Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

زمانی منداڵ و ڕۆڵی گەورەكان

منداڵ بوونەوەرێكی پڕ وزە ‌و خۆشەویستییە، دنیایەكی پڕ لە خەندە و دەرگە كراوەیە. هەر لە ڕۆژی لە دایكبوونییەوە چاوی لە دەستی ئێمەیە و نیگاكانی ‌دوای هەنگاوەكانی ئێمە دەكەوێ. گریان و پێكەنین وشەكانی ئەو دەردەبڕێ. هەر كە گریا دایك دەزانێ منداڵەكەی داوای چی دەكات. كە پێكەنی دەزانێ  كۆرپەكەی ئاسوودەیە و ئەو پێوەندییە كۆمەڵایەتییەی پێویستە بۆ ئەوەی هەست بە بوونی خۆی بكات. سروشت ئەم خەسڵەتەی پێ بەخشیوە ‌و لە ڕێگەیەوە پێداویستییەكانی خۆی بە گەورەكان ڕادەگەیەنێت. 
كە گەورەتر دەبێت، ئیتر دەبێت ئامرازی تر بدۆزێتەوە بۆ بەردەوامبوونی ژیان و وەدەستخستنی پێداویستییەكانی. دیارە ئەم ئامرازەش زمانە. هەموو منداڵانی دنیا بێ ڕەچاوكردنی زمان و نەتەوە، خۆیان فێری هەندێ پیتی نەبزوێن دەبن كە زۆربەیان لە ڕێگەی لێو و زمانەوە دروست دەبێت. ئەمەش شتێكی بەڵگەنەویستە، چونكە هەر كە لە دایك دەبێت لێو و زمانی بۆ مژینی مەمكی دایك بەكار دێنێ. منداڵ فێری دەنگەكانی: بەبە… پا‌پە… مەمە…دەدەدا… و چەند دەنگێكی تر دەبێت. ئیتر ئا لێرەوە ڕۆڵی گەورە لە هەموو بوارەكاندا دەست پێ دەكات و ئەو بوارانەش لە چەند لایەنێكدا بەرجەستە دەبێت:
•ڕۆڵی كۆمەڵایەتیی خێزان.
•داودەزگەكانی فێربوون: باخچەی منداڵان، قوتابخانە.
• مێدیای بینراو و بیستراو. 
•چاپخانە ‌و بڵاوكراوە و كتێب و گۆڤاری منداڵان. 
خێزان یەكەمین فێرگەی منداڵە. لێرەدا گرنگیدان بەشێوەی پەروەردە و ئاستی ڕۆشنبیری دایك و باوك ڕۆڵێكی گرنگ دەبینێ لە ئاست و دەوڵەمەندی زمانی منداڵەكە. لەوانەیە بڵێن هەر منداڵە و خۆی فێری زمان دەبێت! هەوڵدانی بۆ چییە!، وایە منداڵ تەنیا لە ڕێگەی گوێگرتنەوە فێری دەیان و سەدان وشە دەبێت، بەڵام ئەو وشانەی لە ژیانی ڕۆژانەدا فێری دەبێت، ئەو وشانە لە داهاتوودا نابێتە بنچینەی قووڵكردنەوەی زانیاری ئەو منداڵە. منداڵ پێویستی بە گەلێ وشەی زیاتر دەبێت كە ڕۆژانە نایەن بەكارهێنان، تەنیا لە ڕێگەی میدیا و بڵاوكراوە و كتێبەوە فێری دەبێت.  
ئامادەیی دایك و باوك بۆ رەخساندنی پێداویستییەكانی گەشەی زمان، هەنگاوی یەكەمە بۆ فێربوونی زمانێكی دەوڵەمەند كە بنەمای دروستبوونی كەسایەتییەكی بەهێزی ئەو منداڵەیە. بەپێی شارەزایان و لێكۆڵەراانی زمان، منداڵ تا تەمەنی قوتابخانە دەبێت حەوت هەزار وشە بزانێ و هەر ساڵێكی قوتابخانە زیاتر لە هەزار وشە فێر دەبێت. لەو باوەڕەدام كە منداڵانی ئێمە كاتێ دەست دەكەن بە قوتابخانە ژمارەی ئەو وشانەی دەیزانن گەلێ لەوە كەمترە. منداڵ پێش تەمەنی قوتابخانە لە ڕێگەی ئەم سەرچاوانەوە فێری زمان دەبێت:
1-قسەكردن لەگەڵ منداڵ و خوێندنەوەی چیرۆك و كتێب و گۆڤاری منداڵان.
2-گوێگرتن لە بەرنامەی ڕادیۆ، چیرۆكی تۆماركراو لەسەر كاسێت و سیدی، تەماشاكردنی بەرنامەی تەلەڤزێون. یاری تایبەتی منداڵان لە كۆمپیوتەر. 
3-تێكەڵكردنی منداڵ بە ژیانی كۆمەڵایەتی، گەڕانی منداڵ و سەردانی ئەو شوێنانەی كە بەڕێوەبردنی كۆمەڵگەیان دەكەوێتە ئەستۆ، سەردانی مۆزەخانە و شوێنە مێژوویییەكان. 
4-ڕۆڵی پەروەردەیی باخچەی ساوایان و شارەزایی مامۆستایان لە فێركردنی زمان لای منداڵ. كاركردنێكی پلان دارێژراو بۆ فراوانكردنی شارەزایی منداڵ لە بوارە جیاوازەكاندا.
ئەگەر بە وردی سەرنجی هەریەك لەو خاڵانە بدەین، دەبینین كە ئەنجامدان و پێڕەوكردنی هەریەك لەو خاڵانە دەكەوێتە ئەستۆی تەواوی كۆمەڵگە. 
لەوانەیە بڵێن ئێمە لە كوێ ئەم هەموو بەزمانەمان پێ دەكرێ، منداڵ وازی لێ بێنە خۆی فێری زمان دەبێت. منداڵ لە كوردستان كە دەچێتە قوتابخانە، ناوی هەموو ئەندامانی لەشی خۆی نازانێ، ناوی ئاژەڵ و دار و گوڵ نازانێ، زانیاری لەسەر سروشت و ژینگەی خۆی نازانێ، ناوی وەرزەكانی ساڵ ڕۆژانی هەفتە و مانگەكان نازانێ، ئەمانە لە كوێوە فێر دەبێت؟ لەو چوار خاڵانەی پێشتر باسمان كرد، هەریەك لە ئێمە دەتوانێ ڕۆڵی خۆی لە یەكێك لەو خاڵانە بدۆزێتەوە، بەڵام ئاخۆ هەریەك لە ئێمە شیاوی ئەو ڕۆڵەیە یان هەست بە لێپرسراویی دەكەین؟‌.
 
ڕێواس ئەحمەد



نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
user post

زمانی منداڵ و ڕۆڵی گەورەكان Reviewed by Unknown on 4:57:00 م Rating: 5

ليست هناك تعليقات:

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.