شەوى یەڵدا و مێژووى سەرهەڵدانی
شەوى یەڵدا و مێژووى سەرهەڵدانی
شەوی یەڵدا یان شەوی چلە یەکێکە لە جەژن و بۆنە مێژوویی و کۆنەکانی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، دوایین شەوی پاییز یان مانگی سەرماوەز، لە نیوەی باکوری گۆی زەوی بە درێژترین شەوی ساڵ دادەنرێت.
یادی شەوی چلە یاخود یەڵدا هەروەک زۆربەی زۆری یادەکانی دیکەی میللەتانی ئێران سەرچاوەو ڕەگ و ڕیشەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ڕووداوەکانی کەیهانی، لەدێر زەمانەوە خەڵکی ئێران و کۆمەڵگاکانی چواردەوەری، لە سەرەتای وەرزی زستاندا یادێک دەکەنەوە کە بە شەوی چلە یاخود شەوی یەڵدا ناو دەبرێت، کە لە ئێران و ووڵاتانی دەوروبەری دا بە شەوی یەڵدا بەناوبانگە. یاخود بەشەوی شۆڕشی زستان بەناوبانگە.
هەندێک کەس لەو باوەڕەدان کە یادکردنەوەی شەوی چلە بۆ لابردنی دەردوبەڵاو شوومی شەوەکەیە، بەڵام لە مێژووی کۆنی ئێراندا هیچ شەوو ڕۆژێک بە شوم دانەنراوە.
ڕۆژ لە سوڕی ساڵانەی خۆیدا لە کۆتایی پایزدا دەگاتە نزمترین خاڵی باشوری خۆرهەڵاتی گۆی زەوی کە دەبێتە هۆی کورت بوونەوەی ڕۆژ و زیاد بوونی کاتی تاریکی شەو، بەڵام لە سەرەتای زستان (شۆڕشی زستان) خۆر دەگەڕێتەوە بۆ باکوری خۆرهەڵات کە ئەنجامەکەی دەبێتە هۆی درێژبوونەی ڕۆژو زیاد بوونی ڕووناکی کورتبوونەوەی شەوگار.
لە کۆندا یادکردنەوەی ئەم شەوەیان زۆر لەلا گرنگ بووە، بە جۆرێک کە ئەو شەوە تا بەیانی نەخەوتوون تا هەڵهانتی خۆریان بینیوە، بەجۆرێک یادیان دەکردەوە کە دەبوو بەتەمەنەکان و گەورەکانی ناو خێزانەکان ئامادەبوونایە کە ئاماژە بوو بۆ بەتەمەنی خۆر تا لە هەڵهاتنیدا دووبارە لەدایک دەبویەوە، لەم شەوەدا خواردنێکی خۆریان دادەنا بۆ ئەوەی بتوانن تا بەرەبەیان و هەڵهاتنی خۆر بە بێداری بمێننەوە. ئەو خواردنانەشی کە دادەنران بریتی بوون لە هەنارو، شوتی و سنجد کە ڕەنگەکانیان سوورە کە بە سوری ڕەنگی خۆریان دەشوبهێنن.
زۆربەی ئاینەکان ئاماژەیەکی ئایینیان داوە بە شەوی یەڵداو تێکەڵی بیروباوەڕی خەڵکیان کردووە، لە ئایینی میترا (لە دواییدا بەناوی کیش مهر)، یەکەمین ڕۆژی وەرزی زستان بەنای (خورە روز) یاخود (خورشید روز)، ڕۆژی لەدایک بوونی میهر و یەکەمین ڕۆژی ساڵی تازە دادەنرا کە ئێستا تێکەڵ کراوە لەگەڵ مێژووی زاینی کە درێژەپێدەری ڕۆژمێری (گاهشماری) میتراییە و نزیکەی ٤٠٠ساڵ پێش میلاد دروست بووە.
مەزهەب و گروپە جیاجیاکانی ناو ئایینی کریستیان ڕۆژی لەدایک بوونی حەزرەتی مەسیح عیسی”د.خ” دەگەڕێننەوە بۆ ڕۆژێک لە ڕۆژەکانی نزیک دەستپێکی یەکەم ڕۆژی وەرزی زستان، بۆیە هەر لەو کاتەدا جەژن دەگێڕن بەناوی جەژنی (کریسمس). کە ئەم یادەش دەگەڕێتەوە بۆ ئایینی میترایی کەلە ڕۆژمێری کۆنی سیستانی دا ئاماژەی پێکراوەو بە سەرەتایی ساڵی نوێ یەکەم ڕۆژی زستان بووەو یەکەم مانگی ئەوانیش لە ڕۆژمێردا بەناوی (کریست) بووە. بۆیە ئێستا یادەکەیان ناوناوە کریسمس.
بە پێی ھەندێک سەرچاوە ڕۆژی خۆر، ڕۆژی یەکسانی مرۆڤەکان بوو، پادشاکان بەرگێکی سپی و سادەیان لەبەردەکرد و لەو رۆژەدا نە پادشا و نەھیچ کەسێکی تر فەرمانی بەکەسانی تر نەدەکرد و سەرجەم کاروبارەکان بە بێ فەرمانکردن و بە شێوەیەکی ئارەزومەندانە رادەپەڕێنران. لەو رۆژەدا ھەر جۆرە خوێنڕشتنێک، تەنانەت سەربڕینی ئاژەڵ و پەلەوەرەکانیش قەدەغە کرابوو. ھۆکارێکی تری پشوی ئەو رۆژە جیا لە شەونخونی و بە ئاگابوونی خەڵک لەو شەوەدا بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە پێشگیری بکرێت لە ئەنجامدانی ھەر گوناھ و خراپەیەک، چوون بە پێی “ئایینی روناکی” بچوکترین خراپەکاری لە رۆژی لەدایکبوونی خۆر بەگەورەترین تاوان ھەژمار دەکرا.
بەشێک لە شاعیرانی کورد و فارسیش ئاماژەیان بەو شەوە کردوە لەوانە شاعیری گەورەی کورد نالی کە دەڵێت “
شەوی یەڵـدایە یا دەیجوورە ئەم شەو؟
کە دیدەم دوور لە تۆ بێنوورە ئەم شەو
دڵم وەک حاکمی مەعزوولە قــوربان
خەڵاتی وەسلی تۆی مەنزوورە ئەم شەو
دڵیش مایل بە دیدەی تۆیــە بۆیــە
لە من وەحشی و رەمیدە و دوورە ئەمشەو
کە تۆی شاهی کەج کولاهی دیدەمەستان
چ باکم قەیسەر و فەخفوورە ئەمشەو؟
لە خەو هەڵساوە یا ئاڵــوزە چــاوت ؟
هەمیشە وایە یا مەخموورە ئەمشەو؟
سوروشکم نەقشی چاوی تۆ دەکێشێ
کە جێم سەردارەکەی مەنسوورە ئەم شەو
موسوڵمانان ! دەپرسن حاڵـــی نالـــی؟
لە کونجی بێکەسی مەهجوورە ئەم شەو
ئەبو ریحان بیرونی لە کتێبی (ئاسارولباقیە)دا باسی دەکاتو دەڵێت: مەبەست لە زاینی،لەدایك بوونی خۆرە ، ناونانی یەکەم مانگی ساڵ لە وەرزی زستاندا بە مانگی (دی) بەواتای (دادار/خوداوەند) لە بیروباوەڕی ئایینی میرایی یەوە سەرچاوەی گرتووە.
یەکەم ڕۆژی زستان لەلای پەیڕەوانی مەزدەک کە بە پاڵەوانی گەورەی نەتەوەی ئێران بووە کە یەکەم ڕۆژی زستانی زۆر لا پیرۆز و گەورە بووە کە بە ڕۆژی خوڕەم ناوی بردووە، ئەم ڕۆژمێریە تا ئێستاش لە هەندێک ناوچەی وەک پامیر و بەدەخشان (باکوری ئەفغانستان و باشوری تاجیکستان) کاری پێدەکرێتو یەکەم ڕۆژی زستان بە سەرەتایی ساڵی تازە هەژمار دەکرێت.
هەروەها لە ڕۆژمێری کۆنی ئەرمەنیەکاندا یەکەم ڕۆژی زستانیان بەسەرەتایی ساڵیکی نوێ داناوەو مانگی یەکەمی ساڵیش ناوی (ناواسارد) بووە کە سەرچاوەی ئەم ووشەیە لە ووشەی (نوسرذە)وە وەگیراوە کە واتای ساڵی نوێ دەگەیەنێت.
هەرچەند بەڕێوەبردن و یادکردنەوەی شەوی یەلدا لە ئایینی زەردەشتی دا پێشوازی لێنەکراو بەهیچ شیوەیەک ئەم یادە نەدەکرایەوە، بەڵام لەم کۆتاییانەدا لەگەڵ میللەتانی تری ئێراندا ئەەم یادە دەکەنەوە.
نووسراوه لهلایهن
زريان احمد
ليست هناك تعليقات: