سه‌رهه‌ڵدانی ماتماتیک له یۆنان[بەشی یەکەم]
شێرکۆ ڕەشید قادر
”یۆنانییه‌کان یه‌که‌م ماتماتیکناسانن که هه‌تا ئه‌مڕۆش زیندون و ڕاستین. ده‌شێت ماتماتیکی رۆژهه‌ڵات سه‌رنجڕاکێش بێت، به‌لام ماتماتیکی یۆنانی شته ڕاسته‌که‌یه. ماتماتیکناسانی یۆنان بۆ یه‌که‌م جار به زمانێک ئاخاوتن که ماتماتیکناسی هاوچه‌رخ ده‌توانێت تێبگات” جی.هێچ.هاردی.(1947-1877)
شارستانیه‌تی یۆنانی به یه‌کێک له داستانه هه‌ره پڕشنگداره‌کانی میژووی به‌شه‌رییه‌ت ده‌ژمیردرێت. له مێژووی ماتماتیکدا، هه‌روه‌ک چۆن، به هه‌مان شێوه، له مێژووی فه‌لسه‌فه و ئه‌ده‌بدا، ئه‌وه‌ی که یۆنانه‌کان به ده‌ستیان هێنا خاڵێکی وه‌رچه‌رخانی چلۆنایه‌تی و به‌رزی پێشکه‌وتنی مرۆڤایەتی بوو. یه‌که‌م تۆماری یارییه‌کانی ئۆڵۆمپییات له یۆنان له ساڵی 776 پێشزایینی بوو. ئه‌مه له‌زه‌مه‌نێکدا بوو که ئه‌ده‌بیاتی یۆنانی ته‌مه‌نی دوو سه‌د ساڵێک ده‌بوو، به‌ڵام ته‌مه‌نی ماتماتیک دو سه‌د ساڵێک دوای یارییه‌کانی ئۆڵۆمپییات ده‌ست پێده‌کات. له مێژوی ماتماتیکی یۆنان‌دا، پێویسته سێ قۆناغ جودا بکرێته‌وه، قۆنا‌غی کلاسیکی، که له‌ساڵی 600 پ‌ز ده‌ست پێده‌کات و ڕابه‌ران و پێشڕه‌وانی ماتماتیک بریتین له تالیس و فیساگۆرس پاشان قۆنا‌غی دووه‌م ده‌ستپێده‌کات، که به قۆنا‌غی ئه‌سینا ناوده‌برێت و پاڵه‌وانه‌کانی ئه‌فلاتون، ئه‌رکیتاس، ئه‌ناکساگۆراس، ئودۆکسه‌سن ، دوای ئه‌مه‌ش قۆنا‌غی ئه‌سکه‌ندریه دێت، که هه‌تا ساڵی 600 دز(دوای زایینی) درێژه ده‌کێشێت. بلیمه‌تانی ئه‌م قۆناغه‌ش ئه‌رکه‌میدس، ئیراتۆسێنێس، ئه‌کلیدس، ئه‌ریستارکەس و ئەپۆلێنییەس بون. به‌هه‌قه‌ت ئه‌مانه خه‌ڵکانێک بوون له به‌ده‌نێکی کۆن و به‌ڵام له ئه‌قڵێکی مۆدێرندا[1]. به درێژایی ئه‌م چه‌ند سه‌ده‌یه کڵتوری گریکی ته‌ئسیری کردوه‌ته سه‌ر ناوچەکانی نزیک و ده‌وروبه‌ر. یۆنانه‌کان له ده‌ڤه‌ره‌کانی ئه‌سینا، باکوری ئه‌فه‌ریقا، خواروی ئیتالیا(سیسیلی)، گه‌لێک له ناوچه‌کانی ده‌ریای ئیجه و ده‌ریای ره‌ش ومه‌ڕمه‌ڕه و گه‌لێک جێگای تری تورکیای ئێستا نشتەجی بوون، بەڵام هه‌رگیز وه‌ک یه‌ک ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی نه‌بون، به‌ڵکو هه‌ر شارێک بۆ خۆی بنەما و سیمای ده‌وڵه‌تێکی سەربەخۆی هه‌بوه.
شارستانیه‌تی بابلییه‌کان:
ده‌شێت ئه‌وه‌ی ئنسان ناوی ناوه شارستانییه‌ت، له که‌ناره‌کان و نێوان هه‌ردووڕوباری دجله و فڕاته‌وه سه‌ری هه‌ڵدابێت. به پیتیی خاکوخۆڵ له‌م ناوچانه‌دا یارمه‌تی ئنسانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ی داوه که بتوانێت به‌روبومێک به‌رهه‌م بهێنێت که له پێویستی بژێوی خۆی شتێک زیاتر بوو‌ه. ئه‌مه‌ش وه‌ک ده‌رئه‌نجامێک بوو‌ه به هۆی ئەوەی کە هه‌ندێک که‌س له پرۆسه‌ی راسته‌وخۆی به‌رهه‌مهێنانی كشتوکاڵی به‌دور بن و ڕوویان کردبێته کاروباری ئایینی، ئیداری، پیشه‌یی، ده‌ستڕه‌نگینی، فه‌رمانبه‌ر بۆ پرسه‌کانی وه‌ک باج، ڕووپێوی و عه‌رد دیاریکردن، به تایبه‌ت له ڕوی درێژی و پانییه‌وه، یاخود به زمانێکی تر ده‌توانین بڵێین سه‌ره‌تایه‌ک بوو‌ه بۆ سه‌رهه‌ڵدانی ماتماتیکناسان، که وه‌ک پیشه مامه‌ڵه‌یان لەگەڵ پرسه‌کانی ژماره و پێوان دا کردووه.
سه‌رباری ئه‌وه‌ی که ئه‌م ناوچانه هه‌میشه گۆره‌پانی جه‌نگ و ڕکه‌به‌ری و داگیرکردن بوون، به‌ڵام زۆر به جورئه‌تانه توانیویانه شارستانییه‌کی چوار هه‌زار ساڵه بۆ مێژوو تۆمار بکه‌ن که گه‌لێک یاسا، زانستی فه‌له‌ک، لاهوت وماتماتیکی نایاب له خۆده‌گرێت. کڵتوری میزه‌پۆتۆمیا هەموو ئه‌و زنجیره شارسته‌نییانه ده‌گرێته‌وه که بریتین له سۆمه‌ری، ئه‌که‌دی، میدی، که‌لدانی وئاشوری. پڕشنگدارترین قۆنا‌غی بریتی بوه له 2200 پ‌ز(پێشزایینی) هه‌تا 500 پ‌ز. و ئیتر ئیمپراتۆرییه‌تی بابلی له ساڵی 538 پ‌ز له سه‌ر ده‌ستی سه‌رویسی فارس کۆتایی هات. به‌ڵام شایانی باسه که کاریگه‌ری ئه‌م کڵتوره هه‌تا پێنچ سه‌ده‌ی تر به‌رده‌وام بو.
گه‌لێک له بنه‌ما فه‌لسه‌فی، ماتماتیکی و فه‌له‌کییه‌کانی فیساگۆرسەکان ده‌گه‌ریته‌وه بۆ شارستانییه‌تی بابلی. شارستانییه‌تی میزۆتۆپۆمیا له نێوان ساڵانی 2000 هه‌تا 600ی پ‌ز ( پێش‌زایین) شارستانییه‌تی بابلییه‌کان بوو‌ه.
لێره ئنسان پێشکه‌وتنی به‌رچاوی له بواری ئه‌ندازه‌کاری و بیناسازیدا به خۆوه دیوه، به تایبه‌ت له داهێنانی نووسین، دارشتنی یاسا، بیناسازی، دروستکردنی بورج، ئاودێری و که‌ناڵ-لێدان بۆ مه‌به‌ستی گواستنه‌وه و گه‌یاندنی ئاوی هه‌ردووک رووباری دجله و فوڕات بۆ عه‌ردی به پیتی نێوانیان. دانیشتوانی ناوچه‌که شاریان بنیاتنا و بازرگانی په‌ره‌ی سه‌ند. جگه له‌وه‌ی سیسته‌می باجیان داناوه و په‌یڕه‌وییان کردووه، که ئه‌م دیارده شارستانییه‌ش پێویستی به فێربوونی حساب و ژماره و پیوان بوو‌ه. له سه‌ر قاڵبی نه‌رمی قوڕین و به نووسینی بزماری گه‌لێک ڕووداو و شتی مێژوویی نایابیان تۆمارکردووه، ئه‌م قاڵبه قوڕینانه‌یان له ناو ته‌نووردا سوورکردووه‌ته‌وه و پاشان له به‌ر هه‌تاو به جێیان هێشتون بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌ق ببن. گه‌شه‌کردنی بازرگانی و بیناسازی پێویستی به حیساب و پێوانی وورد بوو. زانایانی ئه‌م شارستانییه‌ته زوو فێربوون که رێژه‌ی چێوه‌ی بازنه بۆ تیره‌که‌ی دیاری بکه‌ن و ژماره‌یه‌کیان بۆ ده‌رچووه که نزیکه له به‌های ، واته 3.14 یاخوود وه‌ک له رۆژگاری ئه‌مڕۆدا به پای ناوده‌برێت و بە کوردیش بە ڕێژەی نەگۆڕ لای قوتابیان ناسراوە. جگه له‌مه، چونکه په‌رستگا و باخچه‌یان دروستکردووه، پێویست بوو‌ه که بزانن رووبه‌ڕ و قه‌باره حساب بکه‌ن. بابلییه‌کان مه‌به‌ستیان بوو‌ه زانستی ماتماتیک بخه‌نه‌گه‌ڕ بۆ ڕازاندنه‌وه و جوانترکردنی ژیانی ئه‌م دونیایه، واته ژیانی به‌ر له مردن، به پێچه‌وانه‌ی میسرییه‌کانه‌وه که زێتر بیریان له رازاندنه‌وه‌ی قه‌بره‌کانیان کردووه‌ته‌وه.
بابلییه‌کان سیسته‌مێکی ژماره‌یی گه‌لێک نایاب و دانسقه‌یان داڕشتووه، که له مێژوودا به سیسته‌می شه‌ستی ناسراوه و هه‌تا ئه‌مڕۆش له پێوانی زه‌مه‌ندا به‌کاردێت، یەک کاژێر شەست خولەکە و یەک خولەک شەست چرکەیە. ته‌لارسازان سیسته‌می دووجاکردنی ژماره‌یان دۆزیوه‌ته‌وه و به فراوانی به‌کاریان هێناوه. جووتیاران بۆ ئه‌وه‌ی بزانن بڕی دانه‌وێڵه‌یان چه‌ند بۆ ده‌رده‌چێت، پێویست بوو بزانن ڕووبه‌ری کێڵگه‌که‌یان چه‌نده، بۆ فڵانه بڕ به‌رهه‌م، چه‌نده عه‌ردیان پێویسته. وه‌ک ده‌زانین رووبه‌ری عه‌رد ده‌کاته لێکدانی دوو لاکه‌ی، یاخود به واتایه‌کی تر ده‌کاته لا کەڕەت لا یان درێژی کەڕەت پانی. جگه له‌مه جوتیار پێویست بوو بزانێت که چۆن بتوانێت پارچه عه‌رده‌که‌ی بکاته دوو پارچه عه‌ردی تر، یان بیگۆڕێته‌وه به دوو پارچه عه‌ردی تر. واته که بزانێت ئایا کۆی دوو رووبه‌ڕه‌که‌ی تر ده‌کاته رووبه‌ری عه‌رده‌که‌ی خۆی. بۆ نموونه خاوه‌نی پارچه عه‌ردێکه که ڕووبه‌ره‌که‌ی 25 یه‌که دووجا‌یه، واته دریژی هه‌ر لایه‌کی 5 یه‌که ده‌کات، ئه‌وا ده‌توانێت بیگۆڕێته‌وه به دوو پارچه عه‌ردی تر که رووبه‌ری یه‌کێکیان 9 یه‌که دووجا واته درێژی هه‌ر لایه‌کی 3 یه‌که و رووبه‌ری ئه‌وی تریان 16 یه‌که دووجا‌یه، واته درێژی هه‌ر لایه‌کی 4 یه‌که بێت. به‌مجۆره چه‌مکی ماتماتیک به جۆرێک له‌دایکبوو که له ژیانی رۆژانه‌دا پێویسته په‌یڕه‌و بکرێت، له چاره‌سه‌ری پرسه‌کانی کاروباری رۆژانه‌دا رۆڵی هه‌بێت و به‌کاربهێنرێت. له رۆژگاری ئه‌مڕۆدا ده‌توانرێت ئه‌م پرسه‌ی سه‌ره‌وه به پەیوه‌ندییه‌کی ماتماتیکی ساکارانه بخرێته سه‌ر کاغه‌ز و بنووسرێت که یاخود . هه‌رچه‌نده به‌م هاوکێشه‌یه ده‌گووترێت بیردۆزه‌ی فیسگۆرس، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه بابلییه‌کان پیش یۆنانییه‌کان به سه‌دان سێ ژماره‌ی فیساگۆرسییان له کاروباری ژیانی رۆژانه‌دا به‌کارهێناوه. به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌م هه‌قیقه‌ته بریتییه له‌و هه‌زاران قاڵبه قوڕینانه‌ی که مێژووکه‌یان ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ساڵی 1900 ی پ‌ز.
پلیمپتۆنی 322 چین؟
وه‌کوو گووتمان بابلییه‌کان بۆ تۆمارکردنی مێژووی کلتوورییان قاڵبی قووڕینه‌یان به‌کارهێناوه. ئه‌م تابلۆیانه هه‌تا رۆژگاری ئه‌مڕۆش به پاکی ماونه‌ته‌وه. ته‌نها له شوێنه‌وارێکی کۆنی وه‌کوو نییپوور 50000(په‌نجا هه‌زار) پارچه له‌م قاڵبانه دۆزراونه‌ته‌وه‌و ئێستا له مۆزه‌خانه‌ی یاڵ، له کۆڵۆمبیا و زانکۆی په‌نسه‌لڤانیان و هیشتا ته‌فسیر نه‌کراون، بگره تۆزیشیان لێ نیشتووه.
یه‌کێک له‌م تابلۆ نایابانه که له مۆزه‌خانه‌ی زانکۆی کۆڵۆمبیایه و به پلیمپتۆنی 322 ناسراوه، دوای ته‌فسیر و لێکدانه‌وه‌یه‌کی وورد و دانسقه، ده‌رکه‌وت که له 15ڕیز ژماره و سێ ستوون پێکهاتووه، ستوونی دووه‌م و سێیه‌م
بریتیین له ژماره. کۆی دووجای ئه‌م دوو ژماره‌یه ده‌کاته دوو جای ژماره‌یه‌کی ته‌واو که له ستوونه‌که‌ی تردایه. ئه‌م تابلۆ قوڕینه‌ییە پازده سێ ژماره‌یی له خۆده‌گرێت که هه‌ر پازده‌یان ئه‌مڕۆ به ژماره‌کانی فیساگۆرسی ناسراون[2]. ڕیزی یه‌که‌م ژماره‌کانی 119، 120، 169 له خۆده‌گرێت. سێ ژماره‌ی تری فیساگۆرسی له 45، 60، 75 که ده‌کاتە . پیده‌چێت بابلییه‌کان له‌بنیاتنانی ته‌لار و په‌رستگا و باخچه‌دا ئه‌م ژمارانه‌یان به‌کارهێنابێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه هه‌تا ئێستا ئاشکرا نییه، ئایا بابلییه‌کان هیچ هاوکێشه‌یه‌کی گشتییان وه‌ک یاسایه‌ک بۆ حه‌لکردن و دۆزینه‌وه‌ی ئه‌م سێ ژماره‌ییانه به‌کارهێناوه؟. له راستییدا هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک له ئارادا نییه که ئه‌مه بسه‌لمێنێت جگه له‌وه‌ی پیده‌چێت که ته‌نها له کاری پراکتیکیدا به کاریان هێنابێت، هیچ مه‌رام و مه‌به‌ستی په‌ره‌پێدان و دارشتنی تیۆرێکی گشتی و سه‌راپاییان نه‌بووبیت. به‌ڵام دوور نییه له دواڕۆژدا مێژوو زانیارییه‌ک بخاته‌ڕوو که پێچه‌وانه‌ی ئه‌م بیرڕایه بێت.
رۆڵی چالاک و مه‌زنی یۆنانه‌کان له سێ روه‌وه له ماتماتیکدا به‌دی ده‌کرێت. لایه‌نی یه‌که‌م ئه‌وه‌بوو لای ماتماتیکناسانی یۆنانی پێویست بوو که ئه‌نجامه ماتماتیکیه‌کان بنیاتێکی ئه‌قڵسازی ده‌رئه‌نجامگیری (Deductive Reasoning) له‌خۆبگرن، واته له خاڵیکه‌وه ده‌ست پێده‌که‌ین که هه‌موان له سه‌ری ڕازین و پاشان هه‌نگاو به هه‌نگاو به فۆرمێکی لۆجیکی یه‌ک له دوای یه‌ک به‌ره‌و پێش ده‌چین هه‌تا ئه‌نجامێکمان ده‌ست ده‌که‌وێت که جێگای یه‌قینی هه‌مو لایه‌که. ئه‌م میکانیزمه ته‌واو دژ به‌و پرۆسه‌یه‌یه که گه‌لێك جاران له ژیانی رۆژانه‌دا روده‌دات، که به پرۆسه‌ی که‌مسازی(Inductively) ناو ده‌برێت و له ئه‌نجامی ئه‌زمونێکه‌وه سه‌باره‌ت به دیارده‌یه‌کی تایبه‌ت و سه‌ره‌نجام فۆرمێکی گشتگیری ده‌ده‌ینێ، یاخود له ئه‌نجامی هه‌وڵ و هه‌ڵه‌وه (trial and error) فێرده‌بین .لایه‌نی دووه‌م بریتیه له‌وه‌ی که یۆنانه‌کان ماتماتیکیان کرده زانستێکی پوخت ( Abstract)، ئه‌م دیارده‌یه له ڕۆژگاری ئه‌فلاتوندا ته‌واو گه‌شه‌ی کرد و بوو‌ه باو، چونکه ئه‌فلاتون باوه‌ڕی وابوو که مه‌مله‌که‌تێک هه‌یه، مه‌مله‌که‌تێکی ئایدیاڵ، ڕۆحی و پاکژ، پڕن له ئایدیا پوخته‌کان، لای ئه‌فلاتون زه‌مه‌ن له‌م مه‌مله‌که‌ته‌دا نه‌گۆڕه و بێسنوره و هه‌رگیز کۆتا نایه‌ت و ناڕوخێت، ته‌نانه‌ت هه‌رچی فۆرمه ماتماتیکیه‌کان هه‌ن، وه‌ک بازنه، چوارگۆشه، سێگۆشه و فۆرمه جیۆمه‌ترییه‌کانی تر، له بناواندا و ڕه‌سه‌نه‌کانی له‌م مه‌مله‌که‌ته‌ن و ئه‌وه‌ی ئێمه لێره، له‌م واقیعه‌ی خۆماندا، به‌دییان ده‌که‌ین و دێنه به‌رچاومان و وێنایان ده‌که‌ین، جگه له کۆپییه‌کی ناکامڵ و شێواوی فۆرمه ئه‌سڵییه‌کان هێچی تر نین. لای ئه‌فلاتون نوسخه ئه‌سڵییه‌کانی بازنه، سێگۆشه و هه‌مو شێوه و ته‌نه ره‌قه جیۆمه‌تریه‌کانی تر له ڕاستیدا به ئاسمانی ئه‌م مه‌مله‌که‌ته‌دا بڵاوبونه‌ته‌وه. لای ئه‌فلاتون ماتماتیک پوخترین، به‌هاترین، به‌رزترین و نایابترین فۆرمه‌کانی بیرکردنه‌وه‌ی ئنسان پێکده‌هێنن، هه‌ر بۆیه‌ش پێویسته له لایه‌ن که‌سانێکه‌وه به وردی بخوێنرێت که ده‌یانه‌وێت ببنه ڕابه‌ر و سه‌رکرده‌ی ئه‌م وڵاته و حوکمی خه‌ڵکان بکه‌ن. هه‌رواش له‌خۆڕا و گاڵته نییه که له‌سه‌ر ده‌روازه‌ی چونه‌ژوره‌وه‌ی ئه‌کادیمیاکه‌ی ئه‌فلاتون نوسرابوو: هاتنه ژوور بۆ که‌سانی ناشی به جیۆمه‌تری قه‌ده‌غه‌یه.
هه‌ر لێره‌شه‌وه ده‌گه‌ینه خاڵی یاخود لایه‌نی سێیه‌م که یۆنانه‌کان رۆڵیان تێدا دیوه، ئه‌ویش بریتی بوه له جه‌ختکردن له به‌رزی به‌های جیۆمه‌تری و وه‌گه‌ڕخستنی میتۆده جیۆمه‌تریه‌کان بۆ حه‌لکردنی پرسه‌کان.ئه‌وه‌ی لێره‌دا شایانی پرسیاره، ئه‌وه‌یه که یۆنانه‌کان بۆچی ئه‌م ماتماتیکه جوان و نایابه‌یان بنیاتنا؟ یاخود به واتایه‌کی تر که‌شفکرد؟ سه‌رچاوه‌ی ئیلهامی ئه‌م هه‌مو داهێنانانه چی بون؟ ئه‌ی ئامانج و مه‌به‌ستیان چی بون؟
هه‌ڵوێستی یۆنانه‌کان له هه‌مبه‌ر گه‌ردون و سروشتدا وه‌ڵامێکه بۆ ئه‌م پرسانه. یۆنانه‌کان مه‌رام و مه‌به‌ستیان بو له گه‌ردون بگه‌ن، مه‌به‌ستیان بو بزانن بۆچی گه‌ردون و سروشت نیزامێکی ماتماتیکی هه‌یه و یاسایه‌کی ژماره‌یی له‌خۆده‌گرێت؟ بۆچی دونیا به مانا قوڵییه‌که‌ی و به‌و فراوانیه که‌وتۆته ژێر حوکمی یاسای ماتماتیکییه‌وه؟ هه‌ربۆیه‌شه خوێندن و توێژینه‌وه‌ی ماتماتیکی لایان کلیلی ئاواڵه‌کردنی جیهانی سروشته و ده‌روازه‌یه‌که بۆ تێگه‌یشتن و بگره زاڵبون به‌سه‌ر سروشتدا. ئه‌م هه‌ڵوێستی ئه‌قڵگه‌رایی و ره‌خنه‌ئامێزییه هه‌ر زوو له نێوان فه‌یله‌سوفان، زانایان و ماتماتیکناساندا، که سه‌ره‌تاکه‌ی له تالیسه‌وه ده‌ست پیده‌کات، له‌دایکبوو.
توێژینه‌وه به‌راییه‌کانی ماتماتیک له رۆژگاری کۆنی یونانیدا ئامانجێکی تری سه‌ره‌کییان هه‌بوو، هه‌رچه‌نده ئه‌م ئامانجه فۆرمێکی ساکاریشی له خۆ گرتبێت، به‌ڵام گه‌لێک گرنگ بو، ئه‌ویش بریتی بوو له تێگه‌یشتن له پێگه‌ی ئنسان له گه‌ردوندا له روانگه‌ی مۆدڵێکی ئه‌قڵانییه‌وه. ماتماتیک ئامێرێکی گرنگی یارمه‌تیده‌ر بو بۆ ئنسان له گه‌شته‌که‌یدا به مه‌به‌ستی گه‌ڕان له دوی نیزام و رێک‌وپێکی له ناو جه‌رگه‌ی پشێویدا، به شێوه‌یه‌ک که بتوانێت فکر و بیرکردنه‌وه‌ی به جۆرێکی لۆجیکی ڕێکخات. یۆنانیه‌کان ئاشنایه‌تییان له‌گه‌ڵ ماتماتیکی میزه‌پیتۆمیا و میسردا په‌یداکردبوو و که‌وتبوونه ژێر کاریگه‌ری ماتماتیکی ئه‌م دوو شارستانییه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هەموو ئه‌مانه‌شدا زۆر زیره‌کانه ده‌رکیان به خاڵێکی گرنگ کردبوو ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو که بابلیه‌کان و میسرییه‌کان، هه‌رچه‌نده له باری ته‌کنیکیه‌وه پێشکه‌وتوو بون، به‌ڵام هێشتا به‌ره‌و ئه‌قڵگه‌رایی هه‌نگاویان نه‌نابو‌و، دیاره ئه‌مه‌ش ئه‌رکێک بوو یۆنانه‌کان گرتیانه ئه‌ستۆ. بۆ نمونه پرسه‌کانی وه‌ک بۆچ ڕووبه‌ری سێگۆشه‌یه‌ک ده‌کاته نیوه‌ی ڕووبه‌ری لاکێشه‌یه‌ک که هه‌مان بنکه و به‌رزییان هه‌یه؟ یاخود بۆچی سێگۆشه‌یه‌کی دوو لا یه‌کسان دوو گۆشه‌ی هه‌مان به‌هایان هه‌یه؟ ئه‌م پرسانه له ده‌سه‌ڵاتی که‌سدا نین و خۆ‌یان به ته‌بیعه‌ت لای هه‌مان ئه‌و که‌سانه دروست ده‌بن که هه‌مان پرسی هاوشێوه ده‌که‌ن سه‌باره‌ت بە بونیات و پێکهاته و چۆنیه‌تی دروستبونی گه‌ردون، سروشت و عه‌رد. تالیس به ڕابه‌ر و پێشڕه‌وی ئه‌م شه‌پۆلی ئه‌قڵگه‌راییه داده‌نرێت[3].
فیساگۆرس
”ده‌شێت کاریگه‌ری فیساگۆرس له‌سه‌ر هزره‌کان و پاشانیش له‌سه‌ر چاره‌نوسیڕه‌گه‌زی به‌شه‌رییه‌ت گه‌وره‌تر بێت له هی هه‌ر تاکه که‌سێکی تر، جا پێش یا پاش خۆی بێت” ئارسه‌ر کۆسله‌ر(1905 – 1983)
هه‌موومان به منداڵی و له پله‌ی ناوه‌ندی خوێندندا ئاشنایه‌تیمان له‌گه‌ڵ بیردۆزی فیساگۆرسیدا په‌یدا کردووه، ئه‌و بیردۆزەی به کورتی ده‌ڵێت: له سێگۆشه‌یه‌کی گۆشه‌وه‌ستاودا دووجای ژێ ده‌کاته کۆی دووجای ته‌نیشت و دووجای به‌رانبه‌ر. هه‌رچه‌نده بۆ رۆژانی منداڵی هێنده به‌سه سه‌باره‌ت به فیساگۆرس بزانین، به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌م زاته گه‌وره‌یه کاریگه‌رییه‌کی قووڵی کردووه‌ته سه‌ر میژووی به‌شه‌رییه‌ت، هه‌ر له رۆژئاوا هه‌تا رۆژهه‌ڵات، فه‌لسه‌فه و ماتماتیکی فیساگۆرس و خانه‌قای فیساگۆرسی رۆلێکی دیار و نایابیان بینیوه له به‌رجه‌سته‌بوونی هه‌ر دووک شارستانییه‌تی ئیسلامی و مه‌سیحییدا. جگه له‌وه‌ی که فه‌لسه‌فه‌ی فیساگۆرسی بوو‌ه ئیلهام بۆ فه‌لسه‌فه‌ی هه‌ریه‌ک له ئه‌فلاتون و ئه‌رستۆ.
سه‌باره‌ت به ژیانی فیساگۆرس زانیارییه‌کی زۆر که‌م له ئارادایه، سه‌رباری ئه‌مه‌ش زیاتر له که‌سایه‌تییه‌کی ئه‌فسووناوی ده‌چێت وه‌ک له ڕاستی. سه‌رچاوه‌ی ڕاستەوخۆ و ده‌ستی یه‌ک لەمەڕ ژیانی هه‌تا بڵێیت ده‌گمه‌نه، به‌ڵام به گشتی پێده‌چێت له نێوانی ساڵانی 500-580 ی پێشزایینی(پ‌ز)، له شارۆچکه‌ی سامۆس، که ده‌که‌وێته سه‌ر که‌ناره‌کانی رۆژئاوای تورکیای ئێستا، ژیابێت، هه‌ندێک ژێده‌ری یۆنانی ئیشاره به‌وه ده‌ده‌ن که له رۆژگاری ژیانیدا، له نێو خه‌ڵکاندا وا بڵاوبووه که فیساگۆرس کوڕی خوداوه‌ند ئه‌پۆڵۆیه و هه‌ندێک سه‌رچاوه‌ی تر ده‌ڵێن کوڕی پیاوماقووڵی ئه‌و رۆژگاره‌ی شاری سامۆس منێسارچۆسه. چه‌نده‌ها ساڵی ته‌مه‌نی خۆی له‌م شارۆچکه‌یه، له سایه‌ی حوکمی دکتاتۆر پۆلیکراتدا به‌سه‌رده‌بات. هێشتا هه‌رزه‌کار ده‌بێت که ده‌بێته شاگردی تالیسی فه‌یله‌سوف. هه‌روه‌ها له ژێر ده‌ستی فێریسایدس و پاشانیش لای ئه‌ناکسیمانده‌ر ده‌خوێنێت.
ئه‌و رۆژگاره سامۆس زاڵمیک حوکمی ده‌کات که نێوی پۆلیکرات ده‌بێت. ئه‌م حاکمه سه‌روه‌تێکی زه‌به‌ند‌ی به هۆی بازرگانی قاچاخه‌وه پێکه‌وه‌نابوو، له ئاسابه‌ده‌ر هه‌لپه‌رست بوو‌ه، چونکه هه‌ر که جه‌نگ له نێوان دوو به‌ره‌ی دراوسێدا هه‌ڵده‌گیرسا، له پێناوی مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆی، لایه‌نی به‌هێزی ده‌گرت، له لایه‌نی بازرگانییه‌وه ڕکه‌به‌ری میلێته‌سی کردووه. پۆلیکرات له ساڵی 535 بۆ 522حوکم ده‌کات. که فارسه‌کان شاری میلێته‌س داگیرده‌که‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستدرێژی فارسه‌کان بۆ لای خۆی بوه‌ستێنێت، خۆی ده‌داته پاڵ ئه‌ماسیس، کە پادشای میسر بوو. که‌چی کاتێک قامبیس، پادشای ئێران، هه‌موو هێز و ده‌سه‌ڵاتی خۆی ده‌خاته گه‌ڕ بۆ داگیرکردنی میسر، پۆلیکرات، که بۆی ده‌رکه‌وت قامبیس خه‌ریکه جه‌نگه‌که ده‌باته‌وه، ئه‌مجاره پاڵده‌داته لای فارسه‌کان و له‌شکرێک پێکده‌هێنێت بۆ هێرشکردنه سه‌ر میسر، سه‌رکرده‌کانی ئه‌م له‌شکره بریتی بوون له نه‌یارانی سیاسی پۆلیکرات خۆی، بێگوومان مه‌به‌ستی بوو له میسر ته‌فرتوونا ببن و به هیچ جۆرێک نه‌گه‌ڕێنه‌وه، به‌ڵام له‌شکره‌که یاخی ده‌بن و له گه‌ڵ فارسه‌کان ده‌ست تێکه‌ڵ ده‌که‌ن، فارسه‌کان ئه‌سیری ده‌که‌ن و له ساڵی 522 پ‌ز له چاخی ده‌ده‌ن[4].
سامۆس، له رۆژگاری حوکمی پۆلیکراتدا، له باری بازرگانی و ئابوورییه‌وه پێشکه‌وتن و بووژانه‌وه‌ی نایابی به خۆوه دیبوو، هه‌رچه‌نده دیکتاتۆر بوو، به‌ڵام زۆر حه‌زی له هونه‌ر و ئه‌ده‌ب بوو، دۆستی رۆشنبیران و حه‌کیمان بوو، له کۆشک و سه‌راکه‌یدا شاعیران و هونه‌رمه‌ندان رێزیان لێده‌گیرا. ناوه‌نده گشتییه‌کانی شاره‌که سیمای جوان و رازاوه‌یان له‌خۆگرتبوو، زۆر به نایابی خزمه‌تی شاره‌که‌ی ده‌کرد. فیساگۆرس خۆشی به حوکمی پۆلیکرات نه‌ده‌هات، بارگه‌ی پێچایه‌وه و مه‌نزڵی جێهێشت بۆ شاری مێلیته‌س. لێره ماوه‌یه‌ک ده‌بێته شاگردی تاڵیس( وه‌ک ده‌ڵێن)، ئه‌میش هانی ده‌دات بۆ فێربوون ڕوو بکاته ووڵاتی میسر و بابل. به‌م جۆره سه‌فه‌رده‌کات بۆ ووڵاتی میسر و له‌وێ 13 یان 22 ساڵ ده‌مێنێته‌وه و ده‌رسه‌کانی جیۆمه‌تری و فه‌له‌ک ده‌خوێنێت، جگه له‌وه‌ی ته‌واو ئاشنا ده‌بێت له‌گه‌ل کلتوری ئاینیی و غه‌یبناسی میسرییه‌کاندا و ته‌نانه‌ت وه‌ک ده‌ڵێن، له جه‌ژنی تقوسه ئایینییه‌کاندا به‌شداری ده‌کات و له په‌رستگا پڕ له په‌نهانییه‌کاندا کات به‌سه‌رده‌بات، فێری زمانی هیلۆگریفی ده‌بێت، به‌مجۆره کلتور و ئایینی میسری رۆڵێکی مه‌زن و فراوان ده‌گێرن له به‌رجه‌سته‌کردنی هه‌یکه‌لی ده‌روونی و ئه‌قڵی فیساگۆرسدا. کاتێک قامبییس ووڵاتی میسر داگیرده‌کات، فیساگۆرس به ئه‌سیری جه‌نگ ده‌گیرێت و به ده‌ستبه‌سه‌ری له‌گه‌ڵ کاروانی له‌شکری قامبیس دا رووده‌کاته ووڵاتی بابل. دوای ئازادبوونی، لێره ته‌واوی ژیانی خۆی ته‌رخان ده‌کات بۆ خوێندنی بیرکاری، مۆسیقا، فه‌له‌ک و مه‌زه‌به ئایینییه‌کانی ووڵاتانی میزۆپۆتۆمیا.
گه‌ڕانه‌وه‌ی فیساگۆرس بۆ ووڵات
فیساگۆرس، دوای ساڵانێکی زۆری فێربوون و خوێندنی یاسا سه‌ره‌تاییه‌کانی ژماره، پرینسپه ئایینییه‌کانی بابل، میسر، زه‌رده‌شتی و هه‌روه‌ک ده‌ڵێن هندیش، له ئاواره‌یی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شارۆچکه‌ی سامۆس، زێدی خۆی، ئه‌و کات ته‌مه‌ن په‌نجا ساڵان بوو‌ه. هه‌ر زوو وه‌ک نوورانییه‌کی پڕ موجیزه، که‌سایه‌تییه‌کی عیرفان و زانایه‌کی حه‌کیم ناوبانگ بۆ خۆی په‌یداده‌کات. کاتێک خه‌ڵک له به‌رانبه‌ری ڕاده‌وه‌ستن، سام دایانده‌گرێت، هه‌ست ده‌که‌ن که هێزێکی مه‌زن له ناخیدا خۆی مه‌ڵاس داوه جگه له‌وه‌ش خۆشی هێنده‌ی تر هه‌وڵی بڵاوکردنه‌وه‌ی داستانی پڕ تەلیسماوی، قاره‌مانی و خه‌یاڵبافی سه‌باره‌ت به خۆی داوە. به‌مجۆره هێدی هێدی له‌گه‌ڵ گوزه‌ری زه‌مه‌ندا زه‌مینه خۆش‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی که‌سایه‌تییه‌کی جودا، موبارەک و به‌رزتر له‌خه‌ڵک دروست ببێت. سەرەنجام هه‌وڵ ده‌دات خانه‌قایه‌ک بۆ خۆی درووست بکات به مه‌به‌ستی خوێندن و توێژینه‌وه‌ی فه‌لسه‌فی، بڵاوکردنه‌وه‌ی بیروڕا ئایینییه‌کان و یاسا نوێکانی بیرکاری که تازه به تازه‌یی له ووڵاتانی دراوسێ خۆی فێری بوبوون. ئامانج و مه‌به‌ستی فیساگۆرس ته‌نها به‌کارهێنانی ژماره نه‌بوو به‌ڵکوو بریتی بوو له تێگه‌شتن له جه‌وهه‌ری ژماره و گه‌ڕان له دوو‌ی ڕه‌هه‌نده فه‌لسه‌فییه‌کانی ژماره. فیساگۆرس که‌وته گه‌ڕان له دوو‌ی په‌یداکردنی شاگردانی زیره‌ک و بلیمه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی له په‌یامه‌که‌ی حاڵی ببن و له بڵاوکردنه‌وه‌ی بیروباوه‌ره تازه‌کانی بگەن، زیاتریش عه‌وداڵی خه‌ڵکانێک بوو که بۆ خۆ‌یان خاوه‌ن بیرکردنه‌وه‌ی ئازاد و داهێنه‌رانه بن .
پۆلیکرات که ناوبانگی ده‌بیستێت و ده‌زانێت پیاوێکی به ویقار و حیکمه‌ته و سیمایه‌کی عیرفانی هه‌یه، بۆ کۆشکه‌که‌ی خۆی داوه‌تی ده‌کات و هه‌وڵده‌دات قایلی بکات که وه‌زیفه‌یه‌ک یاخود کارێکی دیپلۆماتی گه‌وره‌ی پێ ببه‌خشێت، به‌ڵام فیساگۆرس ئه‌م ته‌ڵه‌به ڕه‌تده‌کاته‌وه، چونکه، وه‌ک ده‌ڵێن، حوکم و ناعه‌داله‌تی پۆلیکراتی به دڵ نابێت، جگه له‌وه‌ی باش ده‌زانێت که خۆی رۆژگارێک له سامۆس دا ژیاوه که کلتوره‌که‌ی ته‌واو جودا بوو‌ه له ئێستا، ئه‌و زه‌مه‌نه کۆمه‌ڵگه لیبراڵ و بیرکردنه‌وه‌ی مه‌ردووم له فه‌زایه‌کی ته‌واو ئازادا بوو‌ه، به‌ڵام ئێستا، گه‌رچی بوژانه‌وه‌ی ئابووری له ئارادایه، کۆمه‌ڵگه بووه‌ته کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی مووحافیز. فیساگۆرس هه‌ستده‌کات که ئه‌مه جۆره گه‌مه‌یه‌که و مه‌به‌ستی پۆلیکرات ته‌نها بریتییه له کڕین و ده‌سته‌مۆکردنی. هه‌ر بۆیه‌ش بڕیارده‌دات و ڕوو له ئه‌شکه‌وتێکی دووره‌په‌رێز ده‌کات و به ته‌نها رۆژانه خه‌ریکی خووردبوونه‌وه و خه‌ڵوه‌ت ده‌بێت. دوای زه‌مه‌نیکی کورت فیساگۆرس ده‌روازه‌ی گۆشه‌گیری و ته‌نهایی ده‌شکێنێ و جارێکی تر عه‌وداڵ ده‌بێت به دوو‌ی خه‌ڵکدا بۆ راگه‌یاندنی په‌یامه‌کانی، به‌مجۆره قوتابییه‌ک په‌یدا ده‌کات و ده‌رسه‌کانی ماتماتیکی فێرده‌کات. بۆ هه‌ر ده‌رسێک، فیساگۆرس سێ ئۆبڵ[5] به قوتابییه‌که ده‌دات، واته له بری ئه‌وه‌ی فیساگۆرس پاره وه‌ربگرێت، له پێناوی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌یامه‌که‌یدا، ئه‌م پاره به قوتابییه‌که ده‌به‌خشێت. له‌گه‌ڵ گوزه‌ری چه‌ند هه‌فته‌یه‌کدا، فیساگۆرس بۆ ئه‌وه‌ی بزانێت که ئایا به ڕاستی ئه‌م قوتابییه خولیا و ئالووده‌ی فێربوونه یان نه‌ء، لاوە بانگ ده‌کات و بۆ ئه‌وه‌ی زمانی تاقیبکاته‌وه، ده‌ڵێت: من چیتر ناتوانم له‌گەڵوانەداندا پاره‌ت بده‌مێ، بۆیه تۆ ئازادی و بڕۆ له جێگایه‌کی تر له دوو‌ی فێربوون بگه‌ڕێ. قووتابییه، چونکه سه‌ره‌تای فێربوونی بڕیوه و چۆته قۆناغێک که خۆی ئاره‌زووی له فه‌لسه‌فه و ماتماتیکه و ته‌واو خۆشی پێدێت، به هیچ جۆرێک حه‌ز ناکات کۆتایی به خوێندن بهێنێت، هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌و پێشنیازه‌ی مامۆستاکه‌ی ره‌تده‌کاته‌وه و قه‌راری مانه‌وه ده‌دات و به پێچه‌وانه‌ی هه‌فته‌کانی له‌وه‌به‌ر، خۆی له‌مه‌ودوا مه‌سره‌ف ده‌کاتو، بۆ هه‌ر ده‌رسێکش پاره ده‌دات به مامۆستا پایه‌به‌رزه‌که‌ی. به‌مجۆره فیساگۆرس له سامۆس نیمچه قوتابخانه‌یه‌کی کاتی دروست ده‌کات، به‌ڵام بیروباوه‌ڕی ریفۆرمخوازی فیساگۆرسی سه‌باره‌ت به کۆمه‌ڵ، به تایبه‌ت له هه‌مبه‌ر ئازادی ژنان، وه‌ک ده‌ڵێن، پۆلیکرات سه‌غڵه‌ت ده‌کات. فیساگۆرس ناچار ده‌بێت دیسانه‌وه بارگه‌ی بپێچێته‌وه و له‌گه‌ڵ دایکی و ته‌نها قووتابییه‌که‌یدا هه‌ڵبێت به‌ره‌و باشووری ئیتالیا و له شارۆچکه‌ی کرۆتۆن بگیرسێته‌وه.
