گەنجێک لە سلێمانی ٤ جار هەموو قورئانی نوسیوەتەوە
گەنجێکی تەمەن ٢٦ ساڵان لە سلێمانی، لە ماوەی شەش مانگدا توانیویەتی تەواوی قورئانی پیرۆز بەدەستوخەتی خۆی بنوسێتەوە و دەشڵێت، تا ئێستا چوار جار هەموو قورئانی نوسیوەتەوە.
ئیسماعیل حەمەد ئەمین، دەڵێت، لە ماوەی شەش مانگدا رۆژانە زیاتر لە شەش کاتژمێر سەرقاڵی نوسینەوەی قورئان بووە و لەو ماوەیەدا ٦٠ قەڵەمی بڕاندووەتەوە.
ئاماژەبەوەشدەکات، لە ساڵی ٢٠١١ ەوە دەستی بە نوسینەوەی قورئان کردووە و لەو کاتەشەوە تا ئێستا چوار جار هەموو قورئانی نوسیوەتەوە کە هەریەکەیان بە قەبارەی جیاواز بووە.
ئەو گەنجە دەڵێت، ئەو قورئانەی ئەمجارە نوسیویەتییەوە، کێشەکەی ١٢ کیلۆگرام دەبێت و لەسەر پەڕەی جۆری فایل نوسیویەتییەوە کە درێژییەکەی ١٤٠ سانتیمەتر و پانییەکەی ١٠٠ سانتیمەترە، بەڵام تا ئیستا لەلایەن هیچ کەسێکەوە پێداچونەوەی بۆ نەکراوە، چەند جارێک داوای لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی هەرێم کردووە پێداچونەوەی بۆ بکات، بەڵام تا ئێستا داواکارییەکەیان بۆ جێبەجێ نەکردووە.
ئیسماعیل دەڵێت، لە وەزارەتی ئەوقاف پێیان وتووە، هیچ کەسێک بەو قەبارە گەورەیە لە هەرێمی کوردستاندا قورئانی نەنوسیوەتەوە.
سهرچاوه: ئێن ئار تی
نووسراوه لهلایهن
qasm srush
ليست هناك تعليقات: