بایكۆت‌و چۆنیه‌تی وه‌به‌رهێنانی ده‌رئه‌نجامه‌كانی
موحسین ئه‌دیب
– خه‌باتی مه‌ده‌نی كه‌ی خۆی ده‌سه‌پێنێت؟
– ده‌رئه‌نجامه‌كانی بایكۆت‌و خۆپیشاندانه‌كان چی بون؟
– ده‌رئه‌نجامه‌كانی بایكۆت‌و وه‌به‌رهێنانی
– یه‌كه‌م: ئه‌نجامی مه‌عنه‌وی
– ده‌رئه‌نجامه ده‌ره‌كییه‌كانی بایكۆت كامانه‌ن؟
– ئه‌نجامه سمبولییه‌كان
– ده‌ره‌نجامه به‌رجه‌سته‌كان
– وه‌به‌رهێنانی ئه‌م ده‌رئه‌نجامانه
– لایه‌نه سلبیه‌كانی بایكۆت
– دوا وته
خه‌باتی مه‌ده‌نی كه‌ی خۆی ده‌سه‌پێنێت؟
ئه‌گه‌ر بونی سته‌م‌و نادادی ئاسایی نه‌بێت، ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه زۆر چاوه‌ڕوانكراوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئاسایی نییه‌و چاوه‌ڕوانكراو نییه (له‌كۆمه‌ڵگایه‌كی زیندودا) بریتییه له‌نه‌بونی هیچ جۆره ناڕه‌زایه‌تییه‌ك له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و سته‌م‌و نادادیانه‌دا. لێره‌وه خه‌باتی مه‌ده‌نی وه‌ك جۆرێكی نمونه‌یی‌و باڵا له‌خه‌بات، خۆی ده‌سه‌پێنێت.
له‌م سۆنگه‌یه‌وه مامۆستایان‌و خه‌ڵكی شاروشارۆچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له3 مانگی رابردودا وه‌ك جۆرێك له‌هه‌ڵوێست، خه‌باتی مه‌ده‌نیان ده‌سپێكرد، له‌مڕوه‌شه‌وه دو میكانیزمیان گرته به‌ر، یه‌كه‌م بایكۆتی هۆڵه‌كانی خوێندن‌و به‌ته‌نیشتییشه‌وه گردبونه‌وه‌و خۆپیشاندان.
بۆیه لێره‌دا گرنگه جۆره هه‌ڵسه‌نگاندێك بۆ ئه‌و3 مانگه له‌خه‌بات بكه‌ین‌و بزانین ئایا هیچ ئه‌نجامێكی پێكاوه؟
ده‌رئه‌نجامه‌كانی بایكۆت‌و خۆپیشاندانه‌كان چی بون؟
بێگومان هیچ خه‌باتێك‌و هیچ میكانیزمێك ره‌نگه نه‌توانێت ئه‌وه‌ی خه‌باتكاری مه‌ده‌نی ده‌یه‌وێت سه‌د له‌سه‌د به‌ده‌ستی بێنێت، له‌مڕوه‌شه‌وه بایكۆتی خوێندن كه ئامانجی سه‌ره‌كی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سیستمی پاشه‌كه‌وتی موچه‌بو، نه‌هاته دی، بێگومان ئه‌مه‌ش مه‌سه‌له‌یه‌كی چاوه‌ڕوانكراوه، به‌تایبه‌ت له‌ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكدا كه نه گوێی هه‌یه بۆ بیستن‌و نه چاوی هه‌یه بۆ بینین، تائه‌وپه‌ڕی سنوری بێباكییش، بێباكه.
به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه نییه، كه ئه‌م بایكۆته، وه‌ك میكانیزمێكی خه‌باتی مه‌ده‌نی بێ ئه‌نجام بوبێت. به‌ڵكو چه‌ندین ئه‌نجامی گرنگی هه‌بون، كه ئه‌شێت بیانكه‌ین به‌دو جۆر له‌ئه‌نجام:
یه‌كه‌م: ئه‌نجامی مه‌عنه‌وی:
گرنگترین ئه‌نجام بۆ خه‌باتكاری مه‌ده‌نی راسته‌قینه، بریتییه له‌ئه‌نجامی مه‌عنه‌وی، كه خۆی له‌ئاسوده‌یی ویژداندا ده‌بینێته‌وه، واته خه‌باتكاری مه‌ده‌نی هه‌ر به‌وه‌ی كه نه‌خێرێكی وتوه به‌رامبه‌ر نادادییه‌كان هه‌ست به‌ئاسوده‌یی ویژدان ده‌كات، بێگومان ویژدان ئاسوده‌ییش به‌بێ هیچ ئه‌نجامێكی ده‌ره‌كیش، ئه‌نجامێكی ناخه‌كی زۆر باڵایه، واته خه‌باتكاری مه‌ده‌نی به‌ر له‌وه‌ی حساب بۆ سه‌ركه‌وتنه ده‌ره‌كییه‌كان بكات‌و سه‌ركه‌وتنی ده‌ره‌كی پێناسه‌بكات، به‌وه ئاسوده ده‌بێت كه به‌رامبه‌ر ناشیرینییه‌كان بێده‌نگ نه‌بێت‌و جوانی خۆی پیشانبدات به‌وه‌ی كه سته‌م ئاسایی وه‌رناگرێت، به‌ڵكو مه‌ده‌نیانه دژی ده‌وه‌ستێته‌وه.
ده‌رئه‌نجامه ده‌ره‌كییه‌كانی
بایكۆت كامانه‌ن؟
بێگومان بایكۆت كۆمه‌ڵێك ئامانجی گه‌وره‌ی پێكاوه، كه هه‌ندێكیان سمبوڵین‌و هه‌ندێكیشان مادین: له‌وانه به‌نمونه:
ئه‌نجامه سمبولییه‌كان:
1. ئازایه‌تی، ئازادی دێنێته‌دی: زۆر به‌ڕونی ئه‌و حه‌قیقه‌ته سه‌لمێنرا، كه له‌و ده‌ڤه‌ره‌ش كه ره‌نگی زه‌رد نییه، ئازادی نییه، به‌ڵام ئازایه‌تی هه‌یه(به‌تایبه‌ت له1-12-2016 زۆر به‌ڕونی ئه‌مه سه‌لمێنرا، به‌تایبه‌ت كه زۆرینه‌ی هێزه سه‌ربازی‌و ئه‌منییه‌كانی سلێمانی له‌به‌رده‌م په‌روه‌رده‌ی رۆژئاوادا ویستیان رێگه له‌گردبونه‌وه‌یه‌ك بگرن، به‌ڵام خه‌ڵك‌و مامۆستایان به‌هه‌رجۆرێك بێت گردبونه‌وه‌ی خۆیان ئه‌نجامدا، ئه‌مه‌ش وانه‌یه‌كی باشی ئه‌و هێزانه‌ی دادا، كه جارێكی دی زاتی هه‌نگاونانێكی وایان نه‌بێت). بێگومان بونی ئازایه‌تی مه‌سه‌له‌یه‌كی زۆر گرنگه، چونكه گه‌وره‌ترین وزه‌یه كه بۆ سنورداركردنی بێدادی، خه‌ڵكی ئه‌م ده‌ڤه‌ره ده‌توانن له‌ئاینده‌دا وه‌به‌رهێنانی تێدابكه‌ن.
2. خه‌باتێكی نمونه‌یی ناتوندوتیژ: 3 مانگه بایكۆته، خه‌ڵك‌و مامۆستایان له‌چه‌ندین شاروشارۆچكه ده‌یان گردبونه‌وه‌و خۆپیشاندانی گه‌وره‌یان ئه‌نجامداوه، به‌بێ ئه‌وه‌ی گه‌ڵای دارێك زیانی پێبگات، شوشه‌ی په‌نجه‌ره‌یه‌ك بڕوشێت، كه‌س له‌لایه‌ن خوپیشانده‌رانه‌وه ئه‌زیه‌ت بدرێت. دیسانه‌وه ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ی سه‌لماند كه خه‌ڵكی ئه‌م ده‌ڤه‌ره جوانن‌و شایسته‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی ناشیرینی له‌مجۆره نین، بێگومان ئه‌مه‌ش دیسانه‌وه ده‌كرێت له‌ئاینده‌دا وه‌به‌رهێنانی گرنگی تێدابكرێت بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی سته‌م‌و نادادی.
3. شه‌قام‌و حیزبی لێكجیاكرده‌وه: ره‌نگه ده‌ردێكی زۆركوشنده كه كۆمه‌ڵگای كوردی پێوه‌ی ده‌ناڵێنێت بریتیی بێت له‌حزبسالاری، به‌ڵام ئه‌م خه‌باته سه‌لماندی كه مه‌رج نییه حزبیه‌كان هه‌مو ئه‌كتێكی حزبه‌كه‌یان قه‌بوڵبێت، بۆیه دژی ده‌وه‌ستنه‌وه، ئه‌گه‌ر تێبینی بكه‌ین، له‌خۆپیشاندانه‌كاندا هه‌مو چین‌و توێژه‌كان، ژن، پیاو، مامۆستا، فه‌رمانبه‌ر، فێرخواز.. له‌خه‌ڵكی بێلایه‌ن‌و لایه‌ندار بونیان هه‌بو. له‌كاتێكدا هیچ حزبێك ته‌به‌نی ئه‌م خه‌باته‌ی نه‌كرد به‌پێچه‌وانه‌وه زۆربه‌یان كاری جۆراجۆریان ده‌كرد بۆ شكسپێهێنانی. به‌ڵام وێڕای هه‌مو فشاره‌كانیش هێشتا شكستی به‌زۆربه‌ی سیناریۆكانی ده‌سه‌ڵات هێنا.
4. ده‌سه‌ڵاتی بێده‌سه‌ڵات كرد: ده‌سه‌ڵات له3 مانگی رابردودا زۆر به‌زه‌قی ئه‌و مه‌سیجه‌ی پێگه‌یشت كه ئه‌و به‌س قاوغی ماوه(كه‌منییه خه‌باتكاری مه‌ده‌نی زۆر ئاشتیانه بتوانێت نزیكه‌ی 3 مانگ زۆرێك له‌دامه‌زراوه‌كان په‌كبخات‌و ده‌سه‌ڵات نه‌توانێت نه به‌زۆر‌و نه به‌خواهیشت خه‌ڵك بێده‌نگ بكات)و نادادی‌و گه‌نده‌ڵییه‌كانی ده‌سه‌ڵاته راسته‌قینه‌كه‌ی پێدۆڕاندوه، بۆیه ئه‌گه‌ر به‌خۆیدا نه‌چێته‌وه، ئه‌وا زیانێكی گه‌وره ده‌كات.
5. ستۆپكردن‌و خاوكردنه‌وه‌ی نادادی‌و سته‌م: ئه‌گه‌ر له3 مانگی رابردودا نه‌توانرابێت مافه زه‌وتكراوه‌كانی رابردو وه‌رگیرێته‌وه، ئه‌وا خه‌باتكاری مه‌ده‌نی توانی لانیكه‌م ستۆپ به‌ده‌سه‌ڵات بكات له‌وه‌ی نادادی زیاتر له‌ئاینده‌دا په‌یڕه‌و بكات، ئه‌گه‌ر په‌یڕه‌ویشی بكات ئه‌وا به‌ئه‌ندازه‌ی پێش‌و نابێت‌و زیانی گه‌وره‌تریشی لێده‌كات(وه‌ك براده‌رێك وتی ئه‌گه‌ر بایكۆت نه‌بایه، ئێستا موچه‌كه‌مان بوبوه100 هه‌زار دینار).
6. رێگه‌گرتن له‌خه‌باتی توندوتیژی: ئه‌گه‌ر ئه‌م خه‌باته مه‌ده‌نییه نمونه‌ییه نه‌بوایه، ئه‌وا ره‌نگبو خه‌ڵك په‌نا بباته به‌ر خه‌باتی توندوتیژی، كه‌ئه‌مه‌ش به‌زیانی ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و هه‌موان كۆتایی ده‌هات.
ده‌ره‌نجامه به‌رجه‌سته‌كان:
وێڕای ئه‌و ده‌رئه‌نجامه سمبوڵیانه كه زۆر گرنگن، له‌هه‌مان كاتدا كۆمه‌ڵێك ئه‌نجامی مادیش هه‌ن، له‌وانه:
1. هاندان:
• وه‌زیری په‌روه‌رده ناچاركرا زیاتر له45 كۆبونه‌وه له‌گه‌ڵ مامۆستایان ئه‌نجامبدات، دواجار به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان بڕی100 بۆ 150هه‌زار دینار هاندانی بۆ مامۆستایان به‌ڕه‌وا ببێنێت.
• به‌هه‌مان شێوه‌ش وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا ناچاركرا، كه بڕی 100 بۆ 200 هه‌زار دینار بۆ مامۆستایان وه‌ك هاندان به‌ڕه‌وا ببینێت.
• هاوكات بڕه پاره‌ی وانه‌بێژانی زانكۆ‌و په‌یمانگاكان وه‌ك پێش سیستمی پاشه‌كه‌وتی موچه‌ی لێكرایه‌وه‌و زیادكرا.
ئه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به‌مده‌سكه‌وتانه گرنگه بڕه‌كان نین، گرنگ ئه‌وه‌یه بایكۆت ئه‌نجامی هه‌بوه ئه‌گه‌ر كه‌میش بێت، ئه‌مه‌ش ده‌لاله‌تێكی ره‌مزی پڕبه‌های هه‌یه.
2. جێكردنه‌وه‌ی موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێم له‌یاسای بودجه‌ی 2017 عێراقدا: ئه‌گه‌رچی ده‌سه‌ڵات (به‌تایبه‌ت پارتی) ده‌یانه‌وێت له‌به‌های ئه‌م یاسایه كه‌مبكاته‌وه، به‌وه‌ی كه جێبه‌جێناكرێت، به‌ڵام لێره‌دا دو خاڵ گرنگه یه‌كه‌م: له‌ژێر فشاری بایكۆتدا چوار فراكسیۆنه‌كه ئه‌و كاره‌یان كرد. دوه‌م: هه‌ر ده‌شێت له‌ژێر فشاری خه‌ڵكیشدا جێبه‌جێبكرێت. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی له‌ڕوی میدیایی‌و سیاسیشه‌وه ده‌نگدانه‌وه‌ی باشی هه‌بو به‌زیانی سیاسی سه‌به‌بكاری سه‌ره‌كی ئه‌م قه‌یرانه كه‌وته‌وه كه پارتی دیموكراتی كوردستانه.
3. ئه‌گه‌ر بایكۆت‌و خه‌باتی مه‌ده‌نی نه‌بوایه ئه‌وا وه‌ك پار ساڵ، نیوه موچه‌ی مانگی 10ی 2016 نه‌ده‌درا، به‌ڵام ئه‌مساڵ درا‌و ره‌نگه موچه‌ی مانگی 11و12 بدرێت.
وه‌به‌رهێنانی ئه‌م ده‌رئه‌نجامانه:
ئێستا ئه‌وه‌ی گرنگه، ئه‌وه‌یه كه ئه‌م ده‌سكه‌وتانه له‌ڕوی میدیایی‌و سیاسییه‌وه وه‌به‌رهێنانیان تێدا بكرێت‌و زه‌قبكرێنه‌وه، ئه‌مه‌ش له‌پێناو ئه‌وه‌ی كه ئه‌و بانگه‌شه‌یه‌ی ده‌سه‌ڵات پوچه‌ڵبكاته‌وه كه ده‌یه‌وێت به‌خه‌ڵكی بسه‌لمێنێت كه خه‌باتی مه‌ده‌نی ئه‌نجامی نیه‌و ئه‌نجامی نابێت، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌و بڕوایه لای خه‌ڵك جێبگرێت، كه خه‌باتی مه‌ده‌نی نه‌تیجه‌ی نییه‌و نایبێت، ئه‌وا ئه‌مه زۆر له‌و سته‌م‌و نادادیانه مه‌ترسیدارتره كه چه‌ندین ساڵه ده‌سه‌ڵات په‌یڕه‌ویان لێده‌كات. چونكه ئه‌گه‌ر خه‌ڵك له‌خه‌باتی مه‌ده‌نی بێهیوا بكرێت، ئه‌وا دو سیناریۆی زۆر مه‌ترسیدار چاوه‌ڕێمان ده‌كات كه سێهه‌می نییه:
یه‌كه‌م: به‌كۆیله‌بونی زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگا بۆ كه‌مینه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار‌و پیاوه‌كانی ده‌ربار‌و سیخوڕه‌كانیان.
دوه‌م: خه‌ڵك، دره‌نگ یان زو، ناچار ده‌كرێت په‌نا بباته به‌ر توندوتیژی.
لایه‌نه سلبیه‌كانی بایكۆت:
بێگومان بایكۆت زیانی به‌پڕۆسه‌ی فێركردن‌و په‌روه‌رده گه‌یاندوه، به‌ڵام له‌مڕوه‌وه ئه‌بێت چه‌ند خاڵێك به‌هه‌ند وه‌رگرین:
1. ئه‌گه‌ر بایكۆت نه‌كرایه، ئه‌وا ئه‌و ئه‌نجامانه به‌ته‌نها به‌خۆپیشاندان نه‌ده‌هاته‌دی.
2. ئه‌و زیانه له‌ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵاته نه‌ك مامۆستایان.
3. بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی سته‌م‌و نادادی هه‌میشه جۆرێك له‌قوربانی پێویسته.
به‌ڵام ده‌بێت بایكۆت له‌سنورێكدا بوه‌ستێنرێت‌و ده‌ست به‌ده‌وام بكرێته‌وه ئه‌مه‌ش بۆ پێكانی سێ ئه‌نجامی گرنگ:
یه‌كه‌م: خه‌باتی مه‌ده‌نی پێویستی به‌دۆستی زیاتر هه‌یه. دور نییه ئه‌گه‌ر ساڵێكی خوێندنی فێرخوازان بفه‌وتێت، ئه‌مه جۆرێك له‌لێكترازان‌و دردۆنگی له‌نێوان خه‌باتكاری مه‌ده‌نی له‌لایه‌ك‌و فێرخوازان‌و كه‌سوكاریان له‌لایه‌كی دی دروست ببێت، ئه‌مه‌ش دواجار به‌زیانی خه‌باتی مه‌ده‌نی‌و قازانجی ده‌سه‌ڵاتداران ته‌واو ده‌بێت. ئه‌مه‌ش زۆر خه‌ته‌رناكه‌و پێویسته به‌وردی‌و ناڕاسته‌وخۆ ئه‌مه له‌گوتاری میدیایدا ره‌نگبداته‌وه.
دوه‌م: بچوكردنه‌وه‌ی كێشه‌كه له‌توێژێكدا: وه‌ك ده‌ر ئه‌نجامی خاڵی یه‌كه‌م، ئه‌گه‌ر به‌رده‌وامی بدرێت به‌بایكۆت، ئه‌وا كێشه‌كه به‌ته‌نها له‌توێژی مامۆستایان‌دا كورت ده‌بێته‌وه، له‌مه‌شدا ده‌سه‌ڵات قازانج ده‌كا به‌وه‌ی كێشه‌ی كۆی موچه‌خۆران له‌كێشه‌ی مامۆستایان‌دا كورتبێته‌وه‌و فێرخوازانیش بكاته دوژمنی مامۆستایان.
سێهه‌م: بچوككردنه‌وه‌ی كێشه‌كان له‌موچه‌دا: ره‌نگه به‌دوێكیدا به‌رده‌وامی بایكۆت له‌به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵات بكه‌وێته‌وه، له‌و روه‌وه به‌ته‌نها فۆكه‌س له‌سه‌ر موچه بێـت، له‌كاتێكدا له‌ژێر سایه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌دا كۆمه‌ڵگای كوردی سه‌رشاره له‌كێشه‌و گرفتی قوڵی سیاسی‌و ئابوری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و خزمه‌تگوزاری‌و مرۆیی.
دوا وته: ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه هه‌ر خه‌باتكارێكی مه‌ده‌نی خوێندنه‌وه‌یه‌كی نوێ بۆ بایكۆت‌و بۆ دۆخه‌كه بكات، كار له‌سه‌ر ئه‌وه بكات فێرخوازان‌و باوك‌و دایكیان‌و كۆی چین‌و توێژه‌كانی تریش بێنێته سه‌ر خه‌تی خه‌باتی مه‌ده‌نی، تێ‌یان بگه‌یه‌نێت كه نابێت كێشه‌كان له‌كه‌می موچه‌و به‌تایبه‌ت موچه‌ی مامۆستادا سنورداربكات. چونكه دواجار خه‌باتكاری مه‌ده‌نی راسته‌قینه خه‌ونی ئه‌وه‌ی نییه خۆی ببێته پاڵه‌وان، به‌ڵكو ده‌خوازێت خه‌ڵك پاڵه‌وان بێت‌و خه‌باتی مه‌ده‌نی به‌نمونه‌یی بهێڵێته‌وه‌و دۆستی زۆر له‌ده‌وری كۆبكاته‌وه.
ئه‌مه‌ش له‌خه‌باتكاری مه‌ده‌نی چاوه‌ڕێ ده‌كرێت چونكه یه‌كه‌مین‌و گرنگرترین سیفه‌تی ئه‌و، ئه‌وه‌یه كه له‌پێناو خه‌ڵكدا ده‌ژی‌و خه‌بات بۆ خه‌ڵك ده‌كات، بڕوای ته‌واوی به‌وه هه‌یه كه‌به‌خته‌وه‌ری راسته‌قینه ئه‌و كاته به‌رجه‌سته ده‌بێت كه بۆ خه‌ڵك‌و له‌پێناو خه‌ڵكدا خه‌بات بكه‌یت‌و بژیت.
نووسراوه له‌لایه‌ن
user post
ليست هناك تعليقات: