خوێندنی باڵا کێشانی جگەرە و بردنی چەک بۆ ناو زانکۆکان قەدەغە دەکات
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم، بە نووسراوی رەسمی بردنی چەک بۆ ناو زانکۆ و جگەرەکێشانی خوێندکاران قەدەغە دەکات.
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم بە نووسراوەی ژمارە (13645) كە لە 7ی ئەیلولی 2016 دەرچووە و وێنەیەكی دەست دواڕۆژ كەوتووە، چیتر رێگە نادرێت بە میوانان بە چەكەوە بچنە ناو حەرەمی زانكۆكان، بەڵكو دەبێت لە پرسگەی زانكۆكان دایبنێن.
لەبارەی هۆكاری دەركردنی بڕیارەكە، سەرچاوەیەك كە نەیوست ناوی ئاشكرابكرێت لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بە دواڕۆژی راگەیاند" بەشێك لە قوتابیان و تەنانەت میوانانی زانكۆ هەندێك جار و لە هەندێك زانكۆ بە چەكەوە دەچوونە نێو زانكۆكان، بۆیە وەزارەتی خوێندنی باڵا نایەوێت بردنی چەك ببێتە دیاردە لەبەرئەوە بڕیاریداوە رێگە بەو كەسانە نەدرێت بە چەكەوە بچنە ناو زانكۆكانەوە".
هاوكات بەپێی نووسراوێكی فەرمانگەی پشكنین و دڵنیایی جۆری وەزارەتی خوێندنی باڵا بە نووسراوی ژمارە (10222) كە لە 28ی حوزەیرانی 2016 دەرچوە و ئاراستەی گشت زانكۆكان كراوە، جگەرەكێشانی خوێندكاران لەنێو باڵەخانەی پەیمانگا و زانكۆكان قەدەغە دەکات.
لەمبارەیەوە نوری هەرزانی، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی پشكنین و دڵنیایی جۆری لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بە دواڕۆژی راگەیاند "كێشانی جگەرە لەنێو زانكۆكاندا دیاردەیەكی زۆر ناشرین و نامەدەنییە، بۆیە داوامان لە زانكۆكان كردووە رێگە نەدەن خوێندكاران لە هەموو شونێكی زانكۆ و پەیمانگاكان جگەرە بكێشن، بەڵكو پێویستە شوێنێكی تایبەتیان بۆ دیاریبكرێت".
قەدەغەكردنی جگەرە كێشانی خوێندكاران لە كاتێكدایە، لە ناوەڕاستی ساڵی 2007 پەرلەمانی كوردستان یاسای جگەرە كێشانی لە شوێنی گشتی قەدەغەكردبوو.
خوێندنی باڵا کێشانی جگەرە و بردنی چەک بۆ ناو زانکۆکان قەدەغە دەکات
Reviewed by k
on
8:30:00 م
Rating:
ليست هناك تعليقات: