Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

ئامار و تەنگژەکانى کەرتى پەروەردە لە هەرێمى کوردستاندا

qwtabxanaکەرتى پەروەردە لە هەرێمى کوردستاندا بە کۆمەڵێک تەنگژە و کێشەى قووڵدا تێپەڕ دەبێت، نەبوونى بیناى قوتابخانە، دوو دەوامى و سێ دەوامى و چوار دەوامى لە قوتابخانەکاندا، نەبوونى ئاوى پاکى خواردنەوە لە سەتان قوتابخانەدا، ژمارەى زۆرى قوتابییەکان لە هۆبەیەکدا و نەبوونى کورسى و مێزى پێویست، نایەکسانى لە دابەشکردنى میلاکات و هەموو ئەوانە لە کێشە جیاجیاکانى کەرتى پەروەردەن لە هەرێمى کوردستاندا.
ژمارەى قوتابخانەکان لەهەرێمى کوردستاندا

ناوەندەکانى پەروەردە و خوێندن لە هەرێمى کوردستاندا بەسەر دامەزراوە پەروەردەییەکانى باخچەى ساوایان، قۆناغى خوێندنى بنەڕەتى، قۆناغى ئامادەیى/دواناوەندى، خوێندنى پیشەیى، قۆناغى خوێندنى خێرا و پەیمانگەکاندا دابەش دەبێت.

لە سنوورى پارێزگەى هەولێر، دوو هەزار و 476 قوتابخانە هەیە، لەو ژمارەیەدا هەزار و 917 لە قوتابخانەکان تێکەڵاون، بەڵام 310 قوتابخانەى تایبەت بە کوڕان و 249 قوتابخانەى تایبەت بە کچان هەیە. لەو ساڵانەدا حکوومەت پارەى بۆ نۆژەنکردنەوەى بیناى قوتابخانەکان خەرج نەکردووە، بۆ ساڵى خوێندنى 2015-2016 لە پارێزگەى هەولێر هەزار و 32 قوتابخانە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە و هەزار و 106 قوتابخانەش پێویستیان بە پۆلى زیاتر هەیە.

لەکاتێکدا لە سنوورى پارێزگەى سلێمانى هەزار و 733 قوتابخانە هەیە، لەو ژمارەیەدا 134 قوتابخانەى کوڕان، 118 قوتابخانەى تایبەت بە کچان و لە هەزار و 484 قوتابخانەشدا کوڕان و کچان بەیەکەوە دەخوێنن. هاوکات لە سنوورى سلێمانى 809 قوتابخانە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە.

لە پارێزگەى دهۆک هەزار و 564 قوتابخانە هەیە، لەو ژمارەیەدا 169 قوتابخانەى تایبەت بە کوڕان، 139 قوتابخانەى تایبەت بە کچان و لە هەزار و 256 قوتابخانەشدا کوڕان و کچان بەیەکەوە دەخوێنن. لەو ژمارەیەدا 773 قوتابخانە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە. 
لە پارێزگەى کەرکووک 523 قوتابخانەى سەر بە وەزارەتى پەروەردەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان هەیە، لەو ژمارەیەدا 103 قوتابخانەى تایبەت بە کوڕان، 95 قوتابخانەى تایبەت بە کچان و 325 قوتابخانەى تێکەڵاو هەیە کە کچان و کوڕان بەیەکەوە تیایاندا دەخوێنن. 
هەروەک لە سنوورى بەڕێوەبەرایەتى گشتى پەروەردەى ئیدارەى گەرمیان کە دەڤەرەکانى کەلار، کفرى و خانەقین دەگرێتەوە، 359 قوتابخانە هەیە. 
بەکۆى گشتى لە هەرێمى کوردستاندا شەش هەزار و 799 قوتابخانە  هەیە، کە 758 قوتابخانەى تایبەت بە کوڕان، 636 قوتابخانەى تایبەت بە کچان و پێنج هەزار و 405 قوتابخانەى تێکەڵاو هەیە کە کوڕان و کچان بەیەکەوە تیایاندا دەخوێنن.
qwtaby_la_qwtabxanaنەبوونى ئاوى پاک لە قوتابخانەکاندا
بەگشتى 193 لە قوتابخانەکانى پارێزگەى هەولێر، بە تۆڕى ئاوى پاکى خواردنەوە نەبەستراون. لە پارێزگەى سلێمانى 335 قوتابخانە تۆڕى ئاوى پاکى خواردنەوەیان نییە. لەکاتێکدا لە سنوورى پارێزگەى دهۆک 491 قوتابخانە بە تۆڕى ئاوى پاکى خواردنەوە نەبەستراونەتەوە. بەڵام لە سنوورى پەروەردەى کەرکووک حەوت قوتابخانە ئاوى پاکى خواردنەوەیان نییە. بەو هۆیەوە لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستاندا 699 قوتابخانە و خوێندنگە بە تۆڕى ئاوى پاکى خواردنەوە نەبەستراونەتەوە.

نەبوونی ئاوی پاکی خواردنەوە لە قوتابخانەکاندا لەکاتێکدا دێت کە پێشتر وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە ١٠ ملیار دیناری بە چەند کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت داوە بۆ دابین کردنی ئاوی پاکی خواردنەوە بۆ تەواوی قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەو پرۆژەیە کێشەی تێکەوتووە و جێبەجێ نەکراوە.

سەرباری ئەوەی بەرپرسانی پەروەردەی گەرمیان دووپات لەوە دەکەنەوە، ئەو ئامێرانەی بۆ پاک کردنەوەی ئاوی خواردنەوە لە قوتابخانەکاندا دادەنرێن، لە بنەڕەتدا لەگەڵ جۆری ئاوی گەرمیان ناگونجێن و هیچ سوودێکیان نییە، بەو هۆیەوە پرۆژەکە لەو دەڤەرەدالە بنەڕەتدا هیچ هەنگاوێکی بۆ نەنراوە، سەرەڕای ئەوەی کۆمپانیایەکە پارەی خۆی وەرگرتووە.

qwtabyany maxmurژمارە و رەگەزى قوتابییان لە کوردستاندا
بەگوێرەى ئامارى خوێندنى ساڵى 2013-2014 لە سنوورى پارێزگەى هەولێر 567 هەزار و 938 قوتابى لە سەرجەم قۆناغەکانى باخچەى ساوایان تا خوێندنى ئامادەیى، پیشەیى و پەیمانگەکان هەیە. لەو ژمارەیەدا 217 هەزار و 919 قوتابى کچ و 296 هەزار و 19 قوتابى کوڕن. بەگوێرەى ئامارەکانى ساڵى خوێندنى 2015-2016 لە سنوورى پارێزگەى سلێمانى، 473 هەزار و 616 قوتابى دەخوێنن کە 246 هەزار  و 202 قوتابى نێرینە و 227 هەزار و 414 قوتابى لە رەگەزى مێینەن.
لە کۆى پەروەردەکانى سنوورى پارێزگەى دهۆک 459 هەزار و 335 قوتابى دەخوێنن، لەو ژمارەیەدا 243 هەزار و 179 قوتابى نێرینە و 261 هەزار و 156 قوتابى مێینە هەیە.
لە بەڕێوەبەرایەتى پەروەوەردە و خوێندنى کوردى سنوورى پارێزگەى کەرکووک، 95 هەزار و 514 قوتابى دەخوێنن، لەو ژمارەیەدا 46 هەزار و 130 قوتابى مێینە و 49 هەزار و 384 قوتابى نێرینە هەیە. بەڵام لە سنوورى بەڕێوەبەرایەتى گشتى پەروەردەى گەرمیاندا، 82 هەزار و 169 قوتابى دەخوێنن کە 40 هەزار و 417 قوتابى مێینە و 41 هەزار و 752 قوتابى نێرینەن.
بەکۆى گشتى بۆ ساڵى خوێندنى 2015-2016 لە کۆى قوتابخانەکانى سەر بە وەزارەتى پەروەردەى حکوومەتى هەرێمى کوردستاندا ملیۆنێک و 706 هەزار و 509 قوتابى لە باخچەى ساوایانەوە تا قۆناغى ئامادەیى، ئامادەییە پیشەییەکان، پەیمانگەکان و خوێندنى خێرا دەخوێنن، ئەو ژمارەیە بەسەر 815 هەزار و 692 قوتابى مێینە و 890 هەزار و 817 قوتابى نێرینەدا دابەش دەبێت.
قوتابخانە کرێچییەکان
لە سنوورى پارێزگەى هەولێر 117 قوتابخانە لە بیناى کرێ و 540 قوتابخانەى تر لە بیناى دامەزراوەى تردا بە میوانى جێگەیان کراوەتەوە. لە سنوورى سلێمانى 33 قوتابخانە لە بیناى کرێ و 322 قوتابخانەى میوان هەیە، لە سنوورى پارێزگەى دهۆکدا، 37 قوتابخانە لە بیناى کرێدان، هەروەک 368 قوتابخانەى تر لە بیناى دامەزراوەى دیکەدا بە میوانى جێگەیان کراوەتەوە.
لە سنوورى پەروەردەى کەرکووک هیچ قوتابخانەیەک لە بیناى کرێدا نییە، بەڵام 194 قوتابخانە بەهۆى ئەوەى بیناى تایبەتیان نییە، لە بیناى دامەزراوەى تردا وەک میوان جێگەیان کراوەتەوە. هەروەک لە سنوورى گەرمیان یەک قوتابخانە لە بیناى کرێ و 67 قوتابخانەى تر لە بیناى دامەزراوەى تردا میوانن. بەهەمان شێوە لە هەڵەبجەى شەهیددا یەک قوتابخانە لە بیناى کرێ و 33 قوتابخانەى تر لە بیناى میوانن.
لەسەرتاسەرى هەرێمى کوردستاندا 189 قوتابخانە لە بیناى کرێ و هەزار و 524 قوتابخانەى تر لە بیناى دامەزراوەى تردا وەک میوان جێگەیان بۆ کراوەتەوە.
qwtabxanaدوو دەوامى، سێ دەوامى و چوار دەوامى لە قوتابخانەکاندا
بەکۆى گشتى لە سنوورى پەروەردەى پارێزگەى هەولێر 740 قوتابخانەى دوو دەوام، دوو قوتابخانەى سێ دەوام و دوو قوتابخانەى چوار دەوام هەیە.
لە سنوورى پارێزگەى سلێمانى، 33 قوتابخانە لە بیناى کرێدان، 322 قوتابخانەش بە میوانى لە بیناى دامەزراوەى تردا جێگەیان کراوەتەوە. لەکاتێکدا 455 قوتابخانەى دوو دەوام، 102 قوتابخانەى سێ دەوام و سێ قوتابخانەى چوار دەوام هەیە.
لە سنوورى پارێزگەى دهۆک 463 قوتابخانە خوێندنى دوو دەوام و 27 قوتابخانەى تر سێ دەوامیان تێدا دەکرێت. لە سنوورى پەروەردەى کەرکووک 253 قوتابخانەى دوو دەوام، 41 قوتابخانەى سێ دەوام و لە سێ قوتابخانەشدا چوار دەوام دەکرێت.
بەکۆى گشتى سەرجەم قوتابخانەکانى هەرێمى کوردستان دوو هەزار و یەک قوتابخانەى دوو دەوام، 174 قوتابخانەى سێ دەوام و هەشت قوتابخانەى چوار دەوام هەیە. 
mamostaژمارە و رەگەزى مامۆستایان لە قوتابخانەکاندا

بەگوێرەى ئامارەکانى ساڵى خوێندنى 2015-2016 لە کۆى قوتابخانەکانى پارێزگەى هەولێر، 41 هەزار و 429 مامۆستا هەیە، ئەو ژمارەیە بەسەر 24 هەزار و 772 مامۆستاى مێینە و 16 هەزار و 657 مامۆستاى نێرینە دابەش دەبێت. سەربارى ئەوەى ژمارەى مامۆستایانى مێینە بەراورد بە نێرینە، تەواو زیاترە، بەڵام تێبینى دەکرێت پۆستى بەڕێوەبەرى قوتابخانەکان زیاتر لەلایەن نێرینەکانەوە کۆنتڕۆڵ کراوە کە لە کۆى 2 هەزار و 476 بەڕێوەبەردا، هەزار و 891 بەڕێوەبەر لە رەگەزى نێرینە و تەنیا 585 بەڕێوەبەر لە رەگەزى مێینەن.

لە سنوورى پارێزگەى سلێمانى لەکۆى 39 هەزار و 663 مامۆستا، 24 هەزار و 145 مامۆستاى مێینە و 15 هەزار و 518 مامۆستاى نێرینە هەیە. لەکۆى هەزار و 726 پۆستى بەڕێوەبەرى قوتابخانەکانى سلێمانى، هەزار و 308 بەڕێوەبەرى نێرینە و تەنیا 418 بەڕێوەبەریان مێینەن.

لە سنوورى پارێزگەى دهۆک 26 هەزار و 996 مامۆستا هەیە، لەو ژمارەیەدا 14 هەزار و 79 مامۆستا لە رەگەزى مێینە و 12 هەزار و 917 مامۆستا لە رەگەزى نێرینەن، بەڵام لەکۆى هەزار و 564 پۆستى بەڕێوەبەرى قوتابخانە و خوێندنگەدا، هەزار و 330 بەڕێوەبەر لە رەگەزى نێرینە و تەنیا 234 بەڕێوەبەر لە رەگەزى مێینەن.
هەرچى پێوەندى بە پەروەردەى کوردى پارێزگەى کەرکووکەوە هەبێت، لەکۆى شەش هەزار و 487 مامۆستا، سێ هەزار و 931 مامۆستاى مێینە و دوو هەزار و 556 مامۆستاى نێرینە هەن، بەڵام لە کۆى 500 پۆستى بەڕێوەبەرى قوتابخانەکاندا، 357 بەڕێوەبەرى لە رەگەزى نێرینە و تەنیا 143 بەڕێوەبەر لە رەگەزى مێینەن.
لە سنوورى پەروەردەى گەرمیانیشدا، حەوت هەزار و 626 مامۆستا هەیە کە سێ هەزار و 800 مامۆستایان مێینە و سێ هەزار و 826 مامۆستایان نێرینەن، بەڵام لەکۆى 350 پۆستى بەڕێوەبەرى قوتابخانەکاندا، 301 بەڕێوەبەر لە رەگەزى نێرینە و تەنیا 49 بەڕێوەبەر لە رەگەزى مێینەن.
لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستاندا 126 هەزار و 112 مامۆستا هەیە، لەو ژمارەیەدا 72 هەزار و 572 مامۆستا لە رەگەزى مێینە و 53 هەزار و 540 مامۆستا لە رەگەزى نێرینەن. لەسەر ئەو بنەمایە، پێنج هەزار و 295 پۆستى بەڕێوەبەرى قوتابخانەکان بۆ رەگەزى نێرینە و تەنیا هەزار و 462 بەڕێوەبەرى قوتابخانەکان لە رەگەزى مێینەن کە 468 لەو بەڕێوەبەرە ژنانە بەڕێوەبەرى باخچەکانى ساوایانن.
ئامارەکانى وەزارەتى پەروەردە بۆ ئەمساڵى خوێندن روونى دەکەنەوە لە ئێستەدا سێ هەزار و 896 قوتابخانە لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستاندا بە پارێزگەى کەرکووکەوە، یان لە بیناى کرێدان یان لە بیناى دامەزراوەى تردا وەک میوان جێگە کراونەتەوە یان ئەوەى زیاتر لە یەک دەوامیان تێدا دەکرێت، ئەوەش ئاماژەیەکە بەوەى کە ئەگەر حکوومەتى هەرێمى کوردستان تەنیا چارەسەرى کێشەى بیناى قوتابخانەکان بکات بۆ ئەمساڵ، پێویستى بە نزیکەى چوار هەزار قوتابخانەى نوێ هەیە، ئەوە سەربارى ئەو قوتابخانانەى کە هۆبەى کەم و قوتابى زۆریان هەیە، یان ئەو قوتابخانانەى بیناکانیان بەتەواوەتى خراپ بوون و پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەى بنەڕەتى هەیە.


نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
Parwarday Maxmur

ئامار و تەنگژەکانى کەرتى پەروەردە لە هەرێمى کوردستاندا Reviewed by Unknown on 12:18:00 م Rating: 5

ليست هناك تعليقات:

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.