زاراوه‌ی (كوردستان) كه‌ی په‌یدا بووه؟ ئایا كورد خۆی ئه‌م ناوه‌ی بۆ خاكی كوردان داتاشیوه یان غه‌یره‌كورد ئه‌و ناوه‌ی لێ ناوه
وشه‌ی (كوردستان) كه‌ی سه‌ری هه‌ڵداوه؟ چۆن؟ بۆچی؟ له لایه‌ن چ كه‌سێكه‌وه یان له لایه‌ن چ گرووپ و ده‌سته و ئیداره‌یه‌كی سیاسییه‌وه به‌كارهات؟ ئایا كورد خۆی ناوی كوردستانی بۆ وڵاتی خۆی هه‌ڵبژاردووه و به‌كارهیناوه یان خه‌ڵكی غه‌یره كورد ئه‌م ناوه‌یان به‌سه‌ردا بڕیوه؟
وشه‌ی كوردستان وشه‌یه‌كی داڕیژراوه، له دوو وشه‌ی ( كورد kurd) و( ستان stan) پێكدێت، كورد مۆرفیمێكی سه‌ربه‌خۆ و ماناداره، به‌ڵام(ستان) پاشگرێكه كه به ته‌نیا هیچ مانایه‌كی نییه و به‌كار نایه‌ت.
زۆرن ئه‌و پاشگرانه‌ی له زمانی كوردیدا، كه به ته‌نیا هیچ مانایه‌كیان نییه و ده‌بێ ئیللا بكه‌ونه دوای مۆرفیمێك بۆ ئه‌وه‌ی مانا ببه‌خشن، له‌وانه: گه‌ر، وان، چی…هتد. به‌ڵام ئه‌مه مانای ئه‌وه ناگه‌یه‌نی، كه ئه‌م پاشگرانه زه‌مانی جارانیش هیچ واتایه‌كیان نه‌بووه و به ته‌نیا به‌كار نه‌هاتوون. یه‌كێك له‌و پاشگرانه‌ی، كه زه‌مانی جاران واتای هه‌بووه به ته‌نیا توانیویه‌تی به‌كار بێت، پاشگری (ستان)ه.
(ستان) وشه‌یه‌كی سه‌لجووقیه، یان به لای كه‌مییه‌وه به دڵنییاییه‌وه ده‌توانین بڵێین له زه‌مانی سه‌لجووقییه‌كاندا (له 995ز. به‌ملاوه) به‌كار هاتووه و مانای هه‌بووه. ماناكه‌یشی بریتی بووه له (ویلایه‌ت).
له زمانی فارسی‌دا، هیچ فارسێك له سه‌رتاپای ئیران‌دا نادۆزیته‌وه، كه بتوانی پیتی (س)، كاتێ ده‌كه‌وێته پێش هه‌ر وشه‌یه‌كه‌وه، وه‌ك خۆی له شێوه‌ی (س)حونجه بكات: هه‌میشه (ئو)ێك یان (ئ)ێك ده‌خاته پێش پیتی سینه‌كه‌وه، ناتوانێ بڵێ(سكوول scool) ده‌ڵێ( ئسكوول lscool)، بیشیكوژی ناتوانێ بڵێ(ستادیۆم) ده‌ڵێ( ئیستادیۆم)، ناتوانێ بڵێ( ستۆپ) ده‌ڵێ( ئیستۆپ). بۆیه من وا تێده‌گه‌م وشه‌ی (ئۆستان) له زمانی فارسیی ئه‌مڕۆدا هه‌مان وشه‌ی (ستان)ه سه‌لجووقییه‌كه‌یه، كه كاتی خۆی سه‌لجووقییه‌كان بۆ ناو نانی ئه‌و مه‌ڵبه‌نده ئۆتۆنۆمانه به‌كاریان ده‌هێنا، كه ده‌یانخسته ژێر ڕكێفی ده‌سه‌ڵاتی خۆیانه‌وه و وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی ئیداریی سه‌ربه‌خۆ دایان ده‌نا.
كه‌واته وشه‌ی (ستان), جاران لای سه‌لجووقییه‌كان له شێوه‌ی (ئوستان)دا، زاراوه‌یه‌كی كارگێڕی سیاسی بووه، به مانای (ویلایه‌ت)، وه‌ك ده‌بینین ئه‌مڕۆش هه‌ر له زمانی فارسی‌دا (ئوستان) هه‌مان واتای خۆی پاراستووه و به واتای (پارێزگا/محافضه) به‌كار دێت: ئوستانی ئازەربایجانی غه‌ربی، ئوستانی ئازەربایجانی شه‌رقی..هتد، ئنجا فارسه‌كان وشه‌ی (ئوستاندار ustandar)یان له هه‌مان وشه‌كه داتاشیوه، كه به واتای (سه‌رۆكی ویلایه‌ت) یان (پارێزگا)دیت. هێنده نه‌بی، كه له زمانی سه‌لجووقیدا، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی، كه زمانی سه‌لجووقی له‌ژێر كارگه‌ریی زمانی مه‌غۆلی و توركیدا بووه و له ڕێسای زمانی توركیشدا ناو ده‌كه‌وێته پێشه‌وه، بۆیه سه‌لجووقییه‌كان نه‌یان ده‌گوت (ئوستانی بلووچ) به‌ڵكو به‌پێی ڕێسای زمانه‌كه‌ی خۆیان ده‌یانگوت (بلووچ ئوستانی)، واته (ویلایه‌تی بلووچ)، ( ئه‌فغان ئوستانی) واته (ویلایه‌تی خه‌ڵكی ئه‌فغانی).
سه‌لجووقییه‌كان به درێژایی سه‌ده‌ی ده‌هه‌م تا سێزدەیه‌م، هه‌ر مه‌ڵبه‌ند و نه‌ته‌وه‌یه‌ك یان گرووپێكی ئیتنیكیان جیا بكردایه‌ته‌وه و ئۆتۆنۆمییه‌كی ئیداری‌یان به‌خشیبایه ناوچه‌كه، ده‌هاتن پاشگری (ستان) یان ( ئوستان)یان داده‌نایه سه‌ر ناوی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه و گرووپه ئیتنیكییه، له شێوه‌ی (هیند ئوستانی) واته (ویلایه‌تی هیند)…هتد
له ساڵی 995 به‌ملاوه توركه سه‌لجووقییه‌كان ده‌گه‌نه ڕۆژهه‌ڵاتی ئیران و داگیری ده‌كه‌ن، پاشانیش له ساڵی 1029 مه‌راغه و كوردستانی ئیران سه‌رتاپا ده‌كه‌نه ژێر ڕكێفی خۆیان، ئنجا له ساڵی 1056 شاری مووسڵ، دواتریش له 1077 ئه‌نادۆڵ ده‌گرن، به‌م شێوه‌یه سه‌ده‌ی یازده‌هه‌م و دوازده‌هه‌م، ده‌توانین بڵێین، سه‌ده‌ی سه‌لجووقییه‌كانه له مێژووی كوردستاندا، كاریگه‌ریی كولتووریی خۆیان (كولتووری سه‌لجووقی) به‌سه‌ر هه‌موو كوردستاندا بڵاو ده‌كه‌نه‌وه.
نووسه‌ری سه‌ده‌ی ده‌یه‌م، ئه‌لته‌ننوخی، ناوی (لسان الاكراد)ی هیناوه. ئه‌مه مانای وایه، كه پێش ساڵانی 900، زمانێك به ناوی (زمانی كوردی) ته‌نانه‌ت لای عه‌ره‌ب و دراوسێكانی دیكه‌شمان دانی پێدا هاتووه و هه‌بووه، كه‌چی (ئه‌لته‌ننوخی) به هیچ شێوه‌یه‌ك وشه‌ی (كوردستان)ی به‌كار نه‌هێناوه. ابنوحشیه البتی له 324 346ی هیجریدا، له كتێبی (شوق المستهام فی معرفه ڕموز الاقلام) له 312ی هیجریدا ده‌ڵێ: (من له شاری به‌غدا چاوم به سێ به‌رگ كتێبی كوردی كه‌وت، كه به خه‌تی ماسیی سوراتی نووسرابوون و ئێستاش له شام دوو به‌رگ له‌و كتێبانه‌م له‌لایه، كه یه‌كێكیان باسی په‌روه‌رده‌كردن و چه‌قاندنی دار خورما ده‌كات و ئه‌وی تریان له بابه‌ت دۆزینه‌وه‌ی ئاوه له جێگای وشك و بێ ئاودا. ئه‌ز ئه‌و دوو كتێبه‌م وه‌رگێڕایه سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی…) به هه‌مان شێوه ده‌بینین (ابن وحشیه النبتی 324 346 هیجری) ئه‌ویش زاراوه‌ی (كوردستان)ی به‌كار نه‌بردووه. له ماوه‌ی ساڵانی 950 1050 كتیبی( الف لیله و لیله) له گه‌لێك دیمه‌ندا باسی كوردی كردووه (به‌رگی یه‌كه‌م، ل609 623، به‌رگی دووه‌م، ل242 295). یه‌كه‌م جار، المسعودی، له مروج الذهب له ساڵی 1056 ئاماژه‌ی بۆ كردووه. كه‌چی ئه‌وانیش به هیچ شێوه‌یه‌ك وشه‌ی (كوردستان) به‌سه‌ر نووكی پێنووسه‌كه‌یاندا نه‌هاتووه. له ساڵی 957یشدا مه‌ئمون به‌گی شاره‌زووری (مزكرات مامون بگ) بۆ سوڵتان مورادی سێیه‌م ده‌نووسی به توركی، ئه‌ویش باسی كوردی زۆر كردووه، به‌ڵام زاراوه‌ی (كوردستان)ی به‌كار نه‌هێناوه. له ساڵی 977دا (ابن حوقل)ی جوگرافیاناسی مووسڵمان له كتێبێكی جوگرافیدا به ناوی (صوره الارض) ده‌سنیشانی شوێنی جوگرافیی كورد ده‌كات: (مشاتی الاكراد و مصایفهم)، ناوی (الاكراد)ی له‌ناو كتێبێكی جوگرافی (جوگرافیای نه‌ته‌وه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات)دا به‌كارهیناوه به‌بێ ئه‌وه‌ی زاراوه‌ی (كوردستان) له‌و نه‌خشه‌یه‌دا به‌كار بهێنێ.
له سه‌ده‌ی نۆیه‌م تا چوارده‌هه‌میش چه‌ندین زانا و گه‌ڕۆكی مووسڵمانی دیكه ناوی كورد ده‌هێنن: الطبری ( 838 923)، كه باسی خه‌لیفه مه‌ڕوان ده‌كات ده‌ڵێ به بنه‌چه كورده (كتاب اخبار الرسل و الملوك، ج3، 1، ص51)، الیعقوبی 906)، الاصطخری (له 951 مردووه)، المسعودی ( 957)، كه كۆمه‌ڵێك زانیاریمان له‌باره‌ی هۆزه كورده‌كان ده‌داتێ (مروج الذهب، چاپی 1965، ب2، ل122 123، ب3، ل 100و 253، ئنجا ابا دلف بن المهلهل الخزرجی له 951 سه‌ری له كرماشان داوه و باسی ده‌سڕه‌نگینییه‌كانی په‌یكه‌رتاشێكی كورد ده‌كات به‌سه‌ر تاق و دیواره‌كانی قه‌سری شیرینه‌وه، هه‌روه‌ها باسی ژیانی شاره كوردیه‌كان، ابن حوقل ( 977)، المقدسی( 1048)، ابن البلخی ( 1106)…
هه‌موو ئه‌مانه، به دریژایی سه‌ده‌ی ده‌یه‌م و یازده‌هه‌م، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ناوی كوردیان هێناوه و باسی گه‌لی كوردیان كردووه، به‌ڵام به هیچ شیوه‌یه‌ك هیچ یه‌كێكیان وشه‌ی (كوردستان) له لایان به‌كار نه‌هاتووه. ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه، كه تاكو سه‌رده‌می ئه‌وان زاراوه‌ی (كوردستان) بوونی نه‌بووه.
جگه له‌مه له هیچ تێكستێكیش به زمانی كوردی، یان به زمانه ڕۆژئاواییه‌كان، وشه‌ی (كوردستان) بوونی نه‌بووه و به‌دی ناكرێ: تاكو ساڵی ( 1150).
محمود الغشقری، جوگرافیاناسێكی مووسڵمان، له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی یازده‌هه‌مدا له ناوچه‌ی (كاژغه‌ر)دا ژیاوه، له ساڵی (1076)دا نه‌خشه‌یه‌كی جوگرافی سیاسی له‌باره‌ی وڵات و گرووپه ئه‌تنیكییه‌كانی كێشوه‌ری ئاسیا دروست ده‌كات و له (دیوان لغات التركيه) به زمانی عوسمانی بڵاوی ده‌كاته‌وه. له‌و نه‌خشه‌یه‌دا ناوی گه‌لی كورد و وڵاتی كوردی هێناوه. له‌و نه‌خشه‌یه‌ی (غه‌شقه‌ری)دا ناوی وڵاتی كورد به (ارض الاكراد) هاتووه، كه ده‌كاته (خاكی كوردان). ئه‌م نه‌خشه‌یه‌ی (غه‌شقه‌ری) به دووه‌مین نه‌خشه‌ی جوگرافی له قه‌ڵه‌م ده‌درێت، كه ناوی گه‌لی كوردی وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك هێنابێت. كه‌چی ده‌بینین ئه‌ویش هه‌ر له ساڵی(1076) زاراوه‌ی (كوردستان)ی به‌كار نه‌بردووه. ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌كی دیكه‌ی ئه‌وه‌یه، كه جارێ تاكو ساڵی (1076)یش، وشه‌ی (كوردستان) هێشتا نه‌ب,,mته زاراوه‌یه‌كی ئیداری سیاسی.
له ساڵی ( 1150) به‌ملاوه‌یه، كه وشه‌ی (كوردستان)په‌یدا ده‌بێ. چۆن؟له ساڵی1150 سوڵتان سه‌نجاری سه‌لجوقی sanjar سه‌باره‌ت به فشاری كورد و خۆپیشاندانه‌كانیان دژی سیسته‌می باج و ده‌رامه‌ت، ناچار ده‌بێ ڕۆژئاوای هه‌رێمی جیبال (كه كوردیان تێدا ده‌ژیا و سه‌ر به كرماشان بوو) جیا بكاته‌وه و هه‌رێمێكی ئۆتۆنۆم بۆ ئه‌و كورده نارازی و هێرشبه‌ر و چه‌كدارانه دابمه‌زرێنێ. به‌م شێوه‌یه، سوڵتان سه‌نجاری سه‌لجوقی به‌شێك له ڕۆژئاوای هه‌رێمی جیبالی جیا كرده‌وه و كردی به ئوستانێكی سه‌ربه‌خۆ و ناوی نا (كورد ئوستانی) ، واته (ویلایه‌تی كورد) یان (ئوستانی كوردی). شار و شارۆچكه‌كانی ئه‌م ئوستانه بریتی بوون له: كرماشان، چه‌مچه‌ماڵ، كنگاوه‌ر، دیناوه‌ر، ئالیشته‌ر، بێستوون، هه‌رسین، كریند، حیلوان، شاره‌زوور، سیسار، ماهیده‌شت، سوڵتان ئاباد، به‌هار..).
پاشان سوڵتان سه‌نجاری سه‌لجوقی ئه‌م ئوستانه تازه‌یه‌ی خسته ژێر ده‌سه‌ڵاتی برازاكه‌ی خۆی به ناوی (سوله‌یمان پاشا)، كه له ماوه‌ی 1156 تاكو 1161ی زایینی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی ئه‌م ئوستانه‌ی گرته ده‌ست. دوای ئه‌ویش مامه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌ست و بووه سوڵتانی هه‌ردوو عێراقه‌كه: عێراقی عه‌ره‌ب و عێراقی عه‌جه‌م. شاری به‌هار 8 میل له باكووری شاری هه‌مه‌دانه‌وه دووره، پایته‌ختی (ئه‌م ئوستانه‌ی خه‌ڵكی كورد) بوو، پاشانیش (سوڵتان ئاباد)، كه له نزیك چه‌مچه‌ماڵ و چیای بێستوونه، له‌باتی ئه‌و كرایه پایته‌ختی (كورد ئوستانی).
به‌م شێوه‌یه، له ساڵی 1150 سوڵتان سه‌نجاری سه‌لجوقی، له ئه‌نجامی به‌خشینی ئۆتۆنۆمی به كورده‌كانی ئه‌و ناوچه هه‌ڵایساوه، وشه‌ی (كورد ئوستانی) واته (ویلایه‌تی كورد) داده‌هێنیت و بۆ یه‌كه‌مین جار وشه‌ی (كورد ئوستانی) وه‌ك زاراوه‌یه‌كی ئیداری سیاسی جێگه‌ی خۆی ده‌گرێت.
له‌و ڕۆژه به دواوه، وشه‌ی (كورد ئوستانی) به هه‌مان شێوه‌ی (هیند ئوستانی)، (ئه‌فغان ئوستانی)، (عه‌ره‌ب ئوستانی).. هێدی هێدی له ئه‌نجامی تێپه‌ڕبوون به‌ناو سیسته‌می فۆنه‌تیكی زمانه‌كانی دوای سه‌لجووقی و به‌تایبه‌تیش به‌پێی سیسته‌می زمانه ئیرانییه‌كان ده‌بن به (هیندستان) و (عه‌ره‌بستان) و (بلووچستان) و (كوردستان).. بۆیه‌ش ده‌بینین هه‌ندێك كه‌س هێشتاش هه‌ر ده‌ڵێن (هیندستان)، (كوردستان).
گه‌ڕیده‌ی ئیتاڵی، ماركۆ پۆلۆ (1254 1324) یه‌كێكه له یه‌كه‌مین ئه‌و گه‌ڕیده ڕۆژئاواییانه‌ی باسی ئه‌م ویلایه‌ته‌ی (كوردستان)ی كردبێت و ناوی هێنابیت و وه‌سفی كردبێت. چل و یه‌ك ساڵ دوای ماركۆ پۆلۆ، حمدالله مستوفی القزوینی (1349) له كتێبی (نزهه القلوب)دا ناوی هه‌مان ئه‌و ویلایه‌ته‌ی هێناوه و باسی كردووه. بێگومان به‌م شێوه‌یه بووه، كه زاراوه‌ی ( كوردستان) بڵاو بۆته‌وه.
جێی ئاماژه پێكردنه، كه ئه‌م ئوستانه سه‌لجووقییه، وه‌ك زۆربه‌ی ئوستانه‌كانی دیكه‌ی وڵاتی ئێران، ئێستاش له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی كارگێڕیی سیاسیی كۆماری ئیسلامی ئێران لانه‌چووه و هه‌ر ماوه: ئوستانێك به ناوی ( كوردستان)، كه شاری سنه و سه‌قز و ده‌وروبه‌ریانه ده‌گرێته‌وه ئێستاش هه‌ر ماوه.
سه‌یر له مه‌دایه، كه ئه‌مڕۆ له ئێران ده‌گوترێ( ئوستانی كوردستان)، بێ ئاگان له‌وه‌ی كه (كوردستان) خۆی واتای (ئوستانی كورد) ده‌گرێته‌وه و پێویست ناكا دوو جار بڵێی ( ئوستان).
كه‌واته زاراوه‌ی ( كوردستان) ناونانێكی سه‌لجووقیه، سوڵتان سه‌نجاری سه‌لجوقی دایهێناوه، ناونانێكی سیاسی و ئیداریی سه‌رده‌می سه‌لجووقییه‌كانه، كه له سه‌ره‌تادا بۆ ناونانی ته‌نیا ناوچه‌یه‌كی دیاریكراوی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیان به‌كارهاتووه، كه بریتی بوو له به‌شێكی ڕۆژئاوای هه‌رێمی جیبال (كوهستان). پاشان ئه‌م زاراوه‌یه، له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و بزاڤی ڕزگاریخوازی سه‌رتاسه‌ری خه‌ڵكی كورد، ورده ورده بووه زاراوه‌یه‌كی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی سه‌رتاسه‌ری، كه بگونجێت بۆ مانای ئه‌و ولاته گه‌وره‌یه‌ی، كه سه‌رجه‌م خه‌ڵكی كورد له باوه‌ش ده‌گرێت: نه‌ك ته‌نیا (هه‌رێمێك) و (ئوستانێك) بگرێته‌وه!
بیبلیۆگرافیا:
Asia in map from ancient tims to the mid 19 th centruy leipig :1989
Le strange g : the lands of the estern caliphate London : 1905
نووسراوه له‌لایه‌ن
didar othman
ليست هناك تعليقات: