پەروەردە نەك هەر لە كاتی ئاشتی و ئارامیدا، بەڵكو لە كاتی شەڕیشدا ڕۆڵی گرنگ دەبینێت لە ئارامكردنەوەی ڕەوتی ئاسایی ژیانی تاكەكانی كۆمەڵگە
نووسەر و چاودێری مافەكانی مرۆڤ “رۆزا حوسێن” لەم دیمانەیەدا ئاماژە بەوە دەدات كە ڕاگەیاندنی كوردی لە ڕاگەیاندنەكانی داعش كاراتر كاری بۆ ئەوە كردووە، ڤیدیۆ پڕوپاگەندەییەكانی ئەو ڕێكخراوە بگەیەنێتە بینەر و خوێنەری كورد. هاوكات تیشكیش دەخاتە سەر پەوەردە و دەڵێت: لەو وڵاتانەی بنەمای سیستەمی خوێندن و پەروەردەیان بەشێوەیەكی تۆكمە داڕێژرابێت، دەزگەی پەروەردە نەك هەر لە كاتی ئاشتی و ئارامیدا، بەڵكو لە كاتی شەڕیشدا ڕۆڵی گرنگ دەبینێت لە ئارامكردنەوەی ڕەوتی ئاسایی ژیانی تاكەكانی كۆمەڵگە و تەجنیدكردنی مەدەنیی هاووڵاتییاندا و ڕیزكردنیان لە پشت ئەو بەهایانەوە كە ”شەڕی ڕەوا”ی لە پێناودا دەكرێت.
ئا: سۆران عەزیز
•ئایا كاتێ وڵاتێك لەناو دۆخی شەڕدا بێت، چۆن دەتوانێت باسی پەروەردە و كۆمەڵگەیەكی تەندروست بكەین؟
پێ دەچێت پرسیارەكەت كایەی پەروەردە وەك مەیدانێكی دابڕاو لە مەیدانەكانی جەنگ مامەڵە بكات و تەنیا قسەی لەسەر ئەو ڕووەی دۆزەكە بێت كە كەوتنەوەی شەڕ چەند ڕێگری لە ڕێڕەوی نۆرماڵی دەزگەكانی پەروەردە و هەر دەزگەیەكی تری ژیانی مەدەنیدا دروست دەكات. من لە كاتی شەڕدا وەزیفەیەك بۆ دەزگەی پەروەردە دەبینم، بۆیە پێم وایە لە كاتی شەڕدا گرنگە دەزگەی پەروەردە نەك هەر پێ لەسەر بەردەوامیی كاركردنی دابگیرێت، بەڵكو دەكرێت ئەگەر دروست بەكار بهێنرێت، ڕۆڵی گرنگی لەوكاتەدا پێ بسپێردرێت. من ئەمە دەڵێم، بەڵام تەواو ئاگاداری ئەو ڕاستییەشم كە دەزگەی پەروەردە لە كوردستان لە دۆخی تەناهی دا كەم و زۆر ئیفلیجە و ئەو دەرفەتانەی سوودی تەواوی لێ وەرنەگیراوە كە پەروەردە و دەزگەكانی قوتابخانە و فێركردن پێویستە بیانڕەخسێنت. پەروەردە لای ئێمە وەك پیشەسازی دروستكردنی كارمەند و شارەزای بواری زانستیی چاو لێ دەكرێت. بۆیە فەلسەفەی پەروەدە لە خوێندنگەكاندا ئەوەیە كە مێشكی خوێنكار وەك كیسەیەك سەیر دەكرێت كە دەبێت مامۆستا پڕی بكات لە زانست، بەبێ ئەوەی ئەو منداڵە یان خوێندكارە هیچ قسەیەكی لەو پرۆسەیەدا هەبێت یان مافی هەبێت پرسیار و گومانە خامەكانی ناو مێشكی بەرچاو بخات. لە بەرامبەردا، وەك قسەیەكی نۆرماتیڤیی دەمەوێت بڵێم كە پەروەردە خۆێ لە بنەڕەتدا بۆ ئامادەكردنی تاكی كۆمەڵایەتیی سەركەوتوو و ئامادەكردنێتی بۆ چوونە ناو كۆمەڵگە و هەم خۆی وەك تاكێكی ئاسایی ناو كۆمەڵگە جێ پێ بگرێت و هەمیش بەو جۆرە ژیانی هاوبەشی مەدەنیی گەشە پێ بدرێت. كاتێك ئەم جۆرە تێگەیشتنە بۆ فەلسەفەی پەروەردە نادیارە، ئیتر ئەوەندەش بیر لەوە ناكرێتەوە كە دەزگەكانی پەروەردە ئەركی بارهێنان و ڕینوێنیكردنی تاكەكانی كۆمەڵگەی لە هەردوو دۆخی ئاشتی و شەڕدا پێ بسپێردرێت، مەسەلەیەك نابێت بۆ بڕیاربەردەستان كە ئایا چۆن دەزگەكانی پەروەردە پلانیان هەبێت بۆ ئاراستەكردنی خەڵك لەو كۆمەڵگەیەدا.
ئەو وڵاتانەی بناغەی سیستەمی خوێندن و پەروەردەیان بەشێوەیەكی تۆكمە داڕێژرابێت، دەزگەی پەروەردە نەك هەر لە كاتی ئاشتی و ئارامیدا، بەڵكو لە كاتی شەڕیشدا ڕۆڵی گرنگ دەبینێت لە ئارامكردنەوەی ڕەوتی ئاسایی ژیانی تاكەكانی كۆمەڵگە و تەجنیدكردنی مەدەنیی هاوڵاتییاندا و ڕیزكردنیان لە پشت ئەو بەهایانەوە كە ”شەڕی ڕەوا”ی لە پێناودا دەكرێت. پەروەردە دەتوانێت كارێك بكات تاكەكانی كۆمەڵگە نەبنە كۆمەڵێك كەسی سڕبوو بە شۆكێك كە نەزانن چۆن كاردانەوەیەك بنوێنن بۆ دەرچوون لەو بارە ناهەموارەی ئاسوودەیی كۆمەڵایەتییان تێی كەوتووە.
* چی بكەین بۆ ئەوەی سەرلەبەری كۆمەڵگە نەبێتە بەشێك لە شەڕەكە؟
باشترین شت ئەوەیە كە هەر كەس بەو ئەركە هەڵسێت كە بە ڕەسمی ئەركی خۆیەتی، لەپاڵ ئەوەشدا هەستی بەرپرسیارێتیی مەدەنیی چی لێ دەخوازێت بیكات. بۆ نموونە، لە ڕێگەی ئەوەی كە هاوشان بە هەوڵدان بۆ یارمەتیدان و پاڵپشتیكردنی بۆ نموونە ئاوارە و لێقەوماوان، ژیانی ئاسایی، وەك خوێندن و دەوامی دەزگە و دامەزراوە گشتییەكان، بەردەوام بێت. ئێمە كاتێك كە شەڕێك بەرۆكی بە وڵاتەكەمان گرتووە، ناكرێت لە تووڕەییدا داوای ئەوە بكەین كە هەموومان ببینە چەكدار، بەڵكو خۆئامادەكردن بۆ بەرەی شەڕ و ڕووبوونەوەش لەگەڵ ئەو كاركردەكانی شەڕەكە خۆی لە خۆیدا كارێكی گرنگە كە وادەكات ورە و خۆڕاگریی لە بەرەكانی جەنگدا بەرز بمینێتەوە. بۆ نموونە كاتێك پێشمەرگە لە شەڕدایە و گەنجان و هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگە هەڵدەستن بەوەی كە بە خۆبەخش لە هەوڵی ئارامكردنەوە و ئاساییكردنەوەی دۆخی ژیانی ئاوارەكانی ئەو شەڕەدا بن و ناهێڵن ئەو فەزایەی كە لایەنی سەپێنەری شەڕەكە ئامانجی بووە لێمان تێك بدات، تێك بچێت، ئەوە خۆی لە خۆیدا ڕووبەڕووبوونەوەیەكە لەگەڵ ئەو شەڕەدا بەشێوەیەكی دروست.
شارەزایانی سایكۆلۆجیای منداڵ پێیان وایە كە لە حاڵەتی وادا دەبێت یەكەم شت ئەوە بزانین كە منداڵان هەمان ئەو هەست و تا ڕادەیەك ئاگاییەی گەورەكانیان هەیە و ناتوانین بەتەواوی لە شەڕەكە دووریان بخەینەوە. بەڵام دەتوانین ئارامیی ناوەكییان بۆ ڕێگری بەوەی كە پێیان بڵێین كە ئێمە دایك و باوكەكان و گەورەساڵەكان لێرەین و دەتپارێزین. هەروەها باسكردنی ئەوە بۆیان كە شەڕەكە لێرەوە دوورە و لای ئیمە ئارامە خەمت نەبێت. بێگومان زۆرێك لە منداڵان لە دەرەوەی ماڵ و لە زۆر شوێن، شت لەسەر ئەو خەڵكانە دەبیستن، بۆ نموونە كە ئاوارەبوون و بارودۆخی ژیانیان باش نییە، بۆیە ئەگەر منداڵان خۆیان دەستپێشخەرییان كرد و پرسیاریان كرد، دەبێت یارمەتییان بدرێت بۆ ئەوەی كە بتوانن گوزارشت لەو هەستەی خۆیان بكەن لە ڕێگەی بۆ نموونە وێنەكردنی ئەو شتانەی كە بیریانی سەرقاڵ كردووە یان لە ڕێگەی ناردنی یارییەك یان شتێكی تایبەتیی خۆیان بۆ منداڵی ئاوارە وەك كۆمەك تا هەستی ئارامیان پێ ببەخشێت و هەستی هاوكاریشیان تیادا دروست بكات. خاڵێكی تر كە گرنگە لە قسەوباسكردن لەگەڵ منداڵان لە كاتی شەڕدا لەبەرچاوی بگرین ئەوەیە كە بەزمانێكی زۆر سادە و ساكار تێیان بگەیەنین كە ئەوە كێشەی گەورەكانە كە پێك نایەن لەسەر شتەكان، ئیتر دەبێتە شەڕ و هەر دەبێت گەورەكانیش خۆیان هەوڵ بدەن چارەسەری بۆ بدۆزنەوە و ئەوە ئەركی منداڵان نییە. هەروەها دەكرێت بەوەش ئارام بكرێنەوە كە ئێستە گەورەكان لە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری ئەو كێشانەدان. پاراستنی منداڵان لە بینینی ڤیدیۆ و هەر جۆرە وێنەیەك كە تێگەیشتن لێی بۆ منداڵان زەحمەتە. بۆ نموونە منداڵان پێویست ناكات سەیری هەواڵەكان بكەن. گوێگرتن لە منداڵان خۆیان تا بزانرێت ئەوان خۆیان ڕایان چییە زۆر گرنگە تا ئەو شتانەی لە دڵیاندا هەیە دەریببڕن و بارسووكی دەروونییان بۆ دروست بكات. وەڵامدانەوەی پرسیارەكانی منداڵان لەلایەن گەورەكانەوە بەشێوەیەكی سادە و ڕاستگۆیانە لەو كاتانەدا كە ئەگەر گەورەكانیش وەڵامی پرسیارێكیان لا نەبوو بەڕاستگۆیی بە منداڵەكە بڵێم كە منیش وەڵامی ئەو پرسیارە نازانم.
*ڕۆڵی ڕاگەیاندن لەسەر ئەم دۆخە چی دەبێت لە ئێستەدا كە سەرجەمی ڕاگەیاندن لە هەموو كات و ساتێكدا خەریكی ڕووماڵكردنی دۆخی شەڕە؟
ڕاگەیاندن وەك هەر كاتێكی تر، لە كاتی شەڕدا ڕۆڵی گەورەی لە دەستدایە. لەو جۆرە دۆخی شەڕەدا كە ئێستە لە كوردستان هەیە ڕاگەیاندن دەتوانێت بەو جۆرە ڕۆڵی پۆزەتیڤ ببینێت كە لە ڕێگەی گەیاندنی زانیاریی باوەڕپێكراوە و لە ڕێگەی دانی وێنایەكی ڕۆشنەوە لەسەر ڕووداوەكان بە خەڵك، ڕێگە لەوە بگرێت خەڵك لەبەر نادڵنیایی ترسی تیا دروست بێت. لە بەرامبەردا ڕاگەیاندن بۆی هەیە ڕۆڵی زۆر نێگەتیڤ و خراپ ببینێت، تا ئەو شوێنەی بۆی هەیە ڕاگەیاندن بێباكانە یان لە بێئاگاییدا ببێتە كەناڵی بڵاوكردنەوەی پڕوپاگەندەی جەنگیی دوژمن و بەو جۆرە خزمەتێكی گەورە بە دوژمن بكات. ڕاگەیاندن دەبێت بزانێت بۆ گەیاندنی زانیاریی چەند پێویستە بۆ نموونە ڤیدیۆكانی ڕاگەیاندنی دوژمن بڵاو بكاتەوە یان چەندی بڵاو نەكاتەوە و تەنیا بە زارەكی ناوەڕۆكەكەی باس بكات. ڕاگرتنی ئەم باڵانسانە كە بتوانن هەم زانیارییەكان بگەیننە خەڵك و هەمیش ترس و دڵەڕاوكێ نەخەنەوە پلەیەكی بەرز لە شارەزایی و پڕۆفیشناڵیتیی دەوێت.
ڕاگەیاندنی كوردی لەم ماوەی ئەم شەڕەدا زۆر نەشارەزا و ناپڕۆفیشناڵ كاری كرد. هۆكاری ئەمەش ئەوەیە كە زۆرێك لە ڕاگەیاندنەكان زۆر مەبەستیان نییە پابەند بن بە ئێتیكی ڕۆژنامەوانییەوە كاتێك باس دێتە سەر شەڕی بردنەوەی خوێنەر. زۆرێك لە ڕاگەیاندنەكان لە ئەخلاقی پیشەیی زیاتر چاویان لەوەیە بە بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆیەكی پڕ لە توندتیژیی و ورووژێنەر، بینەر و خوێنەری زۆرتر و زۆرتر بۆ خۆیان بەدەست بهێنن. ڕوونتر بڵێم، بەداخەوە ئەم ماوەیە ڕاگەیاندنی كوردیی لە ڕاگەیاندنەكانی داعش كاراتر كاری بۆ ئەوە كردووە ڤیدیۆ پڕوپاگەندەییەكانی ئەو ڕێكخراوە بگەیەنێتە بینەر و خوێنەری كورد. كارێكی واش دیارە خزمەتێكی گەورەیە بە داعش لە شەڕیدا بەرامبەر بە كورد. ئاخر تۆ دەزانیت یەكەم و دوایین مەبەستی داعش لە بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی كوشتن و سەربڕیندا، چاندنی ترسە لە دڵی بەرامبەردا. دروستكردنی ترس لە دڵی بەرامبەردا هەمیشە گرنگترین ئامانجی كاری تیرۆریستییە. بۆیە كاتێك ڕاگەیاندنێك نەك لەپێناو گەیاندنی زانیاریدا، بەڵكو لە پێناو ئەوەدا كە مادەیەكی ئیعلامیی ورووژێنەر پێشكەش بكات، دەچێت ئەو ڤیدیۆیانەیان بۆ بڵاو دەكاتەوە، ئەوا بەو كارەیان جەنگەكە بۆ داعش دەكەن. مەرج نییە ڕاگەیاندن بۆ زانیاریگەیاندن پێویستی بەوە بێت ڤیدیۆ پیشان بدات یان قسەی فاشییانەی ڕێكخراوێكی فاشیی وەك داعش یان هەواڵی یەك بە یەكی دەركەوتنەكانیان بگەیەنێت. بۆ نموونە ئەگەر كەیسی سەربڕینی ڕۆژنامەنووسەكان وەربگرین، ئەوا تەنیا پیشاندانی وێنەیەكی كەسەكان و شوێنەكە و پیشاندانی ئەو بەشە لە قسەكانی ڕۆژنامەنووسەكە كە گرنگ بۆ ئەوەی وێنایەك بداتە بینەر ئایا چی شتێكی گوتووە بەر لە كوشتنی، ئیتر پێویست بەوە ناكات ئەو ڕووداوە بكرێتە ئەو فیلمەی كە بیكەیتە مادەی بردنەوەی زۆرترین بینەر. وایە بینەر فزوڵییەتی هەیە و دوای شتی ورووژێنەر دەكەوێت، بەڵام كاری میدیا گەیاندنی زانیارییە نەك تێركردنی فزوڵییەتی بینەر.
ڕاگرتنی ئەو باڵانسەی كە خەڵكی مافی ئەوەی هەیە زانیاری هەبێت، مانای ئەوە نییە كە هەموو فزوڵییەكی شەخسی تاكەكان تێر بكرێت بەوەی كە هەموو وردەكارییەكی ئەو دڕندەییەیان پیشان بدرێت. خەڵك مافی هەیە پێی بگاتەوە و بزانێت ئایا داعش چەند دڕندەیە، بەڵام كارنەكردنی دروست لە بواری ڕاگەیاندندا بۆی هەیە وابكات داعش و هەر دوژمنێكی تر زۆر لەوە خەتەرناكتر دەركەون كە خۆیان هەن. كارێكی واش خزمەتێكی بەلاشە و گرنگە بە دوژمن. من پێم وایە ڕاگەیاندنەكانی ئێمە لە هەڵپەی كێبەركێی نێوان خۆیاندا بۆ بردنەوەی بینەر، ئەم خزمەتەیان بۆ داعش بە باشترین شێوە ئەنجام داوە.
پڕۆفایل:
ڕۆزا حوسێن لە شاری سلێمانی لە دایك بووە. لە ساڵی ١٩٩٤ خوێندنی پەیمانگەی تەكنیكی بەشی پزیشكی تەواو كردووە. لە كۆتایی ساڵی ٢٠٠١ەوە لە وڵاتی نەرویج دەژی. لە ساڵی ٢٠٠٦ بەكالۆریۆسی لە زانستە سیاسییەكاندا تەواو كردووە. دوو ساڵ خوێندنی باڵای لە بواری پەروەردەدا خوێندووە. لە بواری مافەكانی مرۆڤ و پرسە سیاسییەكانی تری كۆمەڵگەی كوردیدا چەندین باس و وتاری بڵاو كردووەتەوە. ئێستە خوێندكاری ماستەرە لە زانستە سیاسییەكان لە بواری بنیاتنانی دیموكراتی و مافەكانی مرۆڤدا.
نووسراوه لهلایهن
Parwarday Maxmur
پەروەردە نەك هەر لە كاتی ئاشتی و ئارامیدا، بەڵكو لە كاتی شەڕیشدا ڕۆڵی گرنگ دەبینێت لە ئارامكردنەوەی ڕەوتی ئاسایی ژیانی تاكەكانی كۆمەڵگە
Reviewed by Unknown
on
12:18:00 م
Rating:
ليست هناك تعليقات: