Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

صەدام حسێن، لە عۆجەوە بۆ بەر پەتی سێدارە.

صەدام حسێن، لە عۆجەوە بۆ بەر پەتی سێدارە.

mqdefault

 

دەرخستنی هەموو لایەنەکانی ژیانی صەدام پێویستی بە دەیان لاپەڕە هەیە، نەك چەند لاپەڕەیەك، بۆیە پێویستە خوێنەر ئاگاداری ئەوەبێت کە ئەو نوسینەی ئێمە تەنها هەوڵێکە بۆ ناساندنی قۆناغەکانی ژیانی صەدام نەك توێژینەوەیەکی وردی ئەکادیمی لەمەڕ ئەو بابەتە.

وەك زانراوە صەدام لە ۲۸ ی نیسانی ۱۹۳۷ لە گوندی عۆجەی نزیک لە شاری تکریت لەدایک بووە، لە ڕووی رەچەڵەکەوە دەگەڕێتەوە بۆ عەشیرەتی ئەبولناسر، بەر لەوەی صەدام لەدایک بێت باوکی مردووە، سەبحەی دایکیشی بە هۆی سەختی ژیان و بۆ خۆپاراستن لە ناو و ناتۆرەی خەڵکی، شوودەکاتەوە بە کەسێك بەناوی ئیبراهیم حسن، کە لەو کاتەدا صەدام تەنها تەمەنی نزیکەی سێ ساڵ بووە، ئەمەش ژیانی صەدامی قورستر کردووە، چونکە ئەو پیاوە زۆر کات ئازاری صەدامی داوە، هاوکات بەهۆی بێکەسیەوە، لە لایان گەنج و هەرزەکارەکانی گوندی عۆجەوە غەدری لێکراوە، ئەمەش کاریگەریەکی زۆری لەسەر صەدام داناوە و ئەو فکرەی لە مێشکی صەدام دروست کردووە کە “ژیان واتا هێز، تۆ تەنها بەهێز دەتوانی خۆت بپارێزیت، ژیان بۆ لاوازەکان نیە، تەنها بۆ بەهێزەکانە”.

کاتێك خەیروڵا تولفحی خاڵی لە زیندان دەردەچێت، له  ساڵی۱۹٤۷ صەدام ڕوودەکاتە لای خاڵی، کە لە ژیانیدا زۆر کاریگەربووە بە خەیروڵا تولفەحی خاڵی، کە هەر ئەویش هەلی خوێندنی بۆ صەدام رەخساندووە، جێگای ئاماژەیە جگە لەخاڵی، صەدام بە ستالینیش کاریگەربووە.

صەدام هەر لەسەرەتای گەنجیدا بە ئازایەتی و توندوتیژی بەناوبانگ بووە، تەنانەت ساڵی ۱۹٥۸ پیاوێکی کوشتووە، بە هۆی دروستکردنی کێشە لەگەڵ خەیروڵا تولفەحی خاڵی، بەڵام چونکە هیچ بەڵگەی لەسەر نەبووە لە زیندان دەرچووە.

ساڵی ۱۹٥۹ بەشداری کردووە لە هەوڵی تیرۆرکردنی عبدولکەریم قاسم، بەڵام ئەو هەوڵە شکستی هێناوە و تەنانەت برینداریش بووە، بەڵام بە برینداری خۆی گەیاندۆتە سوریا، بەمەش زیاتر بەناوبانگ بووە و لە ناو حیزبی بەعسیشدا پلەی بەرزبۆتەووە.

پاشان ڕوودەکاتە میسر و دەست دەکاتەوە بە خوێندن، دوای تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی، لە ساڵی ۱۹٦۱ لە کۆلێژی یاسا وەردەگیرێت، بەڵام خوێندنەکەی تەواوناکات و جارێکی تر دەگەڕێتەووە بەغدا، ئەمەش دوای ئەوەی بەعسیەکان لە ۸ ی شوباتی ۱۹٦۳ لە ڕێی کودەتایەک دێنە سەر دەسەڵات، لەو کاتەدا صەدام رۆڵێکی گەورەی دەبێت لە پاکتاوکردنی شیوعیەکان و هەر لەو ساڵەشدا لەگەڵ ساجیدە تولفەحی کچە خاڵی هاوسەرگیری دەکات، بەڵام ئەو دۆخە ئارامە هێندە نابات، عەبدول سەلام عارف لە ۱۸ی تشرینی دووەمی ۱۹٦۳ کودەتا بەسەر بەعسیەکاندا دەکات و دەست دەکات بە گرتن و ڕاوەدونانی بەعسیەکان، تەنانەت صەدام دوو جار دەگیرێت، بەڵام هەردوو جارەکە لە زیندان ڕادەکات و دەست دەکات بەکاری حیزبی بەشێوەیەکی نهێنی، لە ڕێگای سەرپەرشتی کردنی دەزگای نیمچە سەربازی حونەین،، هەر لەو ماوەیەدا لە زانکۆی بەغداد بەشی یاسا تەواو دەکات.

ئەو دۆخە بەردەوام بوو، تا ئەوکاتەی لە ۱۷ی تەموزی ۱۹٦۸ بەعسیەکان کودەتا بەسەر عبدورحمان عارفدا دەکەن و دوری دەخەنەوە بۆ لەندەن، تەنها دوای ۱۳ رۆژ بەعسیەکان کودەتایەکی تر دەکەن و عبدولرەزاق نایف و هەموو ئەوانەی ئەندامی بەعس نین لە حکومەت و وڵات دوردەخرێنەوە، ئیتر ئەحمەد حەسەن بەکر دەبێتە سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش و صەدامیش دەبێتە بەرپرسی دەزگای پاراستنی ئاسایش، و ساڵێك دواتریش بەفەرمی بوو بە جێگری ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش.

لەم قۆناغەدا( ۱۹٦۸ـ۱۹۷۹ ) صەدام سیاسەتێکی زۆرزانانەی بەکارهێنا، لەژێر پەردەی دڵسۆزی بۆ ئەحمەد حسن بەکر و داهێنانی دروشمی (باوكى سەرکردە )، پێگەى خۆی لای ئەحمەد حسن بەهێزکرد تا توانی هەموو ڕکابەرەکانی لەناو بەرێت لە نمونەی (فوئاد ریکابی، مستەفا نەسرەت، حەردان تکریتی، سالح مەهدی عەماش و نازم گزار و چەندانی تر)

هەر لەم ماوەیەدا صەدام چەند کارێکی باشی ئەنجامدا لەوانە: راگەیاندی هەڵمەتی نەهێشتنی نەخوێندەواری کە بەهۆیەوە لە لایەن یونسکۆوە خەڵاتی تایبەتی پێبەخشرا، هەروەها خۆماڵی کردنی نەوت لە ساڵی ۱۹۷۲، کە بەهۆیەوە داهاتی عێراق زیادی کرد، هاوکات لە ڕووی ڕێگاوبان و گەیاندنی کارەبا و خزمەتگزاری تر سەدام لەم مایەدا جێ دەستی خۆی جێهێڵا. هەر لەو کاتەدا صەدام بنچینەی حوکمە دیکتاتۆریەکەی دانا لەسەر بنەمای توندوتیژی و تیرۆرکردنی نەیارەکانی، لەم سۆنگەیەوە هەزاران کەس خرانە زیندانەکانەوە و بە دڕندانەترین شێوە ئازاردران، بەتایبەتی لە (قەسری نیهائی و ئەبو غرێب)، کەئەمە سیمایەکی جیاکەرەوەی فەرمانڕەوایی بەعسە بە درێژایی ۳٥ ساڵەی دەسەڵاتیان.

جێگای ئاماژەیە کاتێك صەدام لەناوەوە دەسەڵاتی خۆی چەسپاند، ئیتر ئەحمەد حەسەن بەکری ناچارکرد دەست لەکار بکێشێتەوە، بە بیانووی ئەوەی تەمەنی بەسەرچووە، بەم شێوەیە لە ڕۆژی (۱٦ی تەموزی ۱۹۷۹) صەدام بوو بە سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش، ئیتر هەموو بڕیارێك لە دەستی صەدام خۆی دابوو، بۆ پاڵپشتی دەسەڵاتەکەشی پشتی بە حیزبی بەعس بەستبوو، لە بەرامبەردا داهات و سامانی وڵاتی بۆ پیاوانی حیزب تەرخان کردبوو.

تەنها ساڵێك دوای بوون بە سەرۆک کۆمار، صەدام لە رۆژی ۲۲ی ئەیلولی ۱۹۸٠ جەنگی دژی ئێران هەڵگیرساند، ئەمەش بەهۆی چەند هۆکارێکەوە بوو، گرنگترینیان پەشیمان بوونەوەی صەدام بوو لە رێکەوتننامەی جەزائیر (٦ی ئازاری ۱۹۷٥) کە لەو ڕێکەوتننامەیەدا تەنازولی زۆری بۆ ئێران کردبوو، لە پێناو دامرکاندنەوەی شۆڕشی ئەیلول لە کوردستان، تێکچوونی دام و دەزگای سووپای ئێران بەهۆی شۆڕشی ئیسلامی خومەینیەوە (شوباتی ۱۹۷۹)، هەلێکی گونجاوبوو تاکو صەدام ئەوەی دەیەوێت لە ئێرانی بسێنێت، بەڵام صەدام لەو خەمڵاندنەی بە هەڵەداچوو، چونکە ئێران بەخێرایی خۆی ڕێکخستەووە و لە ساڵی ۱۹۸۲ەوە جەنگ لە بەرژەوەندی ئێران بوو، کە تەنانەت چەندین ناوچەی گرنگی لە خاکی عێراق داگیرکرد، بەڵام بە هاوکاری ئەمریکا و وڵاتانی تری عەرەبی، صەدام لە ساڵانی دواتردا توانی ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ بکاتەوە، لەڕاستیدا ئەو جەنگە کاولکاری و نەهامەتی زۆری بەسەر هەردوو گەلی عێراق و ئێراندا هێنا، تا ئەو ڕۆژەی لە ۸ئابی ۱۹۸۸جەنگ کۆتایی پێهات.

بەر لەوەی جەنگی ئێران کۆتایی پێ بێت، لە  ۲۳شوباتی ۱۹۸۸ ەوە، صەدام دەستی کرد بە پیادەکردنی پرۆژەیەکی ستەمكارانە بەناوی ئەنفال، دژی گەلی کورد، کەلەم پرۆسە دڕندانەیەدا لە هەشت قۆناغی یەک لەدوای یەک دا، زیاتر لە ۱۸۲ هەزار هاوڵاتی کورد زیندە بەچاڵ کران، ئەمە وێڕای سوتان و خاپورکردنی دەیان شار و سەدان دێهاتی کوردستان، ئەمە جگە لە کیمیاباران کردنی هەڵەبجە لە ۱٦ ی ئازاری هەمان ساڵ، بەمەش صەدام ناوی چووە مێژوو وەک یەکەم سەرکردە کە چەکی کیمیایی دژی گەلەکەی خۆی بەکار هێنابێت.

هەشت ساڵ جەنگ کردن لەگەڵ ئێران، ڕژێمی تووشی قەیرانێکی ئابووری سەخت کرد، بەجۆرێك عێراق زیاتر لە٤٠ ملیار دۆلار قەرزداربوو، ئەمە لەکاتێکدا پێش جەنگ عێراق خاوەنی نزیکەی ۲٤ ملیار دۆلاری یەدەک بوو، صەدامیش چاوەرێبوو وڵاتانی کەنداو هاوکاری بکەن، چونکە بە بۆچوونی خۆی بۆ پاراستنی ئەوان، جەنگی دژی ئێران کردووە، بەڵام ئەوەی صەدام چاوەڕێی دەکرد ڕووینەدا، تەنانەت کوێت بڕیاری زیاتر خستنە بازاڕی نەوتی دا، بەمەش عێراق زیانێکی زۆری بەرکەوت، صەدامیش دەمێک بوو چاوی لە داگیرکاری کوێت بڕیبوو، بۆیە ئەو بیانووەی قۆستەووە و لە بەرەبەیانی ۲ ی ئابی ۱۹۹٠، بەبێ ئاگاداری عەبدول جەبار شنیشڵ وەزیری بەرگری و نزار خەزرەجی سوپاسالاری سوپای عێراق، تەنها بە هاوکاری لیوای گاردی کۆماری کوێتی داگیر و تاڵان کرد، بەڵام بەم کارە صەدام دووەمین هەڵەی مێژوویی خۆی کرد، چونکە ئەو کارەی صەدام تووشی بەرهەڵستیەکی تووندی نێودەوڵەتی بۆوە، وەک هەنگاوی یەکەم سزایەکی توندی ئابووری بەسەر عێراقدا سەپێنرا لەلایەن کۆمەڵی نێودەوڵەتیەوە، هەروەها هاوپەیمانان هەڕەشەیەکی توندیان ئاڕاستەی صەدام کرد، ئەگەر لە ماوەیەکی کەم دا بێ مەرج کوێت چۆڵ نەکات، ئەوە بە زەبری هێز سووپای عێراق لەناو کوێت دەردەکەن، بەڵام صەدام ئەو هەڕەشانەی بەهەند وەرنەگرت، چونکە باوەڕی وابوو ئەو هەڕەشانە تەنها بۆ ترساندنە، بۆیە رازی نەبوو سوپا لە کوێت بکێشێتەووە، ئەمەش جۆرج بۆشی سەرۆکی ئەمریکای ناچارکرد، بیر لەبژاردەی سەربازی بکاتەووە، لەسەرەتادا لە ڕێی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵتیەوە، عێراقی وەك وڵاتێکی دەستدرێژی کەر ناساند، پاشان بە هاوپەیمانیەتی زیاتر لە ۳٠ وڵات، لە ۱۷ ی کانونی دووەمی ۱۹۹۱ هەڵمەتی گەردەلولی بیابانی دژی صەدام دەست پێکرد، کە لەماوەیەکی کەم دا، زۆربەی سووپا و کەرەستەی جەنگی صەدام بەهۆی هێرشی ئاسمانیەوە لەناوبرا، پاشان دوای زیاتر لە مانگێك هێرشی بەردەوامی ئاسمانی، هاوپەیمانان لە ماوەی تەنها دوو ڕۆژدا تەواوی سوپای عێراقیان بە تێکشکاوی لە کوێت وەدەرنا، لێرەدا دڵڕەقی و خۆپەرستی صەدام  گەیشتە لوتکە، تەنها بۆ ئەوەی نەوترێت صەدام تەنازولی کرد، ئامادەنەبوو بە ئاشکرا بڵێت لە کوێت دەکشێینەوە، بۆیە فەرمانی کرد پاشماوەی سووپا لە کوێت بکشێتەوە لە کاتێکدا باش دەیزانی زۆربەی ئەو سووپایە لەکاتی پاشەکشەدا لەژێر ئاگربارانی هاوپەیمانان لەناو دەچێت.

جێگای ئاماژەیە ئەگەرچی هاوپەیمانان رژێمی صەدامیان بە تەواوی لەناو نەبرد، بەڵام گەمارۆی سەختی ئابوریان لە سەر عێراق هەڵنەگرت،  کە ئەمەش گەلی عێراقی تووشی گرانی و نەهامەتی جەرگبڕ کرد، تا ئەو ئاستەی رۆژانە سەدان کەس لەبرسان دەمردن، لەم لاشەوە صەدام و دەست و پێوەندەکەی رۆژ بە رۆژ بەهۆی بەقاچاغ فرۆشتنی نەوت، دەوڵەمەندتر و خۆشگوزەرانتر دەبوون، ئەو بارودۆخە ناهەموارەی خەڵکی هەژاری عێراق هیچ کاریگەریەکی ئەوتۆی لەسەر سەرانی رژێمی صەدام نەبوو، بەڵکو صەدام ئەوەی بە هۆکارێکی کاریگەر دادەنا بۆ بێ ئیرادەکردن و ملپێکەچکردنی خەڵکی عێراق، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەو دۆخە ناهەموارە رای گشتی جیهانی هەژاند، تا دواجار لەژێر کایگەری ئەوە فشارانە لە ساڵی ۱۹۹٦بەرنامەی “نەوت بەرامبەر بە خۆراک” ڕاگەیندرا، کە ڕێگە بە عێراق درا هەموو شەش مانگ جارێك بتوانێ بە بەهای ۲ ملیار دۆلار نەوت بفرۆشێت، بۆ ئەوەی خواردن و دەرمانی پێویست بۆ گەلی عێڕاق دەستەبەر بکات، ئەگەرچی ئەمە بەشێك لە باری نەهامەتی هاوڵاتیانی عێراقی سووک کرد، بەڵام صەدام ئەوەشی زیاتر بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی بەکاری هێنا نەك بۆ باشترکردنی گوزەرانی میللەت.

