ترس لە قوتابخانە (school phobia)
هێمن عبدالقادر- توێتەری کۆمەڵایەتی
هەموو توێژینەوە کۆمەڵایەتیەکان جەخت لەسەر ئەوە ئەکەنەوە کە لە سەد منداڵ نزیکەی پێنج منداڵ ترسیان هەیە لە قوتابخانە و دایەنگا و باخچەی ساوایان ، یاخود هەر بەتەواوی ڕەفزی ئەکەنەوە کە پەیوەندی بکەن بەو ژینگە تازەیەوە ئەمەش پێی ئەوترێ (School Refusal) ،
هۆکارەکانی :-
١-ناز پێدانی زیاد لە پێویستی دایک و باوک بە منداڵ ، کە ئەمە وا دەکات منداڵ تووشی (شۆک) ببێت ، لەبەر ئەوەی هیچ موئەسەسە و دامەزراوە و کەسایەتیەک لەدەرەوەی خێزان ناتوانێت بە هەمان پێوەر و کوالیتی بەرز نازی منداڵ هەڵگرێت بۆیە لەگەڵ یەکەم بەر یەککەوتنی لەگەڵ ئەوانی تر تووشی ئەم ترسە دەبێت
٢-بینای قوتابخانە و باخچە و دایەنگە، بەداخەوە لەبەر ئەوەی سیستەمی سیاسی ئێمە سەدان ساڵە سیستەمێکی میلیتاری پۆلیسی بووە ، تەنانەت بینای قوتابخانەکان بەشێوازی زیندان دروست کراوە نەک ناوەندی فێر بوون ، دیواری بەرز ، دەرگای بەرز ، هەمووی کۆنکرێت و چیمەنتۆ ، کەمترین سەوزایی ، نەبوونی فوارە و تاڤگەی ئاو و نەبوونی لانی کەمی پێداویستیەکانی سەلامەت مانەوە ، وەک (تەوالێتی پاک و خاوێن) و (ئاوی خواردنەوە)
٣-کاتێک تۆ منداڵ لە ژینگەی ماڵەوە دەر دەهێنیت ئێ خۆ ئەبێت لانی کەم ئەو ژینگە تازەیەی بۆی ئەچێت ئەگەر لەماڵەوە باشتر نەبێت لانی کەم هاوشێوەی ئەو بێت ، بۆیە گرنگە ئەوانەی لەو شوێنانە کار دەکەن لانی کەم زانیاری سەرەتاییان دەربارەی سایکۆلۆژیای منداڵ هەبێت (کە بەویژدانەوە مامۆستای ئێستا زۆر جیاوازی هەیە لەگەڵ مامۆستای جاران ، هەڵبەت مەبەستم ئەوەنیە بڵێم خوانەخواستە مامۆستای کۆن خراپ بوون ، نا ، وەک ووتم سیستەمەکە وابوو)
٤- یەکەم چرکەی بەریەک کەوتنی منداڵ لەگەڵ (قوتابخانە و دایەنگە و باخچە) پێویستە دۆخێکی وەها بخوڵقێنرێت بۆ ئەو منداڵە کە ڕۆژانی دواتر خۆی بە تامەزرۆ و شەوقەوە بچێتەوە نەک بەزۆر ، ئەمەش لەرێگەی ئەوەی هەفتەی یەکەم دوربکەوینەوە لە سیستەمی (بیرۆکراتیەت) و ڕۆتینیاتی ئیدارە و وانە خوێندنی تاقەت پڕوکێن ، بەڵکو دەبێت لانی کەم ، هەفتەی یەکەم بە بەردەوامی (ئاهەنگ و یاری و سەما و شانۆ و موهەریج و گۆرانی و چالاکی وەرزشی جۆراو جۆر بێت) هەتا ئەو منداڵە تەکەیوف دەکات یان دەگونجێت لەگەڵ ژینەگە تازەکەی
هەموو توێژەرانی ئەم بوارە جەخت لەسەر ئەوە ئەکەنەوە کە چارەسەر کردنی ئەم دۆخە بە سێ کەس دەکرێت ( دایک و باوک ، منداڵ ، مامۆستا)
*زۆرینەی دایک و باوکەکان بە هۆی نەبوونی ئەزموونی پێش وەختەوە نەک منداڵەکانیان تەنانەت خۆشیان تووشی گرفتی گەورە دەبنەوە لەوانە (کەم خەوی ، دڵتێک هەڵهاتن ، کەم خواردن ، دڵتەنگی)
*دۆخی منداڵ :- منداڵ ئەکەوێتە دۆخێکەوە (شەوان بەدەم خەوەوە قسە دەکات ، ئەترسێ ، خۆی تەڕ ئەکات … هتد) تەنانەت نەخۆش ئەکەوێت
*دۆخی مامۆستا :- گرنگە مامۆستا شیوازی (طرق التدریس) شارەزابێت کە بتوانێت بە زمانی شیرین و مەعریفەی قوڵ خوێنداکار لە خۆی کۆبکاتەوە نەک ڕێگاکانی توندو تیژی ، چونکە بەشێکی زۆری منداڵ لەگەڵ یەکەم چرکەی تورە بوون و لێدانی مامۆستا ، قوتابخانەی لێدەبێت بە زیندان و مامۆستای لێدەبێت بە (جەللاد) ،
توندو تیژی ئەتوانێت بەشیوەی کاتی هەندێک بارودۆخ چارەسەر بکات ، بەڵام هەرگیز ناتوانێت کۆتایی پێبهێنێت ،
لە کۆتایدا دەبێت (دایک و باوک و مامۆستا و قوتابخانە) دۆخێک بۆ منداڵ بخوڵقێنن ، کە منداڵ (قوتابخانە و مامۆستا) ی خۆش بوێت ، نەک لێی بترسێت
تێبینی :-
*وەک ئێستا لەبیرمە یەکەم ڕۆژ کەچووم بۆ قوتباخانەی (سەرشەقام) زلەیەکیان لێدام ئێستاش کە دوو کۆلێژم تەواو کردووە و نزیکەی دوانزە ساڵە تەخەرووجم کردووە ، هەتا ئێستاش هەر شەوێک خەو بە قوتابخانە و تاقیکردنەوە دەبینم توشی (برۆکسیزم) ددان لێکخشاندن و گاز گرتن لە زمان دەبم
نووسراوه لهلایهن
Parwarday Maxmur

ليست هناك تعليقات: