Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

کورتەیەک لەبارەی مێژوی نەرویژ

Vikingskip

دەوری ڤایکینگ

ئێمە بە دەورەی نێوان ساڵی 800 و 1050ی پاش‌-زایین دەڵێین دەورەی ڤایکینگ. لە سەرەتای دەورەی ڤایکینگ دا، نەوریژ وڵاتێکی یەکگرتوو نەبوو، بەڵکوو لە چەندین پاشایەتی بچووک پێکهاتبوو. لە ساڵی 872 هاراڵد فەیرهەیر (Harald Hårfagre) بوو بە شای بەشێکی زۆر لە نەوریژ. زۆرێک لە ڤایکینگەکان سەفەریان کرد بۆ وڵاتانی تر. هەندێ لە ڤایکینگەکان بازرگان بوون و کالایان دەکڕی و دەفرۆشت، بەڵام ئەوانی تر جەنگاوەر بوون کە خەریکی تاڵان و کوشتن بوون. ئەمڕۆ، کاتێ ئێمە باسی ڤایکینگەکان دەکەین زیاتر دەکەوینە بیری جەنگاوەرەکان. لە سەدەی 11یەم دا ئایینی مەسیحی هاتە نێو وڵاتی نەرویژ و جێگەی باوەڕە ئایینیە کۆنەکانی نۆرس (Norse)ی گرتەوە. Borgund stavkirke

یەکگرتنی دانیمارک و نەرویژ

لە ساڵانی 1300 دا، ڕۆژ لەگەڵ رۆژ کاریگەریی دانیمارک لەسەر نەرویژ زۆرتر دەبوو، لە 1397، نەوریژ ڕەسمەن لەگەڵ دانیمارک و سوید یەکی گرتبوەوە. ئەم یەکێتیە لەلایەن شایەکی هاوبەشەوە ئیدارە دەکرا. سوید بەرەبەرە لەم یەکێتیە جیا بووەوە، بەڵام دانیمارک و نەرویژ هەتا 1814 بە یەکگرتوویی مانەوە. دانیمارک حاکمی ئەم یەکێتیە بوو. کۆپنهاگن ناوەندی فەرهەنگیی ئەم یەکێتیە بوو و نەرویژییەکان بە زمانی دانیمارکی دەیانخوێند و دەیاننووسی. جووتیارانی نەوریژی باجیان دەدا بە شای کۆپنهاگن.

لەناوچوونی یەکێتی و دروستبوونی یەکێتی ی نوێ

Eidsvoll 1814 - © Stortingsarkivet/ foto: Teigens fotoatelier as

سالی 1814 ساڵێکی گرنگە لە مێژووی نەرویژ دا. لە 17ی مەی ئەم ساڵە دا نەرویژ بوو بە خاوەنی یاسای بنەڕەتی (دەستوور)ی خۆی. لە سەرەتای ساڵانی 1800 دا چەندین جەنگ لە ئەورووپا ڕووی دا. یەکێک لەوانە جەنگێکی گەورە بوو لە نێوان ئینگلیس و فەرەنسا. دانیمارک/نەرویژ لایەنی فەرەنسای گرت و، کاتێ کە فەرەنسا جەنگەکەی دۆڕاند، شای دانیمارک ناچار کرا نەرویژ ڕادەستی سوید بکا، کە لایەنگری ئینگلیس بوو. یەکێتی نێوان دانیمارک و نەرویژ لە 1814 لە ناو چوو. هەندێ لە نەرویژییەکان هیوادار بوون کە دوای لەناوچوونی ئەم یەکێتیە نەرویژ ببێ بە نەتەوەیەکی سەربەخۆ. گرووپێک لە پیاوانی پێشەنگ لە ئەیدسڤۆڵ (Eidsvoll)، لە ناوچەی ئاکێرشووس (Akershus)، کۆ بوونەوە. ئەوان لە پاڵی هەوڵەکانی تر دا، یاسای بنەڕەتی‌یان دانا بۆ نەرویژێکی سەربەخۆ. بەڵام، نەرویژ ناچار کرا لەگەڵ سوید یەک بگرێ و لە نۆڤەمبەری 1814، یەکێتی نێوان ئەم دوو وڵاتە بوو بە ڕاست. یەکێتی لەگەڵ سوید لاوازتر لە یەکێتی پێشوو لەگەڵ دانیمار بوو. بە نەرویژ ڕێگە درا کە یاسای بنەڕەتی خۆی (بە هەندێ گۆڕانکارییەوە) بە کار بێنێ و خۆی بەڕێوە ببا. سوید سیاسەتی دەرەوەی دیاری دەکرد و شای هەردوو وڵات سویدی بوو.

Eidsvollsbygningen

خۆشەویستی نیشتمان و ناسنامەی نەرویژی

Brudeferd i Hardanger (Hans Gude & Adolph Tidemand, © Nasjonalmuseet for kunst, arkitektur og design)

نزیک بە نیوەی سەدەی 19، بزۆتنەوەیەکی نوێ لە بواری هونەر و فەرهەنگ دا سەری هەڵدا، کە ئێمە پێی دەڵێین بزۆتنەوەی خۆشەویستیی نیشتمان. بەشێکی گرنگ لەم بزۆتنەوە لەسەر کاراکتری نیشتمانی و گەورەکردنەوە و رازاندنەوەی ئەم کاراکترە تەئکیدی دەکرد. لە نەرویژ، زیاتر تەئکید لەسەر جوانیی سروشتی نیشتمان بوو. کۆمەڵگای جووتیاران وەکوو “نموونەی نەرویژی‌بوون” سەیر دەکرا. خۆشەویستیی نیشتمان لە ئەدەبیات، هونەرە دیدارییەکان و مووزیک دا خۆی دەنواند. لەم ماوە دا، نەرویژییەکان هەستێکی مەزنتریان بەرانبەر بە ناسنامەی نیشتمانیی خۆیان هەبوو. زۆرێکیان شانازییان بە نەرویژی‌بوونی خۆیان دەکرد، وە لە ئاکامی ئەمە دا، مەیلی ئەوان بۆ سەربەخۆبوونی وڵات زیاتر بوو. دوای ئەوەی کە نەرویژ چەند سەدە لەگەڵ دانیمارک یەکی گرتبوو، زمانی نووسینی نەرویژ دانیمارکی بوو. ئەو زمانی نووسینە کە ئێستا پێی دەڵێین بۆکمال (bokmål) نموونەیەکی پێشکەوتووی ئەم زمانەیە. لە دەورانی بزۆتنەوەی خۆشەویستیی نیشتمان دا، زۆرکەس پێیان وابوو کە نەرویژییەکان دەبێ زمانی نووسینی تایبەت بە خۆیان هەبێ کە لەسەر زمانی دانیمارکی نەبێ. لەبەر ئەمە، زمانەوان ئیڤار ئاسێن (Ivar Aasen) (1813 تا 1896) بە سەرانسەری وڵات دا سەفەری کرد و نموونەی شێوەزارە جیاجیاکانی کۆ کردەوە. ئەو ئەم نموونانەی بە کار هێنا بۆ دروستکردنی زمانێکی نووسینی نوێ بە ناوی نینۆرسک (nynorsk) (واتە سویدیی نوێ). لە 1800ـەوە تا ئێستا هەردوو شێوەزاری نینۆرسک و بۆکمال تا ڕادەیەکی زۆر پێشکەوتوون، بەڵام لە نەرویژ هێشتا دوو شێوەزاری ڕەسمی لە زمانی نەرویژی هەیە، جگە لە شێوەزارەکانی سامی (Sami) و کڤێن (Kven (kvensk)).

بە-پیشەسازی-بوونی نەرویژ

Fabrikkarbeidere 1880, (Oslo Museum, fotograf: Per Adolf Thorén)

لە ناوەڕاستی سەدەی 19 دا، نزیکەی سەدا 70ی جەماوەری نەرویژ لە ناوچە لادێیەکان دەژییان و زۆربەیان خەریکی کاروباری کشتوکاڵ و ماسیگرتن بوون. ژیان بۆ زۆرێک لە خەڵک دژوار بوو. لەگەڵ زۆربوونی جەماوەر، زەوی یان کاری پێویست بۆ هەمووان نەبوو. لە هەمان کات دا هەندێ گۆڕانکاریی لە شارەکان دا ڕووی دا. هەڕ ڕۆژ کارخانەی زۆرتر دروست دەکرا و زۆرێک لە خەڵک بە مەبەستی کارکردن لە لادێوە باریان کرد بۆ شار. ژیان لە شار بۆ زۆرێک لە خێزانەکانی چینی کرێکار ئەستەم بوو. ماوەی کارکردن لە ڕۆژ دا زۆر بوو و بارودۆخی ژیان لاواز بوو. زۆربەی خێزانەکان منداڵی زۆریان هەبوو و پێکەوەژیانی چەند خێزان لە نێو ئاپارتمانێکی بچووک شتێکی ئاسایی بوو. هەروەها زۆرێک لە منداڵان ناچار بوون لە کارخانەکان کار بکەن بۆ ئەوەی ژیانی خێزانەکانیان بەڕێوە بچێ. هەروەها زۆرێک لە خەڵک بەختی خۆیان لە دەرەوەی وڵات تاقی کردەوە و، لە نێوان ساڵانی 1850 و 1920 دا، زیاتر لە 800000 نەرویژی کۆچیان کردن بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

وڵاتێکی ئازاد و سەربەخۆ

یەکێتی لەگەڵ سوید لە ساڵی 1905 هەڵوەشایەوە. چەندین ساڵ لە نێوان ستۆرتینگ (پەڕلەمانی نەرویژ) و شای سوید دا ناکۆکی سیاسی هەبوو، وە لە سەرەتای سەدەی 20 دا بەردەوام ژمارەیەکی زۆرتر لە خەڵک دەگەیشتن بەو باوەڕەی کە نەرویژ دەبێ وڵاتێکی ئازاد و سەربەخۆ بێ. لە 7ی جوونی 1905، ستۆرتینگ ڕایگەیاند شای سوید ئیتر شای نەرویژ نییە و، سەرەنجام، یەکێتی لەگەڵ سوید هەڵوەشایەوە. کاردانەوەی سوید زۆر توند بوو و تەقریبەن جەنگ لە نێوان نەرویژ و سوید داگیرسا. لە ئاکامی دوو ڕاپرسی دا کە لە هەمان ساڵ بەڕێوە چوو، بڕیار درا کە یەکێتی لەگەڵ سوید هەڵوەشێتەوە و وڵاتی نوێی نەرویژ حکوومەتی پاشایەتی هەبێ. شازادەی دانیمارکی، کارل (Carl)، هەڵبژێرا و بوو بە شای نوێی نەرویژ. ئەو ناوی شاهانەی نەرویژی هاکۆ (Haakon)ـی بۆ خۆی هەڵبژارد. شا هاکۆنی 7ـەم لە 1905 هەتا مەرگی لە ساڵی 1957 شای نەوریژ بوو.

نیوەی یەکەمی سەدەی 20

Vannkraftverkلە کۆتایی ساڵانی 1800 دا، نەرویژ دەستی کرد بە بەکارهێنانی کارەبای ئاوی (هیدرۆئێلکتریک) بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا. لە ئاکام دا، چەندین کۆمپانیای پێشەسازی دامەزران. داخواز بۆ هێزی کار زیادی کرد و شارەکان بەردەوام گەشەیان کرد. یاسایەک پەسەند کرا کە ڕێگەی دەدا کۆمپانیا تایبەتەکان کارەبای ئاوی بەرهەم بهێنن، بەڵام خودی سەرچاوەکان هەر لە ژێر خاوەنیەتی حکوومەت دا مانەوە. لە ساڵانی 1914 تا 1918 جەنگی جیهانیی یەکەم وڵاتانی ئەورووپای گرتەوە. نەرویژ لەم جەنگە دا بەشداری نەکرد، بەڵام کاریگەرییە ئابوورییەکان لەم وڵاتە دا هەست دەکرا. لە ساڵانی 1930 دا ئەورووپا و ئەمریکای باکوور تووشی قەیرانێکی دارایی بوون. زۆرێک لە خەلک کار و خانووی خۆیان لە دەست دا. ئەگەرچی بارودۆخ لە وڵاتی نەرویژ دا لە زۆر وڵاتی تر باشتر بوو، ئێمە لە نەرویژ بەم دەورە دەڵیین “ساڵانی دژواری 30″.

جەنگی جیهانی دووەم: 1939/1940 تا 1945

Stortinget med tysk banner 1940-45, (Oslo Museum, ukjent fotograf)

جەنگی جیهانیی دووەم لە سێپتەمبەری 1939 بە هێرشی ئەڵمانیا بۆ سەر پۆلەندا دەستی پێ کرد. لە 9ی ئاپریلی 1940 هێزەکانی ئەڵمانیا هێرشیان کردە سەر نەرویژ. جەنگ لە نەرویژ تەنیا چەند ڕۆژی خایاند و نەرویژ بەتەواوی تەسلیم بوو. شا و حکوومەت هەڵهاتن بۆ ئینگلیس و لەوێوە درێژەیان دا بە جەنگ بۆ ئازادکردنی نەرویژ. لەم کاتە دا، نەرویژ لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتێکی لایەنگری ئەڵمانیا بوو کە بە شێوەیەکی نادیمۆکراتی هەڵبژێرابوو و ڕێبەرەکەی ڤیدکۆن کویسلینگ (Vidkun Quisling) بوو. تەنیا چەند جەنگ لەنێو خاکی نەرویژ ڕووی دا، بەڵام چەندین گرووپی بەرگری دەستیان کرد بە تێکدان، ڕۆژنامەی نایاسایی‌یان بڵاو کردەوە، و کۆمەڵێک بزۆتنەوەی نافەرمانیی مەدەنی و خۆڕاگریی نائاشکارییان دژ بە ڕژیمی دەسەڵاتدار بەڕێوە برد. زۆربەی ئەو کەسانە کە لە بزۆتنەوەی بەرگری دا چالاک بوون ناچار بوون وڵات بە جێ بهێڵن. لە ماوەی جەنگی جیهانی دا نزیکەی 50000 نەرویژی هەڵهاتن بۆ وڵاتی سوید. هێدی هێدی ئەڵمانیەکان لە زۆرێک لە بەرەکانی جەنگ دا شکستیان خوارد و لە مانگی مەی 1945 خۆیان تەسلیم کرد. لە ئاکامی ئەم جەنگە دا نزیکەی 9500 نەرویژی کوژران.

نەرویژی ئەمڕۆ

En oljeplattform

دوای تەواوبوونی جەنگ، وڵات پێویستی بە بنیادنانەوەی هەبوو. تا ڕادەیەکی زۆر کالا کەم بوو و خانووی کافی بۆ خەڵک نەبوو. بۆ بنیادنانەوەی وڵات بە زووترین کات پێویست بە هاوکاریی و یەکڕێزی هەبوو. حکوومەت هەندێ ڕێسای سەخت و توندی دانا بۆ ئابووری و سەرفکردن (ئیستهلاک). ماوەیەکی کورت دوای جەنگ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) دامەزرا. ئامانجی سەرەکی نەتەوە یەگرتووەکان ئەوە بوو کە پەرە بدا بە ئاشتی و دادوەری لە سەرانسەری جیهان. نەرویژ یەکێک بوو لە یەکەمین وڵاتان کە لە نۆڤەمبەری 1945 بوو بە ئەندامی ئەم ڕێکخراوە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشنیاری یارمەتیی دارایی دا بۆ پشتیوانیکردن لە بنیادنانەوەی وڵاتانی ئەورووپا لە دوای جەنگ. ئەم یارمەتیە ئابوورییە بە ناوی “پلانی مارشاڵ” ناسراو بوو وە داخوازییە ئابووری و سیاسیەکانی وڵاتانی وەرگری ئەم یارمەتیەی لە خۆ دەگرت. نەرویژ نزیکەی سێ میلیارد کرۆن یارمەتی وەرگرت. لە 1949، نەرویژ و یازدە وڵاتی تر “پەیماننامەی ئاتلانتیکی باکوور”یان واژۆ کرد. ئەمە بوو بە هۆی دامەزرانی ڕێکخراوی بەرگریی ئاتلانتیکی باکوور، ناتۆ. پەیوەندیی نزیکی نێوان ڕۆژاوای ئەورووپا و ویلایەتە یەکگرتووەکان هەتا ئەمڕۆ بەردەوامە. ئابووریی نەرویژ لە ساڵانی 1950 و 1960 دا تەقریبەن بەهێز بوو و حکوومەت چەندین چاکسازی ئەنجام دا بۆ ئەوەی چۆنایەتی ژیانی دانیشتوانی ئەم وڵاتە باشتر بکا. لە ساڵانی 1960 دا، چەند کۆمپانیا ویستیان لە دەریاکانی نەرویژ دا بیر هەڵکەنن بۆ بەرهەمهێنانی نەوت و گاز. هەروەکوو پرۆژەکانی کارەبایی ئاویی 50 ساڵ لەوەوپێش، سەرچاوەکانی نەوت لە ژێر خاوەنیەتی حکوومەت دا بوو، بەڵام ڕێگە درا بە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت بۆ ئەوەی لە هەندێ شوێنی دیاریکراو بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بگەڕن بۆ نەوت، بیر هەڵکەنن و نەوت هەڵگۆزن. یەکەمجار لە 1969 لە دەریای باکوور نەوت دۆزرایەوە و، لەو کاتەوە، نەوریژ بووە بە وڵاتێکی خاوەن نەوت. ئەمڕۆ، نەرویژ یەکێکە لەو وڵاتانەی جیهان کە زۆرترین ڕێژەی نەوت هەناردە دەکەن وە پیشەسازیی نەوت کاریگەرییەکی گرنگی لەسەر ئابووریی نەرویژ هەیە. هەروەها، بزۆتنەوە جەماوەرییە مەزنەکان کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر پێشکەوتنی نەرویژی ئەمڕۆ هەبووە. بە تایبەت بزۆتنەوەکانی یەکیەتیەکانی کرێکاران و بزۆتنەوەکانی ژنان دەورێکی مەزن‌یان هەبووە. پێشینەی بزۆتنەوە کرێکارییەکان لە نەرویژ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 1600، بەڵام لە ساڵانی 1880 دا لەگەڵ زۆرتربوونی کارەکانی بواری پێشەسازی ئەم بزۆتنانە زیاتر ڕێکخران. لە ساڵانی 1920 دا ئەم بزۆتنەوە هێز و کاریگەرییەی زۆرتری هەبوو. بزۆتنەوەی کرێکاری خەباتی کردووە بۆ باشترکردنی ژیانی کرێکاران، لەوانە کەمکردنەوەی ماوەی کارکردن لە ڕۆژ دا، باشترکردنی سەلامەتی شوێنی کار، بیمەی تەندروستی و مافی وەرگرتنی یارمەتیی دارایی لە کاتی بێکاری. بزۆتنەوەی ژنان خەباتی کردووە بۆ مافەکانی ژنان لە نێو کۆمەڵگا، یەکسانی نێوان ڕەگەزەکان و دەرفەتی یەکسان بۆ پیاو و ژن. مافی جیابوونەوە، مافی کۆنترۆڵی منداڵبوون، مافی لەباربردن و مافی ژنان بۆ بڕیاردان لەبارەی لەشی خۆیان هۆکارە سەرەکیەکانی دروستبوونی بزۆتنەوەی ژنان بوونە. ئەمڕۆ، پیاو و ژن مافی یەکسانیان هەیە بۆ خوێندن و کار، مڵک و ماڵ و میرات، دەرمان و چاودێریی تەندروستی.



نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
didar othman

کورتەیەک لەبارەی مێژوی نەرویژ Reviewed by Unknown on 12:57:00 ص Rating: 5

ليست هناك تعليقات:

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.