هۆكارێكی تری زیرەكی منداڵەكەت بزانە
شارپرێس:
بەپێی لێكۆڵینەوە نوێیەكان دەركەوتووە ئاستی گەشەكردنی زیرەكی منداڵ پەیوەندی هەیە بەسیستمی خۆراكی و ئەو خۆراكەی رۆژانە منداڵ بەكاری دەهێنێت كاریگەری گەورە و چالاكی هەیە لەسەر رێژەی زیرەكی و چالاكی مێشكیان.
بەو هۆیەوە پسپۆڕان رێنمایی باوكان و دایكان دەدەن كە گرنگی بدەن بەخۆراكی منداڵەكانیان لەپێناو باشبوونی ئاستی زیرەكیان.
بەپێی لێكۆڵینەوەیەك كە لەلایەن زانكۆیەكی فیلەندا ئەنجام دراوە و لەلایەن رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانیەوە بڵاوكراوەتەوە، ئەو منداڵانەی میوە و سەوزەوات و ماسی و دانەوێڵە لەماوەی 3 ساڵی یەكەمی تەمەنیان دەخۆن، لەدوارۆژدا ئاستی زیرەكیان بەشێوەیەكی بەرچاو زیاد دەكات بەراورد بەو منداڵانەی ئەو خۆراكانەیان نەخواردووە.
لەو لێكۆڵینەوەیەدا 161 منداڵ پشكنینیان بۆكراوە و رووبەڕووی تاقیكردنەوە بوونەتەوە كەتەمەنیان لەنێوان 6 بۆ 8 ساڵان بووە، لێكۆڵینەوە كراوە لەسیستمی خۆراكیان تاوەكو تەمەنی 3 ساڵی و ئاستی زیرەكیان لە خوێدنگادا و دەركەوت پەیوەندیەكی پتەو هەیە لەنێوان سیستمی خۆراكی و ئاستی گەشەكردنی زیرەكی منداڵ.
لێكۆڵەران گەیشتنە ئەو ئەنجامەی باشترین سیستمی خۆراكی ناوچەی دەریای (بەلتیك) باشترینە بۆ منداڵان و دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی ئاستی زیرەكی و چالاكی مێشكیان كەئەو سیستمە خۆراكیە پشت دەبەستێت بە زۆرێك لە سەوزەوات و میوە و ماسی و دانەوێڵە و چەوری ناتێر لەگەڵ كەمێك گۆشتی سوور و شیرەمەنی و چەوری تێر.
لێكۆڵەران بۆیان دەركەوت ئەو منداڵانەی زۆرینەی خۆراكەكانیان بریتی بووە لە سەوزەوات و میوە و ماسی لەتاقیكردنەوەی خوێدنەوەدا ئاستێكی باشتریان بەدەستهێناوە و لەزۆربەی بوارەكانی دیكەدا پێشڕەوبوون.
لەلایەكی دیكەوە بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی نوێ لەوڵاتی سوید دەركەوتووە ئۆمیگا 3 دەبێتە هۆی باشتركردنی توانای خوێندنەوە لای منداڵ بەگشتی و ئەو منداڵانەی كێشەی فێربوون و ئاگاداربوونیان هەیە.
كۆمەلێك زانای زانكۆی گوتنبێرگ لەسوید لێكۆڵینەوەیان كرد لەسەر 154 منداڵ لەخوێدنگاكان كەتەمەنیان لەنێوان 9 بۆ 10 ساڵان بوو و نیوەی ئەو منداڵانە بۆ ماوەی 3 مانگ ئەو خۆراكانەیان درایە كە ئۆمیگا 3ی تێدابوو و و دواتر بەراوردی ئاستی سەرجەم منداڵەكان كرا و بۆیان دەركەوت ئەو منداڵانەی ئەو ماددەیان پێدراوە توانای بەكارهێنانی زاراوە و خوێندنەوەیان باشتربووە و دەتوانن بە دەنگی بەرز بخوێننەوە و دان بنێن بەووشە و زاراوەكان بەشێوەیەكی راست و دروست.
لەوبارەیەوە دكتۆر ماتس جۆنسون سەرۆكی تیمی لێكۆڵینەوەكە ووتی: ترشەڵۆكە چەورییەكان زۆر گرنگە بۆ گواستنەوەی هێماكان لەنێوان شانە دەمارەكان و رێكخستنی سیستمی ئاگاداركردنەوە لەمێشكدا.
ماددەی ئۆمیگا 3 لەماسیەكانی جۆری وەك سالمون و تونە و ماكریل و سەردیندا هەیە و هەروەها دەتوانرێت وەك تەواكەری خۆراك بدرێتە منداڵان كەلەدەرمانخانەكاندا دەست دەكەوێت.
پێشتر چەند لێكۆڵینەوەیەك كراوە سەبارەت بە سوودەكانی ئۆمیگا 3 و دەركەوتووە ئەو مادەیە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی مەترسی تووشبوون بەخەمۆكی و نەخۆشیەكانی دڵ و شەكرە و كەمبوونەوەی رێژەی كۆلسترۆل لەخوێن لەگەڵ پارێزگاری كردن لە هەوكردنی جومگەكان.
ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی
نووسراوه لهلایهن
Naro Queen
هۆكارێكی تری زیرەكی منداڵەكەت بزانە
Reviewed by Unknown
on
10:09:00 م
Rating:
ليست هناك تعليقات: