Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

ڕێزمانی بنچینەیی کوردیی



ڕێزمانی بنچینەیی کوردیی

د.کەمال میراودەلى 

وانەی پێنجەم
5 – بنسازیی ڕستەی سادە
ڕستەی سادە ئەوەیە کە تەنیا یەک کرداری تێدایە .
رستەی سادە بە ئاسایی لە بکەر و کردارێک کە سەروتار و بەروتارن، پێک دێت .
 بکەر/ سەروتار                  
کردار/ بەروتار
بەفردەبارێ .
بەڵام بنسازیی جیاوازی هەیە کە لەم وانەیەدا روونی دەکەینەوە .
  5.1- دەستنیشانکردنی بکەر :
دەتوانین بکەر لە ڕستەدا بە کردنی پرسیاری : کێ ؟ و چی ؟ بدۆزینەوە :
مناڵەکە پێکەنی
پ : کێ پێکەنی ؟
و : مناڵەکە ( = بکەر ) .
باڵەخانەکە رووخا .
پ : چی رووخا ؟
و : باڵەخانەکە ( =  بکەر ).
ئەم خانووە زۆر کۆنە ؟
چی زۆر کۆنە ؟
ئەم خانووە ( = بکەر )
شێوەیەکی دی بۆ دەستنیشانکردنی ( بکەر ) ریزبەندیی ڕستەی کوردییە .
واتە : بکەر لە پێش کردار [ لە ڕستەی تینەپەڕ ) و بەرکارەوە [ لە ڕستەی تێپەڕدا ) دێ بەم جۆرە :
بکەر            کردار     
مناڵەکە        پێکەنی .
بکەر           بەرکار     کردار
ڕووناك         سێو        دەخوا .
2 . 5  – پێکسازیی : پێکسازیی مانای ئەوەیە بەشێکی ڕستە لەگەڵ بەشێکی تر بە هۆی پێویستی رێزمانییەوە پێکەوە بسازێ یا بگونجێ .
لە کوردییدا بکەری ڕستەیەك لە ڕووی کەس و ژمارەوە ( تاك یا کۆ ) لەگەڵ ئەو کردارەی لە دوایەوە دێ پێکساز دەبێ :
بکەری تاك : مناڵەکە پێکەنی .
بکەری کۆ : مناڵەکان پێکەنین .
لێرەدا شێوەکانی کردارەکە ( پێکەنی ) و ( پێکەنین ) بەوە بڕیار دراوە داخۆ ناوەکە تاکە یان کۆیە. ئەمە ( پێکسازیی ژمارە و کردار ) ی پێدەوترێ . لە زمانی کوردییدا لە هەموو رەوشەکانی کرداردا پێکسازیی ژمارەی بکەر [ تاک و کۆ] و کردار هەیە :
ئەو خەوت .
ئەوان خەوتن .
میوانەکە گەیشتووە .
میوانەکان گەیشتوون .
ئەو سوارە بۆ ئێرە دێ .
ئەو دوو سوارانە بۆ ئێرە دێن .
هەڤالا من چوو دبستانێ
هەڤاڵێن من چوون دبستانێ
هەروەها لە کوردیدا پێکسازیی نێوان ( کەس / جێناو ) و ( کردار ) هەیە .
ئەمە پێکسازی ( کەس و کردار ) ی پێدەوترێ .
بە پێی ئەم پێکسازییە کردارەکان نووسەی [ پێوەنووساوی ] پاشبەندی جێناویی وەردەگرن ، بە پێی کەسەکانی بکەر :
کەس / جێناو + کردار                         نووسەکەی
من دەنووسم .                               – م
تۆ دەنووسیت .                           ی ( ت )    
ئازاد/ ئەو دەنووسێ .                        ێ
نووسەرەکان/ ئەوان دەنووسن .           ن
ئێمە دەنووسین .                            – ین
ئێوە دەنووسن .                              – ن
سەرنج بدە : تەنیا شێوەی کرداری کەسی سێیەم و کەسی دووەم وەك یەکن :
ئەوان دەنووسن . ئێوە دەنووسن
( ت ) لەگەڵ ڕاناوی کەسی دووەمدا دەشێ لاببرێ .
 3 . 5 – جۆری کردار:
بنسازیی ڕستەیەکی سادە بە حوکمی جۆری ئەو کردارەوە بڕیار دەدرێ کە تێیدایە .
لە زمانی کوردیدا سێ جۆر کردار هەیە :
کرداری تێنەپەڕ ( 5.3.1 )
کرداری تێپەڕ ( 5.3.2)
کرداری بەستنەوە ( یان بەندەکردار  5.3.3 )
5.3.1- کرداری تێنەپەڕ: Intransitive verb
کرداری تێنەپەڕ ئەو کردارەیە کە پێویست ناکا لە سنووری خۆی تێپەڕکا تا مانایەکەی تەواو بکات . واتە پێویستی بە بەرکار نییە .
ماناکە بە تەنیا لە بەر وتارەکەیدا ( بڕوانە وانەی ٣ ) دەردەکەوێ چونکە پێویستی بە ڕستەی دیکە نییە تا مانایەکەی تەواو بکات .
شادان پێکەنی .
بەفر  باری .
دنیا تاریك داهات .
تۆپەکە لە بەرچاو ون بوو .
تابلۆکە بەر بۆوە .
مناڵەکە نووست .
میوانەکان گەیشتن .
هەورەکان گرماندیان .
شیرەکە ڕژا .
سەگ دەوەڕێ .
دنیا تاریک دادێت .
دەروون گێج مدۆ . ( مەولەوی )
ئاپێ من ژی مالا مە دیمینە .
پەلێن داران دوەشن .
باران دبارێ .
هەموو ئەم رستانە تەنیا بکەر و کرداریان تێدایە . بکەرەکە سەروتارە و کردارەکە بەروتارە . پێویستی بە بەرکار نییە تا مانەکەی تەواو بێت . واتە هەموو کردارەکان تێنەپەڕن .
بەم جۆرە بنسازییەکەیان بریتییە لە :
بکەر ( سەروتار )              کردار ( بەروتار )
شادان                             پێکەنی
سەگ                             دەوەڕێ
دنیا                                 تاریک دادێت
دەروون                             گێچ مدۆ .
ئاپێ من                            ژی مالا مە دیمینە .
پەلێن داران                         دوەشن
باران                                 دبارێ .
 5.3.2-  کرداری تێپەڕ   Transitive verb
 کرداری تێپەر ئەو کردارەیە کە بە تەنیا ناتوانێ لە ڕستەیەکدا بەروتار بێ . بەڵکو پێویستی بە بنەیەکی ترە بۆ ئەوەی ماناکەی تەواو بکا .
بۆ نموونە بەراوردی ئەم دوو کردارە بکە :
ڕژا
ڕژاند
 دەکرێ بڵێین ( شیرەکە ڕژا ) ( ٥.٣.١ ) بەڵام ناتوانین بڵێین : [ شیرەکە ڕژاند ] * یان [کچەکە ڕژاند . ]* لە یەکەمدا هەڵەیە . لە دووەمدا ڕستەکە ناتەواوە چونکە ( ڕژاند ) تێپەڕە . پێویستی بەوە هەیە بڵێین کچەکە ( چی ) ڕژاند تا ماناکەی تەواو بێ .
شیرەکە ڕژا
کچەکە    —-  ڕژاند
کچەکە  شیرەکەی ڕژاند .
لەبەرئەوەی ( ڕژاند ) پێویستی بە بنەی زیاتر لە ڕستەدا واتە بەرکار هەیە بۆ ئەوەی ماناکەی تەواو بێ ، پێی دەڵێین کرداری تێپەڕ .  transitive verb
ئەمانەی خوارەوە نموونەی زیاتری کرداری تێپەڕن :
چەتۆ  سێڤ خوار
ئازاد وتارێکی خوێندەوە .
خانی مەم و زینی نووسیوە .
قازی محەمەد ئاڵای کوردستانی بەرز کردەوە .
پیرەمێرد ( نەورۆز ) ی زیندوو کردەوە .
ئاش گەنم دەهارێ .
دایك مناڵ پەروەردە دەکا .
من دوو رووپەل خوێندن
سا لێدە دەفێ !
کورد ئازادیی دخوازن .
گەر سەرنجی ئەم رستانە بدەین دەبینین بەر وتارەکە تەنیا کردارە خۆتەواکەرەکە نییە وەك لە ( کرداری تێنەپەردا ) بینیمان بەڵکو بنەیەکی تر لە ڕستەکەدا هەیە تا ماناکەی تەواو بکا کە پێی دەڵێین بەرکار .
ئەو بنەیە : وتارێکی ، مەم و زین ، ئاڵای کوردستانی ، نەورۆزی ، مناڵ ، دوو ڕووپەل ، دەفێ ، ئازادیی , بریتییە لە ( بەرکاری راستەوخۆ ) ی کردارە تێپەڕەکان . لەبەر ئەوە سەرنج دەدەین کە ڕستەکان ئەم بنسازییەیان هەیە :
سەر وتار                     بەر وتار                           
بکەر                          بەرکاری راستە و خۆ       +       کردار
چەتۆ                        سێڤ                                  خوار
ئازاد                         وتاریکی                               خوێندەوە
پیرەمێرد                  نەورۆزی                              زیندوو کردەوە
دایك                      مناڵ                                   پەروەردە دەکا
ئاش                        گەنم                                   دەهاڕێ
من                         دوو ڕووپەل                           خوێندن
[تۆ]                        دەفێ                                 سا لێدە
کورد                        ئازادیی                               دخوازن .
سەرنج بدە :
زۆر کردار دەکرێ لە ڕەوشی ( تێنەپەڕ ) ەوە بکرێتە ( تێپەڕ ) و ئەرکی رێزمانیی و مانای کردارەکان گۆڕانی تێدەکەوێ .
مناڵەکە خەوت .    ( بکەر + کردار )
دایکەکە مناڵەکەی خەواند . ( بکەر + بەرکاری ڕاستەوخۆ + کردار )
فرمێسکی بارین . ( بکەر + کردار )
فرمێسك دەبارێنێ . ( بکەری حەشار [ ئەو ] + بەرکار + کردار )
ڕەنگی گۆڕا .  ( بکەر + کردار )
 ( ئەو ) جلەکانی گۆڕی ( بکەر ( ئەو ) + بەرکار + کردار )
5.3.3-  کرداری بەستنەوە ( بەندەکردار ) linking verbs:
جۆرە کردارێکی جیاوازن لە کرداری وەك  ڕژاند ، گۆڕیی ، خەواند و … هتد ، کە لە (( 5.3.2 دا ڕوونمان کردنەوە . جیاوازییەکەشی ئەوەیە کە کردارەکە ئاماژە بە هیچ ( کارێ ) یان ( کردەوەیەک ) ناکات . تەنیا دەوری ئەوەیە کە ( بکەر ) بە ڕەگەزێکی تری ڕستەکە کە لە دوای کردارەکەوە دێ ببەستێتەوە . واتە دەبێتە ئەڵقەیەک لە نێوان بکەر و تەواوکەری ڕستەکەدا بۆیە بەم جۆرە کردارانە دەڵێین کرداری بەستنەوە یان بۆ ئاسانیی : بەندەکردار .
سەرنجی ئەم رستانە بدە :
ئازاد         کوردە .
هەڤاڵ       حەڤدە ساڵە .
شیرین       نووسەرە .
ئەوان       میوانی ئێمە بوون .
لاوەکان     دڵخۆش دیارن .
باوکی       تووڕە بوو .
قسەکانی   درۆ دەرچوون .
پیاوێکی     ڕاستگۆ دەرناکەوێ .
مناڵەکە      زەرد هەڵگەڕا .
بنسازیی ئەو رستانەی سەرەوە بریتییە لە :
بکەر ( سەر وتار )           تەواوکەری بکەر           بەندە کردار
لاوەکان                                  دڵخۆش                  دیارن
باوکی                                    تووڕە                      بوو
قسەکانی                               درۆ                       دەرچوون
پیاوێکی                             ڕاستگۆ                   دەرناکەوێ
ئازاد                                    کورد                             ه
شیرین                                نووسەر                         ه
هەڤاڵ                               حەڤدە ساڵ                     ه
مناڵەکە                              زەرد                           هەڵگەڕا
بەندەکردار [ لینکینک ڤێرب] لە ئینگلیزییدا ئاوا پێناسە کراوە :
Linking Verbs
These verbs are unlike other verbs as they do not tell anything about a subject themselves, instead Linking Verbs connect the subject to a noun or adjective that helps in describing or providing additional information about the subject. Those nouns or adjectives are called the subject complements.
ئەو کردارانەن کە جیاوازن لە کردارەکانی تر لەوەدا کە خۆیان هیچ شتێ دەربارەی بکەر نالێن. لە جیاتی ئەمە بەندەکردار بکەرەکە بە ناوێکەوە یان ئاوەڵناوێکەوە دەبەستێتەوە کە یارمەتی دەدا وەسفی بکەرەکە بکات یان زانیاری زیاترمان دەربارەی بداتێ. ئەو ناوو ئاوەڵناوانە پێییان دەوترێ : تەواوکەری بکەر .
5.3.4-  تەواوکەری بکەر   subject complement
کاتێ کرداری ڕستەیەك بەندەکردارەو وەك (‌‌ە)  یان (بوو) یان دیارە و … هتد ، دەردەکەوێ ( بڕوانە 5.3.3)،  ئەو بنانەی پێش بەندەکردارەکە دێن پێیان دەوترێ تەواوکەری بکەر .
بکەر                            تەواوکەری بکەر                      کردار
چایەکەم                              سارد                          بۆوە
لەتیف هەڵمەت                      شاعیر                         ه
ئەم خانووە                           کۆن                             دیارە
منداڵەکە                          نەخۆش                           کەوت
ئاسمان                            هەوراویی                         بوو
بۆ مانای گۆڕان لە حاڵەتێکەوە بۆ حاڵەتێکی تر ( بوون بە ) بەکاردێ ..
 ئەوسا تەواوکەر دوای ( بوو بە ) دێ :
بکەر                کردار                تەواوکەر
ئەو                 بوو بە                ئەندامی پەرلەمان
کەر                نابێ بە               ئێستر
.5.4   بەرکاری ڕاستەوخۆ   direct object
لەو ڕستەیەدا : دایکەکە مناڵەکەی خەواند ، وشەی ( مناڵەکەی ) وەك ( بەرکاری ڕاستەوخۆ ) دەست نیشان دەکەین . بوونی بەرکاری ڕاستەوخۆ پێویستە بۆ تەواوکردنی مانای کرداری ( خەواند ).
لەتیف هەڵمەت هۆنراوەیەکی تازەی نووسیوە .
ئەم چێشتخانەیە خواردنی باشی هەیە .
تەرزە ڕەزەکانی کوتا .
( بەرکاری ڕاستە و خۆ ) ئەو بەرکارەیە کە دەکەوێتە بەر ( کاری ) کردارەکە .
( هۆنراوەیەکی تازەیە بەرکاری کرداری ( نووسیوە ) یە .
خواردنی باش بەرکاری ( هەبوون ) ه
( ڕەزەکان ) بەرکاری کرداری ( کوتان) ه
دەتوانرێ لە ڕەوشی ئاساییدا بەرکاری ڕاستەوخۆ بە پرسیاری ئەو  چی کرد ؟ بناسرێتەوە . واتە ( چی ) لەجێی بەرکاری راستەوخۆیە .
پ : دایکەکە چی کرد؟
دایکەکە مناڵەکەی خەواند ؟
پ : لەتیف هەڵمەت چی کردووە ؟
لەتیف هەڵمەت هۆنراوەیەکی تازەی نووسیوە .
پ : تەرزە چی کرد؟
و : تەرزە ڕەزەکانی کوتا ( بەرکاری ڕاستەوخۆ ) .
5.5 – بەرکاری ناڕاستەوخۆ : indirect object
لە هەندێ ڕستەدا لەجیاتی یەك  بەرکار دوو بەرکار  هەن :
سامان خانوەکەی کردە سێ قات .
حکومەت ئازادی کردە وەزیر .
مناڵەکە نامەکەی دایە من .
لە ڕستەی یەکەمدا دوو بەرکارەکە بریتین لە خانووەکە و سێ قات .
پ : سامان چی کردە سێ قات؟
و : خانووەکەی .
( خانوەکەی ) بەرکاری ڕاستەوخۆیە .
سامان خانووەکەی کرد بە چی ؟
بە سێ قات .
 ( سێ قات )  بەرکاری ناڕاستەوخۆیە .
لە ڕستەی دووەمدا ( ئازاد ) بەرکاری ڕاستەوخۆیە ، ( وەزیر ) بەرکاری ناڕاستەوخۆیە .
لە ڕستەی سێیەمدا نامەکە بەرکاری راستەوخۆیەو من بەرکاری ناڕاستەوخۆیە .
لە کاتێکدا دوو بەرکار لە ڕستەیەکدا دەبن، بەرکاری ڕاستەوخۆ دوای بکەر و پێش کرداری تێپەڕ دێ :
بکەر        بەرکاری ڕاستەوخۆ      کردار  بەرکاری ناڕاستەوخۆ
حکومەت        ئازادی                  کردە      وەزیر
منالەکە         ناماکەی               دایە        من
5.6- تەواوکەری بەرکار : Object Complement :
تەواوکەری بەرکار ڕەوشێکی بەرکاریی ڕاستەوخۆ وەسف دەکات . (5.5).
باران دنیای قوڕاوی کرد .
لێرەدا ( قوڕاوی ) تەواوکەری بەرکارە . وەسفی ) دنیا ( دەکا کە  بەرکاری ڕاستەوخۆیە .
نموونەی تر :
وەڵامەکان مامۆستایان توڕە کرد .
مردنی شاعیرەکە هەموو کەسی خەمبار کرد .
قسەکانی ئازاریان دام .
( قسەکانی منیان ئازار دا ).
لەم رستانەدا ( توڕە ، خەمبار، ئازار ، تەواوکەری بەرکارن .
مامۆستا، هەمووکەس ، من/ م بەرکاری ڕاستەوخۆن .
لە ڕستەی نموونەییدا :
تەواوکەری ناڕاستەوخۆ دوای ئەو ناوە دێ کە وەسفی دەکا لەبەر ئەوە ئەم بنسازییەی هەیە :
بکەر             بەرکاری ڕاستەوخۆ              تەواکەری بەرکار         کردار
 وەڵامەکان          مامۆستایان                  تووڕە                       کرد
 مردنەکەی          هەمووکەسی              خەمبار                    کرد    
5.7-  تەواوکەری ئاوەڵکرداریی :
لە باسی کرداری تێنەپەڕدا 5.3.1 )) وتمان کرداری تێنەپەڕ پێویستی بە زێدە بنەی تر لە ڕستەدا نییە تا ماناکەی تەواو بکات . بەهەرحاڵ ، هەندێ کرداری تێنەپەڕ لەگەڵ هەندێ بنە ڕستەدا دەردەکەون کە شوێن ، ئاکار ، یان کات دەردەبڕن و بوونی ئەوانە لە بنەسازیی ڕستەدا ناچارییە :
هەموو رێیەك بۆ بانە دەچێ .
کۆبوونەوەکە دوو ڕۆژی خایاند .
ئازاد لێرە بوو .
مناڵەکە لەناو بێشکەکەیدا خەوت .
باران سێ ڕۆژ باری .
لەم رستانەدا کردارەکان تێنەپەڕن و ئەو بنانەی لە پێشیانەوە دێن (بۆ بانە) ، (دوو ڕۆژی ) ، ( لێرە ) ، ( لە ناو بێشکەکەیدا ) و ( سێ ڕۆژ ) پێیان و دەوترێ ( تەواکەری ئاوەڵکرداریی )، بۆیە ئاوەڵکردرایین چونکە ڕەوشی کردارەکە روون دەکەنەوە ؛
بکەر                 تەواوکەری ئاوەڵکردار           کردار
ئازاد                           لێرە                   بوو    [ رەوشی شوێن ]
باران                    سێ ڕۆژ                  باری [ ڕەوشی ماوە ]                 
سوارەکان                بەخێرایی              دەرچوون ( ڕەوشی شێوە ]
 5.8 شەش بنسازیی ڕستە
لە بەشەکانی پێشوودا سەرنجی ئەم بنانەی ڕستەمان دا :
بکەر                               بك                          5.1
کردار                              کر                           5.3
تەواوکەری بکەر                ( تبك )                     5.3.4
بەرکاری ڕاستەوخۆ             بەرك – ڕا                 5.4
بەرکاری ناڕاستەوخۆ          بەرك- ناڕا                  5.5
تەواوکەری بەرکار             ( ت– بەرک )               5.6
تەواوکەری ئاوەڵکرداریی    ( ت- ئاك )                  5.7
ئەم بنسازانە پێکەوە شەش بنکاری ڕستەی سادە پێك دێنن کە لەم خشتەیەدا نیشانیان دەدەین .
خشتەی .1.1.                   
بنسازیی  ڕستە  جۆری کردار نموونە
١.بکەر+کردار تێنەپەڕ  مناڵەکان خەوتن
٢.بکەر + بەرکاری ڕاستەوخۆ + تێپەڕ تێپەڕ دایکەکە منالەکانی خەواند
٣.بکەر+تەواوکەری بکەر + کردار بەندەکردار دایکەکە ماندوو بوو
٤.بکەر+بەرکاری ڕاستەوخۆ+ کردار + بەرکاری ناراستەوخۆ  تێپەڕ دایکەکە کچەکەی کردە بووک
٥. بکەر+ بەرکاری ڕاستەوخۆ + تەواوکەری بەرکار + کردار تێپەڕ دایکەکە کچەکەی جوان کرد .
٦.بکەر + تەواوکەری ئاوەڵکرداریی + کردار  تێنەپەڕ دایکەکە لە ماڵەوە مایەوە .
سەرنج بدە
1- بنەکانی ( بکەر ) و ( کردار ) لە هەموو ئەم بنکارانەدا هەن. ئەوەش مانای وایە هەموو ڕستەیەکی بەکار دەبێ بەلای کەمەوە ( بکەر ) ێك و ( کردار ) ێکی تێدا بێ .
2- بەدەر لەم یاسایە ڕستەی فەرمانییە کە کرداری تێدایە بەڵام ( بکەر ) ی تێدا دەرناکەوێ وەك : بێدەنگ بە! [ بکەر  شاراوەیە : تۆ بێدەنگ بە ]
تاقیکردنەوە
١ – وەلامی ئەم پرسیارانە بدەوە، دوایی بکەر و کردار لە وەلامەکەتدا دەستنیشان بکەو پیوەندی نێوان بکەرو کردار روون بکەوە؟
١ – کێ وانەی رێزمانتان پێ دەڵێت؟
٢ – چەند میوان نانیان لەماڵتان خوارد؟
٣ – چی پشیلەکەی ترساند؟
٤ – کام ئالات خۆش دەوێت؟
٥ – کەی بەفر دەبارێ؟
٢ – بکەر دەکەوێتە کوێی ڕستەیەکی سادەوەو جگە لە بکەر لە ڕێزماندا چی پێدەوترێت؟
٣ – پێکسازیی چییە؟ دوو نموونە  بۆ هەر یەک لەمانەی خوارەوە بە ڕستەی سادە بێنەوە کە سەروتار و بەروتار پێکساز بن:
1 – لە رووی ژمارەو کردارەوە
2 – لە رووی جێناوو کردارەوە
3 – لە رووی کەس و کردارەوە
٤ – شوێنی  ڕێزمانیی ناوەکەو کرادرەکەی دوای ئایا؟ لەم رستانەدا دیاری بکە:
ئایا کتێبەکەت خوێندەوە؟
ئایا میوانەکان گەیشتوون؟
٥ – من نامەکەم خوێندەوە.
ئەم ڕستەیە لەگەڵ ئەم  ناوو راناوانە :
تۆ . ئەوان ، ئازاد،ئێمە ، قوتابییەکان ..
بەکارىێنەو پێکسازییەکان روون بکەوە .
٦ – ئایا ئەمانەی خوارەوە ڕستەن یان نا ؟ بنسازییەکەیان ( ڕستەزازییەکەیان) روون بکەوە ؟
١ – بارانە !
٢ – پەرۆشمە !
٣ – بوەستە ؟
٤ – وشەی دووەمی سەرسەرین لەم دێرە هۆنراوەدا :
شەو بە بێخەم سەر دەنێنە سەر سەرین هەر سەرسەرین !
٧ – جیاوازی نیوان کرداری تێپەرو تێنەپەڕ چییە ؟  بە نموونەوە ڕوونی بکەوە ؟
٨ – بەرکاری ڕاستەوخۆ چییە ؟ بۆ راستەوخۆیە ؟ لەگەڵ چ جۆرە کردارێکدا دەردەکەوێ ؟
٩ – دوو ڕستە لە وەلامی ئەم پرسیارانە دروست بکەو جۆری بەرکارەکەیان دیاری بکە ؟
١ – ئەوچی کرد ؟
٢ – ئەو چی بە چی کرد ؟
١٠ – بەندەکردار چییە ؟  بۆ وای پێ دەوترێ ؟ سێ نموونە بێنەوە .
١١ – تەواکەری بکەر چییە ؟ بۆ وای پێ دەوترێ ؟
١٢ – دەشێ چەند جۆر تەواکەری بکەرمان هەبن ؟
١٣ – تەواوکەری بەرکار چییە ؟ بۆ وای پێ دەوترێ ؟
١٤ – ئەو وشانەی خەتیان لە ژێرە چین ؟
١ – خانووەکەمان زۆر گەورە کرد ؟
٢ – ئازاد کوڕێکی باشە ؟
٣ – هەژارەکان لە خانووە قوڕەکاندا دەژین .
٤ – من  ئەو رۆمانەم خوێندۆتەوە .
٥ – هات .
٦ – کتێبەکەی دا بە من .
٧ – برایەکەی بە شێرپەنجە مرد .
١٥ – شەش جۆر بنسازیی ڕستەی سادەی کوردییمان هەن .. ناویان  بنێ و بۆ هەر یەکێک ڕستەیەک ىێنەوە .
١٦ – تەواکەری ئاوەڵکرداریی چییە ؟ بۆ ئاوەلکردارییە ؟


نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
ڕێزمانی کوردی

ڕێزمانی بنچینەیی کوردیی Reviewed by Unknown on 11:17:00 ص Rating: 5

ليست هناك تعليقات:

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.