Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

مارف خەزنەدار ،ئەكادیمییەكی هەڵكەوتوو

1226102016_mariff

نووسسنی: پ .د .زاهیر لەتیف كەریم

كاتێك خوێندكاری كۆلێژی ئەدەبیاتی زانكۆی بەغدا بووم لەبەشی زمانی عەرەبی،لەنزیكەوە زۆر حەزم دەكرد كەسایەتییە ئەكادیمیە كوردەكان،بەنموونەی پرۆفیسۆران عیزەددین موستەفا ڕەسوڵ ومارف خەزنەدار،بناسم.
گەورەیی ولێبووردەیی ئەم بەڕێزانە خەونەكەمی جێبەجێ كرد وبوومە هاوڕێیەكی ئەم بەڕێزانە وزیاتریش.بەو پێیەی ئەم دوو ئەكادیمییە ئاست بەرزەی كورد لەبنەڕەتدا دەرچووی زمانی عەرەبی بوون  ئەوا منێكی تازە پێگەیشتوو سوودێكی زۆرم لێ بینین.
لەساڵی 1985،دوای ئەوەی بڕوانامەی دكتۆرام بەدەست هێنا،بۆ جارێكی تر ولەزانكۆی سەڵاحەددین لەهەولێر ئاشنایەتیم لەگەڵ جەنابی خەزنەدار دا نوێ بووەوە.لەماوەی ئەو دەساڵەی مانەوەم لەزانكۆ وهەولێر زۆربەی كاتم لەگەڵ ئەم بەرێزەدا بردۆتە سەر . بەدرێژایی ئەو ماوەیە ئەم تێبینی وسەرنجانەی خوارەوەم لەسەر ئەم بیرمەند وڕۆشنبیر وئەكادیمییە لا دروست بوو:
یەكەم _لە ڕووی زانستە ئەدەبی وفەرهەنگی ومەعریفی وسیاسی وسۆسیۆڵۆژی وئاركۆڵۆژییەكانەوە خاوەن توانا وبەهرە وسەلیقە وفرە زیرەكییەكی نموونەیی بوو.
بۆ هەر بابەتێك بەچڕی وبەزانیارییەكی پڕۆفیشناڵییەوە دەستی دەكرد بەگفتوگۆ .خوێندنەوەی بۆ مەسەلە وپرسیارەكان شارەزایانە بوو .خودی خۆم،لەو زەمەن وكاتەدا كە لەڕووی تەكنەلۆژیا وسەرچاوەوە وەك ئێستا نەبوو ،گەر پێویستم بەزانیارییەك بویایە ئەوا ڕاستەوخۆ پەنام بۆ جەنابی دكتۆر عیزەددین وخەزنەدار دەبرد . ڕاستە بەفەرمی خوێندكاری ئەم دوو بەڕێزە نەبووم بەڵام هەمیشەی كات خۆم بەخوێندكاریان زانیوە .دەوڵەمەندی كتێبخانەكەی خەزنەدار بێ وێنە بوو. كتێب وسەرچاوەكانی بەمەبەستی ڕازانەوە نەبوو بەڵكو هەموویانی بەتێر وتەسەل خوێندبۆوە.ووتنەوەی بابەتە زانستی وسیمینارەكانی چێژێكی تایبەتی هەبوو .هۆڵی خوێندن و وانە ووتنەوەی پێچەوانەی هەرە زۆری مامۆستایان بوو.

وەك مامۆستایەكی ڕەسەنی زانكۆ مامەڵەی لەگەڵ خوێندكار وبابەتەكانیدا دەكرد .گوێگران ودانیشتووان زۆر بەڕێز وشەوقەوە ئامادە دەبوون.تەنانەت،وەك نەریتێكی هەمیشەیی،هیچ كات لەسەرەتای وانە ووتنەوەدا ناوی خۆێندكارانی نەدەخوێندەوە لەگەڵ ئەوەشدا خوێندكاران بەبێ دواكەوتن ئامادە دەبوون.
ئەمەش بێگومان لەلایەكەوە دەگەڕایەوە بۆ پڕی زانست وزانیارییەكان،لەلایەكی تریشەوە بۆ هێزی كەسێتی سایكۆڵۆژی وسۆسیۆڵۆژی مامۆستا.
دووهەم _ هەستی نیشتمانی ونەتەوایەتی لەئاستێكی بەرزدا دەبینرا. هەمیشە دەیگوت ” خۆزگایە دەسەڵاتی ئەوەم دەبوو مەڵبەندێكی ئەكادیمی نیشتمانی سەربەخۆم دادەمەزراند ودەمانكردە جێگەی ئارگیومێنتی فیكر وزانست وئایدیا وئەدەب “.
گەرچی حەزی بەدەرخستن نەبوو بەڵام هەندێك جار مەسەلە گرنگ وپیرۆزەكان ناچاریان دەكرد دەمامكەكەی داماڵێت.لەكیمیابارانەكەدا  سەردانی ماڵی مامۆستام كرد . دیار نەبوو . خێزانەكەی فەرمووی ” ئەمڕۆ دكتۆر زۆر بێ تاقەتە وهەر لەبەیانیەوە وبێ نان خواردن چۆتە كتێبخانەكەی ودەڵێت نامەوێت كەس ببینم “.
كە گوێی لەدەنگی من بوو فەرمووی وەرە خوارەوە ( واتە بۆ كتێبخانەكەی كەلەژێر زەمینەكەیدا بوو). كە بینیم،لەڕاستیدا، جەنابیان زۆر بێ تاقەت هاتنە بەرچاو .ووتم ئەم بێ تاقەتیە چییە ؟ فەرمووی” چۆن بێ تاقەت نابم ! لەلایەكەوە ئەنفال ولەلایەكی ترەوە كیمیاباران “. لەوێدا دڵی زۆر ناسك ببوەوە وبەئاشكرا چاوەكانی پڕببوون لەفرمێسك.
سێهەم _ سۆز ودڵسۆزی بەرامبەر كار وپیشە وئەوانی بەرامبەر. بەوپێیەی مامۆستا كەسێكی چاوچنۆك وخۆویست نەبوو ،ئەوا زۆر ڕێزی لەخۆیی وزانست وپیشەكەی وئەوانی بەرامبەر دەگرت.تا كۆتایی ژیانی لەنووسین وخوێندنەوە نەكەوت.زانكۆ وماڵەوەی كردبووە جێگەی دایەڵۆگ وئارگیومێنتەكان.
ئەوەی پێویستی بەمامۆستا ببوایە ئەوا وەك خۆبەخشێك یارمەتی دەدا،ماڵەكەی لەلایەكەوە قەلەندەرخانەیەك بوو بۆ هەمووان بەبێ جیاوازی ڕەنگ وجێگە وئایدیا، لەلایەكی ترەوە ببووە مەڵبەندێكی زانستی وەك ئەوەی بڵێت گەر خەونی دروستبوونی مەڵبەندێكی ئەكادیمی نیشتمانی سەربەخۆ نەهاتە دی ئەوا ماڵەوە هەمان ڕۆڵ دەبینێت.
ڕۆژانە مامۆستایان وخوێندكارێكی زۆر ڕوویان لەماڵەكەی دەكرد.لەلایەكەوە خێزانەكەی سەرقاڵی خزمەتكردن وئامادەكردنی خوانی نیوەڕۆ یان ئێوارە بوو،لەلایەكی تریشەوە مامۆستا لەیەك كاتدا خەریكی نووسین وخوێندنەوە ویارمەتی بەرامبەرەكان بوو . ڕۆژانە،ئەو توانا وهێزە بەردەوامە هەر لەخۆیان دەوەشایەوە وبێزارییان پێوە دیار نەبوو. من بەش بەحاڵی خۆم زۆر شەرم دایدەگرتم دەرهەق ئەو جۆرە مامەڵە ئەخلاقی وزانستی ومرۆڤایەتیانە.ئەم ڕێزلێگرتنەم  تەنها لەحاتەم بیستووە.
لە دۆخە سیاسیە ئاڵۆزەكاندا ،بەتایبەتی لەشەڕی برا كوژییەكەدا،ماڵەكەی ببووە جێگەی پەناهەندەكان.هەر لەو كاتانەدا ڕۆژێكیان ڕێم كەوتە ماڵی مامۆستا وچەند برادەرێكی سیاسی دیاریكراوی لێ بوو.وەك برا وگوڵ خزمەتی دەكردن.ووتم مامۆستا ماڵەكەت بووە بەماڵی ئەبو سوفیان.ئەویش یەكسەر ڕستەكەی تەواو كرد وفەرمووی ” من دخل بیت ال سفیان فهو امن “.مەبەستی ئەوە بوو ئەوەی دێتە ماڵم ئەوە لەلایەكەوە ماڵ ماڵی خۆیەتی،لەلایەكی تریشەوە بۆ كەس نیە ێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكات. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كەمامۆستا كەسێكی دڵسۆز وبەئەمەك وبوێر بوو .هیچ كات هەستم نەكردووە كەچاوبەرە وژێری پیاوانی دەسەڵات وڕژێم بوبێت.
چوارهەم _كەسێكی خۆنەویست وبەئەمەك بوو.بەوپێیەی مامۆستا كەسێكی داخراو نەبوو ،ئەوا لەهەمان كاتدا حەزی بەپلە وپایەی كارگێڕی نەدەكرد. لەجیاتی ئەمانە هانی خوێندكارانی دەدا بەرەو خوێندن وخوێندنەوە. تەنانەت یارمەتی خوێندكارە لێهاتوو وهەژارەكانیشی دەدا.
لەدوای ڕاپەڕین بەیارمەتی هەردوو بەڕێز دكتۆر جەمال نەبەز ودكتۆر حەسەنی حوسامی لەبەرلین ڕێكخراوێكی خێرخوازی بۆ یارمەتی زانكۆكانی كوردستان وخوێندكارە لێهاتووە هەژارەكان دروست كرد.
مامۆستا،لەپێناو سەرخستن وسەركەوتنی ڕێكخراوەكە داوای لە دكتۆر حەمە نوری عارف وبەندە كرد تا كارەكان وەك ئەوەی پێویستە هەڵسوڕێنین.دواتر داوامان لەبەڕێز دكتۆر كاوسی عەزیز بەگ كرد كەئەویش،وەك ئەندامێك،لەگەڵماندا كار بكات. كاری هەموومان خۆبەخشی بوو.ڕێكخراوەكە ماوەی چوار ساڵ بەشێوەیەكی زۆر جوان وشایستە كاری كرد.
دواتر لەناوخۆ هەرەسیان پێهێناین وكۆتایی بەكارەكان هات.لەو ماوەیەدا مامۆستا وسەرجەم ئەندامان نموونەی كار ودەست پاكی بوون.هیچ كات هەستمان نەدەكرد كەمامۆستا سەرۆكمانە بەڵكو هەموو كارەكانی ڕووبەڕوی ئێمە دەكردەوە.جگە لەمەش لەماڵی دكتۆر كەمال خۆشناو وبەئامادەبوونی بەڕێزان دكتۆر حەمە نوری ودكتۆر كاوس كۆبوونەوەیەكمان بەمەبەستی دروستبوونی كۆمەڵەی ئەكادیمیانی كوردستان ئەنجامدا.ڕاستە بیرۆكەكەی دەگەڕایەوە بۆ دكتۆر كەمال بەڵام هەموو حەزمان دەكرد یەكێكی وەك دكتۆر عیزەددین یان خەزنەدار سەرۆكایەتییەكە بگرێتە ئەستۆ بەڵام خەزنەدار داوای هەمووانی قبوڵ نەكرد ودواتر دكتۆر كەمال بووە سەرۆك.

بۆیە ئەوەی بەلای مامۆستاوە گرنگ نەبوبێت پلە وپۆست بوو .هەر لەبەر ئەمە وزانستەكەی بوو كەمنەتی بە ئەم وئەو نەبێت وئازادانە كارەكانی بكات.بەدرێژایی ئەو دەساڵەم لەناسینی مامۆستا،ڕۆژێك گوێبیستی ووشەیەكی ناشیرین وناشایستەی نەبووم.خاوەن نەفسێكی هەرە بەرز.تا دوا هەناسەی بەشدار بوو لەپڕۆسەی زانستدا .هەزار سڵاو لەگیانی پاكی ئەم بیرمەندە بەئەمەكە كەهەمیشە خۆیی وماڵ ومنداڵی لەخزمەت فەرهەنك وڕۆشنبیری كوردا بوون.



نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
didar othman

مارف خەزنەدار ،ئەكادیمییەكی هەڵكەوتوو Reviewed by Unknown on 12:22:00 ص Rating: 5

ليست هناك تعليقات: