Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

فیكسیلۆژیاو بایه‌خی ئاڵا له‌مێژووی ئیسلامیدا

فیكسیلۆژیاو بایه‌خی ئاڵا له‌مێژووی ئیسلامیدا
1917596_1044205312268158_7199674098149006427_n
كاميل محمود
ئاڵا دروشم و سومبولی سه‌ربه‌خۆیی و سه‌روه‌ری ده‌وڵه‌ت و هه‌رێم و هه‌ر قه‌واره‌یه‌كی مرۆییه‌و‌ له‌ئێستادا له‌سه‌ر ئاستێكی به‌رفراوان ده‌وڵه‌ته‌كان‌ به‌سه‌ر دام و ده‌زگا فه‌رمییه‌ باڵاكان و دامه‌زراوه‌ حكومییه‌كانه‌وه‌ هه‌ڵیده‌كه‌ن و له‌كاتی بۆنه‌و كه‌رنه‌ڤاڵه‌كاندا به‌رز ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌م ئاڵایه‌ به‌یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌خۆی بڕیار له‌سه‌ر ره‌نگ و شێوازی ده‌درێت و ده‌بێته‌ ئاڵای نیشتیمانی ئه‌و وڵات و هه‌رێم شوێنانه‌ی ئاڵایان هه‌یه‌و له‌ناو ده‌ستووری وڵاته‌كانیشدا ئاماژه‌ی بۆ ده‌كرێت.
ئاڵای وڵات ره‌مزێكی نیشتیمانی و مرۆیی گه‌وره‌یه‌ به‌بینینی كۆمه‌ڵێك ته‌فسیرو تێگه‌یشتنمان بۆ دروست ده‌بێت كه‌گوزارشته‌ له‌سروشتی پێكهاته‌ نیشتیمانییه‌كان یان سروشتی وڵاته‌كه‌ یان ئایدۆلۆژیای حوكم و ده‌سه‌ڵات، توێژینه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاڵاكان كێڵگه‌یه‌كی زانستی بۆ خۆی وه‌رگرتووه‌ به‌ناوی زانستی ئاڵاناسی(فیكسیلۆلۆژی) كه‌له‌وشه‌ی (فیكسیلۆم)ی لاتینییه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌ به‌واتای ئاڵا.
به‌درێژایی مێژوو هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌كانی دنیا خاوه‌نی ئاڵای تایبه‌تی خۆیان بوون و له‌ژێر ئاڵای خۆیاندا جه‌نگ و نمایشی تواناو بوونی خۆیان ئه‌دا كردووه‌، ئایینی پیرۆزی ئیسلامیش ئه‌م نه‌ریته‌ مێژووییه‌ی وه‌ك سومبولێك بۆ گوزارشتكردنی مرۆڤ له‌ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی و سه‌روه‌ری و ناسینی خۆی و گه‌ل و كۆمه‌ڵه‌كه‌ی هێشته‌وه‌، خودی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیش شه‌رعیه‌تی دا به‌بوون و به‌رزكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك ئاڵای جۆراوجۆرو تایبه‌ت. ‌
له‌ناو فه‌رمووده‌كانی پێغه‌مبه‌ر‌و مێژووی ئیسلامدا قسه‌ له‌سه‌ر ‌ئاڵا كراوه‌و كۆمه‌ڵگه‌و قه‌واره‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئیسلامیش هه‌مان مامه‌ڵه‌ی رابردووی كۆمه‌ڵگه‌كانی پێش خۆی له‌گه‌ڵ ئاڵادا كردووه‌، به‌تایبه‌تی له‌كاتی جه‌نگ و به‌رێكه‌وتنی سوپاو گردبوونه‌وه‌كانی جه‌نگاوه‌رانی موسوڵماندا هه‌ڵدراوه‌. له‌سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ری ئیسلامدا(درودی خوای له‌سه‌ربێت) دوو جۆر ئاڵای گه‌وره‌و بچووك هه‌بووه‌ كه‌ یه‌كێكیان پێی وتراوه‌(لیوا‌)و ئه‌ویتریان(رایه‌)، یه‌كه‌میان ره‌نگی سپی بووه‌و دراوه‌ته‌ ده‌ستی سه‌ركرده‌ سه‌ربازییه‌كانی هه‌ر گروپ و ده‌سته‌یه‌ك، دووه‌میشیان ره‌نگی ره‌ش بووه‌و به‌ده‌ستی سه‌ركرده‌ی گشتی سوپاكه‌وه‌ بووه‌ یان كه‌سێكی نوێنه‌ری و ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ له‌هه‌ر جێگایه‌كی گۆڕه‌پانه‌كه‌دا بووبێت ئاڵاكه‌شی له‌گه‌ڵدا بووه‌.‌
هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ی مێژوویی تایبه‌ت به‌ ژیاننامه‌ی پێغه‌مبه‌ر(درودی خوای له‌سه‌ربێت) ئاماژه‌ بۆ فره‌ ره‌نگی ئاڵاكانی پێغه‌مبه‌ر ده‌كه‌ن به‌پێی كات و شوێن و بۆنه‌كان یان به‌پێی جیاوازی هۆزو پێكهاته‌كان، به‌ڵام رای زۆربه‌ی زانایانی سیره‌و مێژووی ئیسلامی له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ره‌نگی ره‌ش و سپی بریتی بووه‌ له‌ره‌نگی زاڵ و سه‌ره‌كی به‌سه‌ر ئاڵاكانی سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ردا‌.
له‌كاتی به‌ڕێكخستنی سوپاو روودانی جه‌نگه‌كاندا چه‌ندین ئه‌ڵای تایبه‌ت هه‌ڵكراوه‌و له‌ناو ئاپۆرای سوپاو جه‌نگاوه‌راندا ئازادی دراوه‌ به‌ تیره‌و هۆزه‌كان كه‌ئاڵای تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌بێت، به‌ڵام ئاڵای سه‌ركردایه‌تی كه‌ تایبه‌ت بووه‌ به‌پێغه‌مبه‌ر یان ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی دیاری كردووه‌ جیاواز بووه‌و ره‌مزی یه‌كێتی و یه‌كریزی موسوڵمانانی ناو قه‌واره‌كه‌ی بووه‌ به‌تایبه‌تی له‌كاتی جیهادو جه‌نگه‌كانی سوپای ئیسلامدا.
جیاوازی ئاڵای هۆزو پێكهاته‌ جیاوازه‌كان له‌سه‌رده‌می یه‌كه‌می ئیسلامدا به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م ئایینه‌ پیرۆزه‌ دانی به‌سه‌روه‌ری و سه‌ربه‌خۆیی هه‌ر نه‌ته‌وه‌و گروپێكی مرۆییدا ناوه‌ كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی جوگرافی یان كلتووری له‌ده‌وری یه‌كتر كۆبوونه‌ته‌‌وهو له‌چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیدا هاوبه‌ش و هاونیشتیمانین له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتردا‌، ئه‌وانه‌ی ئه‌م مافه‌ ئینسانییه‌ش به‌ناوی ئایینه‌وه‌ پێشێل ده‌كه‌ن هه‌ڵوێسته‌كه‌یان نامۆیه‌ به‌جه‌وهه‌ری ئایین.
ئاڵای ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌سه‌رده‌می خه‌لافه‌ته‌كانی راشیدین و ئه‌مه‌وی و عه‌باسی تا ده‌گاته‌ ده‌وڵه‌ته‌كانی فاتیمی و موه‌حیدن و تا سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تی عوسمانیش به‌رده‌وام بوونی هه‌بووه‌و هه‌موو ده‌وڵه‌ت و قه‌واره‌و ئیماره‌ت و هه‌رێمه‌ ئیسلامییه‌كان خاوه‌نی ئاڵای تایبه‌تی خۆیان بوون.
بایه‌خی گه‌وره‌ی ئاڵا له‌مێژووی ئیسلام و لای موسوڵمانانی سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر(درودی خوای له‌سه‌ربێت) له‌جه‌نگی موئته‌دا به‌ررونی ده‌رده‌كه‌وێت كاتێك‌ سه‌ركرده‌كانی سوپای ئیسلام یه‌ك له‌دوای یه‌ك ده‌كه‌وتن و شه‌هید ده‌بوون، به‌ڵام نه‌یاده‌هێشت ئاڵای سه‌ركردایه‌تی سوپای ئیسلام بكه‌وێته‌ سه‌رزه‌وی.
كاتێك جه‌نگ له‌نێوان سێ هه‌زار جه‌نگاوه‌ری سوپای موسڵمانان و دووسه‌د هه‌زار سه‌ربازی سوپای رۆم و شوێنكه‌وته‌كانی ده‌ستی پێكرد، یه‌كه‌م سه‌ركرده‌ی موسڵمان زه‌یدی كوڕی حاریسه‌ كه‌ ئاڵاكه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌بوو كه‌وته‌ به‌ر تیرو رمی به‌رامبه‌ره‌كانی و شه‌هید بوو، به‌دوایدا جه‌عفه‌ری كوڕی ئه‌بی تالیب هه‌ڵمه‌تی بۆ ئاڵاكه‌ بردو نه‌یهێشت بكه‌وێته‌ سه‌رزه‌وی، شمشێری رۆمه‌كان ده‌ستی راستی جه‌عفه‌ری پێكاو به‌ده‌ستی چه‌پی نه‌یهێشت ئاڵاكه‌ بكه‌وێته‌ سه‌ر زه‌وی، دوای ماوه‌یه‌ك پارێزگاری له‌ئاڵاكه شمشێرێك به‌ر ده‌ستی چه‌پیشی كه‌وت و به‌هه‌ردوو بازووی و سنگی ئاڵاكه‌ی راگرت تا به‌چۆكدا كه‌وت و شه‌هید بوو، دوای ئه‌و عه‌بدوڵای كوڕی ره‌واحه‌ ئاڵاكه‌ی گرته‌وه‌و پاش ماوه‌یه‌ك جه‌نگ و رووبه‌رووبوونه‌وه‌ ئه‌ویش شه‌هید كراو خالیدی كوڕی وه‌لید ئاڵاكه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌ گرت، دوای ئه‌و هه‌موو نه‌به‌ردی و خۆڕاگرییه‌ موسوڵمانان به‌سه‌ركردایه‌تی خالید سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر سوپای زه‌به‌لاحی رۆم و غه‌سانییه‌ شوێنكه‌وته‌كانیاندا.‌
له‌م داستانه‌دا گه‌وره‌یی و ره‌مزیه‌تی ئاڵامان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ چۆن له‌سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌رو سه‌ره‌تای ئیسلامیشدا وه‌ك ره‌مزی شكۆو سه‌روه‌ری و هێزی مادی و مه‌عنه‌وی موسوڵمانان و سوپاو ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ته‌ماشا كراوه‌، سه‌ركرده‌و جه‌نگاوه‌ره‌كان به‌خوێن و جه‌سته‌ی خۆیان پارێزگاریان له‌شكۆی ئاڵاكه‌یان كردووه‌.
كه‌واته‌ له‌مێژووی ئیسلام و ده‌وڵه‌ته‌ ئیسلامییه‌كانی سه‌رده‌می خه‌لافه‌تدا ئاڵا هێمای یه‌كڕیزی و شكۆو سه‌روه‌ری خه‌ڵك و خاكی ئیسلامی بووه‌و ئه‌م نه‌ریته‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆیی پێش ئیسلام و دوای ئیسلامیش وه‌ك خۆی مایه‌وه‌، به‌ڵام ئیسلام له‌وه‌دا رێگری كرد كه‌باوه‌ڕداران له‌ژێر ئاڵایه‌كدا به‌رگری له‌ده‌مارگیری و نه‌ژادپه‌رستی بكه‌ن و له‌پێناویدا بجه‌نگێن، شه‌رعیه‌تی ئاڵا لای ئیسلام له‌شه‌رعیه‌تی ئامانج و مه‌به‌سته‌كه‌دایه‌ نه‌ك پارچه‌ په‌ڕۆیه‌كی نه‌خشێنراو، ئه‌وه‌ی پیرۆزه‌ ئامانج و مه‌به‌سته‌كه‌یه‌و ئاڵاكه‌ش پیرۆزی له‌و ئامانجه‌وه‌ وه‌رده‌گرێت، ده‌بێت ئاڵا هێما بێت بۆ یه‌كریزی و ئازایه‌تی كۆمه‌ڵێك و قه‌واره‌یه‌ك كه‌ له‌ژێریدا به‌رگری له‌ بیروباوه‌ڕی یه‌كتاپه‌رستی و به‌رژه‌وه‌ندی راسته‌قینه‌ی مرۆڤه‌كان بكرێت.

 



نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
زريان احمد

فیكسیلۆژیاو بایه‌خی ئاڵا له‌مێژووی ئیسلامیدا Reviewed by Unknown on 10:38:00 م Rating: 5

ليست هناك تعليقات: