دوا تیورمی فێرمات و داستانی رۆمانتیکی ۆڵفسێکل
” تولەڕییەک هەبو بە لای کێڵگەکاندا دەیبردی بۆ نێو ساوسگەیت(ناوچەیەکە لە باکوری لەندەن). بە تەنها دەچوم بۆ ئەوێ و سەیری ڕۆژئاوابونم دەکرد و بیرم لە خۆکوشتن دەکردەوە. هەرچۆنێک بێت، خۆم نەکوشت، چونکە حەزم دەکرد لە ماتماتیک زیاتر بزانم.”
بێرتراند رەسڵ(١٨٧٢ – ١٩٧٠)
لە ساڵی ١٩٩٥ دا کاتێک دوا تیورمی فێرمات یەکلایی بوەوە، گەلێک رۆژنامەنوسان لە ئەندرو وایلزی ئنگلیزیان دەپرسی،” بۆچی خوت دایە دوا تیورمی فێرمات و چی ئەوەندە خەیاڵ و سەرنجی تۆی بۆ لای ئەو تیورمە ڕاکێشا؟” لە وەڵامدا، وایلز دەیگوت،” مێژوی رۆمانسی تیورمەکە بو؟” لای وایلز، رۆمانسیەتەکە بریتی بو لەوەی کە فێرمات بە قسەی خۆی تیورمەکەی سەلماندوە، بەڵام هەرگیز دیارنەبو و نەدۆزرایەوە. لە مانگی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵدا وایلز گەشتێکی کرد بۆ تۆولوز، لە فەرنسا، مەڵبەندی زێدی فێرمات، هەر لەوێ گەشتی ماڵەکەی فێرماتی کرد و سەری رێز و حورمەتی بۆ ئەو پیاوە دانا. دوایی لە هۆڵی شارەوانی شارەکە، بە ئامادەبونی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک خەڵاتی پری- فێرماتی وەرگرت.
دوای دو ساڵ، لە مانگی حوزەیرانی ١٩٩٧ دا، وایلز چو بۆ گۆتینبێرگ، لە ئەڵمانیا، بۆ ئەوەی گەشتی دوەمی داستانی رۆمانسیەتی فێرمات ئەنجام بدات. لەوێش خەلاتی دوەمی وەرگرت کە بریتی بو لە خەڵاتی ۆڵفسێکل لە لایەن ئەکدیمیای زانستەوە. بەڵام ۆلفسکێل کێ بو؟ ئەی خەڵاتی ۆلفسکێڵ چی و چۆن بو؟
پۆڵ فرێدریک ۆڵفسکێل لە ساڵی ١٨٥٦ دا لە ئەڵمانیا لە خێزانێکی جولەکەی دەوڵەمەند لە دایکبوە، بابی بانکداربوە. پۆڵ لە ساڵی ١٨٨٠ دا خوێندنی پزیشکی تەواوکرد و بو بە دکتۆر. دوای دو ساڵ نەخۆشی م.س(multiple sclerosis ) بو کە نیشانەکانی بریتی لە رەقبونی دەمارەکانی مێشک و هێدی هێدی ئیتر جوڵەی زۆر کەم دەبێتەوە. پۆڵ چیتر دکتۆری بۆ نەکرا، بەدەنی توانستی بە پێوە وەستانی نەما. دوایی بریاریدا روبکاتە ماتماتیک، خۆ ئەگەر کەم ئەندامیش بێت و لەسەر کورسیش بێت هەر دەتوانێت ماتماتیک بخوێنێت بیرکردنەوەی ماتماتیکی ئەنجام بدات، ماتماتیک شتێک نییە لەسەر کورسی بیت بۆت بکرێت یان نەء.
سەرەتا و لە ساڵی ١٨٨٠ چوە نێو موحازەرەکانی ماتماتیکناسی گەورەی ئەو سەردەمە، ئەرنست کومەر (١٨١٠ – ١٨٩٣)، کە ئەو کات تەمەنی زیاتر لە هەفتا ساڵ بو. پۆڵ کەوتە ژێر کاریگەری کومەر و بەم هۆیەوە رویکردە خوێندنی تیوری ژمارەیی، کە لقێکی ورد و نایابی ماتماتیکە و بایەخ دەدات بە خەسڵەتەکانی ژمارە، وەکو خۆبەشەکان، ژمارە دۆستەکان و ناڕێژییەکان . کومەر زۆر بە وردی تیورمی فێرماتی خوێندبو، بەشێکی باشی لێ حل کردبو. پۆڵیش هەمو نامە زانستییەکانی کومەری لەمەڕ فێرمات بە وردی خوێندبو.
وەک دەڵێن، پۆڵ لەسەر فێرمات نامەی زانستی نوسیوە و هەوڵیداوە پرسی فێرمات بسەلمێنێت، هەرچەندە سەرکەوتو نەبو، بەڵام هەرگیز کۆڵی نەدا، چەندین جار گەڕایەوە بۆ دونیای فێرمات و دیسانەوە تێکۆشا و کەوتە خوێندنەوەی کاری ئوستادانی گەورەی ماتماتیک لە رابردودا و ویستی بزانێت هەڵەی ئەم مەزنانە چی بوە و ئەو ئامرازە ماتماتیکییانە چین کە بەکاریان هێناوە بۆ سەلماندنی تیورمەکە و بۆچیش سەرکەوتو نەبون.
لە زانکۆی بەرلین داوەتیان کرد کە تەشریف بفەرمێت و لەسەر تیورمی فێرمات موحازە پێشکەش بکات، بەڵام گوتی ئەو لەو بوارەدا تایبەتمەند نییە و بەڵکو دکتۆرای لە پزیشکیدا هەیە نەک ماتماتیک. هەرچەندە توانستی ماتماتیکی فێرماتی زۆر بە باشی هەبو بەڵام تەنها بەهانە بو کە نەچێت.
لە ساڵی ١٨٩٠ بە دواوە نەخۆشییەکەی ئەوەندەی تر پەکیخست و هەتا وردە وردە بە یەکجاری لە قاچ کەوت و چیتر توانستی نەبو لە موحازەرەکاندا ئامادەبێت. هەرچۆنێک بو چەند نامەیەکی ماتماتیکی بەچاپ گەیاند. پۆڵ پێویستی بەوە بو کەسێک چاودێری بکات، داوایان لێکرد ژن بهێنێت. کە ژنی هێنا سەرەتا بەختەوەر بو، بەڵام دوای چەند ساڵێک ژیانی هاوسەری بو بە دۆزەخ، ژنەکەی زۆر خراپ مامەڵەی دەکرد. داستانی رۆمانسیەتی ۆڵفسێکل لێرەوە دەست پێدەکات، کە تێکەڵێکە لە راستی و خەیاڵ.
لە ساڵی ١٩٠٥ دا(؟) پۆڵ گیرۆدەی ئەوینی ژنێک دەبێت و ژنەکە زۆر خراپ رەتیدەکاتەوە. پۆڵ تەواو نائومێد بو، لە لایەک لە ماتماتیکدا شکستی هێنا و ئێستاش ئەوینی لەگەڵ ئەم خانمەدا هەرەسی هێناوە، ئیتر چ هیوایەک هەیە بۆی بژی، خۆ ژنەکەی ئەوە هەر باس ناکرێت. سەرەنجام پۆڵ بڕیاری خۆکوشتن دەدات. پلانێکی زۆر ورد و نیزامی بۆ خۆکوشتنەکەی دادەڕێژێت و بڕیاردەدات سەعات دوازدەی نیوەشەو ڕێک بکاتە ساتی کۆتاییهێنان بە ژیانی خۆی. ئەو شەوە چاوەڕوان بو کە سەعات ببێت بە دوازدە، بۆ ئەوەی کاتەکە گوزەربکات، هەستا و چاوێکی خشاند بە کتێبخانەکەیدا، ئا لەم ساتەدا چاوی کەوت بە پەیپەرێکی زانستی ئەرنست کومەر لەمەڕ تیورمی فێرمات دەکرد. پۆڵ کەوتە خوێندنەوەیەکی وردی پەیپەرەکە(نامەکە) و وردبونەوە لە پرسە شیکارییەکانی ماتماتیکی تیورمی فێرمات. پۆڵ هێدی هێدی هۆشی نەما و پرسەکە وەها خەیاڵی بردەوە، گەیشتە ئەو راستییەی کە هەڵەیەک لە پەیپەرەکەی کومەردا هەیە. بەمجۆرە پۆڵ پرۆگرامی خۆکوشتنەکەی تەواو لە بیرچوەوە. سەرەنجام ساتەوەختی مەوقوتی خۆکشتنەکە بەسەرچو، کاتێک بیری کەوتەوە، بە تەواوی ڕای خۆی گۆڕی و بڕیاریدا کە بە هیچ جۆرێک چارەنوسی خۆی نەداتە دەست مەرگ و هۆکاری سەرەکیش بریتی بو لەوەی کە سەرقاڵی ئەم پرسە ماتماتیکییەی فێرمات بوە و بەو جۆرە نەشئە و ئیلهامی ژیانی بۆ گەڕاندوەتەوە و لە مەرگ ڕزگاری کردوە. پۆڵ وەک سوپاسگوزارییەک بۆ فێرمات و پرسە مەتەڵ ئامێزییەکەی، بڕیاریدا کە هەر کەسێک لە سەد ساڵی داهاتودا بتوانێت پرسی دوا تیورمی فێرمات یەکلایی بکاتەوە و بە تەواوی حلی بکات دەبێتە خاوەنی ١٠٠ هەزار مارکی ئەڵمانی (دو ملیون دۆلاری ئێستا). ئەم پرسە بوە وەسیەتێکی ڕەسمی پۆڵ ۆڵفسکێڵ و بە ناوی خەڵاتی ۆڵفسکێڵاوە لە جیهاندا بڵاوبوەوە.
لە ساڵی ١٩٠٨ پۆڵ ۆڵفسێکل مرد.
خەڵاتی ۆڵفسکێل هێندەی تر بازاڕی ململانێی پرسکەی فێرماتی گەرمکرد و بە هەزاران ماتمتیکناس و خەڵکی ئاسایی تێکۆشان ئەم پرسە یەکللایی بکەنەوە، بەڵام هەر هەموی نوشوستی هێنا. هەرچەندە هەمو ئەم هەوڵانە بۆ حلکردنی پرسی فێرمات شکستیان هێنا، بەڵام دەیان لقی ئاڵۆز و تازەی ماتماتمیکی دروستبون، هەر بۆیەش هەندێک لایان وایە مێژوی سەرهەڵدان و تێکۆشانی ماتماتیکناسان بۆ حلکردن و یەکلاییکردنەوەی پرسەکە لە خۆیدا بریتییە لە بەشێکی زیندو و گرنگی مێژوی ماتماتیک کە سەرەتاکانی دەگەڕێتەوە بۆ فیساگۆرسەکان.
لە کۆتاییدا تەنها ئەوەندە دەڵێین ئەندرو وایلز، کە لە ساڵی ١٩٥٣ دا لە کامبریج، ئنگلستان لە دایکبوە، وەک خۆی دەڵێت داستانی فێرمات یەکێکە لە ئەوینەکانی منداڵیم و لە تەمەنی نۆ ساڵیدا، کاتێک لە مکتەب لەگەڵ چەند هاوڕێیەکمدا دەگەڕاینەوە و خۆمان کرد بە کتێبخانەی گوزەرەکەماندا و چاوم بە کتێبێک کەوت لەسەر فێرمات و دوا تیورمی فێرمات، ئەوەندە سادە و ساکار هاتە بەرچاوم، ئیتر لەو رۆژەوە بوە نایابترین رۆمانسی منداڵیم و وتم رۆژێک دێت ئەمە دەسەلمێنم. لە ساڵی ١٩٩٣ دا دوای حەوت ساڵ گۆشەگیری، وایلز بە فەرمی تیورمی سەلماند و بۆ یەکجارەکی لە دونیای پرسە گەورەکانی ماتماتیکدا یەکلایی بوەوە. باری وەیزەر، کە یەکێکە لە ماتماتیکناسە هەرە گەورەکانی کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم و رۆڵی هەبو لە سەلماندنەکەدا لە وەڵامی پرسیارێکدا گوتی،” سەلماندنەکە هەتا بڵێی ئاڵۆزە و دو سەد لاپەڕەیە و هەرچی ماتماتیکی دونیا هەیە لەم سەلماندنەدا جێگای خۆیان کردوەتەوە.”
ئەم باسە بەشێکە لە گوتارێک لەسەر فێرمات و دوا تیورمی فێرمات.
شێرکۆ ڕەشید قادر sherkodylan@gmail.com
نووسراوه لهلایهن
sherkodylan
ليست هناك تعليقات: