Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

ئیسحاق نیوتن (1642 – 1727)

ئیسحاق نیوتن (1642 – 1727)

نوسینی: شێرکۆ ڕەشید قادر

”نازانم خەڵک چۆن سەیری من دەکەن و من چۆن دەبینن، بەڵام، من خۆم، تەنها وەک منداڵێک دێتە بەرچاو و لە کەنار دەریا سەرقاڵی یاریکردنم، جار جارەش خۆم خەریک دەکەم بە دۆزینەوەی بەردێکی سافتر یان سەدەفێکی جوانتر لەوانەی تر، ئەمە لە کاتێکدا کە دەریای مەزنی هەقیقەت سەرتاپا بە نەدۆزراوەیی لەبەردەممدا ڕاکشاوە.”

 ئیسحاق نیوتن

newton1لە کۆتایی ساڵی 1642 دا، لە ئاوایی ووڵسترۆپ، دەڤەری لینکۆڵنشێر، بیوەژنێک، تەنها سێ مانگ بو کە مێردەکەی بۆ یەکجارەکی ماڵئاوایی لێکردبو، بە تەنها مڵک و ماڵی فەلاحەتی و مەڕوماڵاتی کێڵکەگەی بەڕێوەدەبرد، چاوەڕوان بو سێ مانگی تریش، خودای میهرەبان، لەم مێردە کۆچکردوەی، منداڵێکی پێ ببەخشێت، بەڵام قەدەر بەم ئاڕاستەیە نەڕۆیشت و سێ مانگەکە تەواو نەبو، شەوی 25 ی کانونی دووەم ژنەی تەنها ژان گرتی و داوای مامانێکی کرد، هەر ئەو شەوە کۆرپەیەک هاتە دونیاوە، بەڵام چ کۆرپەیەک، ئەوەندە بچکۆلە و زەعیف بو کە وەک دەگێڕنەوە لە ئینجانەیەکی بچکۆلەدا جێگەی دەبوەوە. بە پەلە دوو کەس لە ئاواییەکە کەوتنەڕی بۆ ئەوەی لە گوندەکەی دراوسێ حەکیمێک بهێنن بۆ ئەم ژنە و منداڵە تازە لە دایکبوە. دو کەسەکە لە ڕێگا بە دەم تەمەڵییەوە بۆ خۆیان کەوتنە گێڕانەوەی حیکایەتی خۆش بۆ یەکتر، هیچ باکیان نەبو پەلەبکەن، چونکە لایان وابو ئەو منداڵە دوای دو ڕۆژ دەمرێت، چونکە نەک نۆ مانگەی لە سکی دایکیدا تەواونەکردوە، بەڵکو بە لاوازییە بە هیچ جۆرێک ناژی و بەرگەناگرێت. بەڵام بە ئیرادەی خوای گەورە، ئەم مەخلوقە ریوەڵە و لاوازە نەک هەر نەمرد، بەڵکو بە سیحەتێکی باش و ژیانێکی پڕ لە بەرهەمی زانستییەوە، زیاتر لە هەشتا ساڵ ژیا. ئەو منداڵەی ئەو شەوە لەدایکبو ئیسحاق نیوتن بو.[i] ئیسحاق ناوی باوکی بو کە سێ مانگ بو مردبو.

نیوتن (1642 – 1727)، لە مێژوی کۆن و نوێی مرۆڤایەتیدا، نەک هەر زانایەکی گەورە و پایەبەرزە، بەڵکو بە پێوەری زۆربەی زانایان، سیمایەکی بڵندی ئەفسوناوی و نمونەیەکی لە ئاسابەدەری بلیەمەتییە. لە ساڵی 2000 دا، کاتێک گۆڤاری تایمزی ئەمەریکی راپرسییەکی بڵاوکردەوە لەمەڕ کاریگەرترین ١٠٠ (سەد) کەسایەتی مێژوی مرۆڤایەتی، نیوتن بە پلەی دوەم دەرچو، پەیامبەری گەورەی ئیسلام موحەمەد زاتی یەکەم بو. تەنانەت نیوتن پێش عیسای مەسیحان هات کە سێیەم دەرچوو[ii]. ئەم مرۆ مەزنە دیاردەیەک بو کە هەرگیز لەوەبەر و لە هیچ ڕۆژگارێکدا و بە هیچ جۆرێک قودرەت و تیژی ئەقڵی مرۆڤ بەو پلەیە نەگەیشتوە.

نیوتن بە ترۆپکی شۆڕشی زانستی سەدەی شازدە و هەڤدە هەژماردەکرێت، بە دوا زانای پایەبەرز دادەنرێت کە توانی زۆر سەرکەوتوانە و بلیمەتانە پەیامی ڕابەڕانی شۆڕشی زانستی، هەر لە دەسپێکی کۆپەرنیکۆسەوە، هەتا یۆهان کێپلەر و دێکارت و گالیلۆ گالیلەی، بە جوانی بگەیەنێتە ئاستێکی ماتماتیکییانەی وەها بەرز کە دەتوانرێت بگوترێت کە قۆناخی یەکەمی شۆڕشی زانستی بە ئەنجام گەیاند. ئەو سەردەمە بەوە حیساب دەکرێت کە گۆڕانی خێرا و بازدانی گەورە گەورە لە زانستدا ڕویاندەدا. ئەمە جگە لەوەی کڵێسە تەنها کەمتر لە سی ساڵێک بو، لە 1616 دا، کتێبی سوڕانەوەی گۆ ئاسمانییەکانی کۆپەرنیکۆس، کە یەکێک لە کتێبە هەرە زانستییە ئەسترۆنۆمییەکانی شۆڕشی زانستی بو، یاساخ کردبوو. کڵێسە ئەو هێڵە سورانەی کێشابو کە پێویستە ڕۆشەنفکران، بە تایبەت فەلەکناسان، بە هیچ جۆرێک نەیبڕن دەنا ڕوبەڕوی سزای سەخت دەبنەوە. کڵێسە چۆنیەتی کارکردنی گەردونی بە تەواوی یەکللایی کردەوە. لە ساڵی 1642، گالیلۆ، دوای ئەوەی نزیکەی هەشت ساڵی بە دەستبەسەری لە ماڵەکەی خۆیدا بەسەربرد، مرد. بەڵام نیوتن خۆشبەختانە لە ئیتالیا لەدایکنەبو، بەڵکو لە ئنگلترە، کە وڵاتێک بو تا ڕادەیەکی باش ئازادی بیرکردنەوە و سەربەستی بیروڕادەبرین مەودایەکی بەرچاوی بەخۆوە دیبو.

نیوتن لە مێژودا بەوە ناسراوە کە گەورەترین نهێنی میکانیزمی کارکردنی گەردونی ئاواڵەکرد. توانی لوغزی جوڵەی هەسارەکان و ئەو هێزە پەنهانییەی گەردونی کردوەتە یەکەیەکی تەبا و هارمۆنی بدۆزێتەوە و گوتی ئەو هێزە نەک هەر لە نێوان هەسارەکاندا هەیە، بەڵکو لە نێوان دو مرۆڤیشدا بونی هەیە. لای نیوتن هەمو دو تەنێك بە هێزێک یەکتر ڕادەکێشن کە قودرەتی ئەم هێزە ڕاستەوانە دەگۆڕێت لەگەڵ لێکدانی بارستەی هەردو تەنەکە و پێچەوانەش لەگەڵ دوجای دوری نێوانیان. جگە لەمەش لە نێو خەڵکی ئاساییدا بەوە ناسراوە کە سێ یاسای بەناوبانگی لەمەڕ جوڵە یاسای هێزی کێشکردنی پێشکەش بە مرۆڤایەتی کردوە کە هەتا ئێستاش برەوی خۆیان هەیە و زانستی هاوچەرخ بەندە لەسەر ئەم سێ یاسا مەزنە. سەرباری ئەمانەش، نیوتن توانی ماتماتیکی کالکیولەس (تەواوکاری و جیاکاری) بدۆزێتەوە (یان وەک هەندێک دەڵێن دابهێنێت) و نهێنییەکانی فرە – ڕەنگی (پەلکەزێڕینەیی) ڕوناکی تیشکی خۆر ئاواڵابکات و گەلێک بابەتی تریش بدۆزێتەوە. هەرچەندە بۆ ئنسانی سەردەم زەحمەتە هەرگیز بتوانێت لە نایابی و گەورەیی ئەم دۆزینەوانە تێبگات، چونکە لەم چەرخە ئاڵۆزەدا ڕۆژانە دەیان داهێنان و دۆزینەوەی زانستی دەبیستین، بەڵام لە قۆناخی مێژویی خۆیاندا، یاساکان و دۆزینەوەکانی نیوتن زۆر شۆشگێڕانە بوون، هەنگاوی گەورە بوون لە بیرکردنەوەی مرۆڤدا، بازدانی فراوان بون لە کڵتوری بەشەرییدا . بەر لە نیوتن، هیچ چەمکێک سەبارەت بەوەی کە مادەکان، هەر لە پارچە کاخەزێکەوە هەتا هەسارەکان، چۆن لەفەزادا دەجوڵێن و چی دەیان بزوێنێت، لە ئارادانەبو، هیچ کەس ئەو هەقیقەتەی نەدەزانی کە هەر هەمو ئەمانە، ملکەچی هەمان یاسای جوڵەن، ئەمە جگە لەوەی دەشێت ئەم یاسانە پێشبینی بکرێن. بەر لە نیوتن باوەڕی باڵادەست و بڵاو وابوو کە ئەم جوڵانە لە لایەن هۆکارێکی ناوچەیی، یان چەند هێزێکی پەنهانییەوە کۆنترۆڵ دەکرێن، یاخود بە ئارەزووی خواوەندەکان دێن و دەچن، گەردون، بە شێوەیەکی بنەڕەتی، بریتی بو لە پێگەیەکی ئەفسوناوی و هەمیشە لە گۆڕاندا بوە. نیوتن دوا رابەری گەورەی شۆڕشی زانستی چەرخی رینیسانس بو کە ماتماتیکی کردە ئامرازێکی بە جورئەت و تۆکمە بۆ گۆرینی فەلسەفەی سروشت و بیرکردنەوەی ملیۆنەها ئنسان.

newton2بەشی یەکەم: منداڵی و هەرزەکاری

نیوتن جگە لەوەی هەرگیز بابی خۆی نەدیوە، کەچی لەگەڵ ئەمەشدا کە تەمەنی دەگاتە سێ ساڵان دایکی شودەکاتەوە بە دەوڵەمەندێکی دەڤەرەکە و نیوتنی هەتیوی لەگەڵ ماڵە باپیریدا بەجێهێشت. بەمجۆرە هەر لە منداڵییەوە ڕوبەڕوی ئەزمونێکی تاڵی ژیان و تەنهایی و بێنازی دایک و بابی دەبێ، پێدەچێت ئەم دەستبەرداری و بێکەسییە زۆر کاریگەریان کردبێتە سەر دروستکردن و بەرجەستەکردنی کەسایەتی و بنیاتنانی سایکۆلۆژییانەی نیوتن و هەرگیز لە بیری نەچوبێتەوە، هەرچەندە دوای حەوت ساڵ کە باوەپیارەکەی دەمرێت و دایکی دیسانەوە دەگەڕێتەوە بۆ لای، بەڵام ئەو هەمیشە و بە درێژایی ژیانی توڕەیی و ڕقێکی خەفەکراو لە ناو دڵی خۆیدا هەڵدەگرێت، بە جۆرێک کە بوە زاتێکی وەها کە زەحمەت بو مرۆ بتوانێت لەگەڵێدا هەڵبکات.

ماڵی نیوتن خاوەنی موڵک و زەوی کشتوکاڵی باش بون. دایکی بە ئاواتەوە بو کوڕەکەی بکاتە فەلاحێکی سەرکەوتو،  هەر زو لە مەکتەب دەریدەهێنێت، خزمەتکارێکی بۆ دەگرێت بۆ ئەوەی بە تایبەت مەشقی فەلاحی و کشتوکاڵی پێ بکات و بتوانێت لە ئایندەدا بەڕیوەبردنی کاروباری مڵک و سامانی ئاژەڵداری بنەماڵەکەیان بخاتە ئەستۆی ئەو. نیوتن بە هیچ کلۆجێک خۆشی بەم جۆرە پیشانە نەدەهات، چەند جارێک بەرتیلی دایە کابرای ڕاهێنەر بۆ ئەوەی لەم کارانە خۆی بدزێتەوە، کاتێک پێکەوە دەچونە شوانی، نیوتن بۆ خۆی سەری بە نێو کتێبێکەوە دەنا و خەو دەیبردەوە، یان داڵغەی لێدەدا و هیچ هۆشی لای ئەرکەکانی نەدەما، ئاگای لە ڕانەمەڕ و گاگەل نەدەما. ڕۆژێك لە گەڕانەوەدا بۆ ماڵی خۆیان جڵەوی ئەسپێکی لە دەستدا دەبێت، بەڵام نیوتنی هەمیشە بێهۆش و غەرقی خەیاڵات، داڵغەی دەڕوات، کە دەگاتەوە ماڵ، سەیردەکەن جڵەوەکەی پێێە، بەڵام ئەسپەکە بۆ خۆی بۆ شوێنێکی تر سەری ناوە. بەمجۆرە دایکی لە کوڕەکەی نائومێد دەبێت و دەزانێت جوتیاری لە چارەنوسی نەنوسراوە، هەر بۆیەش دەینێرێتەوە بۆ قوتابخانە[iii].

لە قوتابخانە نیوتن منداڵێکی گۆشەگیر، بێ هاوڕێ و هەمیشە تەنها بو، لە کوچە و کۆڵانان، خەیاڵ دەیبردەوە بۆ دنیایەک کە دور بو لە نێو گەمەی زارۆکانی تر. خۆ ئەگەر تێکەڵ بە منداڵانی گوزەرەکە ببوایە ئەوا زیاتر دەچوە نێو کچان نەک کوڕان، لە نێو ئەم کیژانەدا، یەکێک مەنزڵێکی تایبەتی لە دڵی نیوتندا بنیاتنابو، هێلانەیەکی رومانسییانەی منداڵانەی هەڵچنیبو، ئەم کیژە ناوی کاترین بو، نزیکە تەمەنی نیوتن خۆی بو. کاترین کچی ئەو خاوەن ماڵە بو کە نیوتن وەک کرێچی لەگەڵیان دەژیا، زۆربەی جار یاری بۆ دروست دەکرد و پێشکەشی دەکرد، جارێکیان ئاشە – بایەکی(ئاش بە با دەگەڕێت) منداڵانەی بۆ دروست کردبو، بە جوانی گەنمی دەهاڕی و دەکردە ئارد، جگە لەوەی هەر لەم ئاشەدا مشکێکی میکانیکیانەی لە تەختە دروستکرد کە ئاشەکەی دەخستە جوڵە[iv]، کاتێک پێشکەشی کاترینای کرد و قبوڵیکرد، نیوتن تەواو شاگەشگەبو. پێدەچێت کاترین تەنها یەکەم و دوا ئەزمونی ئەوینداری پاک و هەرزەکاری و هەمو تەمەنی نیوتن بوبێت، چونکە هەرگیز دوای ئەم کچە، نیوتن ئیتر نە هیچ خۆشەویستی کردوە، نە هاوسەرگیری کردوە و نە رۆژێک لە ڕۆژانیش دەستی بەر دەستی گەرم و نەرمی کچان کەوتوە[v]. کاترین برایەکی هەبو ناوی ئارتەر بو، هەم هاوتەمەن و هەم هاوسنفی نیوتن بو، بە بەدەن دو ئەوەندەی نیوتن دەبو، هەتا بڵێی شەقاوە و بەرەڵا و خوێری بو، ڕۆژانە سەری دەکردە سەر نیوتن و گاڵتەی پێدەکرد، گەلێک جاریش بە شەق ڕاپێچی دەکردە سوچێکەوە و هەتا تاقەتی دەچو بە بۆکس و زللە سەروکەللەی نیوتنی دەکوتا و ڕەزیلی دەکرد، زۆربەی جارانیش منداڵانی پۆلەکەی بانگ دەکرد بۆ ئەوەی سەیربکەن و بۆ خۆیان لەم دیمەنە چێژببینن و پێبکەنن. هیچ کەس جورئەتی نەبو کە لەم منداڵە چەقاوەسوە چەکلە ڕاپەرێ و سنورێکی ئەدەبی بۆ بکێشێت. ئەمە جگە لەوەی هەتا ئەو ڕۆژانە هیچ هیمایەکی نائاسایی زیرەکانە یان بلیمەتی لە نیوتنی تەمەن دوازدە ساڵاندا بەدی نەکرا. وەک دەڵێن کە جام پڕ بو لێی دەڕژێت، ڕۆژێک نیوتن زۆری بۆ هات و چیتر ئامادە نەبو ئەم سەرشۆڕییە قبوڵ بکات، کە دەوامی خوێندن تەواوبو خۆی ئامادەکردبو، لە دەرەوەی مەکتەب چاوەڕوان بو، هەمو قوتابیەکانی تری ئاگادار کردبوەوە کە بێن و لەوێ ئامادەبن، لە ناوەوە گڕی گرتبوو، هەر کە ئارتەر[vi] هات، هەتا توانی گرتی، نیوتنی توڕە، تەقیەوە و قودرەتی هێزێکی سیحری لە جەستەیدا لەدایکبو، ڕوبەڕوی ئەم ملهوڕە زەبەلاحە بوەوە، هەتا هێز لە بەدەنیدا بو شەقێکی دا لە ناو سکی ئارتەری شەقاوە و خوێری، هەتا توانی، لە بەردەم هەمواندا ڕەزیلی کرد و لوتی شکاند، یەخەی گرت و بە ناو خۆڵەکەدا ڕای دەکێشا، بڕیاڕیدا ئەم ترسنۆکە بێ غیرەتە بۆ یەکجارەکی و ئەبەدییەت لە بەردەم هەمواندا سەرشۆڕبکات، نیوتنی منداڵ و ڕاپەڕیو، هەر بەمە نەوەستا، بەڵکو سوربو لەسەر ئەوەی کە دەبێت لە سنفیشدا ئەم چەپەڵە ڕیسوا بکات. ئیتر نیوتن لە دوی ئەم ڕوداوەوە بلیمەتی تێدا دەرکەوت، ڕۆژانە لە دەرسە زانستییەکاندا چالاک و زیرەک بوو، بە جۆرێک کە بو بە مایەی سەرنج و سەرسوڕمانی مامۆستایان و کوچەکە، لە کۆڵاندا کەوتە دروستکردنی سەعاتی ئاوی و ئاش و چرای کۆلارەیی و گەلێک وازی تەختینەیی تر بۆ منداڵانی گەڕەک، بە تایبەت بۆ کچەکان[vii].

newton6وەک دەڵێن نیوتن هەر لێرە، لە گرانتام، کتێبێکی بەردەست دەکەوێت و دەیخوێنێتەوە، کتێبەکە، کە ناوی ‘پەنهانییەکانی سروشت و ژیان’ دەبێت، کاریگەری دەکاتە سەر ڕەوتی بیرکردنەوەی نیوتن و دەبێت بە هۆی پەرەسەندن و گەشەکردنی تێگەیشتنی نیوتن سەبارەت بە ئامێرە میکانییەکانی وەکو نوێل و خلۆکە و هێزەکان و چۆنیەتی کارکردنیان، جگە لەوەی گەلێک ڕێنمایی لەخۆگرتبو سەبارەت بە دروستکردنی مۆدڵە میکانییەکانی تری وەکو یاری منداڵان. هەر پێدەچێت لە سێبەری ئەم پەرتوکەدا نیوتن فێری دروستکردنی ئەو یارییانە بوبێت کە بۆ کچانی کوچەکەی دروستدەکات.

ساڵانی منداڵی نیوتن، هەر لە ساڵی لەدایکبونیەوە، 1642، هەتا ساڵی چونە زانکۆی کامبریچ، سەردەمانێک بون کە پڕبون لە ئاشوب و گێژاوی سیاسی و شەڕی ناوخۆ. جەنگ لە نێوان هێزەکانی ئۆڵیڤەر کرۆموێل (1599 – 1658) کە پشتگیری پەرلەمانیان دەکرد و لەشکری پاشا چارلزی یەکەم هەڵگیرسا. کرۆمێل خۆی کە زانکۆی کامبریجی تەواوکردبو، ئەندام پەرلەمان بو، مەسیحییەکی توندڕەو و ڕادیکالی (پیوریتانی) بو. پاشا چارڵزی یەکەم، جگە لەوەی باجێکی قورس و زۆری بەسەر خەڵکیدا سەپاندبو، هەژاری هەژارتر کردبو، ویستیشی هەمو دەسەڵاتی پەرلەمان بۆ خۆی زەوت بکات و خۆی فەرمانڕەوای ڕەها بێت. پەرلەمان بەم کارانەی پادشا ڕازی نەبون، ویستیان بە زۆرینەی دەنگ دەستور بگۆڕن و دەسەڵاتی پادشا تەواو کەم بکرێتەوە. لایەنگرانی چارڵزی یەکەم ئەمەیان بە توندی ڕەتکردەوە. سەرەنجام ئۆلیڤەر کرۆموێل یاخیبونی خۆی ڕاگەیاند و بە لەشکرێکی بە هێزەوە بەرەو لەندەن هێرشیان هێنا. کە شەڕ هەڵگیرسا هەردولا خۆیان بە بەرەی خێر و ڕاست دەزانی، ئەمە قێزەوەنترین و زەقترین سیمای شەڕە، بە تایبەت شەڕی ناوخۆ. شەڕەکە جگە لە سیمای سیاسی و ئابوری، خەسڵەتی ئاینیشی لەخۆگرتبو. هەردو بەرەی جەنگ کەوتنە تاڵانی، زۆر دڕندانە لە بەرانبەر یەکتر و هەوادارانی یەکتر جوڵانەوە و موڵک و ماڵی خەڵکی تریان فەرهودکرد. لە کۆتاییدا هێزەکانی کرۆموێل هاتنە لەندەن و چارلزی یەکەمیان  گرت و لە کانونی دوەمی 1649 دا لە بەردەم خەڵکدا سەریان پەڕاند، زۆربەی جەماوەرەکە دڵخۆش بون و ئاهەنگیان گێڕا. بەڵام پیوریتانەکان زۆر زوو وێنەی دزێو و ڕاستەقینەی خۆیان بۆ خەڵک نمایشکرد، کەوتنە قەدەغەکردنی هەمو موناسەبەتە ئایینیەکان،  یاساخکردنی هەمو بیروباوەڕێکی تر، چونکە ئەمانە ئیمانی تەواویان بە گەڕانەوە بو بۆ مەسیحیەتی پوخت. دوای ئەمەش کەوتنە قەتڵی خەڵکەکە. تەمەنی ئیدارەی سیاسی و ئایینی ئۆلیڤەر کرۆموێل کورت بو، دوای ئەوەی لە ساڵی  1658 دا ئۆلیڤەر کرۆموێل مرد. ئەم کورتە مێژوە خوێناوییەی ئنگلتەرا کاریگەری کردە سەر دەرونی خەڵک و نیوتنیش لەمە بێبەری نەبو. لەگەڵ ئەو ئایدیایەدا گەورەبو کە ڕقی لە دکتاتۆریەت، چەوساندنەوە و قەتڵی خەڵکی بێدەسەلات ببێتەوە.

 newton4لە ساڵی 1661 دا جارێکی تر خەڵکی ئنگلتەرا و پەرلەمان بنەماڵەی شاهانەیان گەڕاندەوە بۆ سەر حوکم و چارلزی دوەمیان کردە پادشای وڵات، ئنگلتەرا زۆر گۆڕانکاری سیاسی و ئابوری بەسەردا هات و پەرلەمان دەسەڵاتێکی بەرچاوی دەستەبەرکرد و دیموکراتیەت گەشەی کرد و پێگەی خۆی قایمترکرد.

بەشی دوەم: زانکۆ و ساڵانی موجیزە

دوای ئەوەی هەریەک لە مامۆستاکەی و خاڵی و مامی بلیمەتی نیوتنیان بۆ ئاشکرابو، دایکی نیوتنیان هاندا کە کوڕەکەی بنێرێتە زانکۆی کامبریج و لەوێ بخوێنێت. بەمجۆرە لە ساڵی 1661 دا و لە تەمەنی 19 ساڵیدا لەم زانکۆ بەناوبانگە وەرگیرا. نیوتن لە ساڵانی یەکەمی خوێندنی زانکۆدا مەخلوقێکی هەمیشە تەنها و هەردەم گۆشەگیر بو، نە ئاشنایەتی کەسی دەکرد و هیچ خوێندکارێکیش لێێ نزیک نەدەبوەوە، بەڵام تەنها قوتابییەک ئەوەندە نیوتن دەبینێت کە بە تەنها و هەمیشە خەریکی پیاسەیە، دڵی پێ دەسوتێت و دەبێتە هاوڕێی، ئەو قوتابییە دوایی بوە ماتماتیکناسێکی گەورە و بۆ زیاتر لە بیست ساڵ لەگەڵ نیوتن لە ژورێکدا پێکەوە ژیان، ئەو قوتابییە ناوی جۆن ویلکینزبو. ئەوەی شایانی گوتنە لێرەدا ئەوەیە کە زۆربەی هەرە زۆری قوتابیانی کامبریچ ئەوەندە خولیای خوێندنیان نەبو، تەنانەتە زۆربەیان بەو گوندانەی نزیک کامبریچدا بڵاودەبونەوە و سەرقاڵی مەشروب و کچانی سۆزانی بون[viii]. نیوتن بە هەمو شێوەیەک خەریکی کۆشش و سەعیکردن بو، هەر حەوت ڕۆژی هەفتە و شەوەڕۆژانە هەژدە کاژێر سەری بە کتێب و خوێندنەوەی هەر یەک لە فەیلەسوفە گەورەکانی کلاسیکی وەکو ئەفلاتون، ئەرستۆ، زانا مەزنەکانی چەرخی نوێی ڕێنیسانیس، بە تایبەت فرانسیس بەیکن، کۆپەرنیکۆس و کێپلەر، گالیلۆ و دێکارت، ئەوەی لە ماتماتیک و زانستی سروشتیدا بەرچاوی کەوتبێت، نیوتن خوێندویەتی و تێبینی لەسەر نوسیوە. بەڵام ئامانجی نیوتن زۆر گەورەبو، بۆ وی گەڕان لە دوی هەقیقەت زۆر گەورەیە، هەروەک خۆی دەڵێت:” ئەرستۆ و ئەفلاتون هاوڕێی منن، بەڵام گەورەترین هاوڕێ بۆ من هەقیقەتە.”

لە زانکۆی کامبریچ، بەرنامەی خوێندن بە جۆرێک بو کە قوتابیان ئازادانە خۆیان توانای هەڵبژاردنی پرۆگرامی خوێندنیان هەبو. نیوتن، زۆر زو کەوتە خوێندنەوە و توێژینەوە، تەنانەت لەم تافەدا ئەوەندە سەرقاڵی لێکۆڵینەوە بو، کە هەمو دەرسەکانی لە بیرچوبو، بە جۆرێک کە خەریک بو فەشەل بهێنێت. بێ ئەوەی مامۆستاکانی بزانن، نیوتن زۆر لەوان زیاتر بەرەو پێش هەنگاوی نابوو. کەوتبوە توێژینەوە لەو شۆڕشە ماتماتیکیی و زانستییانەی تازە بە تازە ئەوروپایان تەنیبو. نیوتن ڕویکردە خوێندنی کارە زانستییەکانی دێکارت کە تازە هاتبونە وڵاتی ئنگلتەراوە. نیوتن بوە ئاشنای ماتماتیکناسی گەورەی ئەو ڕۆژگارە ئیسحاق بارۆ  Issac Barrow (1630 –  1677) . بارۆ، جگە لەوەی ماتماتیکناسێکی خاوەن بەهرە و زرنگ بو، بەڵام ئاینناسێکی لێهاتوش بو، هەر زو، بگرە یەکەم پرۆۆفیسۆری ماتماتیک بو لە کامبریج کە دەرکی بە بلیمەتی نیوتن کرد، ئەو کاتە خاوەن کورسی پرۆفیسۆری لۆکاسیانی ماتماتیک بو، کە ئەمە خۆی پۆستێکە ئیستا هی ستیڤن هاوکینە. کاتێک، دوایی لە ساڵی 1669 دا، بارۆ دەستبەرداری پۆستەکەی بو، بە دڵێکی خۆش و شانازییەوە کورسییەکەی بەخشی بە نیوتنی قوتابی خۆی. زۆربەی موحازەرەکانی ئیسحاق بارۆ دەربارەی میتۆدەکانی دۆزینەوەی ڕوبەری ژێر چەماوەکان و لاری ئەم چەماوانە بون، کە هەموی لە نوسین و ئامادەکردنی خۆی بون، نیوتن توانی سودێکی بە نرخ لەم کارانەی بارۆ وەربگرێت، بە جۆرێک کە دوایی بون بە ئیلهامبەخش بۆ ئەوەی میتۆدەکانی کالکیولەس(تەواوکاری و جیاکاری) بدۆزێتەوە.

یەکێک لەو ماتماتیکناسە ئنگلیزانەی تر لەو ڕۆژانەدا لە کامبریج مامۆستای نیوتن بوو، جۆن واڵیس بوو، واڵیس بە ئەسل خەلکی کامبریج و ئوستادێکی گەورەی جیۆمەتری و کۆد (شفرە) نوسیش بوو. کاتێک شەڕی ناوخۆ لە نێوان کرۆمۆڵ و شای ئنگلتەردا هەڵگیرسا، وەک کەسێکی هەلپەرست و زۆرزان کۆدی بۆ هەر دوو بەرەی جەنگ دەنوسی و کۆدەکانیشی بۆ هەردوو لا دەشکاند بێ ئەوەی هیچ لایەکیان بەوی تر بزانێت، هەتا بڵێی کەسێکی وریا بو بۆ ئەو رۆژەش ئەمە کاسبیەکی چاک بووە. واڵیش هەتا ساڵی 1703 وەک پرۆفیسۆری ماتماتیک مایەوە. هەرچەند نیوتن قوتابی بوو، بەڵام هەتا دوایی ژیانی، نیوتنی لیدەرچێت، ئەم بلیمەتە گەورەترین ماتماتیکناسی ئەو ڕۆژگارەی ئنگلتەرا بو.

لەو ڕۆژگارەدا، بەناوبانگترین سەرچاوەی خوێندن لە زانکۆکاندا، شانبەشانی ئەسترۆنۆمی و کۆسمۆلۆژیای ئەرستۆ، کتێبی ”بنەماکان”ی ئەکلیدس (325 –  270 پێشزایین) بو. ئەم کتێبە سەرکەوتوترین دەقی ماتماتیکییە لە مێژودا، کە ئەو سەردەمە و هەتا سەرەتای سەدەی بیستەمیش، یەکێک بو لە شاکارە هەرە مەزنەکانی ئەقڵی بەشەری. کتێبی پیرۆزی مەسیحانی لێدەرچێت، ئەم پەڕتوکە پڕ فرۆشترین و فراوانترین کتێب بوە لە نێو خەڵک و ناوەندەکانی خوێندن و بنکەکانی فێربوندا. هەتا سەدەی بیست زیاتر لە دو هەزار جار چاپکراوە[ix]. ئەم شاکارە جیومەترییە ئەوەندە کاریگەری هەبوە بۆ پێشکەوتنی زانست و فکری پەروەردەیی کە هەتا سەد ساڵ لەمەو پێش هیچ بەرهەمێکی تر نەیتوانیوە ململانێی بکات. هەر لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە، قوتابیان پێویست بو ئەم کتێبە بە باشی بخوێنن، بە تایبەت ئەگەر مەبەستیان بو بچنە کڵێسەوە، هەر بۆیەش دەبینین گەلێک لە زانایان و ڕۆشنفکرانی ڕێنیسانس و سەرەتاکانی شۆڕشی زانستی لە بناواندا لە كڵێسەوە هاتبون. بنەماکان، کە لە 300 ی پێشزاییندا نوسراوە و کۆکراوەتەوە، لە سیازدە بەش (یاخود وەک دەڵێن سیازدە کتێب) پێکهاتوە، بەسەر سێ پۆلدا دابەشبوە، جیۆمەتری سێگۆشەکاری، تیوری ژمارەیی و تەنە ڕەقەکان و ئەریتمەتیکی یۆنانی لەخۆدەگرێت. لەم کتێبەدا، هەر پێنچ ئەکسیۆمە سادەکەی جیومەتری ئەکلیدس لەخۆدەگرێت، کە لە لایەن ئەکلیدس خۆیەوە داڕێژراون، یەکێکیان بریتیە لەوەی کە دەڵێت تەنها هێڵێكی ڕاست لە نێوان دو خاڵدا دەکێشرێت، یەکێکی تریان، ئەوەیە کە دەڵێت ئەگەر ڕاستە هێڵێک و خاڵێکمان لە دەرەوەی ڕاستە هێڵەکە هەبێت، ئەوا دەکرێت تەنها یەک ڕاستە هێڵ لە خاڵەکەوە بکێشرێت کە تەریب بێت بە ڕاستە هێڵەکە. ئەم ئەکسیومە لە مێژودا بەوە ناسراوە کە بو بە هۆی سەرهەڵدانی جیومەتری گۆیی و دواییش جیۆمەتری نا – ئەکلیدسی. هەر لەم سەرچاوە مەزنە ماتماتیکییەدا، بۆ یەکەم جار لە مێژودا چەمکی سەلماندنی ماتماتیکی و جیومەتری، زۆر بە شێوەیەکی نایاب، سیستەماتیکیانە و ورد خراوەتەڕو، هەتا ئەم ساڵانەی دوایش لە قوتابخانە ناوەندییەکانی کوردستاندا جیومەتری ئەکلیدسی دەخوێندران[x]. جیومەتری ئەکلیدسی کاریگەری کردوەتە سەر هەمو کەسایەتییەکی ناوداری مێژو، هەر هیچ دور نەڕۆین، لای دوستۆیەفسکی، خوای گەورە جیومەتری ئەکلیدسی خستوەتەگەڕ بۆ بنیاتنانی گەردون.

نیوتن، جگە لە بنەماکان، کە زۆر ئاسان هاتە بەرچاوی زۆر زو توانی ئەزمی بکات، ڕویکردە جەبر، بە تایبەت لە کاتێکدا تازە بە تازە جیۆمەتری کارتیزیانی (پۆوتان) لە لایەن دێکارت (1596 – 1650) فەیلەسوفی گەورەی فەڕەنسییەوە بە ئەوروپادا بڵاوبوبوەوە. ئەگەر کایە فەلسەفییەکەی دێکارت بخەینە لاوە و بۆ ساتێک پشتگوێی بخەین، ئەوا بە جورئەتەوە و بە متمانەیەکی گەورەوە دەتوانین بڵێین کە ئەوەی دێکارت لە مێژوی ماتماتیکدا ئەنجامیدا، بەس بو بۆ ئەوەی ناوی بە نەمری بمێنێتەوە، دێکارت بۆ یەکەم جار توانی جەبر و جیۆمەتری بە شێوەی گراف یەکبخات و لە بۆتەیەکی نوێی ماتماتیکدا پێشکەش بە مرۆڤایەتی بکات. ئەمڕۆ هەمو خوێندکارێک هەر لە قۆناخی ناوەندییەوە بەرەو سەرەوە دەتوانێت و دەزانێت چۆن لەسەر پەڕەی گراف بە فۆرمێکی جیۆمەترییانە گوزارشت لە هاوکێشەیەکی جەبرییانە بکات و کۆمەڵێک زانیاری بەنرخ دەستەبەربکات. ئەوەی دێکارت بۆ مرۆڤایەتی دەستەبەریکرد، ئەمڕۆ لە سەدان تاقیگەی پزیشکی و ئەندازیاری و بنکەی دەنگدان و ئاماری دانیشتوان و بوارەکانی ئەسترۆنۆمی و فیزیکدا چالاکانە بەکار دەهێنرێت و دەرەنجامە نایابەکانی بە ئەقڵێکی یەقین و لۆژیکییەوە دەخرێتە بەردەم خەڵک. داستانی دۆزینەوەی سیستەمی پۆوتانی دێکارتی دەگەڕێتەوە بۆ بەیانییەک. وەک دەڵێن، دێکارت هەمیشە و بە درێژایی هەمو ژیانی درەنگ لە خەو هەڵدەستا، بەیانییەک کاتیك هێشتا لە نێو پێخەفەکەی خۆیدا گینگڵی دەدا، لە سوچێکی ژورەکەی خۆی ورددەبێتەوە، ئەم بیرۆکەی پۆوتانە و مەوقیعی خاڵێکی لە فەزادا بۆ دێت و دەڵێت، چییە ئەگەر هەر خاڵێک بگریت و بە هۆی دو تەوەرەوە بە یەکتریان بگەیەنیتو خاڵێکی تریش هەبێت بۆ ئەم دو تەوەرە و بە خاڵی دەستپێکی (یان سەرچاوە یان ئۆریجین یان خاڵی سفری دابنێین). ئەوا دەتوانین ئەم خاڵی دەستپێکە بکەینە هێمایەک بۆ دیاریکردن و دۆزینەوەی هەمو خاڵێکی تر لە فەزادا.

نیوتن لە ساڵی 1665 دا توانی زانکۆ تەواوبکات، بەلام هەتا ئەم کاتەش هێشتا هیچ ئیشارەیەک لە ئارادا نەبو کە ئەم لاوە بلیمەتێکی لە ئاسابەدەرە لە فەلسەفەی سروشتی و ماتماتیکدا. هەر لەم ساڵەدا خۆی ئامادەکرد بۆ ئەوەی دەست بکات بە خوێندنی ماستەر، بەلام مێژو لەو ساڵەدا بە ئاراستەیەکی تردا هەنگاوی هەڵگرت. نیوتن ناچار بو بگەڕێتەوە بۆ گوندەکەی خۆیان، چونکە پەتای تاعون لە باشوری ئنگلتەرا تەشەنەی کردبو، چەند هەزار کەسێکی کوشتبو. وەک کاردانەوەیەک زانکۆی کامبریچ دەروازەی خوێندنی داخست و هەمو قوتابیانی ناردەوە بۆ زێدی خۆیان. نیوتن ساڵ و نیوێک لە ئاواییەکەی خۆیان مایەوە، ئەم ماوەیە بە ساڵانی موجیزەی داهێنانی ئەقڵی و دۆزینەوە زانستی و ماتماتیکییە شۆڕشگێڕییەکانی نیوتن هەژماردەکرێت.

یەکەم دۆزینەوەی زانستییانەی نیوتن، لەم دو ساڵەدا، بریتی بو لە شیکردنەوەی ڕوناکی. دوەم داهێنانی بریتی بو لە تیۆرمی باینۆمیاڵ، ئەمە جگە لەوەی کاتێک خۆی سەرقاڵکرد بە خوێندنی زنجیرە ناکۆتان لە ماتماتیکدا، سێهەم و گەورەترین دۆزینەوەی نیوتن لە ماتماتیکدا بو، ئەویش سیستەمی هەرە بەرزی ماتماتیکییانەی کالکیولەس بو، کە دوایی باسی لێدەکەین.

لە هەمو ئەمانەش سەرنجڕاکێشتر و شۆڕشگێڕانەتر ئەوەبو، وەک دەڵێن، رۆژێک لە باخەکەیاندا، نیوتن لە ژێر دارسێوێک[xi] بۆ خۆی غەرقی بیرکردنەوە و تێڕامان بو، لە ناکاو سێوێک[xii] دەکەوێتە خوارەوە و بەر عەرد دەکەوێت. نیوتن کەوتە بیرکردنەوە و خوردبونەوە، بۆچی ئەم سێوە بە ئاڕاستەی ئاسمان نەجوڵا؟ لێرەدا وەک دەڵێن، نیوتن یەکسەر ئەقڵی بۆ تیوری هێزی کێشکردنی گشتی چو. نیوتن لە سایەی دارسێوەکەدا گەورەترین پەنهانی میکانیزمی کارکردنی گەردونی دۆزییەوە. ئەم دارسێوە تەنها پاشماوەی قەدەکەی لە خاکدا مابو، لە ساڵی 1998 دا گروپێک، کە پسپۆڕبون لە خوێندنەوەی مێژو و تەمەنی دار، دوای پشکینینی دارسێوی ماڵێکی دراوسێی باخەکەی نیوتن بە مادەی ڕادیۆکاربۆن، بۆیان ساخ بوەوە کە تەمەنی لە دو سەد ساڵ زیاترە، بەڵام وەک تۆو، هەر هەمان تۆوی ئەو دارسێوە بو کە نێوتن لە سایەیدا دانیشتبو[xiii].

ئەم چوار داهێنانە، یان دۆزینەوە، بەهادارەی نیوتن، تیوری سروشتی ڕوناکی، تیۆرمی باینۆمیاڵ، کالکیولەس(تەواوکاری وجیاکاری) و تیۆری هێزی کێشکردنی گشتی– هەر یەکێکیان بۆ خۆی بەس بون بۆ ئەوەی نیوتن بکەنە کەسێکی بەناوبانگ – لە هەڕەتی لاویدا ئەنجامدران، هەروەک خۆی ئیشارەی پێداوە و دەڵێت، ” هەمو ئەمانە لە تاعونی دو ساڵی 1665 و 1666 دا بون، ئەو ڕۆژانە، من لە هەڕەتی تەمەنی داهێناندا بوم، ئەقڵی ماتماتیکی و فەلسەفیم لە هی هەمو کاتێکی تر زیاتر بو[xiv].”

سەرچاوە و پەراوێز

[i] From Here to Infinity by Ian Stewart . 1996.

[ii], Newton The Last Sorcerer, Michael White. Paperback. 1998.

[iii] The Story of Astronomy by Peter Aughton, Haedback. 2011.

[iv]  هەندێک دەڵێن ئاشە باکەی بە مشکی راستی راکێشاوە.

[v] Men of Mathematics. Touchstone Books, E. T. Bell, (1986)

[vi]  جۆرج گامۆ لە کتێبە نایابەکەیدا مەزنانی فیزیا لە گالیلۆوە تا ئاینشتاین، باس لەوە دەکات کە ئەم مندڵە سەرسەرییە ناوەکەی لە مێژودا ونبوە.

[vii] Five Equations That Changed the World: The Power and Poetry of Mathematics by Michael Guillen, 1995.

[viii] بەرنامەیەکی بی.بی.سی سەبارەت بە ژیانی نیوتن. ئێشتاش لە یوتیوبدا هەیە و بە زمانی ئنگلیزییە.

[ix] Math Book, From Pythagoras to the 57th Dimension, 250 Milestones in the History of Mathematics by Clifford A. Pickover (2012)

 [x]لە ساڵانی نەوەدەکان بۆ سەرەوە، لە وڵاتی بەریتانیا، دوای ئەوەی بەرنامەی خوێندنی ماتماتیک گۆڕانی بەسەردا هات، جیۆمەتری ئەکلیدس لە قوتابخانەکان زۆر کەمکرایەوە، ئەمەش بو بە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزاییەکی زۆری ماتماتیکناسان و لۆژیکناسان، چونکە ئەم بیردۆزە جیۆمەترییانەی ئەکلدیس دەبن بە هۆی پەرەسەندن و بنیاتنانی ئەقڵگەرایی و بیرکردنەوەی لۆژیکییانە لای منداڵان. لە ڕاستیدا ئێستا وڵاتی بەریتانیا گرفتی لە فێربون و پەروەردەی ماتماتیکیدا هەیە.

[xi] The Story of Astronomy: The Evolution of Astronomy from Myth to Science. Heather Couper and Nigel Henbest.

[xii]  ئەرێ ئەم سێوە چی بو؟ داستانی دۆزینەوەی هێزی کێشکردنی گشتی لە لایەن نیوتنەوە و پەیوەندی بە سێوەکەوە زیاتر لە حیکایەتێکی ڕۆمانسی دەچێت وەک لە ڕوداوێکی زانستی واقیعییانە. نیوتن ئەم داستانەی لە دوا ساڵانی ژیانیدا گێڕاوەتەوە، یان وەک بڵێین هۆنیوەتەوە. مەسەلەی سێو، گەلێک لوغز و مەغزای لە مێژوی مرۆڤایەتیدا هەیە، وەک چۆن مرۆ لە بەهەشتدا ژیاوە و خانمی حەوا جەنابی ئادەمی فڕیوداوە و سێوەکەی خواردوە، ئیتر چارەنوسی مرۆڤ لە بەهەشتەوە گواستراوەتەوە بۆ زەمینی جەهەنەم. ئەم داستانە زیاتر خەیاڵبافییە و هۆکانیشی بریتین لە یەکەم. زۆر زیاتر لە درامایەکی شانۆیی دەچێت، دوەمیش، یەکەم بایۆگرافەری نیوتن، کە ناوی دەیڤید بروستەر David Brewster گومانی لە داستانەکە هەبو. سێیمەیش، لە هەموی گرنگتر، تیوری هێزی کێشکردن، بەو قەبارە و کاریگەرییە مەزنەوە، لە ساتێکدا و بەوجۆرە زەحمەتە دۆزرابێتەوە، بە تایبەت لە کاتێکدا کە دوا بریار لە تیورییەکە پێویستی بە ئەنجامدانی توێژینەوەی گەورە هەیە. لە ساڵی 1954 ماتماتیکناسی گەورە و بابی مەزنی کۆمپیوتەری هاوچەرخ  ئالان تیورین بە سێوێکی ژەهراوی بە سایانید مرد، هەرچەندە مەرگی ئەم بلیمەتە زۆر تەلیسماوییە، بەلام ئەمەش هەر بە سێوەوە بەستراوە. کاتێک کۆمپانیای زەبەلاحی ئەپڵ لەدایکبو، بۆ یادێک لەم مرۆڤە مەزنە، ناونرا ئەپڵ و وێنەی سێوێکی قەپاڵ لێگیراو. بوە لۆگۆی کۆمپانیاکە.

A Brief Guide to the Great Equations: The Hunt for Cosmic Beauty in Numbers. Robert Crease. Little, Brown Book Group. Kindle Edition (2012).

[xiii]سەرچاوەی ژمارە 9.

[xiv] Of Men and Numbers: The Story of the Great Mathematicians Jane Muir. 1996.




نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
Chenar

ئیسحاق نیوتن (1642 – 1727) Reviewed by Unknown on 7:15:00 م Rating: 5

ليست هناك تعليقات:

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.