Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

شەڕی کوڵەجۆ مانگی ١٩٩١/٣

شەڕی کوڵەجۆ مانگی ١٩٩١/٣

fb_img_1479134432486

نوسینی:محمود سەنگاوی

ڕۆژی ٣/١٢ سەردانێکی کفریم کرد و گەڕامەوە

کەلار، شەڕێکی سەخت لە قۆڵی کوڵەجۆ وە هەبوو، کاک عادل شکور گوێزرایەوە بۆ سەرپەرشتی یەکەی کفری و بورهانی حەمەی مینا لە جێگەی دانرا. کە هەواڵی ئەو شەڕەمان پێگەیشت، کاک شێخ جەعفەر داوای لێکردم بچمە خوارەوە بۆ سەرپەرشتی کردنی جەبهەی جەلەولا، ڕۆژی ٣/١٤کە ڕۆیشتین لە بان ئاسیاو یەکەم کەس پێیگەیشتیم بورهانی حەمەی مینا بوو کە کادرێکی هۆشیار و پارتیزانێکی ووریا بوو لە ڕووی فکریشەوە بەتوانا بوو، ڕوانیم بریندارە و پەنجەیەکی قرتاوە، داوام لێکرد بچێت بۆ نەخۆشخانەی کەلار، بەڵام ئەو قایل نەبوو ووتی: مادام ئێوە هاتوون ناڕۆم. لەو کاتەدا کاک عەدنانی حەمەی مینای برای گەیشتە لامان و بورهان بە دەم پێکەنینەوە ووتی: کاکە عەدنان مایەوە ١٨ پەنجە. چوونکە پێش ئەنفالەکان پەنجەیەکی پێی قرتا بوو.

 

تەقە گەرم بوو، گوللەیەکی زۆر بەرەو ڕوومان ئەهات، هاوارم کرد یاڵڵا هێرش بکەن، پێشمەرگە ئازایانە خرۆشان، کە ڕۆیشتین بورهان لەگەڵ مندا بوو، بەرەو پێشەوە هەنگاومان ئەنا، لە ناکاو بورهان دەستی گرت بە سنگیەوە، پێم ووت : ئەوە چییە؟ بورهان ووتی : گوللەیەکم بەرکەوتوە بەڵام هیچ نییە، کە چوومە سەری تەماشا ئەکەم وەزعی باش نییە و تا ئەهات دەنگی کز ئەبوو. هەر ئەیووت: هیچ نییە،هەتا هێزیشی تیا نەما لە ژێر لێوەوە هەر ئەیووت: هیچ نییە، بە داخەوە هەر لەوێدا گیانی سپارد، زیانێکی زۆرمان لێکەوت، لەو کاتەدا کاک عەدنانی برای هەر ئەوەندەی ووت: هەڵیگرن و بیبەن با هێرشەکە بەردەوام بێت بۆ پێشەوە بڕۆن. بەڕاستی ئەمە هەڵوێستی مرۆڤی شۆڕشگێرە لە کاتی شەهید بوونی برایەکیدا کە برا بچووکی بێت و زۆریشی خۆش بوێت و نەیەتە سەر تەرمەکەی و تەنانەت نەشچیتە پرسەکەی و لەبەرەی شەڕەکاندا بمێنێتەوە.

 

ئێمە بەردوام بووین لە هێرشەکاندا و دوژمنمان تێکشکاند و دوایان کەوتین تاکو سەیتەرەی جەلەولا بە دەیان سەرباز و ئەسفەرمان کوشت، سەدان پارچە چەکمان لێگرتن لەگەڵ چوار تانکی ت-٦٩ چینی و چەند ئۆتۆمبێلێکی سەربازی و جیهازی ڕاکاڵی گەورە و چەندان دیلیش. جەبهەکەمان لە دێی ئیسڵاح دامەزراند کە هەندێک گردۆڵکە و چەمی تێدا بوو، کە ٢٣ کیلۆمەتر سەرو شارۆچکەی جەلەولایە لەوێ سەنگەرمان گرت و ووردە ووردە شەڕ هەبوو لەم شەڕانەشدا هەندێ لە هێزەکانی لەشکری بەدرمان لەگەڵدا بوو.

 

ڕۆژی ٣/١٤دەنگوباسی ڕزگارکردنی دهۆک و زۆربەی ناوچەکانی بادینان بڵاوبووەوە، لەم قۆڵەی خۆشمانەوە دوژمن ڕۆژانی ۱٥و ۳/۱٦ بە تۆپی قورس و کاتیۆشا بۆمبارانی کردین، بۆ وەڵامدانەوە دوژمن پەلامارێکی کۆگای تەقەمەنی سەربازگەی نزیکی جەلەولامان دا بەلام نەمان توانی ئامانجەکەمان بپێکین و دەست بگرین بە سەریدا.

 

ڕۆژی١٨/٣ هێزەکانی مجاهدین ویستیان دزەمان بۆ بکەن و پشتمان لێبگرن، بەڵام ئێمە ئاگامان لە نەخشەکەیان بوو هێرشمان بۆ کردن و ناقیلەیەکی تایە زنجیر کە دۆشکایەکی ٢٣ ملمی لەسەر بوو گیرا کە بورهان حەمە باقی لە گرتنەکەیدا دەووری باڵای هەبوو، ڕۆژی دواتر ئۆتۆمبێلێکی مجاهدین ڕێگەی هەڵەکرد و هاتە ناومانەوە و کەوتە دەست لەشکری بەدر و هەردوو سەرنشینەکەی کوژران.

 

ڕۆژی ٣/٢٠ لای ئێمە جەبهەکە ئارام بوو، بەڵام لەولاوە هێزی پێشمەرگەی کوردستان گەورەترین سەرکەوتنیان تۆمار کرد بە چوونە ناو شاری کەرکوک و لە دەستی چەپەڵی بەعسیان ڕزگار کرد، بابەگوڕگوڕ ڕۆڵە چاونەترسەکانی ئەبینی گیانبازی ئەکەن و گەڕەک بە گەڕەک جەتەوڵەکانی بەعس ڕاوئەنێن و بە خوێنی سووریان لاپەڕەی ئازادی ئەنووسنەوە، کەرکوکوی جەستە بریندار لە چاڵی ئازارەکان سەر دەردێنێ و هەناسەی قووڵی سەربەستی هەڵئەمژێ.

 

ئەمە بەعسی لە ناخەوە هەڵتەکاند، گەر کەرکوکی لە دەست دەربچێت چارەنووسی ڕەش چاوەڕوانی ئەکات و لە پێ تەختیش خۆی پێناگیرێ، بۆیە هێرشی بەرپەرچی دەستپێکردەوە، لە ئەنجامی هەندێ کەم و کوڕی لە بەرنامەی کار و پەرتەوازەی هێزەکان و جەنجاڵیان بەکاری لابەلاوە دوژمن توانی پواز بخاتە ڕیزی جەبهەی شەڕی ناو کەرکوکەوە و لە هەندێ لاەوە سەرکەوتن بە دەستبهێنێ و پاشتریش کۆنترۆڵی زۆربەی شوێنەکان بکات و هێزەکانی خۆشمان ناچار بن دەربچنە دەرەوەی شار و ئینجا بە یەکجاری ئەو ناوە بەجێ بهێڵن. ئەمە بیانوویەکی دا بە دەست دوژمنەوە کە ڕێڕەوی کارەکانی بگۆڕێ و نەخشەی پەلاماردانەکانی سەر لە نوێ دابڕێژێتەوە.



نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
زريان احمد

شەڕی کوڵەجۆ مانگی ١٩٩١/٣ Reviewed by Unknown on 5:48:00 م Rating: 5

ليست هناك تعليقات:

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.