Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

په‌نابه‌رێكی سۆماڵی ده‌بێته‌ وه‌زیری كۆچبه‌رانی كه‌نه‌دا

بۆ یه‌كه‌مجار له‌ مێژووی كه‌نه‌دا، هاووڵاتییه‌كی به‌ ره‌چه‌ڵه‌ك سۆماڵی كه‌ وه‌ك په‌نابه‌ر رووی له‌و وڵاته‌ كردووه‌، ده‌كرێته‌ وه‌زیر.
 
رۆژی سێشه‌ممه‌ 10ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایری 2017، گۆڕانكاری له‌ حكومه‌تی كه‌نه‌دا ئه‌نجامدرا و وه‌زیره‌ نوێیه‌كان سوێندی یاساییان خوارد.

ماڵپه‌ڕی “huffpostarabi” بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، هه‌ریه‌ك له‌ وه‌زیره‌ نوێیه‌كانی كاینه‌ی جاستن ترۆدۆ له‌ به‌رده‌م دادوه‌ری باڵای وڵات و سه‌رۆكی حكومه‌ت سوێندی یاساییان خوارد.

ئه‌حمه‌د حسین، په‌نابه‌ری به‌ ره‌چه‌ڵه‌ك عه‌ره‌ب وه‌ك وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌ران بووه‌ یه‌كه‌م وه‌زیری به‌ ره‌چه‌ڵه‌ك عه‌ره‌ب له‌ مێژووی كه‌نه‌دا.

ئه‌حمه‌د حسێن، وه‌زیری نوێی كۆچ و كۆچبه‌ران، به‌ ره‌چه‌ڵه‌ك سۆماڵییه‌ و له‌دایكبووی 1975 و كاری پارێزه‌ری كردووه‌ و به‌شێك له‌ ژیانیشی وه‌ك چالاكی سیاسی و سه‌رۆكی كۆنگره‌ی سۆماڵ و كه‌نه‌دا كاریكردووه‌ و بۆ یه‌كه‌مجار له‌ تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2015 بووه‌ته‌ ئه‌ندامی په‌رله‌مان وه‌ك نوێنه‌ری شاری یورك و به‌ كه‌سایه‌تییه‌كی چالاكی مافه‌كانی مرۆڤ و به‌رگریكار له‌ پرسی كۆچبه‌ران ناسراوه‌.

ناوبراو له‌ ته‌مه‌نی 16 ساڵی و له‌ ساڵی 1993 وه‌ك په‌نابه‌ر روویكردووه‌ته‌ كه‌نه‌دا و خوێندنی ناوه‌ندی له‌ هامڵتۆن ته‌واو كردووه‌ و له‌ زانكۆی ئۆتاوا بڕوانامه‌ی له‌ یاسا به‌ده‌ستهێناوه‌ و له‌ 2012 بووه‌ته‌ ئه‌ندامی پارێزه‌رانی كه‌نه‌دا و رۆژنامه‌ی تۆنتۆ ستار له‌ 2004دا وه‌ك یه‌كێك له‌ باشترین 10 ئه‌ستێره‌ی وڵات له‌ رووی پێشكه‌شكردنی زۆرترین خزمه‌ت له‌ شاری تۆرنتۆ ناوی تۆمار كردووه‌.

ئه‌حمه‌د حسێن، مه‌دالیای یۆبیلی شاژنه‌ ئه‌لیزابێت و خه‌ڵاتی ده‌سته‌ی ئونتاریۆی بۆ پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری به‌ كۆمه‌ڵگه‌ به‌ده‌ستهێناوه‌.

حكومه‌تی جاستن ترۆدۆ ژماره‌یه‌ك وه‌زیری به‌ ره‌چه‌ڵه‌ك بیانی سه‌باره‌ت به‌ كه‌نه‌دای له‌ خۆ گرتووه‌.

له‌و میانه‌یه‌دا، وه‌زیری به‌رگری وڵاته‌كه‌، هاووڵاتییه‌كی به‌ ئاین سیخ و به‌ ره‌چه‌ڵه‌ك هیندستانییه‌.

هه‌روه‌ها مریه‌م منسف، به‌ ره‌چه‌ڵه‌ك ئه‌فغانی له‌ وه‌زیری دامه‌زراوه‌ دیموكراتییه‌كانه‌وه‌ گۆڕدرا بۆ وه‌زیری كاروباری ژنان.

هه‌روه‌ها كریستا فریلاند، وه‌زیری كاروباری ده‌ره‌وه‌ی كه‌نه‌دا كه‌ پێشتر وه‌زیری بازرگانی نێوده‌وڵه‌تی كه‌نه‌دا بوو، به‌ ره‌چه‌ڵه‌ك ئۆكرانییه‌.

فریلاند، له‌ ناوچه‌ی ئه‌لبرتای كه‌نه‌دا له‌دایكبووه‌ و پێشتر وه‌ك رۆژنامه‌وانێكی ره‌خنه‌گر له‌ سیاسه‌تی رووسیا ناوبانگی په‌یدا كردبوو.

به‌ هۆی سزای سه‌پێندراوه‌كانی كه‌نه‌دا به‌سه‌ر رووسیادا، ناوبراو له‌ لایه‌ن مۆسكۆوه‌ سه‌ردانی رووسیای لێ قه‌ده‌غه‌كراوه‌.

سه‌رۆكی ئۆكرانیا پیترۆ بورچینكۆ، له‌ كۆمێنتێكدا كه‌ له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی فریلاند پۆستی كردووه‌، خۆشحاڵی خۆی له‌ باره‌ی وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌ ده‌ربڕیوه‌ و رایگه‌یاندووه‌، كه‌ شانازی پێوه‌ ده‌كات.



نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
user post

په‌نابه‌رێكی سۆماڵی ده‌بێته‌ وه‌زیری كۆچبه‌رانی كه‌نه‌دا Reviewed by Unknown on 3:24:00 م Rating: 5

ليست هناك تعليقات: