دەوڵەتە عەرەبیەكانی پێش ئیسلام
دەوڵەتە عەرەبیەكانی پێش ئیسلام
محمود شاكر
وەرگێڕانی نهاد جلال حبیب الله
شارستانیەتی عەرەبی شارستانیەتێكی كۆنو ڕیشەدارە كە چەند دەوڵەتۆكەیان بنیاد نابوو و بە هاتنی ئیسلام لەسایەی ئیسلام عەرەب پێش كەوتو لەسەردەمی عەبباسیشدا ژیاری ئیسلامی گەیشتە لووتكە، بۆ تێگەیشتن لەژیاری ئیسلامیش دەبێت پێشتر پوختەیەك لەسەر دەوڵەتە عەرەبیەكانی پێش ئیسلام باس بكەین، لەوانەش:
*یەمەن:
یەمەن لەسەردەمانی كۆندا بەپیت ترین ناوچەی نیمچەدوورگەی عەرەبیو دووزنجیرە شاخی پێدا تێدەپەڕن كە لەنێوانیاندا بانێكی پان هەیە كەبەرەو دەریا دادەكەوێتو دەشتێكی كەناراوی بەرتەسك بەجێ دێڵیت كەچەند دۆڵێك كەبەرەو دەریا دەچن دەیبڕەن، لەهاویندا بارانێكی زۆر دەبارێتو یارمەتیدەردەبێت بۆئاوی كشتوكاڵ،دانیشتوانیشی سوودیان لەو ئاوە وەرگرتووەو بۆ ڕێكخستنی ئاودێریو دابەشكردنی ئاو چەند بەنداوێكیان دروست كردبوون، ناودارترینیان بەنداوی مەئرەب بوو، بوونی ئاوو مامناوەندی ئاوو هەواو بەپیتی خاكی یەمەن بوویە هۆی گەشەسەندنی كشتوكاڵو پێشكەوتنی شارستانیەت، دۆڵەكانی بانەكانو لاپاڵی شاخەكانو دەشتە كەناراویەكان میوەی جۆراوجۆریان بەرهەم دەهێنا، هەروەك دۆڵەكەناراویەكان گەنمو گەنمەشامییان بەرهەم دەهێنا، بەڵام دیارترین بەرهەمی كشتوكاڵی لەیەمەنی كۆندا بخورد بوو كە زۆربەی لەپەرستگاو بۆنە ئایینەیكاندا بەكاردەهێنرا، هەروەها بۆنی خۆش كە بەزۆری بۆ جوانی بەكاردەهات، هاوكات چەندین جۆری دیكەی گژوگیا كە بۆ دەرمانو چارەسەری پزیشكی بەكاردەهاتن، هەروەها گیای (ورس)كە ڕەنگی زەرد لە چۆراوەكەی وەردەگیراو زۆر بەكاردەهێنرا هەروەها لۆكەش بەرهەم دەهێنرا.
لەیەمەندا بەرهەمی ئاژەڵی وەك مەڕو وشترو مانگا كە بۆ گواستنەوەو كشتوكاڵیش بەكاردەهێنرا زۆر بوو سەرەڕای ئەوەی بۆ خواردنیش سوود لەخۆیو بەرهەمیو بۆ پیشەسازیش بەكاردەهێنرا، لە یەمەن پێستە ناوبانگێكی دیاری هەبوو بەهۆی چاكیەوەو دەنێردرا بۆ بەشەكانی دیكەی نیمچەدوورگەی عەرەبی، هەروەها هەندێك كانزاو بەردی گرانبەهای هەبوون وەك زێڕو زیو هەندێك عەقیقومرواری هەبوون، سامانی كشتوكاڵیو ئاژەڵیو كانزاییش یاریدەدەر بوو بۆ گەشەسەندنی پیشەسازی، زۆرێك لەئاژەڵەكان دەنێردران بۆ ناوچە ژیاریەكانی جیهانی ئەوكات، دیارترین هەناردەش بۆنی خۆشو چنراوی لۆكەیی بوو، لەبەرئەوەی یەمەن دەكەوتە سەردەریای عەرەب بۆیە مەڵبەندێكی گرنگ بوو تاكاڵا بازرگانیەكان كە لە هیندو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی دوورەوە دەهێنران پیایدا تێپەڕین، دەریاوانە یەمەنیەكان كاڵاكانیان دەگواستنەوەو دەریاوانی زەریای هیندییان تاسەدەی یەكەمی پێش زایین قۆرخ كردبوو، دوای ئەوەش زاڵبوون بەسەر بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی دووردا، بەشدارییان لەبازرگانیدا وایكرد بە وڵاتاندا بگەڕێن.
پێشكەوتنی كشتوكاڵو پیشەسازیو بازرگانی بوویە هۆی پێشكەوتنی شارستانیەت لە یەمەنو دەركەوتنی چەند دەوڵەتێك تیایدا، لەوانە دەوڵەتی موعینیو سەبەئیو حەمیری كە لە باشووری یەمەن دەركەوتو دواتر فراوانخوازی كردو توانی دەسەڵاتی بەسەر هەموو یەمەنو چەند ناوچەیەكی بەرفراوانی نیمچە دوورگەی عەرەبیدا بچەسپێنێت بەڵام خەڵكی یەمەن خۆیان نەدایە دەست دەسەڵاتی حەبەشی بیانیو بەرامبەریان وەستانو توانییان دەریان بكەن، بەڵام نەیانتوانی دەوڵەتێكی بەهێزی وا دروست بكەن كە وڵات یەكبخات، بەوە یەمەن بەپارچە پارچەیی مایەوە تا دەركەوتنی ئیسلام.
ئەوكات خەڵكەكەی مسوڵمان بوونو ژمارەیەكی زۆریان چوونە ناو سوپای ئیسلامی كە جەنگی فتوحاتی دەكرد، ژمارەیەكی زۆریشیان چوون بۆ كوفەو وڵاتی شامو میسرو مەغریبی ئیسلامیو ئەندەلوس.
*ئەنبات:
ئەم دەوڵەتە لەباشووری ڕۆژهەڵاتی فەلەستین دامەزراو ئەنباتی بەترای كرد بەپایتەختی خۆی، ئەوێ وێستگەی كاروانە بازرگانیەكانی یەمەنو حیجازبوو كە بۆ وڵاتی شامو میسر دەچوون، ئەو دەوڵەتە توانی سەربەخۆیی خۆی بپارێزرێتو بەرامبەر سوپای فارسو ئەسكەندەری مەقدۆنی بوەستێت، چەند پاشایەكی كەوتنە فراوانكردنی سنوری دەسەڵاتیانو بەشێكی زۆری فەلەستینیان گرت واتە باشووری وڵاتی شام.
شارستانیەت تیایدا پێشكەوتو پاشاكانیان دراویان لێداو بینای بەرزو هەندێكیان هەڵكۆڵراو لە بەردیان دروست كردن، تا ئێستاش ئەو بینایانە ماون بەڵام زمانیان نزیك بوو لەزمانی خەڵكی حیجاز، ئاینیشیان لەوان دەچوو، دەوڵەتەكەیان مایەوە تا كاتێك ئیمپراتۆری ڕۆمانی تراجان لەساڵی (108.) لەناوی برد، دواتر (بوصرا) وەك مەڵبەندی كاروانەكان شوێنی گرتەوە.
*تەدمور:
لەشارە ناسراوەكانی سەرە ڕێی كاروانە بازرگانیەكان شاری تەدمور بوو كە دەكەوتە باكووری دەشتی شام لە نێوەندی بیابانو لەناوچەیەكدا كە چەند بیرێكی كۆنی تێدابوون لەدێر زەمانەوە دامەزرا، دواتر لەسەدەی یەكەمی زاییندا گرنگیەكەی زیادی كرد كاتێك پەیوەندی نێوان ڕۆماو فارسەكانی ئێرانو عێراق باش بوو، ئاشتی ناوچەكەی گرتەوەو چالاكی بازرگانی دەركەوتو ئەویش وێستگەیەكی گرنگ بوو بۆ ئەوكاروانانەی بازرگانی هیندوچینیان دەكردو دەگەیشتنە عێراقو دواتر دۆڵی فوراتیان دەگرتەبەرو بە تەدموردا تێپەڕدەبوونو لەوێوە بۆ شارەكانی دەریای ناوەڕاستو بەندەرە ڕۆژهەڵاتیەكانی دەچوون، پاشایانی تەدمور توانییان دەسەڵاتیان فراوان بكەنو ناوچە دراوسێكان بگرنو كاروانەكان بپارێزنو بەشداری بازرگانییان هەبێت، سیستمێكی سەربەخۆی سیاسییان دامەزراندو بیناو پەرستگای گەورەیان دروستكردن كە تا ئێستاش هەندێكیان ماون.
كاتێك دەوڵەتی ساسانی لەڕۆژهەڵاتەوە دەركەوت هەوڵیدا بەندەرەكانی دەریای ناوەڕاست بگرێتو لەگەڵ ڕۆمدا چەند جەنگێكی ئەنجامدان، ئەمە وایكرد ئاسایش نەمێنێتو بازرگانی پەكی بكەوێتو گرنگی تەدمور نەمێنێت.
*غەساسینە و مەنازیرە:
لەباكووری نیمچە دوورگەی عەرەبی دوو دەوڵەتی عەرەبی غەساسینەو مەنازیرە دەركەوتن، غەساسینە هۆزی عەرەبی بوون كە لە دەشت لە دەووروبەری وڵاتی شام نیشتوجێ بوونو سەركردەكانیان توانییان لەو ناوچانەدا دەسەڵاتیان بسپێنن بەسەر هۆزە عەرەبیەكانی باكووری ڕۆژئاوای دوورگەی عەرەبیداو بەشداری ئەو جەنگانە بكەن كە لە نێوان فارسو ڕۆمدا ڕوویاندابوو، غەساسینەكان بوون بەمەسحیو سەركردەكانیان لای ڕۆم پلەوپایەیان بەرز بووو قەڵەمڕەوییان لای زۆربەی هۆزە عەرەبیەكان هەبوو، كۆمەڵێك شاعیری عەرەب سەردانی كۆشكەكانیان دەكردنو لەوەسفیاندا شیعریان پیادا هەڵدەدان دیارترینی ئەوانەش زبیانی وحەسانی كوڕی سابت بوون.
غەساسینەكان لە وڵاتی شام بەكۆشكە ڕازاوەكانیان ژیاریان بنیادنا، دیارترینی ئەوكۆشكانە بریتی بوون لە(قسطل) و(مشتی) چەندین شاریشیان هەبوون لەوانە بوصرا كەپایتەختی دەوڵەتەكەیان بوو، مەنازیرەش (لەخمیەكان) خێزانێكی بنەماڵەی عەرەبی بوون كەڕێبەری هۆزەكانی ناوچەكانی عێراقی ناوەڕاستیان دەكرد، ئەوان حیرەیان كردە پایتەختی خۆیانو ژیارێكی عەرەبیان تێدا دامەزراند، حیرە سێ میل لە باشووری كوفەیە لە ناوچەیەكی دەشتایی نزیك بیابانو ڕووباری فورات بەلایدا دەڕوات كە چەند لقێكی لێ دەبێتەوە، لەوانە ئەولقەی كە بەحیرەدا دەڕواتو بەڕووباری حیرە ناسراوە، حیرەش بەهۆی پێگەی لەعێراقو پەیوەندی بە هۆزەكانی نیمچە دوورگەی عەرەبیو خاكیەوە سەرەڕای ئەوەی لەسەر ڕێی ئەوكاروانانە بوو كە شمەكی بازرگانییان دەهێناو دەبرد، بەم هۆیەوە گرنگیەكی تایبەتی هەبوو، ئەودەوڵەتە لەسەردەمی نوعمانی یەكەمدا (400-418 ز)و مونزری یەكەم (418-462 ز) گەیشتە لوتكە، بەڵام دەركەوتنی چەند ئاڕاستەیەكی سەربەخۆیی لای نوعمانی سێیەم (580-602.ز)وهەوڵی پێكهێنانی ناوچەیەكی نوێ كە هۆزەكانی ڕۆژهەڵاتو ناوەڕاستی نیمچە دوورگە عەرەبی بگرێتەخۆ بوویە هۆی گرتنیو دواتر كوشتنی، بەمە ئەم دەوڵەتە كۆتایی پێهات، دەوڵەتی مەنازیرە باری كۆمەڵایەتی پێشكەوتو پشتی دەبەست بە كشتوكاڵو بازرگانیو سەقامگیری لە شارەكانیدا هەبوونو كۆشكی گەورە دامەزرێنران كە تا ئێستاش شوێنەوارییان ماوە، لە دیارترینیان كۆشكی (خورنق)و (سدیر)كە نوعمانی یەكەمی پاشای حیرە (400-418.ز) دروستی كردن.
*كندە:
ئەم دەوڵەتە كە بنەڕەتەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی پێنجەمی زاینی دەدرێتەوە پاڵ هۆزی كندە كە بە (كندەی پاشایان) یش ناسرابوو، خانوەكانی ئەم هۆزە لەبنەڕەتدا لەباشووری نیمچەدوورگە بوونو لەناوچەی ڕۆژئاوای حەزرەموت بوون، كندیەكان بەرەو ناوەڕاستی نیمچە دوورگە كشانو لەوێ دەوڵەتێكی عەرەبیان دامەزراند كەدەسەڵاتی لەكاتی بەهێزیدا هۆزەكانی ناوحیجازو باكووری نیمچەدوورگەی عەرەبی وبەحرەینی دەگرتەوە، هەروەك قەڵەمڕەوی چەند هۆزێكی چەند ناوچەیەكی یەمامەشی دەگرتەوە بەڵكو تاباكووری دەوڵەتی مەنازیرە لەحیرەچووویەكێك لەپاشاكانیان كورسی دەسەڵاتی ئەودەوڵەتەی گرتە دەست، یەكەم كۆچی كندیەكان بۆ ناوچەی نەجد لەدەوروبەری نیوەی سەدەی سێیەمی زایینیدا بوو، ئەو بارەش كە دەوڵەتی كندەی تێدا دامەزرا لەبەشی ڕۆژئاوای بەرزایی بانی نەجد تا سنووری ڕۆژهەڵاتی حیجاز بوو لە ناوچەی (ضریه) كە ناوچەیەكی پڕدۆڵو شیوو ئاوو زۆنگاوی گرنگ بووو كاتێك زێڕیشی زۆر بوو.
لە نێو پاشایانی كندەدا (حجرەی كوڕی عەمر) ناسراوە كەماوەی دەسەڵاتی لە دەوری كۆتاییەكانی سەدەی پێنجەمی زاییندا بووە، ئەم پاشایە دژ بە هۆزە عەرەبیەكانی بەشەكانی نیمچەدوورگە چەند هەڵمەتێكی بردووەو هەوڵیداوە لە ژێر دەسەڵاتی خۆیدا یەكیان بخات، ئەمەش یەكەم پاشاو دامەزرێنەری دەوڵەتی كندە بوو، دواتر عەمری كوڕی هات كە بە(مقصور) ناودەبرا، ئەم پاشایەش لەگەڵ حەمیریەكانی یەمەن پەیوەندی باش بوو لەگەڵ مەنازیرەشدا خزمایەتی بەست، بەڵام لەگەڵ غەساسینە ناكۆكی هەبووو لەگەڵ حارسی كوڕی ئەبووشوممە لە چەند جەنگێكدا پێكیداداو تیایدا كوژرا، دواتر حارسی كوڕی عەمر كە بەهێزترین پاشی كندە بوو هات، داڕمانی پەیوەندی نێوان مەنازیرەو ساسانیەكانی قۆستەوەو دەوڵەتی مەنازیری گرت، بەڵام ئەمیش زۆر نەمایەوەو مرد، بەمردنی حارس یەكێتی دەسەڵات لەدەوڵەتی كندە نەماو تەنها مەعدی كربی كوڕی حارسو چەند دەسەڵاتێكی بچووكو سەركردەو ئەمیرێكی لاواز هەبوون تا ئیسلام دەركەوتو ئەوانیش نەمان، براكانی مەعدی كە سییان بوون لە جەنگەكانی باوكیاندا كوژران، ئەم هۆزە كۆمەڵێك شاعیرو ئەدیبی هەبوونو لەنێویاندا چەندێكیان دیاربوون لەوانە شاعیری ناسراو (ئیمرولقەیسی كوڕی پاشای حجر) كە لە تۆماری مێژووی كندەدا ڕۆڵێكی گەورەی هەیە.
*مەككە:
عەرەبەكان لەسەدەی شەشەمی زایندا سەربەخۆیی سیاسی خۆیان لەدەستدا كاتێك حەبەشیەكان یەمەنیان گرتو دوای ئەوانیش فارسەكان بوونە داگیركەر، دەوڵەتی غەساسینەومەنازیرەش بەرەو كوژانەوەو داڕمان چوونو شانشینی كندەش ڕووخا، بەڵام چەند شارێكی عەرەبی توانییان باری كۆمەڵایەتیو ئابوورییان گەشە پێ بدەن، لەوانەش مەككە كە دەكەوێتە دۆڵی (غیر ذی زرع) لە نێوان چەند شاخێكی ڕووتەندا بەماوەی (75كیلۆمەتر) لەكەناراوی دەریای سورەوە، پێگەكەشی خاڵی پەیوەندی نێوان ڕێگە كاروانیەكانی باشوورو باكووردا بوو كە بەڕۆژئاوای نیمچە دوورگەدا تێپەڕ دەبوون، دەركەوتنو گەشەسەندنی مەككە لەدوو ڕوداوی مێژووییەوەیە، یەكەمیان دابەزینی پێغەمبەرو پێشەوامان ئادەم(علیە السلام) لەئاسمانەوە بۆ سەرزەویو چوونی بۆ مەككە وەك لە گێڕانەوەكاندا هاتووە، دووەمیش بنیادنانی كەعبە تیایدا لەلایەن پێغەمبەرو پێشەوامان ئیبراهیم (علیە السلام) وكردنی بە مەڵبەندی یەكخواپەرستیو پەرستشی خوا بەپێی ئەوبیروباوەڕەی كە ناسراوە بە ڕاستیو دروستی، بۆیە دەبینین ناوی مەككە پیرۆزی پێوە پەیوەست بووە، چەند ناوێكیشی هەبوون كەهەمان واتا دەگەیەنن وەك (البیت العتیق)و(ام القری)و…………..هتد.
دانیشتوانی ئەوشارە لەسەردەمی ئیسماعیلی كوڕی ئیبراهیمەوە (علیهما السلام) لەوێ نیشتەجێ بوون، لە نێویاندا چەند هۆزێكی ناسراوو دیارن وەك جورهومو خوزاعەو قورەیش كەهاتنیان بۆ مەككە پەیوەستە بە قوصەی كوڕی كیلاب كە هۆزەكەی كۆكردەوەو لەمەككە نیشتەجێی كردن، ئەم هۆزانە پێشتر لەناو نەوەكانی كینانەدا پەرشو بڵاو بوو، قوصەی توانی مەككە لە هۆزی خوزاعە داماڵێت، قوصەی چووە مەككەو چەند هێڵیكی كێشاو لەوێ نزیكانی خۆی دانا كە (قورەیشی بەتاح) بوونو فەرمانی كرد دارەكانی دۆڵەكە ببڕنو بۆ بنیادنانی خانووەكانیان بیهێنن، گرنگی دا بە بینای كەعبەو بەردەڕەشی تیادا دانایەوەو بیری هەڵكەندو كاروباری كۆمەڵایەتی شاری ڕێكخست، دارونەدوەی دامەزراند كە قورەیش تیایدا كارگێڕی كاروباری گشتی ژیانی مەككەیان دەكرد، هەروەك گرنگی دا بەڕێكخستنی حەج لە مەككەو ئەركە پێویستیەكانی پاراستنو ئاوەدانو دارونەدوەو ئاڵاو بوارەكانی دیكەی لای خۆی كۆكردەوە، ئەمەش پایەیەكی بەرزی دا بە قورەیشو گرنگی مەككەی زیاتر كرد.
*گرنگی مەككە:
مەككە گرنگیەكی زۆری لەمێژووی ئیسلامدا هەیە، چونكە پێش ئیسلامو دواتریش مەڵبەندی ئایینی ناو نیمچە دوورگەی عەرەبی بووە بۆ حەج هەروەك مەڵبەندێكی گرنگی بازرگانی بووەو خەڵكەكەی بەشداری بازرگانی بوون، ئەمە یارمەتی داون شارەزای باری ناوچەكانی دیكە بنو ئاسۆیان فراوان بێت تادامەزراوەی كارگێڕی لەمەككەدا دابمەزرێنن، لەمەككە پێغەمبەر محمد(صلی الله علیە وسلم)لەدایك بووو ژیاو بۆ ماوەی سیانزە ساڵ پەیامی خوای گەیاند، باری ئاینییو كۆمەلایەتی كارگێڕیەكی گەورە هەبوو لەمێژووی ئیسلامدا چونكە زۆربەی خەڵكی مەككە دژی بانگەوازی ئیسلامی بوونو ماوەیەك پێغەمبەری خوایان ئازاردا، كاتێك پێغەمبەر[صلی الله علیە وسلم]مەككەی ئازاد كرد خەڵكەكەی مسوڵمان بوونو چەند كەسێكیان بەشداری سەركردایەتی سوپای ئیسلامی بوون لەجەنگی فتووحاتو كارگێڕی دەوڵەتی ئیسلامیدا.
*بازرگانی مەككە:
خەڵكی مەككە گرنگیان دەدا بە بازرگانیو بەشدارییان تێدا دەكردو پیرۆزی مەككەش زیاتر هانی دەدان چونكە خەڵكی دەهاتن بۆ حەج، بەمە مەڵبەندێكی گرنگی نێوان یەمەنو وڵاتی شام بوو، لەدێر زەمانەوە یەكێك بووە لەوێستگە گەورەكانی كاروانەكان، لەسەدەی پێنجەمی زایینیشەوە گرنگی مەككە زیاتربوو كاتێك جەنگی نێوان فارسو ڕۆم هەڵگیرسا، بەوەگواستنەوەی شمەكی وڵاتانی چینو هیند لەڕێ عێراقەوە پەكی كەوتو ڕۆمەكان لەڕێی یەمەنەوە دەیانهێنانو بەوشكانیدا بەرەو باكوو دەیانبردو بە مەككەدا تێپەڕ دەبوونو ئەو كاڵایانەیان بەرەو وڵاتی شام دەبردن، بۆپارساتنی ئەو ڕێگایەش ڕۆمەكان حەبەشیەكانیان هاندا تا یەمەن بگرن، هەڵمەتێكیشیان نارد بۆ گرتنی مەككە كە هەڵمەتی ئەبرەهەی حەبەشی بووە وەك لەقورئانی پیرۆزدا باسكراوە هەڵمەتەكە شكستی خوار، مەككە بەوجۆر سەربەخۆییوئازادی خۆی هەبوووپەیڕەوی چالاكی بازرگانی دەكرد.
خەڵكی مەككە بەوە نەوەستان وخۆیشیان لەچەند كاروانێكدا بازرگانییان دەكرد وەك دایكی باوەڕداران خەدیجە (رضی الله عنها)بەشداری ئەوبازرگانیەی كرد، بازرگانیشیان لەیەك ناوچەدا قەتیس نەبوو بەڵكو چەند ناوچەیەكی دەگرتەوە بەتایبەت عێراقو وڵاتی شامو حەبەشەو یەمەن، بۆعێراق بەشێوەیەكی تایبەت لەگەڵ حیرەدا بازرگانییان هەبوو كەژمارەیەكی زۆری خەڵكی مەككە بۆ بازرگانی دەچوون بۆ ئەوێ، بۆ مەنازیرەكانیش كە پاشایانی حیرە بوون كاروانی بازرگانییان دەنارد بە میسكو بۆنو چنراوەوە بۆ بازاڕە سەرەكیەكانی مەككەو بازاڕی عوكازو زی مەجاز كە دووبازاڕ بوون لە نزیك مەككەوە بوون.
مەككە لەگەڵ حەبەشیەكاندا بازرگانیەكی ڕێكخراوو بەردەوامی هەبوو، ئەبرەهەی حەبەشی هەوڵیدا مەككە بگرێت بەڵام شكستی خوارد، بەمە بازرگانی بەردەوام بوو خاكی حەبەشەش لەگەڵ قوڕەیش بازرگانی هەبوو، یەكەمین مسوڵمانەكان كاتێك لەلایەن قوڕەیشەوە چەوسێنرانەوە كۆچیان كرد بۆحەبەشە، كەشتیەكانی خەڵكی حەبەشە دەهاتنە بەندەرەكانی حیجاز لەدەریای سوور، خەڵكی مەككە پێستەیان دەنارد بۆ حەبەشەو لەوێوە بەهاراتو عاجیان دەهێنا، كاروانی مەككە لە زستاندا دەچوو بۆ یەمەنو لەوێ بۆنو پێستەو قوماشو شمشێرو بەهاراتی دەهێنا، كاروانی مەككە لەهاوینیشدا دەچوو بۆ وڵاتی شام بە تایبەت بۆ بوصراوغەززە.
*ڕێكخستنی مەككە:
كۆبونەوەو سەقامگیری خەڵك لەمەككە وایكرد ڕێكخستنی سیاسی بێنەدی تا كارگێڕی مەككە ڕێك بخەنو بەرژەوەندی خەڵكەكەی دڵنیا بكەن، هەموو خەڵكی مەككە لەمشتومڕی پرسە سەرەكیەكانی وڵاتدا بەشداربوون گەورەیەكیشیان هەبووكە سەرپەرشتی بەڕێوەچوونی كاروباری گشتی دەكرد، هەر سەرۆك خێڵێك دەیڕوانیە كاروباری ئەندامەكانی، یانەیەك یان ئەنجومەنێك هەبوو كە مشتومڕو گفتوگۆی تێدا دەكرا، دارونەدوەش هەبوو كە كوڕانی قوصەیو نوێنەرانی هەرخێڵێك تیایدا كۆدەبونەوە بۆ لێدوان لەسەر لایەنە گرنگەكانی وەك بەستنی پەیماننامەو ڕێكەوتن. بەهۆی سەردانی خەڵكێكی زۆر بۆ مەككەی مەڵبەندی ئایینی بۆیە دەبوو حەج ڕێكبخرێتو چەند پیشەیەك دانران بۆ ڕێكخستنی بواری حەجو كارگێڕی مەككە، گرنگترینی ئەوانەش:
1- مۆڵەتو ڕێ پێدان:
ئەم كەسە بەرپرس بوو لەمۆڵەتدان بەحاجییانوڕێپێدانیان لەموزدەلیفە واتە دیاریكردنی كاتو وادەیان.
2-(نه سیو) واتە نووسینی مانگە حەرامەكانو ڕێكخستنی وادەی حەج، هەروەها باری مەككە ئەوەی دەخواست چەند پیشەیەكی سەربازی كارگێڕی دابنێن، سەرچاوەكان دەگێڕنەوە قوصەی لەمەككەدا دەسەڵاتی گرتە دەست ئەو پیشانەی داناو دوای خۆی دانیە دەست كوڕەكانی، گرنگترینی ئەوپیشانەش بریتی بوو لە:
حیجابە: ئەمە كلیلی كەعبە پیرۆزی پێ بووومۆڵەتی دەدا خەڵك بچنە ناو كەعبە
بنیادی مزگەوتی حەرام
ئاودان بەحاجیان (سقایە)
ناندان بەحاجیان
پیشە سەربازییەكانی ئاڵاو سەركردایەتیو یاریدەدەران.
لەمەككە پیشەی دادوەر نەبوو تا دادوەری خەڵك بكات، خەڵكی لەناكۆكیاندا پەنایان دەبردە بەر سەرۆك خێل یان دەسەڵاتداران یان كاهینان، بەڵام ئەوانە دەسەڵاتی جێبەجێكردنی بڕیارەكانیان نەبووە، ئەمە وایكرد ستەم لێكراوان زۆر بنو مەترسی سەقامگیر نەبوون ڕووبكاتە مەككە، هەندَك لەخەڵكی مەككە هەستیان كرد بەو مەترسیو كەمو كورتیەو هاوپەیمانی (الفضول) یان پێكهێنا بۆ سەرخستنی ستەم لێكراوانو پاراستنیان لەدەست ستەم، بەڵام ئەمەش نەیتوانی دادپەروەری بڵاو بكاتەوە، كاتێك ئیسلام هات گرنگیەكی تایبەتی دا بەداوەریودادپەرەوری.
نووسراوه لهلایهن
نورسي كؤران
ليست هناك تعليقات: