Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

یەکەمین بەشى تەکنیکى ئۆتۆمبێل لە کوردستان کرایەوە

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: زانکۆکان دەبێت کارامەیى پێشکەش بەخوێندکاران بکەن و، خوێندکاران بۆ بازار و گۆڕانکارییەکانى داهاتو ئامادە بکەن.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەمیانەى پێشکەشکردنى وتەیەکى هات، دوێنێ  چوارشەممە، ڕێکەوتى (١١/١/٢٠١٧) لە مەراسیمى کردنەوەى بەشى (تەکنیکى ئۆتۆمبێل) لە پەیمانگەى تەکنەلۆجى هەولێر پێشکەشى کرد.

لەو مەراسیمەدا، کە ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆ حکومى و تایبەتەکان و پارێزگارى هەولێر و، نوێنەرى باڵێوزخانەى ئەمریکا لە هەرێمى کوردستان و، ڕێکخراوى ئایرێکس و، ژمارەیەک لە مامۆستایان و خوێندکاران چەند وتەیەک پێشکەش کرا.

د.کاوە شێروانى سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر لە وتەیکدا، دواى بەخێرهێنانى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، میوانان، بەگرنگیەوە باسى لە بەشى تەکنیکى ئۆتۆمبێل لە زانکۆکەیان کرد و وتى: ئەم بەشە لەسەر ئاستى کوردستان بۆ یەکەمین جارە دەکرێتەوە، وتیشى لە کردنەوەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و کونسڵگەرى ئەمریکا و، ڕێکخراوى ئایرێکس و ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانى بوارى ئۆتۆمبێل هاریکار بون، بۆ ئەوەش سوپاسى سەرجەم ئەو لایەنانەى کرد.

لە بەشێکى دیکەى مەراسیمەکەدا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتەیەکى پێشکەشکرد، لە وتەکەیدا د.یوسف گۆران وتى: خۆشحاڵم ئەمڕۆ لە بۆنەیەکى زانستى گرنگ ئامادە دەبم، هەر لە وتەکەیدا باسى لە دیدگاى وەزارەت بۆ داهاتو کرد و ڕایگەیاند: ئێمە لە وەزارەت خۆمان بۆ گۆڕانکارییەکان ئامادە دەکەین، هەروەک دەبێ زانکۆکان خۆیان لەگەڵ گۆڕانکارییەکانى جیهان بگونجێنن و، کارامەیى پێشکەش بەخوێندکاران بکەن و، خوێندکاران بۆ بازار و گۆڕانکارییەکانى داهاتو ئامادە بکەن.

سەبارەت بەگرنگى کردنەوەى بەشى (تەکنیکى ئۆتۆمبێل) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: تەکنەلۆژیاى ئۆتۆمبێل بەشێوەیەکى خێرا لە گەشەى بەردەوامدایە، ئەوانەى ئەمڕۆ لە بازارى کارى کوردستان کاردەکەن ناتوانن لەگەڵ ئەو گەشەکردنە بەردەوامەدا بن، بۆیە کردنەوەى بەشى تەکنیکى ئۆتۆمبێل و خوێندنى لایەنى تەکنیکى ئۆتۆمبێل دەسکەوتێکى گرنگە بۆ ئەمڕۆى هەرێمى کوردستان، چونکە لە ئێستادا زیاتر لە یەک ملیۆن ئۆتۆمبێل لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان هەیە، ئەم بەشەش دەبێتە بنەمایەکى گرنگ بۆ دروستکردنى توێژێکى کارا، کە ڕۆڵیان دەبێت لە پاراستنى بارى ئابورى هەرێمى کوردستان و، ڕێگردەبێت لە بەهەدەردان و چونە دەرەوەى سامانى میللەتەکەمان بۆ دەرەوەى وڵات.

د.یوسف گۆران ڕاشیگەیاند کردنەوەى ئەم بەشە هاریکار دەبێت بۆ ڕەخساندنى دەرفەتى کار بۆ گەنجانى وڵات، چونکە وەک ئەوەى لە دنیا هەیە حکومەتەکان بەرەو بچوکبونەوە دەچن، چونکە بوارەکان ئەوەندە زۆر بون، حکومەتەکانى دنیا ناتوانن بپرژێنە سەر هەمو بوارەکان، لەبەرئەوە ئێستا کەرتى تایبەت ڕۆڵى کارا لە بەڕێوەبردنى وڵاتانى دنیا دەبینن، هیچ سیستمێکى حکومڕانى ناتوانێ سەرجەم خزمەتگوزارییەک پێشکەش بەهاوڵاتیەکانى بکات، لەو چوارچێوەیەشدا حکومەتى هەرێمى کوردستان بایەخ بەوە دەدات کە زیاتر کۆمەڵگە پشت بەخۆى و کەرتى تایبەت ببەستێت و، لە ڕێگەى کەرتى تایبەتەوە دەرفەتى کار بۆ گەنجان بڕخسێ، ئەوەش تەنها ڕەهەندێکى ئابورى نیە، بەڵکو ڕەهەندێکى سیاسیشى هەیە، چونکە هەر کۆمەڵگەیەک پشتى بەئابورى کۆمەڵگەو هاوڵاتیانى خۆى بەست ئەوە دیموکراسى زیاتر تێدا بەرقەرار دەبێت و سەقامگیریشى زیاتر دەبێت و، دەبێتە خاوەن ئابورییەکى پتەویش.

لە بەشى کۆتایى وتارەکەشیدا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى داواى لە کۆمپانیاکانى بوارى ئۆتۆمبێل کرد پەیوەندى بەهێز لەگەڵ بەشى تەکنیکى ئۆتۆمبێل لە پەیمانگەى تەکنەلۆجى هەولێر دروست بکەن، چونکە دواتر دەتوانن سود لە دەرچوەکانیان وەربگرن بۆ ڕاپەڕاندنى کارەکانیان بەشێوەیەکى پراکتیکى و ئەکادیمى.

هەر لەو مەراسیمەدا چەند وتارێکى دیکە پێشکەشکرا، دوابەدواى پێشکەشکردنى وتارەکانیش، بەشى تەکنیکى ئۆتۆمبێل لەلایەن د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، د.کاوە شێروانى سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر و، خاتو لۆرا مەیسن سەرپەرشتیارى ڕێکخراوى ئایرێکس لە هەولێر کرایەوە، دواى بەسەرکردنەوەى بەشەکانى بەشى تەکنیکى ئۆتۆمبێل، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەستخۆشى لە مامۆستایان و خوێندکاران کرد و، هیواى خواست ببنە کادرێکى لێهاتو بۆ داهاتوى کۆمەڵگەکەمان.



نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
user post

یەکەمین بەشى تەکنیکى ئۆتۆمبێل لە کوردستان کرایەوە Reviewed by Unknown on 4:54:00 م Rating: 5

ليست هناك تعليقات:

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.