لە کۆتایی سەدەی بیستەم دا، سەدام خەریکبوو دووبارە هەوڵی خۆڕێکخستنەوەی دەدا، بەڵام بە هۆی سەرەڕۆیی و وەستانەوەی دژی بەرژەوەندی هاوپەیمانان، بە تۆمەتی هەبوونی چەکی کۆمەڵکوژ و پەیوەندی لەگەڵ رێکخراوی قاعیدە، لە شەوی ۱۹ی ئازاری ۲٠٠۳ لە لایەن ئەمریکا و هەوپەیمانەکانیەوە هێرشی کرایە سەر، و لە ڕۆژی ۹ی نیسانی ۲٠٠۳دا، ئەمریکیەکان بەغدای پایتەختیان گرت و پەیکەری سەدامیان لە گۆڕەپانی فیردەوس دابەزاند، بە چاوخشاندنەوە بە سیاسەتی برسیکردن و چەوساندنەوەی گەلی عێراق لە لایەن صەدامەوە،  ئەوە شتێکی نامۆ نەبوو کە چۆن ۱۸ پارێزگای عێراق لە ماوەی تەنها ۱۹ رۆژدا کەوتنە ژێر دەستی هاوپەیمانان، چونکە هاوپەیمانان دەچوونە هەر شارێك، لە بری بەرگی لەلایەن خەڵکی عێراقەوە بە دڵخۆشیەوە پێشوازیان لێ دەکرا.

دوای کۆنترڵکردنی بەغدا لە لایەن هاوپەیمانان، صەدام لە ناوچە سوونە نشینەکان خۆی عەشاردا تا ئەوە رۆژەی لە۱۳ی کانونی یەکەمی ۲٠٠۳ لە ناوچەی (دؤره) ی نزیکی تکریت دەستگیر دەکرا، پاشان صەدام درایە دادگا و چەندین تۆمەتی ڕووبەڕ کرایەوە، یەکەم تۆمەتیش کوشتاری شارۆچکەی دووجێیل بوو، کە هەر لەسەر ئەو تۆمەتە دادوەر رەئوف رەشیدی بە ڕەگەز کورد بڕیاری لەسێدارەدانی صەدامی دەرکرد و نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانیش واژۆی جێبەجێکردنی لەسێداردانەکەی کرد.

پاشان لە بەرەبەیانی ۳٠ ی کانوونی یەکەمی ۲٠٠٦ کە هاوکات یەکەم رۆژی چەژنی قوربان بوو، صەدام لە سێدارە درا، بەمەش چیرۆکی حوکمڕانی صەدام کۆتایی هات.

لە کۆتاییدا بە سەرنجدان لە ماوەی حوکمڕانی صەدام، دەتوانین چەند ڕاستیەک لە بارەی ئەو کەسە بڵێین، ئەگەر چی توندوتیژی یەکێکە لە خەسڵەتەکانی ژیانی صەدام هەر لە گەنجیەوە هەتا کۆتایی دەسەڵاتی، بەڵام بابەتی حوکمڕانی صەدام دەکرێت دابەشی بکەینە سەر دوو قۆناغ، قۆناغی یەکەم وەك سەرکردەیەکی بنیادنەر دەرکەوت، قۆناغی دووەم وەك وێرانکەر کە ئەمەش لەگەڵ هەڵگیرساندنی جەنگی ئێران دەست پێدەکات تا کۆتایی دەسەڵاتی.

هەروەها دەگەینە ئەو بڕوایەی ئەگەر صەدام بە بەهێزترین سەرکردەی مێژووی هاوچەرخی عێڕاق دابنرێت لە سەپاندنی هەژمونی خۆی بەسەر گەلەکەیدا، ئەوە بەپێچەوانەوە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی دا صەدام وەك کەسێکی نەزان دێتە بەرچاو، هەڵگیرساندنی جەنگی ئێران و جەنگی کوێت نمونەی بەڵگە نەویستی ئەو ڕاستیەن، تەنانەت بە وتەی خەلیل دلێمی پارێزەری صەدام، لە ۲٠٠۳ کاتێك هاوپەیمانان چەندین شاری عێراقیان داگیرکردبوو، هێشتا صەدام پێی وابوو هاوپەیمانان بە تەواوی دەسەڵاتەکەی ناڕوخێنن، بۆیە ئەو نەزانیەی صەدام سەری هەزاران هاوڵاتی بێ گوناهی عێراقی خوارد، پاشان سەری خودی صەدامیشی خوارد.

نوسینی ئازاد عەلی مەولود



نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
زريان احمد

صەدام حسێن، لە عۆجەوە بۆ بەر پەتی سێدارە. Reviewed by Unknown on 2:00:00 م Rating: 5

ليست هناك تعليقات:

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.