خوێندنه‌وه‌یه‌كی كارتۆگرافییانهی كۆڵۆنیالیزم له كوردستاندا
كورده ده‌زانی له كوێ جێگره خزمانی تۆ
گوێ گره بۆتی بڵێم خێلانی تۆ
كێوی تۆرۆس و عومقی حه‌وزه‌ی ئه‌سكه‌نده‌روون
غه‌ریبه تا به‌حری ره‌ش سنووری مه‌یدانی تۆ
به‌حری ره‌ش و ئه‌رده‌هان ناوی ئاراسه بزان
حه‌ددی شیماله ئه‌مه بۆ كۆچ و جه‌ولانی تۆ
ئه‌لوه‌ن و گۆلی ورمێ تا سه‌ری ئاوی ئاراس
سنووری رۆژهه‌ڵاته حهبووكه و كێوانی تۆ
هه‌وراز و كێوی حه‌مرین، ژه‌نگار و رێی نووسهیبیین
سنووره بۆ جنووبی: باخچه‌ی و باغانی تۆ
له‌ناو ئه‌م سنووره‌دا دوانزه ویلایه‌ت هه‌یه
ده‌ڵێن دوانزه ملیۆنه نفووسیان نه‌نووسرا
ده‌گاته بیست ملیۆن گه‌ر بنووسرێ قه‌ومانی تۆ
عه‌بدولخاق ئه‌سیری
گۆڤاری (هاوار)، دیمه‌شق: 1932، ژ(11)، ل(14)
مێژووی په‌ره‌سه‌ندن و گۆڕانكارییه جۆراوجۆره‌كانی نه‌خشه‌ی جوگرافیای كوردستان كه له‌ناو ئه‌تله‌سه مێژوویی و نه‌خشه جوگرافییه‌كاندا ده‌بینین، بریتییه له مێژووی گۆرانكارییه‌كانی شێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كۆلۆنیالیستانه له‌سه‌ر خاكی كوردستاندا، شێوه‌یه‌كی دیكه، ده‌توانین بڵێین مێژووی كارتۆگرافییا و جوگرافیای كوردستان بریتییه له مێژووی داگیركه‌رانی كوردستان، توێژه‌ری كورد زۆر ئه‌سته‌مه بتوانێت لێكۆڵینه‌وه له‌باره‌ی مێژووی كوردستان وه‌ك وڵاتێكی داگیركراو ئه‌نجام بدات: به‌بێ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ڕه‌وانی كارتۆگرافیانه و جوگرافیانه له‌باره‌ی مێژووی ده‌سه‌ڵاته بێگانه جۆراوجۆره‌كان له‌سه‌ر خاكی كوردستاندا. ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ی خواره‌وه. ته‌نیا هه‌وڵدانێكی بچووك و سه‌ره‌تاییه له‌م بواره‌دا.
به‌شی یه‌كه‌م
له سه‌ره‌تای ئیسلامه‌وه تا شه‌ڕی چاڵدێران 1514
ئه‌گه‌ر چاوێك به نه‌خشه‌ی جوگرافیای سیاسیی رۆژهه‌ڵاتی نزیكدا بخشێنین، ده‌بینین له هیچ سه‌رده‌مێك له سه‌رده‌مه‌كانی پاش زایینی‌دا ته‌نانه‌ت تاكو سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌وایه‌تیی بنه‌ماڵه كورده‌كانی حهمدانیهكانیش (929 ـ 1004) كه به یه‌كێك له یه‌كه‌مین بنه‌ماڵه ورده خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رده‌می (سه‌ره‌تای ئیسلام) ده‌ژمێردرێن، نه‌ته‌وه‌ی كورد هه‌رگیز بواری ئه‌وه‌ی بۆ نه‌ڕه‌خساوه، كه وه‌كو نه‌ته‌وه‌یه‌كی باڵاده‌ست فه‌رمانڕه‌وایه‌تیه‌كی ئیداری و سیاسیی سه‌ربه‌خۆ به‌سه‌ر سه‌رتاسه‌ری نیشتمانه‌كه‌ی خۆیدا، واته به‌سه‌ر هه‌موو كوردستانی گه‌وره‌دا په‌یدا بكات و سنوورێكی سیاسی ـ جوگرافی، ئیداریی سه‌ربه‌خۆ بۆ ده‌وڵه‌تێك به ناوی (كوردستان) دابمه‌زرێنێ.
ئه‌و ئیمپراتۆریه‌ت و ده‌وڵه‌ته گه‌ورانه‌ی وه‌كو ئیمپراتۆریه‌تی (سوولكی)، (ئه‌شكانی) (ساسانی)، ( بێزه‌نتی) (مه‌كدۆنی) (رۆمانی)…هتد هه‌ریه‌كه و له قۆناغێكی مێژوویی‌دا به‌شێكی خاكی كوردستانیان له‌ژێر ده‌ستدا بووه، ئه‌گه‌رچی ئاگاشیان له بوونی ئه‌تنیكیی گه‌لی كورد هه‌بووبێ، به‌ڵام هه‌رگیز هیچ هه‌رێمێك و هیچ ئوستانێكیان له چوارچێوه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی خۆیاندا به (كوردستان) ناودێر نه‌كردووه. به‌م شێوه‌یه كوردستان هه‌میشه له چوارچێوه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌دا به‌شێك بووه و لكاوهته ئوستانێكی دیكه، بۆ نموونه: له سه‌ده كۆنه‌كاندا به ناوی (ئه‌رمینیا) یا (ئه‌رمه‌نستان) ناودێر كراوه.
نووسینه‌وه‌ی جوگرافیا و مێژووی گه‌لان له لای مێژوونووسه‌كانی سه‌رده‌مه كۆنه‌كان به‌پێی ره‌گه‌ز و زمان شتێكی باو نه‌بووه. مێژوونووسه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه كۆنانه، دینی مه‌سیحیه‌تیان كردبووه بنه‌مای نووسینه‌وه‌ی جوگرافی و مێژوو، وته و نووسراوه‌كانی خۆشیان به ناوه‌ڕۆكی پیرۆز (العقد القدیم و العقد الجدید) مووتروبه ده‌كرد. هه‌ر بۆیه‌ش ئێمه ئه‌مڕۆ زانیاریه‌كی ئه‌وتۆمان له‌باره‌ی مێژووی كۆنی نه‌ته‌وه‌كه‌مان له سه‌رده‌می پێش ئیسلامدا له به‌رده‌ستدا نییه. دوای سه‌رهه‌ڵدان و بڵاوبوونه‌وه‌ی دینی ئیسلام (له‌نێوان ساڵانی 600 ـ 700ی زاینی‌دا) مێژوونووسانی عه‌ره‌ب و موسڵمان، به هه‌مان شێوه، ئه‌وانیش نه‌ك رێبازی نه‌ته‌وه Nation، به‌ڵكو ڕێبازی دین (ئایینی ئیسلامیان) بۆ نووسینه‌وه‌ی ژیان مێژووی گه‌لان په‌یڕه‌و كردووه، هه‌موو موسڵمانان، به‌بێ جیاوازیكردنی زمان و ره‌گه‌ز به (ئوممه‌ت/ الامه) نێو نرابوون.
ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ كه هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك: كورد، فارس، عه‌ره‌ب، تورك… با زمان و ره‌گه‌زیشی جیاواز بێت، به‌ڵام بۆی نه‌بوو كه له سنوورێكی ئیداریی دابڕاودا خۆی له ئیمپراتۆریه‌ت و( ئوممه‌تی ئیسلام) جیا بكاته‌وه، یانیش ئه‌و ئیمپراتۆریه‌ته ئیسلامییه رێگای بداتێ كه كورستانێكی سه‌ربه‌خۆ بۆ خۆی دابمه‌زرێنێ. هه‌ر بۆیه‌ش ده‌بینین بۆ نموونه له سه‌رده‌می خه‌لافه‌تی عومه‌ردا ( 634ی زاینی) به‌شێكی فراوانی وڵاتی كوردنشین لكێنرابوو به هه‌رێمی ئازه‌ربایجان، به‌شه‌كه‌ی دیكه‌شی به ناوی ئیقلیمی (جه‌زیره) ناوێر كرابوو.
هه‌مان ئه‌م جۆره دابه‌شكردنه ئیداری ـ جوگرافییه‌ی كوردستان، له سه‌رده‌می ئه‌مه‌وییه‌كان (661 ـ 750) ته‌نانه‌ت تاكو كۆتایی سه‌رده‌می عه‌باسیه‌كانیش ( 750 ـ 1258) به دهسكارییهكی كه‌مه‌وه، هه‌روه‌كو خۆی مابۆوه ( 7)، واته له‌ژێر ناوی (ئازه‌ربایجان) و ( جه‌زیره) و ( عێراقی عه‌جه‌م) و (عێراقی عه‌ره‌ب) و ( جیبال)دا.
له ئاكامی ئه‌م نه‌بوونیه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی كورد و نه‌بوونی سنوورێكی سیاسیی كورد، ده‌بینین جوگرافیاناس و گهشتهوهرهكانی سه‌ره‌تای ئیسلام، باسی كورد و جوگرافیای نیشتمانی كوردیان له‌و سه‌رده‌مه‌دا نه‌كردووه، به‌ڵكو ته‌نیا له رێگای باسكردنی ( خێلات Khilat) ( زۆزان/ Zawzan)، ( جیبال ـ Djibal، ئهرمیینا، فارس.. هتد، ناوی گه‌لی كوردیان هێناوه.
به‌م شێوه‌یه، ئێستا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه به درێژایی مێژووی ئیسلام، واته هه‌ر له سه‌رده‌می سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلامه‌وه ته‌نانه‌ت تا سه‌رده‌می كۆتایی ده‌سه‌ڵاتی عهبباسییهكانیش ( 70 ـ 1258) هیچ یه‌كه‌یه‌كی ئیداری ( وحده الاداریه) به ناوی ( كوردستان) له مێژووی سیاسیی ئیسلامدا له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی جوگرافیای سیاسیی رۆژهه‌ڵاتدا بوونی نه‌بووه و نه‌ناسراوه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، پێویسته ئاماژه‌ی ئه‌وه بكه‌ین كه به درێژایی مێژووی عه‌بباسییه‌كان (750 ـ 1258) چه‌ندین میرنشینی جۆراوجۆری كورد ده‌سه‌ڵاتیان له رۆژهه‌ڵاتدا راخستبوو، له‌وانه: حهمدانییهكان (929 ـ 1004) حهسنهویهكان (959 ـ 1015) شهددادیهكان (951 ـ 117) ئه‌یوبیه‌كان (1169 ـ 1350) رهوادییهكان (سه‌ده‌ی ده‌یه‌م) شوانكاره (شبانكاره) له سه‌ده‌ی 11 و 12 و 13دا) هتد.. به‌ڵام هیچ یه‌كێك له و میرنشینه كوردانه هیچ سنوورێكی ئیداری ـ سیاسی‌یان به ناوی نه‌ته‌وه‌ی كورده‌وه واته به ناوی ( كوردستان) دانه‌مه‌زراندبوو .
سه‌ره‌ڕای دیاری نه‌كردنی هیچ سنوورێكی سیاسی ـ نه‌ته‌وه‌یی كورد و رانه‌گه‌یاندنی هیچ ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی كوردی له لایه‌ن هیچ یه‌كێك له‌و میرنشینه كوردانه‌ی سه‌رده‌می خه‌لافه‌تی عه‌بباسی، ده‌بینین جوگرافیاناسێكی موسڵمان (محمود الغشقری) له كتێبێكی خۆیدا به ناونیشانی لغات الترك كه له ساڵی 1076 ی زاینی‌دا نووسیویه‌تی، جوگرافیای نیشتمانی كوردانی له‌سه‌ر نه‌خشه‌یه‌كی جوگرفیای ده‌وڵه‌ته‌كانی رۆژهه‌ڵاتدا پیشان داوه. ( غه‌شقه‌ری) له‌و نه‌خشه‌یه‌دا گرووپه ئهنتیكیهكانی رۆژهه‌ڵات و ده‌وڵه‌ته‌كانی جیهانی زۆر به كرده‌ییه‌وه له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی جوگرافیای جیهاندا پشدان داوه، تێیدا ناوی گه‌لی كورد و هه‌رێمه كوردنشینهكانیشی، له‌ژێر ناوی ( ارچ الاكراد)دا خستووه‌ته روو.
ئه‌م نه‌خشه‌یه‌ی (غه‌شقه‌ری) كه له ساڵی 1076ی زاینی‌دا دروست كراوه، به یه‌كێك له یه‌كه‌مین نه‌خشه جوگرافی و سه‌رچاوه جوگرافییه‌كان، له قه‌ڵه‌م ده‌درێت كه ناوی گه‌لی كوردی وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك هێنابێت و له جوگرافیای نیشتمانی كوردی كۆڵیبێته‌وه.
به‌كارهێنانی زاراوه‌ی( كوردستان)
وه‌ك ئوستانێكی ئیداریی سه‌ربه‌خۆ، بۆ یه‌كه‌مین جار له مێژوودا زاراوه‌ی (كوردستان) بۆ ناونانی (هه‌رێمیك) یان بۆ ناوزه‌دكردنی ئۆستانێكی سه‌ربه‌خۆ، بۆ یه‌كه‌مین جار له‌مێژوودا، له سوڵتان سلیمانی سه‌لجوقیدا به‌كارهات، ئه‌مه‌ش له سه‌ده‌ی دوازده‌هه‌می زاینی‌دا (14). ئیتر له‌وساوه (واته له‌سه‌ده‌ی دوازده‌هه‌مینی زایینی به‌ملاوه) زاراوه‌ی (كوردستان) وه‌كو زاراوه‌یه‌كی جوگرافی یان وه‌كو ناوی هه‌رێمێك یان ئوستانێكی ئیداری كه كۆمه‌ڵه خه‌ڵكێكی سه‌ر به‌گرووپی ئهنتیكی سه‌ربه‌خۆ پێك بهێنن، له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی جوگرافیای ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، به شێوه‌یه‌كی ئیداری و دانپێدراو، جێگای خۆی گرت و ورده ورده بڵاو بۆوه.
جێگای سه‌رنجه، دوای تێپه‌ڕبوونی دووسه‌د ساڵ به‌سه‌ر ئه‌م گۆڕانه، واته دوای به‌كارهێنانی زاراوه‌ی (كوردستان) بۆ ئوستانێكی ئیداریی سه‌ربه‌خۆ له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی سه‌لجوقیدا، مێژوونووسێكی فارسی بهناوب (مستوفی القزوینی) بۆ یه‌كه‌مین جار له‌م ئوستانه تازه‌یه، له (كوردستان) ده‌كۆڵێته‌وه. ئه‌مه‌ش له كتێبه مێژووییه به‌ناوبانگه‌كه‌ی خۆیدا( نزهه القلوب فی المسالك و المالك) كه به زمانی عه‌ره‌بی له سه‌ده‌ی چوارده‌هه‌می زاینی‌دا نووسراوه. (المستوفی) له‌م كتێبه‌یدا زۆر به وردی له كه‌وشه‌نه سیاسییه‌كانی ئه‌م ئوستانه و هه‌روه‌ها له یه‌كه یه‌كه‌ی مه‌ڵبه‌ند و شاره‌كانی ئه‌م ئوستانه‌ی كۆڵیوه‌ته‌وه.(15)
دیاره به‌كارهێنانی زاراوه‌ی (كوردستان) بۆ ئوستانێكی ئیداریی سه‌ربه‌خۆ له سه‌رده‌می سهلجوقیهكاندا، به شێوه‌ی زاراوه‌یه‌كی جوگرافی و سیاسی هه‌روا له خۆیه‌وه نه‌بووه. به‌ڵكو چیرۆكی تایبه‌تی خۆی هۆكاری مێژوویی ـ سیاسی خۆی هه‌بووه. مێژوونووسی به‌ناوبانگی ئینگلیزی G.Le stratge له كتێبه‌كه‌ی خۆیدا ده‌ڵێ(16)
(له‌ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی دوازده‌هه‌می زاینی‌دا(1150) سه‌نجار سوڵتانی سه‌لجوقی Sanjar مه‌ڵبه‌نده‌كانی رۆژئاوای هه‌رێمی جیبال كه سه‌ر به كرمهشان بوو، جیاكرده‌وه و كردنی به ئوستانێكی سه‌ربه‌خۆ به ناوی (كوردستان) پاشانیش ئه‌م ئوستانه‌ی خسته ژێر ده‌سه‌ڵاتی برازاكه‌ی خۆی (سوله‌یمانی پاشا) كه له ماوه‌ی 1156 تاكو 1161 ی زاینی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی ئه‌م ئوستانه‌ی كرد، دوای ئه‌ویش مامه‌كه‌ی ـ كه ئه‌ویش هه‌ر بنه‌ماڵه‌ی سه‌لجوقیه‌كان بوو ـ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م ئوستانه‌ی گرته ده‌ست و له هه‌مان كاتدا بوو به سوڵتانی هه‌ردوو عیراقهكه: عیراقی عه‌ره‌ب و عیراقی عه‌جه‌م) (17).
مێژوونووسی ناوبراو، له هه‌مان كاتدا پهنجهنومای ئه‌وه‌ش ده‌كات كه سه‌نجار سولتانی سه‌لجووقی) هه‌روا له خۆیه‌وه و بێ سۆنگه نه‌بوو كه ئه‌م گۆرانكارییه ئیدارییه‌ی له بواری دابه‌شكردنی جوگرافی و به‌ریوه‌بردنی هه‌رێمه‌كانی ده‌وڵه‌تی سه‌لجوقیدا هێنایه ئارا ـ به‌ڵكو هۆكارێكی سیاسیی گرنگی هه‌بووه: په‌یوه‌ندیی به ژیانی سیاسی و بزووتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی كورده‌كانی دژ به فه‌رمانره‌وای سهلجوقیهكانهوه هه‌بووه. مێژوونووسی ناوبراو له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێ: (چونكه كورده‌كان له‌و سه‌رده‌مه، له رۆژئاوای هه‌رێمی جیبالدا گه‌یشتبوونه ئه‌وپه‌ڕی ناوبانگ و ده‌سه‌ڵاتی خۆیان..THE KURDS ATTAINID FAME AND POWER (18)
به‌م شێوه‌یه یبینیمان، كه بۆ یه‌كه‌مین جار له مێژووی سیاسیی ده‌وڵه‌ته‌كانی رۆژهه‌ڵاتی نزیكدا. له ساڵی (1150) به‌ملاوه، واته له سه‌رده‌می سهلجووقیهكاندا، ئوستانێك یان بڵیین هه‌رێمیكی جوگرافی دانپێدانراو به‌ناوی (كوردستان) له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی ژیۆپۆلهتیكی رۆژههوڵاتی نزیكدا سه‌ری هه‌ڵدا. ئه‌م ئوستانه پێڕهویهكی (كوردستان) كه له‌ژێر فه‌رمانره‌وایه‌تیی سهلجوقیهكاندا بوو، جوگرافیا ئیداری و سیاسییه‌كه‌ی، سنوورێكی یه‌كجار ته‌نگ و بچكۆڵانه‌یه له‌چاو نیشتمانی كورد و له‌چاو مه‌ڵبه‌نده كوردنشینه‌كه‌ی ئه‌وكات ـ گرتۆووهتهوه. ده‌بینین، سنووری جوگرافیی ئه‌و كوردستانه، له‌ژێر فه‌رمانڕه‌وایی سهلجووقییهكاندا به‌م شێوه‌یه:
له رۆژئاوای شاره‌زوو، له رۆژهه‌ڵات به‌هار، له باشوور ئالیشته، له باكووریش ده‌گاته باكووری شاری سیسه‌ر Sisar (20) مێژوونووسی به‌ناوبانگی موسڵمان (حمدالله المستوفی القزوینی) له (نزهه القلوب فی المسالك و المالك)دا ده‌ڵێ: شاری به‌هار كه 8 میل له باكووری شاری هه‌مه‌دانه‌وه دووره. پایته‌ختی ئه‌م ئوستانه‌ی كوردستان بوو، پاشانیش شاری سوڵتان ئاباد كه له نزیك چه‌مچه‌ماڵ چیای بێستوونه، له‌جیاتی ئه‌و كرایه پایته‌خت).
وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێ، ئه‌م نه‌خشه جوگرافی ـ سیاسییه‌ی كوردستان له سه‌رده‌می سهلجووقیهكاندا (1159) به هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌خشه‌ی راسته‌قینه‌ی جوگرافیای كوردستان (جوگرافیای هه‌موو هه‌رێمه كوردنشینه‌كان) نه‌بووه، به‌ڵكو وه‌ك مێژوونووسی ئینگلیزی STRANGEیش باسی ده‌كا، ته‌نبا له‌پێناو چاوبه‌ستن و دامركاندنه‌وه‌ی شۆڕشی عه‌شیره‌ته كورده‌كانی ئه‌و تاقه هه‌رێمه‌ی ئوستانی جیبال ساز كرابوو( 22).
له‌وانه‌یه هه‌ر ئه‌م (یه‌كه‌مین) نه‌خشه جوگرافی ـ ئیدارییه‌ی كوردستانی سه‌رده‌می سه‌لجووقیه‌كان بێت (كه له ساڵی 1159 به‌ولاوه ده‌كه‌وێته سه‌ر نه‌خشه‌ی ژیۆپۆلهتیكی رۆژهه‌ڵاتی نزیك) سه‌رنجی گه‌شته‌وه‌ر و جوگرافیاناسه به‌تایبه‌ت ئیتالیه‌كان و به شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌وروپیه‌كان راده‌كێشێ پاشانیش ئه‌و گه‌شته‌وه‌ر و جوگرافیاناسه ئه‌وروپاییانه هه‌م له كتێب و ئهتڵهسهكانیاندا، هه‌م به شێوه‌ی كارت و نه‌خشه‌ی سه‌ربه‌خۆ چاپی ده‌كه‌ن و بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه (23)
وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێ ئیماژی (كوردستان) له لای به‌شێكی زۆری جوگرافیاناس و نه‌خشه‌سازه ئه‌ورووپییه‌كان ـ ته‌نانه‌ت تا كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌میش ـ ته‌نیا ئه‌و كوردستانه بچووكه بووه كه له سه‌رده‌می سهلجووقیهكاندا (واته له دیوی ئێران‌دا) هه‌بووه/ ماوه‌ته‌وه. ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی كه زاراوه‌ی (كوردستان) ته‌نیا له به‌شی رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا (له لای سهلجووقیهكاندا/ له ئێران) به شێوه‌یه‌كی ره‌سمی ئیداریدانی پێدا نراوه و به‌كارهاتووه.
لێره‌دا بۆ كۆتاییهێنان به باسی قۆناغی سه‌لجووقیه‌كان، ده‌بێ دووپاتی ئه‌و راستییه بكه‌ینه‌وه، كه ئه‌م ئوستانه، ئه‌م نه‌خشه‌یه، به هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌خشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ئهنتیكانهی نیشتمانی كورد (كوردستان) نه‌بووه، به‌ڵكو نه‌خشه‌ی تاقه به‌شێكی بچووكی ته‌نیا چه‌ند مه‌ڵبه‌ندێكی كوردنشینی ژێر فه‌رمانڕه‌وای سه‌لجووقیه‌كان بووه. به‌ڵگه‌كانی ئه‌م راستییه‌ش له سه‌رچاوه‌ی مێژوونووسه موسڵمان و عه‌ره‌به‌كان ـ بۆیان هه‌ڵده‌هێنجێنن، بۆ نموونه (المستوفی)له (نزهه القلوب)دا زۆر به درێژی باسی كوردبوونی هه‌رێمه‌كانی (جه‌زیره) و هه‌ندێ له هه‌رێم و كاره‌كانی سه‌ر به ویلایه‌تی (ئه‌رمینیا) ده‌كا، هه‌روه‌ها ده‌بینین كه (ئاربیل) و (عهممادیه) ئه‌گه‌رچی دوو شاری كوردنشینیش بوونه، كه‌چی له‌و سه‌رده‌مه‌دا سه‌ر به ئوستانی (جه‌زیره) بوونه، (26) شاری ئهبهار و زنجان له رۆژئاوای شاری قهزوێندا سه‌ر به ئوستانی (جیبال) بوونه كه‌چی (ابن الحقول) ده‌ڵێ كه له سه‌ده‌ی ده‌یه‌مدا (ئه‌م دوو شاره دوو شاری كوردی و كوردنشین بوونه). شاری نه‌هاوه‌ند سه‌ر به ویلایه‌تی جیبال بووه، به‌ڵام المستوفی القزوینی له سه‌ده‌ی 14دا ده‌ڵێ كه ئه‌م شاره شارێكی كوردنشین بووه. شاری موسڵ سه‌ر به ویلایه‌تی/ ئوستانی (عراق عرب) بووه، كه‌چی Le STRANGE ده‌ڵێ كه ئه‌م شاره له سه‌ده‌ی ده‌یه‌مدا شارێكی سه‌رتاسه‌ری كوردنشین بووه. شاری سه‌هره‌وه‌رد سه‌ر به ئوستانی جیبال بووه، كه‌چی ابن الحقول ده‌ڵێ كه ئه‌م شاره له سه‌ده‌ی ده‌یه‌مدا شارێكی كوردنشین بووه.
ئه‌مه جگه له میرنشینه بچووكه جۆراوجۆره كوردییه‌كانی وه‌كو( شهبانكاره) و( شهدادییهكان) و( رهوادییهكان) و به‌نو ئهنناز (991 ـ 111).. هتد كه له سه‌رده‌مه‌ی سهلجووقیهكاندا فه‌رمانڕه‌واییه‌كی سه‌ربه‌خۆیان هه‌بووه.( 31)
مێژوونووس (ستانفۆرد شا‌و) ده‌ڵێ: ( ئه‌م میرنشینه كوردانه به ته‌واوه‌تی سه‌ربه‌خۆ بوونه، به هیچ شێوه‌یه‌ك سه‌ر به سوڵتانی سه‌لجووقی نه‌بوونه، ته‌نیا په‌یوه‌ندیی دڵسۆزایهتی و وه‌فادارییان له‌نێواندا هه‌بووه)
له سه‌رده‌می خوارهزمشاهییهكاندا (1194 ـ 1231)
دوای مردنی سوڵتان سنجاری سه‌لجووقی، بنه‌ماڵه‌ی خوارهزهمشاهیهكان له ساڵی 1194 زایینی‌دا توانیان ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر ئه‌و به‌شه‌ی كوردستانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی سهلجووقیهكاندا بگرن و له‌جیاتی سه‌لجووقیه‌كان فه‌رمانڕه‌وایه‌تیی ئه‌و به‌شه‌ی كوردستان بگرنه ده‌ست.
خوارزهمشاهییهكان (1194 ـ 1231) ده‌سه‌ڵاتیان زیاتر به‌سه‌ر ئازه‌ربایجان و باشووری ئێران‌دا هه‌بوو، نه‌گه‌یشتبوونه ناوجه‌رگه‌ی كوردستان. وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێ له‌و سه‌رده‌مه‌ی بنه‌ماڵه‌ی خوارزهمشاهییهكاندا (1194 ـ 1231) كوردستانی گه‌وره له‌نێوان چوار ده‌وڵه‌تی گه‌وره‌دا دابه‌ش كرابوو، به‌شی رۆژهه‌ڵاتی: له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی خوارزهمشاهیهكاندا بوو، به‌شی باشووری: له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی عه‌بباسییه‌كاندا بوو، لای باكووری ـ رۆژئاوایشی: به‌شێكی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌یوبییه‌كان و به‌شه‌كه‌ی تریشی هێشتا هه‌ر له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی سهلجووقیهكاندا بوو.
به‌م شێوه‌یه، نه‌خشه‌ی جوگرافیای سیاسیی كوردستان له‌و سه‌رده‌مه‌ی خوارزهمشاهییهكاندا، له‌چاو سه‌رده‌می سهلجووقهییهكان، گۆڕانێكی ئه‌وتۆی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه، ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێ كه به‌شی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان (دیوی ئێران) له ده‌ستی سهلجووقیهكانهوه ده‌كه‌وێته ده‌ست خوارزهمشاهییهكان . نه‌خشه‌ی كوردستان له سه‌رده‌می خوارزهمشاهیهكاندا (1194 ـ 1231) وه‌كو ئه‌مڕۆ به‌سه‌ر چوار ده‌وڵه‌تی گه‌وره‌دا دابه‌ش كراوه.
له سه‌رده‌می مهنگۆلهكاندا
مهنگۆڵهكان له‌ژێر فه‌رمانڕه‌وایی هۆلاكۆدا. له ساڵی 1242ی زاینی‌دا بنه‌ماڵه‌ی سهلجۆقیهكانیان له‌ناو برد و ده‌سه‌ڵاتیان ـ له‌جیاتی ئه‌وان ـ گرته ده‌ست. هۆلاكۆی مهنگۆڵی له ساڵی 1252ی زاینی‌دا گه‌یشته عێراق و ئه‌وێشی داگیر كرد: به‌غدای وێران كرد و له ساڵی 1258ی زاینی‌دا دوایین خه‌لیفه‌ی عهبباسیهكانی كوشت.
به‌م شێوه‌یه، له كۆتایی سه‌ده‌ی سێزده‌هه‌م به‌ولاوه سه‌رتاسه‌ری كوردستانی گه‌وره (به‌شی عێراق و ئێران و توركیای ئه‌مڕۆ) هه‌ر هه‌مووی كه‌وتنه ژێر فه‌رمانڕه‌وای بنه‌ماڵه‌ی مه‌نگۆله‌كان. هه‌ندێ له سه‌رچاوه مێژووییه‌كان، پهنجهنومای ئه‌وه ده‌كه‌ن كه له‌و سه‌رده‌مه‌ی هۆلاكۆدا كه سه‌ره‌ڕای قه‌تلوعام و وێرانكارییه‌كانی مهنگۆڵهكان، به‌ڵام گه‌ڵێك میرنشینی كوردی له دیوی ئێران‌دا هێشتا هه‌ر خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربه‌خۆی خۆیان بوونه.
وه‌ك مێژوونووسی ئینگلیزی Le STRANGE له كتێبه ناوبراوهكهیدا له لاپه‌ره‌ی (193)دا پهنجهنومای ده‌كات: (له سه‌رده‌می مهنگۆڵهكاندا، سه‌ڕه‌ڕای وێرانكاری و قه‌تلوعامی كورده‌كان له لایه‌ن مهنگۆڵهكانهوه به‌ڵام ئوستانی (كوردستان) وه‌ك ئوستانێكی ئیداری له چوارچێوه‌ی ئیمپراتۆریه‌تی مهنگۆڵیدا ناوی هه‌ر مابوو، نه‌خشه (جوگرافیه) ناوخۆییهكیهی نهسرابۆوه، هێنده نه‌بێ كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا پایته‌ختی ئوستانی (كوردستان) كه جاران شاری (به‌هار) بوو گوێزرایه‌وه شاری (سوڵتان ئاباد) له نزیك چه‌مچه‌ماڵ)
جوگرافیای كوردستانی گه‌وره له سه‌رده‌می مهنگۆڵهكاندا (واته له كۆتایی سه‌ده‌ی سێزده‌هه‌م به‌ملاوه و به درێژایی سه‌ده‌ی چوارده‌هه‌م و تا سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی پازدهههمیش) به‌وه ده‌ناسرێته‌وه كه سه‌رتاپای رۆژهه‌ڵات، رۆژئاوا، باكوور، باشووری، ده‌كه‌وێته ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئیمپراتۆریه‌تی مهنگۆڵهكان.
به‌ڵام له هه‌مان كاتدا، له ناوه‌وه‌ی ئه‌م ئیمپراتۆریه‌ته مهنگۆلییهدا، ئوستانێكی ئیداریی به ناوی ئوستانی (كوردستان) هه‌موو ئوستانهكهی سه‌رده‌می سه‌لجووقیه‌كان، هه‌ر ماوه، ته‌نانه‌ت ـ به‌پێی قسه‌ی مێژوونووسی كورد، شه‌ره‌فخانی به‌تلیسی، له كتێبی (شه‌ره‌فنامه)دا زاراوه‌ی كوردستان له سه‌رده‌می مهنگۆڵیهكاندا به هه‌موو ئه‌و هه‌رێم و مه‌ڵبه‌ندانه‌ی دیكه‌ش گوتراوه كه كه‌وتبوونه ده‌وروبه‌ری شاری (ده‌رسیم) له كوردستانی توركیای ئه‌مرۆدا.
نابێ ئه‌وه‌ش له‌بیر بكه‌ین كه له سه‌رده‌می ته‌یمور له‌نگدا (1336 ـ 1405)، وه‌ك له كتێبی ( شه‌ره‌فنامه)شدا باسی لێ كراوه، میرنشینێكی به پێز و ناوداری كورد، له‌ژێر فه‌رمانڕه‌وای (ئیبراهیم خانی به‌تلیسی)دا له‌ئارادا بووه. هه‌روه‌ها له ماوه‌ی ساڵانی 129 ـ 130ی زاینی‌دا چه‌ندین راپه‌ڕینی خوێناوی و به‌هێزی كورده‌كان دژی فه‌رمانڕه‌وای مهنگۆڵهكان به‌رپا بووه.
كتێبی (شه‌ره‌فنامه) كه له ساڵی 1596ی زاینی‌دا نووسراوه، به‌داخه‌وه هیچ نه‌خشه‌یه‌كی جوگرافیای ئه‌و ده‌سه‌ڵاته سیاسییه‌ی (ئیبراهیم خانی به‌تلیسی)مان پێ پیشان نادا، به‌ڵام له رێگای خوێندنه‌وه‌ی په‌رتووكه مێژووییه‌كانه‌وه و له رێگای وردبوونه‌وه له نه‌خشه جۆراوجۆره‌كانی جوگرافیی كوردستان له خه‌یاڵی خۆماندا نه‌خش بكه‌ین و بڵێن كه له سه‌رده‌می مهنگۆڵهكاندا، سه‌رتاسه‌ر كوردستانی گه‌وره ـ به شێوه‌یه‌كی گشتی، له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی مهنگۆڵهكاندا بووه.
به‌داخه‌وه وه‌ك مێژوونووس (ف. مینۆرسكی)یش له سه‌رچاوه‌ی ژماره (41) ل 1220دا ئاماژه‌ی بۆ ده‌كا: (زانیاریمان له‌باره‌ی جوگرافیا و مێژووی كوردستان له سه‌رده‌می مهنگۆڵهكاندا زۆر كه‌م له‌به‌ر ده‌ستدا هه‌یه).
سه‌رده‌می بنه‌ماڵه توركمانه‌كان
(ئاق قۆینلۆو، قه‌ره قۆینلۆ)
دابه‌شكردنی تازه‌ی كوردستان و نه‌خشه‌یه‌كی جوگرافیی تازه له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی پانزه‌هه‌مدا، بنه‌ماڵه‌یه‌كی توركمانی شیعه‌گه‌ر به ناوی قه‌ره قۆینلۆو (مهری ره‌ش) كه ماوه‌یه‌كی زۆر بوو له مه‌ڵبه‌نده‌كانی ئه‌نادۆڵی ئاسیای بچو‌وكدا گه‌یشتبوونه پله‌یه‌كی به‌رزی هێز و ده‌سه‌ڵات، له ساڵی 1435ی زاینی‌دا ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازییان به‌هێزتر ئه‌بێت و دێن به گژ كورده‌كاندا ده‌چن، دوای شه‌ڕوشۆڕ و قهتلوعامێكی زۆری كورده‌كان، باشووری رۆژهه‌ڵاتی كوردستان (واته كوردستانی عیراق و ئێرانی ئه‌مڕۆ) داگیر ده‌كه‌ن.
به‌م شێوه‌یه له ساڵی 1435ی زایینی به‌ملاوه، به‌شێكی فراوانی باشوور و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، (كوردستانی عیراق و ئێرانی ئه‌مڕۆ) ده‌كه‌وێته ژێر ركێفی فه‌رمانڕه‌وای توركمانه شیعهگهرهكانی (قه‌ره‌قۆینلۆ) هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا كه كورده‌كانی موكریان زنجیره‌یه‌ك راپه‌رینی تێرانه دژ به‌م بنه‌ماڵه توركمانه شیعه‌گه‌ره به‌رپا ده‌كه‌ن له‌پێناو پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان له ناوچه‌ی باشووری گۆمی ( ورمێ)دا
له دیوی رۆژئاواشه‌وه، بنه‌ماڵه‌یه‌كی دیكه‌ی توركمان به ناوی ئاق قۆینڵۆو (مه‌ڕی سپی) ـ كه به پێچه‌وانه‌ی (قهرهقۆینلۆو) سوننی مه‌زهه‌ب سوننهگهر بوون ـ له ساڵی 1470ی زاینی‌دا هێرشیان كرده سه‌ر ناوچه‌كانی رۆژئاوای كوردستان (كوردستانی توركیای ئه‌مڕۆ). له سه‌ره‌تادا ناوچه‌ی هه‌كارییان داگیر كرد. پاشانیش ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر عه‌شیره‌تی دوملیهكاندا گرت. ئینجا له دوایشدا ته‌واوی مه‌ڵبه‌ند و ناوچه‌كانی خۆتانیان خسته ژێر ركێفی خۆیان و دیاربهكریشیان كرده پایته‌ختی خۆیان.
كه‌واته له ساڵی 1470 به‌ملاوه، سه‌رتاپای ئوستانی جه‌زیره و مه‌ڵبه‌ندی بۆتان، واته رۆژئاوا و باكووری كوردستان كه‌وتنه ژێر ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه توركمانه‌كانی ئاق قۆینلۆ.
كتێبی (شه‌ره‌فنامه)ی شه‌ره‌فخانی به‌تلیسی، كه نوسخه‌یه‌كی ده‌سنووسه‌كه‌ی، وێڕای چه‌ندین میناتۆری ره‌نگاوره‌نگ له كتێبخانه‌ی بۆدلیان) له( ئۆكسفۆرد)، له‌ژێر ژماره‌ی (312)دا پارێزراون، له یه‌كه‌م له میناتۆرهكاندا وێنه‌ی داگیركردنی كوردستان‌مان له‌لایه‌ن عه‌شیره‌ته توركمانه‌كانی ئاق قۆینلۆو پێ پیشان ده‌دا، واته شه‌ڕوشۆڕ و راپه‌ڕینی كورده‌كان دژ به (ئاق قۆینلوو): به‌ڵام به داخه‌وه ئه‌و كتێبه مێژووییه ناوبراوه هیچ نه‌خشه‌یه‌كی جوگرافیی تێدا نییه كه یارمه‌تیمان بدات له جوگرافیای سیاسیی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كوردستان به‌فراوانی و به‌وردییه‌وه تێ بگه‌ین. كه‌واته بۆ ساغكردنه‌وه و نووسینه‌وه‌ی جوگرافیای سیاسیی قۆناغی مێژووی كوردستان، هه‌میشه پێویست وایه و ناچاریشین) په‌نا به‌رینه به‌ر ئه‌تله‌سی مێژوونووس و جوگرافیاناسه ئه‌وروپیه‌كان.
كتێبی The Cambrige history of Iran له نه‌خشه‌ی ژماره (170) و(171)دا شێوه‌ی داگیركردنی خاكی كوردستان‌مان له سه‌ده‌ی پازده‌هه‌مدا به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه بۆ روون ده‌كاته‌وه:
رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی عه‌شیره‌ته توركه‌كانی (قهرهقۆینلۆو)دایه، رۆژئاوایش، له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی (ئاق قۆینلوو)، له ناوه‌ڕاستی هه‌ردووكیشیاندا فه‌رمانڕه‌وای ته‌یموور له‌نگی مهنگۆڵی، به‌شێكی كه‌میش له باشووری رۆژهه‌ڵاتی خاكی كوردستان، هێشتا هه‌ر له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی شا ئیسماعیلی سه‌فه‌ویی ئێران‌دا ده‌ناڵێنێ به‌م شێوه‌یه، ئه‌گه‌ر له نه‌خشه‌ی جوگرافی ـ سیاسیی كوردستانی (ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی پازده‌هه‌م) ورد بینه‌وه، ده‌بینین كه كوردستان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی پێنج فه‌رمانڕه‌وای زلهێزدا وه‌كو ئه‌مڕۆ دابه‌ش كراوه.
جه‌نگی (شاهرۆخ) له ساڵی 1502
شا ئیسماعیلی سه‌فه‌وی، بۆ له‌ناوبردنی مه‌ترسیی بنه‌ماڵه‌ی قهرهقۆینلۆو، له سه‌ره‌تادا چوو ئه‌رمینیای داگیر كرد، پاشانیش ـ دوای سه‌ركه‌وتنی له جه‌نگی شاهرۆخدا له ساڵی (1502)دا، توانی سه‌رله‌نوێ ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر هه‌موو مه‌ڵبه‌نده‌كانی نێوان به‌غدا و شاری (مه‌ڕ ره‌ش)دا بگرێته‌وه.
سیاسه‌تی شا ئیسماعیلی سه‌فه‌وی له هه‌مبه‌ر كورد زۆر له سیاسه‌تی (قهرهقۆینلۆو) خراپتر بوو، له‌و ماوه‌یه‌دا یازده سه‌ركرده‌ی كورد خۆیان دایه پاڵ شا ئیسماعیلی سه‌فه‌وی دژ به بنه‌ماڵه توركمانه‌كان، كه‌چی شا ئیسماعیل زیندانی كردن و چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی قزڵباشی خسته جێگای سه‌ركرده كورده‌كان.
به‌م شێوه‌یه، له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی شازده‌هه‌م به‌ملاوه، نه‌خشه‌ی جوگرافی ـ سیاسیی كوردستان، ده‌كه‌وێته قۆناغێكی تازه‌وه، كوردستان ده‌بێته مه‌یدانی جه‌نگ و شه‌ڕوشۆڕی نێوان سوڵتانه عوسمانی و پاشا سه‌فه‌وییه فارسه‌كان.
له ساڵی 1514ی زاینی‌دا، واته دوای جه‌نگه به‌ناوبانگه‌كه‌ی (چاڵدێران) كوردستان له‌نێوان ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی و ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌ویی فارس‌دا، به شێوه‌یه‌كی تازه دابه‌ش ده‌كرێت، نه‌خشه‌ی ژیۆپۆلهتیكی كوردستان، به‌پێی په‌یمانی كۆلۆنیالیستانهی نێوان ده‌وڵه‌تی عوسمانی و سه‌فه‌وی له ساڵی 1514 به‌ملاوه شێوه‌یه‌كی تازه‌تر به‌خۆوه ده‌بینێ (50)
له به‌ره‌نجامی ئه‌و تێبینیانه‌وه، ده‌گه‌ینه راستییه‌كی بنچینه‌یی، زانستی و جوگرافیا و كارتۆگرافی، واته هه‌ر نه‌خشه‌یه‌كی جوگرافی ژیۆپۆلیتیك، كه له لایه‌ن مێژوونووس و جوگرافیاناسهكانی رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا دروست كرابن، هه‌میشه و به شێوه‌یه‌كی ئاشكرا درۆیان له‌گه‌ڵ كردوون: نه‌ته‌وه‌ی كورد و نیشتمانی كوردیان، له سه‌رده‌می كۆندا، له‌ژێر ناوی (عراق عجم) (عراق عرب) (ارمینیا). (حبال): له سه‌رده‌می هاوچه‌رخیشدا له‌ژێر ناوی (Perse) و (ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌وی)، (ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی)، له سه‌رده‌می ئه‌مڕۆشدا له‌ژێر ناوی (عیراق) و (توركیا) و (ئێران) و( سووریا) پیشان داوه.
زانستی جوگرافیا و كارتۆگرافی، وه‌ك زانستی نووسینه‌وه‌ی مێژوو و گه‌ڵێك له زانسته‌كانی دیكه، له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه كوردستانیان به‌سه‌ر دابه‌ش كراوه، ئاشكرایه، شێواز و خه‌سڵه‌تێكی كۆلۆنیالیستانه و شۆڤینستانهیان ده‌رهه‌ق به گه‌لی كورد هه‌یه، چ له قوتابخانه و زانكۆكاندا چ له لێكۆلێنه‌وه زانستی و ئازاده‌كاندا.
ئێمه ـ هه‌ر هیچ نه‌بێ بۆ نه‌وه و رۆڵه‌كانی داهاتوومان ـ پێویسته جوگرافیا و كارتۆگرافیایهكی نه‌ته‌وه‌یی سه‌ربه‌خۆی خۆمان هه‌بێ، با له گۆشه‌نیگایه‌كی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه جوگرافیا و كارتۆگرافیای مێژوو و ئێستای نیشتمانه‌كه‌مان بنووسینه‌وه! چونكه ئاشكرایه، ئێمه به‌بێ یاریكردنی سنووری جوگرافیایه‌كی نه‌ته‌وه‌یی، هه‌رگیز ناتوانین هیچ جوگرافیایه‌كی رۆشنبیری و هونه‌ریی سه‌ربه‌خۆمان هه‌بێت.
سه‌رنجێك له (باس)ه‌وه
له نووسینی ئه‌م بابه‌ته‌دا، نووسه‌ر ئاماژه‌ی به زیاتر له 50 سه‌رچاوه و په‌راوێز داوه به چه‌ندین زمان، به‌ڵام ئێمه له هه‌فته‌نامه‌ی (باس)، له‌به‌ر درێژیی ناوی سه‌رچاوه‌كانی و هه‌مه‌جۆریی زمانه‌كانی، بوارمان نه‌بوو بڵاوی بكه‌ینه‌وه، هه‌ر به‌ڕێزێك حه‌ز بكات ناوی سه‌رچاوه‌كان بزانێت، ده‌كرێ په‌یوه‌ندی به نووسه‌ره‌وه بكات.
نووسراوه له‌لایه‌ن
didar othman
ليست هناك تعليقات: