Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

گالیلۆ: یەکەم زانای مۆدێرن

سەرەتا

گالیلۆ به‌ یه‌کێک له هه‌ره مه‌زنترین زانایان داده‌نرێت له مێژووی به‌شه‌رییه‌تدا، گه‌لێک جاران گه‌وره‌یی ئه‌م بلیمه‌ته نایابه به ئه‌رکه‌میدس ده‌شووبهێنریت. سه‌رباری ئه‌وه‌ی زانایه‌که‌ له دوای ته‌مـه‌نی چل ساڵییه‌وه به‌رهه‌مه گرنگه‌کانی بڵاوکردۆ‌ته‌وه. به‌ڵام به‌ دامه‌زرێنه‌ری میتۆدی زانستی هاوچه‌رخ داده‌نرێت، به مانای رۆژگاریش زانایه‌که‌ که‌ بۆ یه‌که‌مجار له‌ مێژووی زانستدا روویکرده‌ خوێندنی سرووشت به‌ رۆحێکه‌وه که‌ هه‌موو هێزه ‌‌غه‌یبییه‌کانی خسته‌لاوه و فۆرمێکی بابه‌تییانه‌ی گرته‌به‌ر‌.

گالیلۆ له‌ سێ ته‌وه‌ره‌وه‌ ره‌وت و روخساری مێژووی زانستی گۆری، له‌ بواری فیزیکدا یاساکانی که‌وتنه‌خواره‌وه‌ی ته‌نه‌کانی دۆزییه‌وه‌، له‌ بواری ئه‌سترۆنۆمیدا‌، بۆ یه‌که‌م جار ته‌له‌سکۆبی خسته‌گه‌ر بۆ رامان و ووردبوونه‌وه له‌ ئاسمان و بۆشایی، به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌رستۆوه‌، که‌ ده‌ڵێت پێکهاته‌ی ته‌نه‌ ئاسمانییه‌کان له‌ پێکهاته‌ی عه‌رد جوودایه‌، گالیلۆ گوتی که‌ مانگ هه‌روه‌ک رووی عه‌رد له‌ به‌رزی و نزمی پێکدێت. په‌ڵه‌کانی سه‌ر رووی خۆری دیاریکرد و پاشانیش‌ مانگه‌ سه‌ته‌لایته‌کانی مشتەری دۆزییه‌وه‌ و سه‌لماند و له‌ کۆتایی ژیانیشیدا بووه رابه‌رێکی گه‌وره‌ی شۆرشی زانستی چه‌رخی هه‌ڤده‌ و پاڵه‌وانێکی هه‌میشه‌ زیندوی بیرکردنه‌وه‌ی ئازاد له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌ ئاشکرا به‌رگری له‌ سیسته‌می کۆپه‌رنیکۆسی کرد و هه‌ر به‌م هۆیه‌شەوە هەتا کۆتایی ژیانی بە دەستبەسەری مایەوە. ئەو ئیشکالاتە ئاکارییەی کە گالێلۆ بەهۆی ململانێی زانست و ئاینەوە دوچاری بو لەو جۆرە بەربەرەکانیانە نیە کە لە سەردەمی ئەمڕۆدا زانایان ڕوبەڕوی دەبنەوە سەبارەت بە بەرپرسیاریان لە کەشفکردن و بەکارهێنانی وزەی ئەتۆمی و چەندەها شتی تری زانستی.

گالیلۆ فه‌یله‌سوفێکی ره‌وانبێژ، فه‌له‌کناسێکی به‌ جورئه‌ت، ماتماتیکناسێکی بلیمه‌ت و پاڵه‌وانێکی ئازادی فیکریی مێژوی به‌شه‌رییه‌ت بو، له‌ رۆژگاری خۆیدا یه‌که‌م رێچکه‌شکێن بو که‌ ئه‌رستۆیی نه‌بێت و له‌ به‌رانبه‌ر فه‌یله‌سوفان و فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌رستۆییدا بوێرانه‌ ره‌خنه‌ بگرێت. گالیلۆ پێشره‌وی ره‌تکردنوه‌ی ته‌فسیری ئه‌رستۆیی بو له‌ هه‌مبه‌ر که‌وتنه‌ خواره‌وه‌ی ته‌نه‌کان. لای گالیلۆ زانستی ماتماتیک کلیلی کردنەوەی دەروازەی پەنهانی و نهێنییەکانی سروشتە، ئەمەش ئەگەر بپرسین بۆچی؟، ئەوا لە وەڵامدا دەڵێین چونکە گالیلۆ ئیمانی تەواوی وابو کە کتێبی مەزنی سروشت و گەردون بە زمانێک نوسراوە کە حەرفەکانی بریتین لە بازنە، سێگۆشە و هێڵ. هەربۆیەش پێویستە مرۆ لەم زمانە باش حاڵی بێت بۆ ئەوەی بتوانێت پەردە لەسەر سڕە قوڵ و ئەفسوناوییەکانی سروشت لابدات. بێگومان زمانی ماتماتیک، ئەو زمانە لۆژیکییەیە کە ئنسان و سروشت دەتوانن بەهۆیەوە شەفافانە لە بەرانبەر یەکتر بئاخڤن و بە جوانی و ڕەوانی لە یەکتر تێبگەن.

گالیلۆ توانی، وەک یەکەم زانایەک و پێشڕەوێکی شۆڕشی زانستی، ئەم ئامرازە ماتماتیکییە لە ئاسابەدەر بەهیزە بخاتەگەڕ و وەک چرایەک بەرچاوی خۆی و زانایانی دوای خۆی پێ ڕۆشن بکاتەوە و تەبعی فەلسەفەی سروشت بە جۆرێکی ڕادیکالانە بگۆڕێت و ته‌فسیری دیارده‌ سروشتییه‌کانی له‌ چۆنایه‌تییه‌وه‌، واته‌ له‌ ته‌فسیری وشه‌کارییه‌وه‌ گۆڕی بۆ ته‌فسیری چه‌ندایه‌تی، ئاسانتر، بڵێین کە میتۆدی ماتماتیکی خستنه‌گه‌ڕ سه‌باره‌ت به‌ روداوه‌کانی سروشت، به‌مه‌ش به‌ بابی فیزیکی هاوچه‌رخ ده‌ناسرێت، واتە گالیلۆ یەکەم کەس بو کە توانی زۆر بەجورئەتەوە لە دژ تەفسیری ئەرستۆیی قسەبکات و رەتی بکاتەوە.

منداڵی و ساڵانی هەرزەکاری

گالیلۆ لە ١٥ی شوباتی ساڵی ١٥٦٤ دا، لە پیزا لەدایکبوە، ئەم ساڵە گرنگی خۆی هەیە، چونکە هەر لەم ساڵەدا شکسپیر، نوسەری گەورەی ئنگلیز لە دایکبوە، جگە لەوەی ساڵی مردنەکەشی گرنگی خۆی هەیە کە دەکاتە ساڵی ١٦٤٢، لەم ساڵەدا نیوتن، یەکێک لە ئەقڵە هەرە بەرزەکان لە مێژوی بەشەریدا لەدایکبوە.

ناوی گالیلۆ، کە ناوی یەکەمی گالیلۆ خۆیەتی، مەبەستی تایبەتی خۆی هەیە. خێزانەکەیان بۆیە ناوی دەنێن گالیلۆ، چونکە لە بنەماڵەکەیاندا، لە سەدەی چواردەدا دکتۆرێک ناوی گالیلۆ بوە و ناوبانگێکی زۆری پەیدا کردوە و ناوی بنەماڵەکە دەبێت بە بنەماڵەی گالیلۆ.

بابی گالیلۆ، ڤینچینسۆ، بە ئەسڵ دەچێتەوە سەر یەکێک لە خانەوادە نەجیبزادەکانی فلۆرەنسای پایتەختی تۆسکانی، ئەو بنەماڵەیەی کە لە هەردو سەدەی ڕابردو، واتە سەدەی چوارەم و پێنجەمدا، نزیکەی چواردە لە ئەفسەرە پلە بەرزەکانی بۆ ئەو شارە فەراهەم کردوە. لە ڕۆژانی ژیانی ڤینچینسۆدا، سەروەتی ئەم خێزانە هەرەسی هێنابو و نابوت بوبون. خۆ کاتێک کە گالیلۆ لەدایکبو، ئەم خێزانە تەواو دەسکورت بون. ئەمە بۆ ئەم بنەماڵەیە هیچ خۆش نەبو، چونکە لەو ڕۆژەدا وا چاوەڕوان دەکرا کە ئەندامانی بنەماڵەی گالیلۆ بەرگی نایاب بپۆشن، خۆش بخۆن و بخۆنەوە و تەرزێکی بەرزی ژیانیان هەبێت. بەڵام ئەمانە نەبون و بە درێژایی ژیانی منداڵی گالیلۆ بژێوی خێزانەکەیان هەژار و نەبو بون و هەمیشە موحتاج بون، بەڵام ئەم پیاوە، واتە بابی گالیلۆ زاتێکی نەفسبەرز بوە و هەرگیز وەها نیشانی نەداوە کە کەمدەرامەتن.

ئەوەی شایانی باسە، ڤینچینسۆ مۆسیقارێکی تەواو بلیمەت و بەهرەدار بو. لەو سەردەمەدا لە شاری فلورەنسا، ئەکادیمیای کامێراتا هەبو، کە ڕێکخراوێکی مۆسیقادارانی ڕۆژەکە بوە، دەوڵەمندێکی شارەکە کە ناوی ژیوڤانی دی برادی بو، مەسرەفی ڕێکخراوەکەی لە ئەستۆگرتبو، ماڵەکەی خۆی کردبوە بنکەی ئەم ڕێکخراوە و هەر خۆشی سەرۆکی بو، ئەم پیاوە تەواو شەیدای مۆسیقا بو. لە بنکەی کامێراتادا هەمیشە گفتوگۆ لەمەڕ تیۆر و پراکتیکی مۆسیقا دەکرا. ڤینچینسۆ، ئەندامێکی کارا و کارامە بوە تێیدا. گەلێک گۆڕانی بنەرەتی لە مۆسیقای عەسرەکەدا کرد و ئوستادێکی گەورە بوە لە تیۆری مۆسیقا و کاری لە مۆسیقای درامادا کردوە و سەرەنجامیش هەر لێرە، ئۆپرای ئیتاڵی لەدایکبوە. لە ساڵی ١٥٨١ کتێبی دایەلۆگ لەمەڕ مۆسیقای کۆن و هاوچەرخی چاپکردوە. لەم کتێبەدا زانیاریەکی گەورەی لەمەڕ بابەتەکە خستۆتەڕو و هەروەها توێژینەوەی بێشوماری لەمەڕ شیکردنەوەی ماتماتیکیانەی ژێکانی ئامێرە مۆسیقیەکان، بە تایبەت عود، کردوە. جگە لەوەی یەکەم کەس بو کە زەمینەی خۆشکرد بۆ یەکخستنی تیۆر و پراکتیکی لە مۆسیقادا. لە عودژەنیندا بێ وێنە بوە، لای وی باشترین نمونەی ئەم ئامێرانە ئەوانەن کە لە ئنگلتەرا دروست دەکرێن. هەرچەندە لەبەر بژێوی ژیان و نەبونی دوایی ڕودەکاتە بواری بازرگانی و دەیکاتە پیشەی یەکەم، بەلام هەرگیز لە مۆسیقا و لێکۆڵینەوە لە مۆسیقا خۆی دانابڕێت. بابی گالیلۆ لاتین و یۆنانی زۆر باش زانیوە و لە ماتماتیکدا پسپۆڕ بوە و لەگەڵ گەلێک لە نیگارکێشەکانی ئەو سەردەمەدا هاوڕییەتی خۆشبوە و پێکەوە کاری جیۆمەتریان کردوە.

لەگەڵ هەمو ئەم بلیمەتیەدا، ڤینچینسۆ، پاڵەوانێکی بەجورئەتی ئازادی بیروڕادەربرین بوە، زۆر بە جدی بەرگری کردوە لە توێژینەوەی ڕۆشەنفکری لەو ڕۆژەدا. لە کتێبی دایەلۆگدا دەڵێت: لای من وا دێتە بەرچاو ئەوانەی بۆ سەلماندنی شتێک، ڕاست و ڕەوان پەنا دەبەنە بەر بارستایی دەسەڵات، بێ ئەوەی هیچ مشتومڕێک وەک پاساو و پشگیری بۆ سەلماندنەکەیان بهێننەوە، ئەوانە زۆر بێهودانە خۆ دەنوێنن. من، بە پیچەوانەوە، ئاواتەخوازم ئازادانە پرسیار بکەم و ئازادانە و بە بێ هیچ جۆرە تەمەلوقێک وەلام بدەمەوە. لای ڤینچینسۆ ڕامان، هەم کلیل و هەم ئەو ڕەوتەیە کە دەمان گەیەنێتە هەقیقەت.

دەشێت مرۆ بڵێت کە گالیلۆ، ئەم گوتانەی بابی بۆ ژیانی خۆی کردوەتە دروشم و لە هەمو جێگایەک بێ گوێدانە ناوەندەکە، زانکۆ، کڵێسە، دەسەلاتی سیاسی یاخود لە نێو فەیلەسوفانی ئەرسۆییدا بوبێت، ئیمانی تەواوی بە دروشمەکان هەبوە. ئەمەش چونکە باشترین گوزارەی لە بیرکردنەوەی ئەقڵی کردوە و بە ڕۆح واری کردوە. هەر بۆیەش هەقە ئنسان بڵێت کە گالیلۆ قەرداری کەسایەتی بوێر و هەڵویستی ئازادانەی بابی بوە. جگە لەوەی لە بابیەوە فێربو کە کاتێک پرسێک دێتە بەردەمی، ئەوا پێویستە وەک یەکەیەکی سەربەخۆ مامەڵە و توێژینەوەی لەگەڵدا بکات، بێ ئەوەی بە بیرورای کەسێکی تر ڕازی بێت، بەڵکو پێویستە خۆی میتۆدی ڕامان و تاقیکردنەوە بخاتەگەڕ بۆ دۆزینەوەی ڕاستیەکان و سەلماندیان. گالیلۆ، دوایی، لە ڕەوتی ژیانی زانستیدا ئەمەی کردە دەرسێک و لە کارەیەکدا سەرکەوتوانە توانی دەسکەوتی مەزن فەراهەم بکات.

ڤینچینسۆ، واتە بابی گالیلۆ حەوت منداڵی هەبو، لەم حەوت منداڵە سێیان کوڕ و چواریان کچ بون، گالیلۆ کوڕە گەورەی ماڵەکە بو. ئەم پیاوە لە بواری بازرگانی و کەسابەتدا، کەسێکی سەرکەوتو نەبوە، زۆربەی کات خەریکی سەفەر بوە بۆ ئەوەی بژێوی خۆی و منداڵانی فەراهەم بکات، کاتێک لە پیزا وەک کرێنشین جێیان دێڵێت و خۆی ڕودەکاتە شارانی تر. گالیلۆ زۆربەی تافی منداڵی خۆی لەم شارە دەباتەسەر. کە بابی دەهاتەوە، دەرسی لاتین و یۆنانی بە گالیلۆ دەگوتەوە.

کاتێک تەمەنی گالیلۆ گەیشتە هەشت ساڵان، خێزانەکەیان بە ماڵەوە بارگەیان لێ پێچایەوە و گەڕانەوە بۆ شاری بنەماڵەکەیان، کە فلۆرانس بو، بەڵام گالیلۆ لە شاری پیزا و بۆ دو ساڵی تر لە ماڵی خزمێکیان مایەوە، دوای دو ساڵەکە گالیلۆ لەگەڵ خێزانەکەیدا یەکی گرتەوە و چوە شاری فلۆرەنس. هۆکاری ئەم مانەوە بە هیچ جۆرێک نەزانراوە.

لەو ڕۆژگارەدا، ئیتالیا بە شێوەیەکی گشتی و شاری فلۆرانس بە تایبەتی ناوەندی گەرم و سەرەکی چالاکییەکانی ڕێنیسانس بو، هەردو بلیمەتی فرە – بەهرەی ئەو چەرخە، مایکلئەجلۆ (١٤٧٥ – ١٥٦٤) و لیۆناردۆ داڤینچی (١٤٥٢ – ١٥١٩) لێرە کاریان کردوە. لیۆناردۆ داڤینچی، هەم هونەرمەند و هەم زانا بو، خامەی بلیەمەتی خۆی لە زۆر بواردا خستۆتەکار و سەرکەوتوبوە. لە کاتی نیگارکێشاندا هێندە فزولی بوە کە بوە بەهۆی ئەوەی کە وێنەکانی هەمو وردەکارییەکی جەستەی مرۆڤ هەم نمایش بکات و هەم تویکار بکات، جا هەر لە ماسولکە و کۆئەندام هەتا دەگاتە پێست و ئێسکەکان. جگە لەوەی تامەزرۆی ئەسترۆنۆمی بوە و ماتماتیکیانە هەوڵیداوە بیسەلمێنێ کە خۆر زۆر لە عەرد گەورەترە.

لە فلۆرانس، گالیلۆ چوە قوتابخانەیەکی ناوچەکە. لەم قوتابخانەیە خوێندنەوە و نوسین زۆر باش فێربو و بابەتەکانی وەک فەلسەفە و مێژوی کلاسیکی خوێند. کاتێک تەمەنی گەیشتە سیازدە ساڵان، بابی ناردیە فێرگەی عیساییەکان لە نزیک فلۆرەنس، لێرە زۆر بە نیزامی فێری دەرسەکانی لاتین، یۆنانی و لۆژیک بون. گالیلۆ پێشکەوتنی باشی بە دەسهێنابو، چونکە شاگردێکی زیرەک و بیرتیژ بو. جگە لەوەی ناوەندەکە، چونکە بێدەنگ و خامۆش بو، تەواو گالیلۆی دڵخۆش کردبو. بابی پێی خۆش نەبو کوڕەکەی ببێتە ڕاهیب، بەڵکو ئەو دەیەوێت و ئاواتەخوازە ببێتە بازگانی کوتاڵ، چونکە لەو ڕۆژەدا پیشەیەک بو بەرەکەت و سامانێکی باشی تێدابو. کاتێک گالیلۆ توشی چاوسوتانەوە دەبێت، بابی هەلەکە دەقۆزێتەوە و لە خوێندنگە دەری دەهێنێت و دەیباتەوە ماڵ، ئیتر هەرگیز نایەڵێت گالیلۆ بگەڕێتەوە کڵێسە بۆ خوێندن.

گالیلۆ، هەر لە منداڵیەوە، لە هەردو بواری کاری دەستی و توانستی ئەقڵیەوە بلیمەتیەکی نایابی تێدا دەرکەوت. زۆر خولیای دروستکردنی مۆدڵ و ئامێر بو. زۆر بە جوانی عودی لێدەدا، بەهرەیەکی دانسقەی وێنەکێشانی هەبو، هەروەک لە دوا ساڵانی ژیانیدا گوتویەتی، ئەگەر ئازاد بوایە لە هەڵبژرادنی پیشەدا، ئەوا بێگومان نیگارکێشانی بۆ خۆی هەڵدەبژارد.

کاتێک بابی گالیلۆ بۆی دەرکەوت کە کوڕەکەی تەواو زیرەک و زرنگە، گوتی پیویستە زانست بخوێنێت، بە تایبەت پزیشکی. بەمجۆرە لە ساڵی ١٥٨١ دا چوە زانکۆی پیزا بۆ خوێندنی پزیشکی. زانکۆ لەو سەردەمانەدا تەواو جیاواز بو، تەنها منداڵانی دەولەمەند، زۆر زیرەک، یاخود ئەوانەی لە کڵێسە دەیان خوێند، دەچونە زانکۆ. منداڵانی هەژاران لە خوێندنی زانکۆ بێبەری بون، خۆ کچان هەر بۆیان نەبو تەنانەت خەونیش بە خوێندنەوە ببینن. زۆربەی هەرە زۆری لاوانی ئەوروپا لە سەدەی شازەدا دەبون بە جوتیار، مسکێن، خزمەتکار و کرێکار، بە جۆرێک ئەوندە بێ سەواد بون و کە نەیاندەتوانی ناوی خۆشیان بنوسن. هەندێک بەختیان باشتر بو دەبون بە ئاسنگەر، دارتاش، قەساب یاخود بازرگان. بەلام پێویستە ئەوە بڵێین کە گالیلۆ بە ڕاستی شانسی هەبوە چونکە زۆر لە ئاسابەدەر زیرەک بوە.

لەو ڕۆژگارەدا عادەت بو کە قوتابیان پیویست بو زۆر بە وردی و قوڵی گوێ بگرن و هێندە لە هەمبەر ئوستاداندا قسەنەکەن و لە ئاخاواتندا لە دژیان نەوەستن، بەڵام ئەمە تەواو پێچەوانەی ڕەوشتی گالیلۆ بو، چونکە هەمیشە بە چاوی ڕەخنە لە دیاردەکانی ڕووانیوە و لەسەر هەمو شتێک هەڵوێستە و گفتوگۆی کردوە. هەر بۆیەش هەر لە سەرەتاوە گالیلۆ بەوە ناوبانگی دەرکردوە کە کەسێک بوە ئالودەی مشتومڕی زانستی بوە، بە تایبەت کاتێک هاتوەتە سەر خوێندن و گوێگرتن لە دەرسەکانی ئەرستۆ. گەلێک جاران ئەوەندە ڕەق بوە لە ڕەخنەگرتندا، قوتابیان لێی دورکەوتونەتەوە.

کاتێک گالیلۆ لە زانکۆ خوێندنی دەست پێکرد، زانست بەمجۆرەی ئەم چەرخەی ئێستا فرە – لایەن و پێشکەوتو نەبو، زانایان بە فەیلەسوف بانگ دەکران، تەنانەت گالیلۆش، زانست بۆ خۆی، چونکە وەک بەشێکی فەلسەفە وابو، پێی دەگوترا فەلسەفەی سروشت. زۆربەی هەرە زۆری بەرنامە و پرۆگرامی خوێندن لە زانکۆکاندا بریتی بون لە تێکستە یۆنانیەکان. ساڵی یەکەمی خوێندن تەرخان بو بۆخوێندن و جەختکردن لە پرسەکانی تیۆری، قوتابیان بە دەقەکانی ئەفلاتون، فەلسەفەی سروشتی ئەرستۆ، فسیۆلۆژیای گالێن Galen و تیۆری شیفای ئیبن سینا گۆشدەکران، پاشان لاتین، یۆنانی و عیبرییان دەخوێند. ماتماتیک هێشتا وەک مەشقێکی پوختی مێشک سەیردەکرا. ساڵانی دواتر، کاتێک قوتابی دەچوە بواری پزیشکی پراکتیکیەوە، بابەتی زانستی تری وەکو ڕوەکزانی، توێکاری و نەشتەرگەری دەخوێنران.

فەیلەسوفان کاتێکی بەپیتیان دەبردە سەر بۆ گفتوگۆکردنی دەرسەکانی ئەم فەیلەسوفانە و تیۆرییەکانی لەمەر چۆن دونیا دێت و دەچێت، ئەمە لە کاتێکدا کە پرینسیپی ئەزمون و تاقیکردنەوە هیچ بایەخێکی نە پێدەدرا و نە کەسیش تاقیکردنەوەی لەسەر دیاردەکانی سروشت دەکرد یان خەڵک بپرسن کە شتەکان چۆن کاردەکەن؟ یان بۆچی بەوجۆرە کاردەکەن؟

بێگومان لە نێو هەمو ئەم زانایانەدا ئەرستۆ پێگەیەکی بڵندی نەک هەر لە زانکۆکاندا هەبو، بەڵکو وەک بەشێک لە سیستەمی ڕەسمی کڵێسە دەبینرا، بە تایبەت چونکە کۆسمۆلۆژیا و تەفسیری گەردونی ئەرستۆیی لە کتێبی پیرۆزی مەسیحانەوە زۆر نزیک بون، جگە لەوەی لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، وەک بەشێک لە فەلسەفە و تیۆلۆژیای کڵێسە لە بنکەکانی فێربوندا وەک دەرس دەگوترایەوە. کاتێک باس لە ئەرستۆ بکرایە لە هەر ناوەندێک بوایە، دەیانگوت فەیلەسوفەکە وا دەڵێت، ئیتر بۆیە شتەکە ڕاستە، بەمجۆرە چەمکی ئەرستۆیی تەواو ببوە فەلسەفەی فەرمانڕەوا و زاڵ. گالیلۆ یەکەم زانا بو کە هەوڵبدات لەم تێڕامانە تەقلیدیە دور بکەوێتەوە و تەبەنای میتۆدی ڕامان و پرینسیپی تاقیکردنەوەی زانستی بکات و وەک دو ئەزمونی نوێ بۆ سەلماندنی تیۆرییەکانی ئەرستۆ و لە هەمان کاتیشدا بۆ بنیاتنان و تێگەیشتنی تازە سەبارەت بە گەردون.

گالیلۆ لە دوای چەندەها ساڵ، لە تێبینیەکدا، باسی ڕۆژانی زانکۆی پیزا دەکات کە چۆن لە سەرەتای دەسپێکردنی خوێندندا، گومانی لە فەلسەفەی سروشتی ئەرستۆ کردوە، ئەویش کاتێک پرۆفیسۆرەکە دێتە سەر کەوتنەخوارەی تەنەکان و چۆن خێرایی ئەم تەنانە کە دەکەونە خوار ڕاستەوانە لەگەڵ بارستایی تەنەکان دەگۆڕێت. گالیلۆ ئەم پرینسیپە ئەرستۆییەی لەمەڕ دیاردەی جوڵە و کەوتنەخوارەوەی تەنەکان پێ ئەزم نەکرا، چونکە کاتێک لە تەرزەبارین وردبوەتەوە و سەرنجی داوە کە تەرزەکان، هەرچەندە قەبارە و بارستاییشیان جودایە، هەرچەندە لە گەورە و بچوکیدا جودان، بەڵام لە هەمان ساتەوەختدا بە عەرددا دەدەن، چ سەلیقەیەکی عام ئەمە قبوڵدەکات و کێ دەتوانێت بیسەلمێنێت کە هەمو تەرزەکان پێکەوە لە هەمان بەرزی ئاسمانەوە کەوتونەتە جوڵە و بەرەو خوار دێن. چونکە لە چەمکی جوڵەی ئەرستۆییدا، تەرزە گەورەکان زوتر بە عەردیدا دەدەن وەک لە تەرزە بچکۆلەکان. هەربۆیەش کەوتە مشتومڕ لەگەڵ ئوستادەکەدا و لای ئەو، ئەرستۆ تەنها بایەخ بە تەفسیری وشەیی و چلۆنایەتی داوە و کەسیش هەرگیز ئەم پرسە ئەرستۆییەی نەخستۆتە ژێر گومانەوە.

بێگومان چەمکی جوڵە پانتاییەکی باش لە فیزیکی ئەرستۆیی داگیردەکات، لای ئەرستۆ دو جۆرە جوڵە لە سروشتدا هەیە، جوڵەی سروشتی و جولەی هێز – ئامێز ( یاخود هەندێک بە جوڵەی توندوتیژ ناوی دەبەن). جوڵەی سروشت ئەو جوڵانە دەگرێتەوە کە تەنەکان مەیلی جوڵەیان هەیە بە ئاڕاستەی پێگەی سروشتی خۆیان و دەخوازن هەمیشە بگەڕێنەوە مەوقعی ئەسڵی خۆیان، نمونەی ئەم جۆرە جوڵانە بریتیە لەوەی کاتێک بەردێک بە ئاڕاستەی ئاسمان هەڵدەدەین، دوای زەمەنێک بەردەکە دەگەڕیتەوە پێگەی ڕەسەنی خۆی، کە ئەمیش بە تەبیعەت چەقی گەردون دەگرێتەوە، بەڵام چونکە چەقی گەردون عەردە، ئەوا بەردەکە بە ئاڕاستەی چەقی عەرد دەجوڵێت. هەرچی جوڵەی هێز – ئامێزە، بریتیە لە جوڵەی بەردەکە بە ئاڕاستەی ئاسمان، ئەمەش بۆیە دەگوترێت جولەی هێز – ئامێز، چونکە هێزێکمان بەکارهێناوە بۆ هەڵدانی بەردەکە.

گالیلۆ هێشتا تەمەنی هەژدە ساڵان بو کە توانی ئامێریک دروست بکات بۆ پێوانی ترپەی دڵ. داستانەکە بەمجۆرە بو، وەک دەڵێن کە گالیلۆ نیوەڕۆیەکی یەکشەممە لە کڵێسە دەبێت و لەگەڵ خەڵکەکە سەرقاڵی خوداپەرستی و خوێندنی قەسیدەکانی ئنجیل بو، پاشان کاتێک قەشە دەکەوێتە خوتبەدان، دوای چەند سەعاتێک گالیلۆ تەواو بێزار دەبێت و خەیاڵی بۆ دنیایەکی تر دەفڕێت. گالیلۆ لەناکاو قولاپی چاوەکانی لە لامپایەک(چلچرایەک) دەچەقێت کە بە وایەرێکی درێژەوە بە سەقفی کڵێسەکەوە هەڵواسراوە. لامپاکە، وەک جۆلانە دێت و دەچێت و یاری دەکات. گالیلۆ وەها غەرقی خەیاڵ و بیرکردنەوە دەبێت لە هەمبەر ئەم لامپایەدا، چونکە کاتێک ورد دەبێتەوە و سەرنجدەادت دەبینێت کە ئەو کەوانەیەی لامپەکە بە لای ڕاستدا یان چەپدا دروستی دەکات، گرنگ نیە چەند پانە، چونکە ئەو زەمەنەی دەیخاێنێت بۆ تەواوکردنی یەک دەور هەر هەمان زەمەنە و گۆڕانی بەسەردا نایەت. گالیلۆ بە پەلە گەڕایەوە بۆ ماڵەوە و کەوتە تاقیکردنەوە. بۆ ئەم مەبەستە هات و لە قوڕقوشم پەندۆڵێکی دروستکرد و کردی بە پەتێکەوە و هەڵیواسی و کەوتە کارکردن لەسەر ئەم دیاردەیە. بە هەمان شێوەی کڵێسە، کەوتە یاریکردن بە پەندۆڵەکە وەک جۆڵانە دەهات و دەچو. پاشان کەوتە گۆڕینی بارستایی پەندۆڵە و گۆڕینی درێژی پەتەکە و چەندین جار ئەم تاقیکردنەوەیەی دوبارەکردەوە. بێگومان ئەو کاتە چونکە سەعات بونی نەبوە، گالیلۆ ترپەی دڵی خۆی وەک سەعات بەکارهێنا بۆ ئەوەی بزانێت کاتی تەواوکردنی یەک دەورە چەند دەخایەنێت. ئەم تاقیکردنەوە، جگە لەوەی دەبێت بە هۆی دروستبونی تێگەیشتنی چەمکی جوڵە لای گالیلۆ ، لە هەمان کاتدا توانی ئامێرێکی پزیشکی نایاب دروستبکات، چونکە گالیلۆ وەها بیریکردەوە کە ئەگەر ترپەی دڵ بەکار بهێنێرێت بۆ پێوانی زەمەنی ئەم چلچرایە، ئەوا پێچەوانەکەشی هەر دەبێت ڕاست بێت، چونکە دەتوانرێت ئامێرێک بنیات بنرێت بۆ پێوانی ترپەی دڵ. ئەم ئامێرە بە پەڵسیلۆگیۆم pulsilogium ناسراوە، بۆ مەبەستی پێوان و گرتنی ترپەی لێدانی دڵی نەخۆش بو. کاتێک ئامێرەکەی دروستکرد، بردی بۆ لای چەند پسپۆڕێک لە بەشی پزیشکی زانکۆ، ئەمانیش زۆر بە دڵیان بو و ئایدیاکەیان قۆزتەوە. دوای ماوەیەک ئامێرەکە لە ناکاو چوە بازاڕاوە و لە زۆر بنکەی تەندروستی ئیتالیا بەکاردەهات. نە ناوی گالیلۆ هات و نە باسکرا، جگە لەوەی هیچ دەرامەتێکی لە بری ئەم داهێنانە وەرنەگرت. ئەمە بۆ گالیلۆ دەرسێکی بە نرخ بو بۆ ئەوەی چیتر توێژینەوە و داهێنانەکانی خۆی لای هەمو کەسێک ئاواڵە نەکات و لەمەودوا سڕقایم بێت.galileo1

لە ساڵی ١٥٨٣ دا، گالیلۆ بە ڕێکەوت و بەهۆی هاوڕێیەکەوە دەچێتە موحازەرەیەکی ماتماتیکی لەمەڕ جیۆمەتری ئەکلیدس. ئەم موحازەرەیە هی زانکۆ نەبو، بەڵکو لە لایەن ماتماتیکناسێکی پراکتیکی کۆشکی میری تۆسکانیەوە بو، کە ناوی ئۆستیلیۆ ڕیچی بو. ڕیچی بیرمەندێکی ڕەسەن و پێشکەوتوخواز بو، زاتێکی فرە خولیا و هەمە بەهرە بو، لە بوارەکانی ئەندازیاریی هایدرۆلیکی بەرگری سەربازی هەتا دەگاتە کۆسمۆلۆژی باڵادەست بو. لای وی ماتماتیک هونەرێکی مەنگ و تەنبەڵ نیە، بەڵکو پەنجەرەیەکە بۆ ڕوانین و وردبونەوە لە دونیا و گەردون، دەشێت پرینسیپە ماتماتیکیەکان زۆر چاک جێگای لۆژیکی ئەرستۆ بگرنەوە لە تەفسیرکردنی جوڵەی هەسارە و ئەستێرەکان، ڕیچی لەم کۆڕەدا ئیشارەیدا بەوەی کە بزوتنەوەی لەم جۆرە لە دەڤەری پادوا هاتۆتە ئاراوە. ئەم کۆڕە زۆر گرنگ بو، چونکە هەرچەندە ئەمە یەکەم تەماسی گالیلۆ بو لەگەڵ ماتماتیکدا، بەڵام کاریگەریەکی قوڵی لەسەر گالیلۆ دروستکرد، لۆژیک و جوانی ماتماتیک زۆر سەرنجی ڕاکێشان، هەستی کرد جیۆمەتری و بیرکردنەوەی ماتماتیکیانە ئەقڵ زیاتر لە هەقیقەت نزیک دەکەنەوە. گالیلۆ، هەرچەندە قوتابی پزیشکی بو، بەڵام لەو ڕۆژەوە ئیتر ئاراستەی خوێندنەکەی گۆڕی بۆ ماتماتیک و بە یارمەتی ڕیچی دەستیکرد بە توێژینەوە لە کتێبە بەناوبانگەکەی ئەکلیدس ” بنەماکان” و ئاشنایەتی پەیدا کرد لەگەڵ ماتماتیکناسانی یۆنانی، بیگومان لە سەرو هە هەمویانەوە ئەکلیدس و ئەرکەمیدس. دوای ئامادەبون لە چەند موحازەرەیکی ڕیچیدا و وروژاندنی چەند پرسێکی گرنگی ماتماتیکی و گەڕان و عەوداڵی لە دوی وەڵام، ڕیچی زو دەرکی بەوە کرد کە ئەم لاوە خاوەن ئەقڵێکی وردبین، دیدێکی بەرز و بلیمەتیەکی لە ئاسابەدەری ماتماتیکیانەیە، پاشان، چونکە هاوڕێی بابی گالیلۆش بو، هەر خۆی چوە لای ڤینچینسۆ و داوای لێکرد کە هەقە کوڕەکەی ڕوبکاتە خوێندنی ماتماتیک. بابی گالیلۆ، هەرچەندە خۆی ئاشنایەتیەکی باشی لەگەڵ ماتماتیکدا هەبو، بەلام سەرەتا سوربو لەسەر ئەوەی کە پێویستە کوڕەکەی یەکەمجار پزیشکی تەواو بکات، ئنجا با مـاتماتیک بخوێنێت. گالیلۆ ئەم فرمانەی بابی خۆی فەرامۆشکرد و بەردەوام بو لە خوێندنی ماتماتیک و فەلسەفە، هەتا لە ساڵی ١٥٨٥ دا زانکۆی جێهێشت، بە بێ ئەوەی بەکالۆریۆسەکەی تەواو بکات.

گالیلۆ، چونکە خۆی بە تەبیعەت بلیمەت و داهێنەر بو، پێویستی بەوە نەبو کە زانکۆ تەواو بکات، چونکە هەر زو لە دەرەوەی زانکۆ توانی بەهرەی پراکتیکی خۆی نمایش بکات.

لای گالیلۆ، ئەرکەمیدس بەرزترین پێگەی هەبو لە مێژوی ماتماتیکی یۆنانی کۆن و دونیای نوێدا، خۆ ئەگەر دو ماتماتیکناس لە هەمو زەمەنەکانی مێژوی بەشەریدا لوتکە بن، ئەوا بێ هیچ گومانێک دەبێت یەکێکیان ئەرکەمیدس بێت. لای گالیلۆ، ”هەتا مرۆ بە دەسەڵاتی ماتماتیکیانەی ئەرکەمیدس ئاشنا نەبێت، نازانێت کە ماتماتیکناسانی تر چەندە لە خوار ئەوەوەن.” ئەرکەمیدس لە ساڵی ٢٨٧ی پێشزایندا لە سیراکەس لەدایکبوە و بۆ خوێندن چوەتە ئەسکەندەرییە. لە زۆر بواری زانستدا ڕابەر و داهێنەر بوە. لە ڕوی تیۆری و پراکتیکەوە بلیمەت بو، لە ژمارەزانی و جیۆمەتریدا پسپۆڕ بو، لە ستاتیک و هایدرۆستاتیکدا باڵادەست بو، جگە لەوەی شانبەشانی ئودۆکسەس (٣٠٨ – ٣٥٥ ) پێشزاینی، هەوڵیداوە ڕوبەری بازنە بە وردی بدۆزێتەوە، ئەویش بەهۆی بەکارهێنانی میتۆدی هیلاکسازی کە سەرەتایەک بو بۆ دۆزینەوی کالکیۆلەس، کە دوای چواردە هەژدە سەدەی تر لەسەر دەستی نیوتن و لەیبنیز کەشفکرا. لای خوێندکاری کورد ئەرکەمیدس بەوە ناسراوە کە خاوەن بیردۆزی ئەرکەمیدسە، بیردۆزەکەش دەڵێت کە ئەگەر تەنێک بکەیتە ئاوێکەوە ئەوا ئەو تەنە هێندەی کێشەکەی خۆی ئاو لادەدات. بناوانی داستانی ئەم تیۆرە گەلێک سەرنجڕاکێشە، چونکە وەک دەڵێن ئەرکەمیدس زۆر تێکەڵ بە بنەماڵەی پادشا هیرۆی دوەم (٣٠٨ – ٢١٥) دەبێت، یاخود دور نیە خزم بن. هیرۆ ئاڵتونچیەک بانگ دەکاتە دیوەخان و داوای لێدەکات کە تاجێکی بۆ دروست بکات کە سەرتاپا ئاڵتونی پوخت بێت. کابرای زەرەنگەر دوای چەند ڕۆژێک تاجە ئاڵتونییەکە دێنیت و دەیخاتە بەردەم پادشا. کاتێک پادشا تاجەکە دەکاتە سەری، شک دەکات کە لەوانەیە تەنها لە ئاڵتونی پوخت دروست نەکرابێت، بەڵکو لەوە دەچێت کانزای تری ئاوێتە کردبێت و غەشی لێکردوە. پادشا کابرا ئیزن دەدات، پاشان دەنێرێت بە دوی ئەرکەمیدسدا و داستانەکەی بۆ دەگێڕێتەوە و داوای لێدەکات بە هەر هۆ و ڕێگایەک بوە دەبێت بزانێت کە ئایا ئەم زەڕەنگەرە غەشی کردوە یان نەء؟ ئایا کانزای تری تێکەڵ بە ئاڵتونەکە کردوە یان نەء؟ ئەرکەمیدس دەچێتەوە ماڵ و دەکەوێتە بیرکردنەوە، پاشان دەچێتە ناو بانوەکە بۆ خۆشتن، ئا لەم ساتەوەختەدا ئەرکەمیدس، وەک گەلێک بلیمەتی تری مێژو، شتێکی سەیر بە خەیاڵی و بەر چاوانیدا گوزەر دەکات. ئەرکەمیدس کاتێک دەچێتە بانوەکەوە، ئاو لە بانوەکەوە دێتە سەر و دەڕژێت. بەمجۆرە ئەو یاسا بە ناوبانگە دەدۆزێتەوە کە زیاد لە دو هەزار ساڵە قوتابی هێشتا دەیخوێنێت و هەر بە نەمری ماوەتەوە. ئەرکەمیدس هێندە دەخرۆشێت، تەواو بیری دەچێت کە هیچ پۆشاکی لەبەردا نیە، بە ڕوتی و پێخاوسی بە کۆڵانەکانی سیارەکسدا ڕادەکات و هاواردەکات، ”ئیروکا، ئیروکا”، واتە دۆزیمەوە، دۆزیمەوە. کاتێک یاساکەی بۆ پادشا شەرحدەکات، پادشا زەرەنگەرەکە بانگ دەکات و سزای دەدات.

ئەرکەمیدس هەمیشە سەرقاڵی بیرکردنەوە بوە، تەنانەت دەڵێن، کاتێک خواردنی بۆ دانراوە، بە چەندەها سەعات بیری چوە نان بخوات، چونکە هەر خەیاڵی لای حسابات ماتماتیکی بوە. لەسەر لمیش هەر خەریکی هێڵکێشان و بازنە و ژمارەکاری بوە. لە دوا ساڵەکانی ژیانیدا، کاتێک ڕۆمەکان لە ساڵی ٢١٢ ی پێشزاین هێرشدەکەنە سەر شاری سیراکەس، پادشای سیراکەس پێی دەڵێت بیر لە شتێک بکەرەوە بۆ تێکشکاندنی دوژمن، ئەرکەمیدس گەورەترین ئاوێنە دروستدەکات، کاتێک ڕۆمەکان لە بەندەری سیراکەس نزیک دەبنەوە، ئەرکەمیدس توانی بەهۆی پەرچدانەوەی تیشکی خۆرەوە گەورەترین پاپۆڕی جەنگی ڕۆمەکان بسوتێنێت، کاتێک خەڵکەکە ئەمە دەزانن، ئاهەنگی سەرکەوتن دەگێرن. بەڵام ڕۆمەکان کۆڵنادەن و دیسان دێنەوە، ئەمجارە، مارسیلەسی ڕۆمانی، سەرکردەی لەشکری ڕۆمەکان، فەرماندەدات کەس ئەرکەمیدس نەکوژێت. کاتێک لەشکری ڕۆمەکان دەگەنە کەنارەکانی سیراکەس، کەس نابینن، سەربازێک دەڕوات و لە دورەوە دەبینێت کە ئیختیارێک لەسەر لمەکە سەرقاڵی هێڵ و هێلکاریە، کاتێک سەربازەکە نزیک دەبێتەوە و دێتە پێشەوە، ئەرکەمیدسی ئیختیار هیچ خۆی سەخڵەت ناکات، هەتا سەربازەکە دەڵێت بۆ لەبەر من هەڵناسیت، نازانیت کێم؟ لە وەڵامدا، ئەرکەمیدس دەڵێت: ” ئەی تۆ نازانیت سەرقاڵی ماتماتیکم.” سەربازەکە خوێن دەیگرێت و بە بێ وەستان شیرەکەی دەردێنێت و لە ملی ئەرکەمیدسی دەوەشێنێت و هەر لەوێدا دەیکوژێت. کاتێک مارسیلەس دەگاتە سەر ڕوداوەکە و دەزانێت ئەرکەمیدسی کوشتوە، هەر لەوێدا بە دەستی خۆی سەربازەکە دەکوژێت. ماسیلەس بە کوشتنی ئەم بلیمەتە زۆر نارەحەت دەبێت و خۆی ڕودەکاتە ماڵی ئەرکەمیدس و داوای لێبوردن لە منداڵەکانی ئەرکەمیدس دەکات و فەرمان دەردەکات کە مەراسیمێکی مەزن ڕێکبخرێت بۆ پرسەی ئەرکەمیدس وەک شەهیدێکی شەرەف بنێژرێت و لەسەر گۆڕەکەی وێنەی سلیندەرێک و بازنەیەک لە ناویدا هەڵکەنرێت، ئەمەش وەک ڕێزێک لەم پیاوە بلیمەتە.

ئەرکەمیدس گەورەترین کاریگەری لەسەر گالیلۆ هەبوە، بە تایبەت لە داینەمیک و هایدرۆستاتیکدا، جگە لەوەی هەر لە ئەرکەمیدسەوە فێربو کە ماتماتیک و تاقیکردنەوە یەکبخات، ئەمەش لای گالیلۆ بنچینەی زانستی فیزیک بو، هەر بۆیەش ئەمە سەرەتایەکی گەورە بو بۆ لەدایکبونی فیزیکی هاوچەرخ.

دوای ماڵئاوایی لە زانکۆ، گالیلۆ لە شاری فلۆرەنس سییەنا کەوتە وانبێژی خسوسی لە ماتماتیکدا. یەکەم بابەتی زانستی لە ساڵی ١٥٨٦ دا نوسی، بابەتەکە بریتی بو لە بالانسی هایدرۆستاتیکی، کە بایەخ بە لایەنی تیۆری و پراکتیکی بابەتەکە دەدات. هەر لەم قۆناخەدا بو کە نامیلککەیەکی لەمەڕ بابەتی جوڵە نوسی و نزیکەی چوار ساڵ خەریکی بو، بەڵام بڵاوی نەکردەوە، ئەم بابەتە، واتە تیۆری جوڵە، سەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشی گالیلۆ بو لە دژی تێڕوانینی ئەرستۆییانە سەبارەت بە چەمکی جوڵە و داڕشتنی بناخەی فیزیکی نوێ بو. هەروەها لە کۆتایی ساڵی ١٥٨٧ دا بو کە توانی تێگەیشتنێکی پراکتیکیانە بدۆزێتەوە بۆ دیاریکردنی چەقی کێشکردنی هەندێک لە تەنە رەقەکان، ئەمەش دیسانەوە بۆ خۆی هەنگاوێکی تری نوێ بو لە ئەقڵی داهێنەرانەی گالیلۆ. ئەم دۆزینەوەیەی گالیلۆ ئەوەندە بەهێز بو و سەرنجی پسپۆڕانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا. تەنانەت هەر بەهۆی ئەم داهێنانەوە بون کە لە ساڵی داوای پێشکەشکرد بۆ پۆستێکی پرۆفیسۆری ماتماتیک لە زانکۆی بۆڵۆنا Bologna . هەرچەندە گالیلۆ بۆ ئیشەکە وەرنەگیرا، بەڵام کارەکانی سەرنجی مارکیز گیودۆبالدۆ دێڵ مۆنتی بۆ لای خۆی ڕاکێشا کە نوسەری کتێبێکی گرنگ بو لەمەڕ داینەمیک. گیودۆباڵدۆ، هەتا ساڵی مردنی لە ١٦٠٧، وەک سپۆنسەر و هاوڕێیەکی نزیکی گالیلۆ مایەوە.

هێدی هێدی ناوی گالیلۆ لە نیو خەڵکدا بڵاوبوەوە و لە نێوەندە ڕۆشنبیریەکان باس لە توانستی ماتماتیکیانەی ئەم لاوە تازە پگەێشتوە دەکرا. ئەمە جگە لەوەی وەک کەسێک کە ئالودەی شیعر و پەخشانە و بە زمانی ئیتالیش دەنوسێت. خۆ ئەگەر گالیلۆ لە زانستدا ناوی بە نەمری نەمایاتەوە، ئەوا وەک پەخشاننوسێکی گەورەی ئیتالی یاد دەکرایەوە و جێگای تایبەتی لە ئەدەبیاتی کلاسیکدا بۆ خۆی فەراهەم دەکرد. ئا لەم قۆناخەدا بو کە ئاکادیمیای فلۆرەنسا لە ساڵی ١٥٨٨ دا داوەتی کرد کە بابەتیک لەمەر ”کۆمیدیای ئیلاهی” دانتێ پێشکەش بکات، بە تایبەت سەبارەت بە قەبارە و مەوقیعی ئەو جەهەنەمەی دانتێ باسی لێوە دەکات. دانتی کاتێک وەسفی جەهەنەم دەکات، بە پێی زانستی ئەو سەردەمە جێگەی جەهەنەم تەفسیر دەکات. لە سەدەی شازدەدا، ئەم بابەتی چەمکی جێگەی جەهەنەمە بابەتێکی گەرموگۆرری مشتومڕ بو لە نێوەندە ڕۆشنبیری و فکرییەکاندا. لە تەفسیری تێکستەکانی دانتیدا سەبارە بە شوێنی جەهەنەم دو بیروڕای دژ بەیەکتر لەو سەردەمەدا لەدایکبوبو. چەمکی ماتماتیکی و چەمکی جوگرافی. لێکدانەوەکەی گالیلۆ بۆ ئەم پرسە پشگیری لە چەمکی ماتماتیکی دەکرد. باسەکەکەی گالیلۆ ئینتیباعێکی نایابی لە زەینی خەڵکدا دروستکرد و تەنانەت سەرۆکی ئەکادیمیاکە بە تەفسیرەکەی گالیلۆ قایل بو، بە جۆریک لە دواییدا دو جاران یارمەتیدا کە ببێتە پرۆفیسۆری ماتماتیکی، یەکەمجار لە پیزا ، هەر هەمان زانکۆ کە لەوەبەر رەفزیکرد پۆستی ئوستاد بداتە گالیلۆ و ئێستا کۆنتراکتی سێ ساڵی وەرگرتوە و پاشانیش لە زانکۆی پادوا دامەزرا و بوە پرۆفیسۆری ماتماتیک.

بەمجۆرە لە ساڵی ١٥٨٩ دا پۆستی پرۆفیسۆری ماتماتیک لە زانکۆی پیزا بەخشرا بە گالیلۆ. موچەکەی هەتا بڵێی کەم بو، ساڵانە ٦٠ لیرە بو، ئەمە لە کاتێکدا ئوستادی فەلسەفە ٤٠٠ لیرەی وەردەگرت و پزیشکیش ٢٠٠٠ لیرەی وەردرگرت. بەڵام ناوبانگێکی وەهای بۆ گالیلۆ پەیداکرد کە ئامادەباشی بۆ دروست بکات بۆ ئەوەی لە زانکۆی پادوا دامەزرێت. لە زانکۆی پیزا ئاشنایەتی لەگەڵ گەلێک پسپۆڕ و پرۆفیسۆردا پەیداکرد، بۆ نمونە جاکوپ ماتسۆنی، کە ئوستادی فەلسەفە بو، هەمیشە لەگەڵ گالیلۆدا مشتومڕیان بو. ماتسۆنی، بە پێچەوانەی زۆربەی هەرە زۆری فەیلەسوفانی ترەوە، زۆر بە سەخاوەت و لێبوردەییەوە ئامادەبو گوێ بگرێت لە بیروڕاکانی گالیلۆ، سەرباری ئەوەی سەبارەت بە پرسە ئەرستۆییەکان کۆک نەبون. ماتسۆنی هەتا زەمەنێکی زۆریش وەک هاوڕێیەکی نزیکی گالیلۆ مایەوە. لەم زانکۆیەدا ئەو بایەخەی بە ماتماتیک دەدرا زۆر کەمتربو لەوەی بە پزیشکی دەدرا. زانکۆ ناوەندێکی گەرم بو بۆ مشومڕ و گفتوگۆی فەلسەفییانە، هەر لێرە گالیلۆ ئەو ئینتیباعەی دروستکرد لای پسپۆران کە ناکۆکە لەگەڵ فەلسەفەی سروشتی، بە تایبەت فیزیکی ئەرستۆ. گرفتی ئەم مامۆستایانە ئەوە بو کە گالیلۆ جگە لەوەی خۆی یاخیگەرێکی کەلە ڕەقە لە هەمبەر چەمکە ئەرستۆییەکاندا، قوتابیەکانیشی هاندەدا کە هەمان هەلوێستیان هەبێت، بۆیەش زۆر ئالودەی نەبون و هەستیان بە نائارامی دەکرد لەگەڵی. بەڵام توانی لە بواری ماتماتیکدا سەرنجی مامۆستایەکی کارامەی ماتماتیک بۆ لای خۆی ڕابکێشێت کە ناوی لوکا ڤالیری بو، ئەم ماتماتیکناسە خۆی لە ڕۆما پرۆفیسۆر بو.

پێدەچێت لەم سێ ساڵەی زانکۆی پیزادا بوبێت کە گالیلۆ تاقیکردنەوەکانی بورجی پیزای ئەنجامدابێت، ئەوەی بە کەوتنەخوارەی تەنەکان مەنشورە. ئەمە ئەگەر بە ڕاستی ئەم تاقیکردنەوانە وەک شتێکی پراکتیکی کرابێت، چونکە زۆربەی زانایان کۆکن لەسەر ئەوەی گالیلۆ بەم تاقیکردنەوانە هەلنەساوە، بەڵکو کتومت زادەی تیۆری ئەقڵی گالیلۆ خۆین، هۆی ئەم گوتەیەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی چونکە گوایە یەکەم ژیننوسی گالیلۆ، ڤینچینسۆ ڤیڤیانی لاو، کاتێک بەر لە مردنی گالیلۆ، ئەم قسانەی گالیلۆی تۆمارکردوە. بە گوێرەی داستانی ڤیڤیانی، ئەم تاقیکردنەوانە بە حزوری گالیلۆ، قوتابیەکانی و هەندێک لە ئوستادان ئەنجامدراون.

لەم تاقیکردنەوانەدا گالیلۆ ویستی بیسەلمێنێت کە چەمکی ئەرستۆیی سەبارەت بە تیوری میکانیکی فیزیکی کەوتنەخوارەوەی تەنەکان تەواو هەڵەیە. پرینسی ئەرستۆ دەڵێت ئەگەر دو تەن لە ئاسمان و لە هەمان نوقتەی بەرزییەوە بکەونە خوارەوە، ئەوا ئەو تەنەیان کە بارستەکەی گەورەترە زوتر بە عەرددا دەدات وەک لە تەنی دوەم کە بارستاییەکەی بچوکترە. بە واتایەکی تر خێراییەکەی ڕاستەوانە دەگۆڕێت لەگەڵ بارستایەکەیدا. ڕاستە، ئەگەر بە ڕوکەش سەیری ئەم پرینسیپەی ئەرستۆ بکەین، ئەوا لۆژیکانە وەک شتێکی ڕاست دێتە بەرچاو. ئەم چەمکە ئەرستۆییە وەک هەقیقەت و بەدیهیەکی ئەبەدی لە زانکۆکاندا دەگوترایەوە.

گالیلۆ توانستی نەبو دیاردەکان وەک هەقیقەت ئەزم بکات تەنها لەبەر ئەوەی لەسەر کاخەز وەها نوسراون، یاخود تەنها لەبەر ئەوەی ئەرستۆ وەها دەڵێت. گالیلۆ لە هەمبەر هەقیقەتدا بۆچونێکی تاقیگەرایی هەبو، ئیمانی بە هەقیقەت هەبو ئەگەر بە تاقیکردنەوە ڕاست بێت و تاقیکردنەوەش تەنها ڕێچکەیە بۆ گەیشتن بە هەقیقەتی ڕەها. لای گالیلۆ، بۆ سەلماندنی ئەم تیۆرییە، ئەوا تاقیکردنەوە سەنگی مەحەکە و باشترین پێوەرە بۆ ڕاست و دروستی چەمکە ئەرستۆییەکە.

کاتێک گالیلۆ چوە سەرەوەی بورجی پیزا بۆ ئەوەی تەنەکان فڕیبداتە خوارەوە و بە مەبەستی سەلماندنی ئەوەی کە قورس و سوک پێکەوە و بە هەمان خێرایی و لە هەمان کاتدا بە عەرددا دەدەن. قوتابیەکان و هەندێک لە مامۆستایانی زانکۆی پیزا لە خوارەوە کۆبونەوە بۆ سەیرکردن و تێبینیکردنی تاقیکردنەوەکە. گالیلۆ لە سەرەوە دو تەنی لە هەمان ساتەوەختدا بەردایەوە، کە هەردوکیان لە هەمان پێکهاتە دروستکرابون، بەلام لە بارستاییدا جودابون، واتە یەکێکیان قورس و یەکێکیان سوک بو. دو تەنەکە هەردوک پێکەوە لە عەردیان دا.

دەشێت ئەم داستانە تەواو ڕاست نەبێت، یاخود بەوجۆرە نەبێت، چونکە وەک ئیشارەمان پێدا چیرۆکەکە لە دەمی ڤیڤیانیەوە هاتوە، کە یەکەم بایۆگرافەری گالیلۆیە. جگە لەوەی گالیلۆ لە هیچ یەک لە نوسینە بەراییەکانی خۆی نە ئیشارەی بە تایقیکردنەوەکە داوە و نە باسیکردوە، بەڵام کە نامیلکەی ”جوڵە” دا گالیلۆ هیمادەکات بەوەی کە گەیشتۆتە ئەو دەرەنجامەی کە دو تەنی هەمان پێکهاتە، ئەگەر بەرهەڵستی هەوا پشگوێ بخرێت، ئەوا پێویستە بە هەمان زەمەن و هەمان دوری لە عەرد بدەن.

ئەوەی شایانی باسە و جێگای متمانەیە ئەوەیە کە ماتماتیکناسی هۆڵەندی سایمۆن ستیڤنەس Simon Stevinus (١٥٤٨ – ١٦٢٠) ئەم تاقیکردنەوەیەی ئەنجامداوە و پاشانیش بە هەمان شێوە لە ساڵی ١٥٨٥ دا جی.بی. بێنێدیتی G. B. Benedetti کتێبێکی چاپکرد کە تێیدا ئیشارە بە هەمان شێوە دەرەنجامی گالیلۆ دەدات.

بەلام ئنسان دەتوانێت بە دڵنیاییەوە ئەو هەقیقەتە بڵێت کە گالیلۆ بلیمەتێک بوە توانستی ئەوەی هەبوە کە لە ئەقڵی خۆیدا تاقیکردنەوە ئەنجام بدات، هەنگاو بە هەنگاو، بە تەرزێکی لۆژیکیانە ئەنجام بەدەست بهێنێت. تاقیکردنەوەی ئەقڵی وەک میتۆدێکی کاری زانستی بەر لە گالیلۆ بەکارهاتوە، ئێستاش دیاردەیەکی بلاوە و بە تاقیکردنەوەی فکر ناسراوە.

نامییلکەی ”جوڵە” ی گالیلۆ بە سەرەتای هەنگاونانی گالیلۆ بۆ خستنەگەڕی میتۆدی زانستی و ماڵئاوایی لە فەلسەفەی تەقلیدی دادەنرێت.

لە ساڵی ١٥٩١ دا ڤینچینسۆ، بابی گالیلۆ مرد، بەمەش گالیلۆ بوە گەورەی خێزان. ئەم کارەساتە کاریگەری زۆری هەبو لەسەر ژیانی گالیلۆ، چونکە، جگە لە کۆستی باوکێتی، قەردێکی زۆریشی بۆ خۆی و براکەی، مایکلئەنجلۆ، بەجێهێشت. بەر لە مردنی، کاتێک خوشکەکەیان، ڤیرجینیا، شودەکات، بابی وەعدی سامانێکی باش بە مێردی ڤیرجینا دەدات. چونکە ئەوە عادەت بو لەو ڕۆژەدا سەرباری ئەوەی کە کیژان توانای دابینکردنی ژیانێکی سەربەخۆیان نەبو، نەیاندەتوانی لە دەرەوەی ماڵە باب کاربکەن، لە هەمان کاتدا هەروا ئاسان نەبو شویەکی پڕ ئاسودە بکەن، هەر بۆیەش ماڵە باب پیویست بو کە سەروەتیکی تێروتەسەڵ بۆ مێردی تازە فەراهەم بکەن. بەمجۆرە دوای مردنی باوکیان، گالیلۆ و براکەی پێویست بو ئەم سەروەت و سامانە کە شێوە قەردێک بو بدەنەوە. گالێلۆ ئەرکی سەرشانی تەواو گرانتر بو، چونکە براکەی، واتە مایکلئەنجلۆ، لە بری یارمەتی و هاوبەشیکردن لە دانەوەی ئەم قەردەدا، هەمیشە و هەتا کۆتایی ژیانی داوای یارمەتی دارایی لە گالیلۆ دەکات. سەرباری ئەمەش پێویست بو لەسەری کە بژێوی دایک و خوشکەکانی دابین بکات. گالیلۆ کەوتە گەڕان لە دوی پۆستێک کە پێویست بو موچەکەی زۆر لەم پۆستەی ئێستای باشتر بێت.

بە مەبەستی گەڕان و عەوداڵی لە دوی پۆست و موچەیەکی باشتر گاڵیلۆ قەراریدا سەفەریک بکات بۆ کۆماری ڤێنیس، بە تایبەت چاوی چوبوە سەر پۆستێکی پرۆفیسۆری ماتماتیک لە زانکۆی پادوا، لەوێ گەلێک لە خەڵکان و نەجیبزادەکانی بینی و توانی ئنتباعێکی جوان و دانسقە لە لایان دروست بکات و دوای گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی دەڤەرەکە ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ پێشکەشکردنی پسپۆڕی خۆی بۆ خزمەتی کۆماری ڤێنیس. لە سەرەتای ساڵی ١٥٩٢ دا میری گەورەی تۆسکانی مۆڵەتی پی بەخشی کە دەتوانێت پیزا جێبهێڵێت. بەمجۆرە بارگەی لێپێچایەوە و خۆی ئامادەکرد کە هیجرەبکات بۆ ڤێنیس.




نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
sherkodylan

گالیلۆ: یەکەم زانای مۆدێرن Reviewed by Unknown on 11:47:00 م Rating: 5

ليست هناك تعليقات:

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.