکەیە هاتە ئاراوە کە پێویستە گالاکسی تر لە دەرەوەی گالاکسییەکەی ئێمەدا بونی هەبێت.

پاشان هەبڵ کەوتە کەتەلۆگکردنی دورییەکانی زۆر لە گالاکسییەکان، بۆی دەرکەوت کە ئەو ڕوناکییەی لەو گالاکسییانەوە پەخشدەبن ڕەنگ سورن. بناوانی ئەم بیرکردنەوەی هەبڵ دەگەڕێتەوە بۆ دیاردەی دۆپڵەر(یاخود شیفتی دۆپڵەر)، ساکارترین نمونەش کە ئاماژەیەک یاخود هاوشێوەیەک بێت بۆ ئەم دیاردەیە بریتییە لەوەی کاتێک ئامبولانس(ئیسعاف) لێمان نزیک دەبێتەوە شوتەکەی زیاددەکات و کاتێکیش لێمان دوردەکەوێتەوە شوتەکەت خاودەبێتەوە، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ شەپۆلی ئەو تیشکانەی کە لامان ناسراون، چونکە هێڵەکانی شەبەنگەکان، هەتا سورتر دیاربن، ئەوە هێمایە بۆ دورکەوتنەوە، خۆ ئەگەر شین باو بنوێنن ئەوە ئاماژەیە بۆ نزیکبونەوە. لای هەبڵ شتێکی سەیربو کە هەمو گالاکسییەکان دوردەکەونەوە، تەنها بڕێکی زۆر کەم نەبێت کە بە ئاڕاستەی ئێمە نزیک دەبنەوە، هەبڵ گوتی هەتا دورتر بڕوانیت، گالاکسییەکان خێراتر دوردەکەونەوە.

%d9%87%d8%a6%d8%a8%d8%a8%d9%84%db%95-%d9%a2

هەبڵ ئەوەشی بەدیکرد کە گالاکسییەکان نەک هەر لە ئێمە دوردەکەونەوە، بەڵکو لە یەکتریش دوردەکەونەوە، هەبڵ گەیشتە ئەو دەرەنجامەی کە گەردون خۆی لە خۆیدا بە جۆرێک لە فراوانبوندایە کە هەر دەڵێیت میزڵدانێکی زەبەلاحە و هەوای تێدەکرێت. گالاکسییەکانیش وەکو پەڵەیەک وان لەسەر ڕوی میزڵدانەکە، هەتا هەوای زیاتر تێبکرێت، ئەم پەڵە گالاکسییانە لە یەکتر دوردەکەونەوە.

چەندە دور و چەندە خێرا؟

هەتا ئەمڕۆش فەلەکناسان ئەستێرە گۆڕاوەکانی سیفەید Cepheid variable stars بەکاردەهێنن بۆ نەخشەکێشانی فراوانبونی گەردونی دەڤەری local universe’s expansion. . پێوانی نەگۆڕی هەبڵێ بە شێوەیەکی ورد ئامانجێکی گەورەبوە. بۆ ئەوەی ئەم کارە بکەین، پێویستە بزانین کە شتەکە چەند دورە و خێراییەکەی یان بڕی سورییەکەی چەندە. پێوانی پلەی سوری یاخود لادانی سوری ڕوناکی ئەم هەسارانە ئەوەندە ئەرکێکی گران نییە، ئەویش لە هێڵە شەبەنگییەکانەوە دەتوانرێت بپێورێت لەگەڵ ئەو درێژی شەپۆلەدا بەراورد بکرێت کە لە تاقیگەدا زانراوە. جیاوازییەکە بڕی سوری ڕوناکی گالاکسییەکەمان پێدەڵێت.

گەلێک میتۆدی جیاواز هەیە بۆ دۆزینەوەی دورییەکان. ئەستێرە سێفییەدەکان بۆ ئەو گالاکسییانەی کە نزیکن و دەتوانیت ئەستێرە تاکەکان لە یەکتر جیابکەیتەوە، بەڵام ئەوانەی کە دورترن، تەکنیکی تر پێویستە. ئەگەر هەمو تەکنیکەکان یەکبخرێن، ئەوا دەتوانرێت پەیژەیەکی پێوانەیی بنیات بنرێت، بەڵام چونکە هەر تەکنیکە و تایبەمەندی خۆی هەیە، ئەوا هەتا ڕۆژگاری ئەمڕۆش نایەقینییەکی زۆر لە وردەکاری ئەم ئامێرە پەیژەییە پێوانەکارییەدا هەیە.

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا نەگۆڕی هەبڵ تا ڕادەیەکی باش و ورد زانراوە و وردییەکشی دەگاتە لە سەدا 10. هۆکاری ئەم ئەنجامە نایابانەش بە پلەیەکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو وێنە و ڕامانانەی بە هۆی تەلەسکۆپی فەزایی هەبڵەوە بەدەستهاتون، ئەمە جگە لە پاشماوەکانی تیشکی باکگراوندی مایکرۆیڤی کە هێشتا و دوای ئەو بلیونەها ساڵە لە ئارادا هەن. فرانبونی گەردون لەگەڵ بیگ بانگ، ئەو تەقینەوە مەزنەی کە لەگەڵ خۆیدا گەردونی خوڵقاند، دەستپێکردوە. ئیتر لەو کاتەوە گالاکسییەکان لە یەکتر دوردەکەونەوە. یاسای هەبڵ تەمەنی گەردون سنوردار دەکات، چونکە بە بەردەوامی لە گەورەبون یان کشاندایە. خۆ ئەگەر مرۆ بە دوی پرۆسەی گەورەبونی گەردوندا بە ئاڕاستەی دواوە هەنگاو هەڵبگرێت و بگەینە سەرەتاکەی، ئەوا دەتوانین بزانین کە ئەم زەمەنە چەندە، بە حوکمی یاساکەی هەبڵ دەگاتە 14 بلیۆن ساڵ پێش ئێستا. خۆشبەختانە ئەم ڕێژەی گەورەبونەی گەردون هەتا ئێستا بەس نییە بۆ ئەوەی هەرەس بهێنێ، گەردون زۆر نایابانە لە حاڵەتی هارمۆنی و هاوسەنگیدایە.

تەلەسکۆپی فەزایی هەبڵ

بێگومان ئەمە گەورەترین تەلەسکۆپی فەزاییە. وێنەی ڕێچکە شیرییەکان، گالاکسییە دورەکان و ئەڵقەکانی دەوری ئەستێرەکان هەمیشە لاپەرەی یەکەمی ڕۆژنامەکانی نێو دونیایان لە بیست ساڵی ڕابردودا داگیرکردوە. لە ساڵی 1990 دا، لە کەشتی ئاسمانی دیسکەڤەرییەوە هەڵدراوە، قەبارەکەی دو ئەوندەی پاسی دوقاتی جاران دەبێت، سیازدە مەتر درێژە و چوار مەتر پان، بارستاییەکەشی نزیکەی یازدە تەنە. تەلەسکۆپێکی ئەسترۆنۆمی لەسەرە کە کە پانی ئاوێنەکەی 2.4 مەترە و چەندەها کامێرای ورد و کەشفکەری ئەلکترۆنی لەخۆگرتوە، توانای وێنەگرتنی وێنەی زۆر ورد و شەفافی هەیە. قودرەتی کەشتییەکەی هەبڵ لەوەدایە کە دەکەوێتە سەرو چینەکانی ئەتمۆسفیرییەوە، هەر بۆیەش وێنەکانی لێڵ نین. ئێستا باوەڕی فەلەکناسان وایە کە کەشتییەکە کۆن بوە و چارەنوسی دیارنییە. ناسا دواجار ئامێرەکانی نۆژەن کردوەتەوە، بەڵام کاتێک ناسا پرۆگرامەکەی بۆ دواجار لە کاردەخات، دورنییە بیڕوخێنێت و بە ئاراستەی دەریا نوقمی بکات.




نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
sherk Rashid Kadir

یاسای هەبڵ Reviewed by Unknown on 11:15:00 م Rating: 5

ليست هناك تعليقات:

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.