کرۆتۆن شارێکی یۆنانی بوو، به‌ڵام له سایه‌ی حوکمرانێکی تردا. شارێک بوو له باری ئابووری و بازرگانییه‌وه بووژاوه و ئاستێتیکی باشی خۆشگوزه‌رانی هه‌بوو. خۆشبه‌ختانه، فیساگۆرس له‌م شاره بوو‌ه ئاشنای به‌هێزترین پیاو له مێژووی به‌شه‌رییه‌ت و له هه‌مان کاتدا ده‌وڵه‌مندترین که‌سایه‌تی رۆژگاری خۆی له کرۆتۆن، ئه‌ویش مایلۆ[6] بوو. مایلۆ له سه‌رانسه‌ری یۆنان‌دا ناوی وه‌ک ئه‌ستێره‌یه‌ک و پاڵه‌وانێکی ئۆڵه‌مپی بڵاوبوبۆوه، که دوازده جار پاڵه‌وانێتی به‌ده‌ستهێنابوو، سه‌رباری یارییه‌کانی ئۆڵه‌مپی، زۆر ئالووده‌ی فه‌لسه‌فه و ماتماتیک بوو. فیساگۆرسیش به هه‌مان شێوه وه‌ک فه‌یله‌سوفێک شۆره‌تی ده‌رکردبوو. مایلۆ به‌شێکی کۆشکەکەی ته‌رخانکرد بۆ خوێندن و توێژینه‌وه‌ی فه‌لسه‌فی و ماتمامتیک. به‌مجۆره دوو که‌سایه‌تیی کاریزما، داهێنه‌ر‌ترین ئه‌قڵ و به‌هێزترین به‌ده‌ن له مێژووی به‌شه‌رییه‌تدا له رۆژگاری یۆنانی کلاسیک‌دا بوون به هاوپه‌یمان و هاوکار.
فیساگۆرس قوتابخانه‌ی فیساگۆرسی پێکه‌وه نا، که له مێژوودا به ئه‌ڵقه‌ی برایانی فیساگۆرسی به‌ناوبانگه، سه‌ره‌تا ژماره‌ی ئه‌ندامانی شه‌ش سه‌د که‌س بوو. ته‌رزی ژیانیان ساده و ساکار بو، هانده‌دران بۆ ملکه‌چی و ئارامی. ئه‌م گروپه نایابه کاریان ته‌نها گوێگرتن نه‌بوو له ده‌رسه‌کانی فیساگۆرس، به‌ڵکو هه‌موو وه‌ک یه‌ک ڕۆڵیان هه‌بوو له داهێنانی چه‌مک و تێگه‌ی نوێ. ئه‌ندامانی نوێ پیویست بوو بە دەسەڵات و هیمەتی ژمارە سوێند بخۆن، هه‌موو سه‌روه‌ت و سامانه‌که‌یان به حه‌وزی قوتابخانه‌ی برایان ببه‌خشن، پاشانیس ئه‌گه‌ر ویستیان ماڵئاوایی له برایان بکه‌ن، ئه‌وا دوو ئه‌وه‌نده‌ی سه‌روه‌ته‌که‌یان که سه‌ره‌تا داویانه پێ ده‌به‌خشرێته‌وه و وه‌ک یادگاری و ڕێزیش له دوا ڕۆژدا نزرگه‌یه‌کیان بۆ هه‌ڵده‌بسترێت. جگه له‌وه ئه‌ندامانی نوێ پیویست بوو بۆ چه‌ند ساڵێک به بێده‌نگ دانیشن و ئه‌رکیان ته‌نها گوێگرتن و گوێڕاڵی بوو له مامۆستا فیساگۆرس خۆی، هیچ ئه‌ندامێکی نوێ مافی نه‌بوو که مامۆستاکه‌یان به پرسیار سه‌غڵه‌ت بکات. ئه‌م دیارده‌یه هه‌تا ئێستاش له قوتابخانه‌ی هه‌ندێ له ووڵاتان پەیڕه‌و ده‌کرێت، گومانی تێدا نییه هه‌موو مامۆستایه‌ک له‌م رۆژگاره‌دا حه‌ز ده‌کات ئه‌م تەرزە په‌روه‌رده‌ییه بگه‌ڕیته‌وه، به تایبه‌ت له رۆژئاوا. گه‌وره‌یی قوتابخانه‌ی برایان له‌وه‌دا بوو که بۆ یه‌که‌م جار له مێژوودا ژنان مافیان هه‌بوو ببنه ئه‌ندام و وه‌ک پیاوان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌کرا و له هه‌موو بواره‌کاندا ڕۆڵیان هه‌بوو. یه‌کێک له ئه‌ندامانی ژن له ناو ئەڵقەکەدا کیژه جوانه‌که‌ی مایلۆ، تیئانۆ Theanoده‌بێت. وه‌ک ده‌ڵێن وەها گیرۆده‌ی ئه‌وینی فیساگۆرس ده‌بێت و ڕۆژێک تیئانۆ زۆری بۆ دێت و چیتر ناتوانێت خۆشەویستی خۆی بەوجۆرە کپ بکات، بۆیەڕازی دڵی خۆی ڕاشکاوانه بۆ فیساگۆرس هه‌ڵده‌ڕێژێت، باس له خۆشه‌ویستی خۆی بۆمامۆستا پڕ له سام و نوورانیه‌که‌ی دەکات، داوای لێده‌کات که بیخوازێت. سه‌ره‌نجام، فیساگۆرس به دڵیکی فراوانه‌وه ئه‌م خۆشه‌ویستییه له ئامێزده‌گرێت، سه‌رباری جیاوازی زۆر له ته‌مه‌ندا، ده‌بێته هاوسه‌ری و پاشانیش ده‌بێته مامۆستای ماتماتیک و گه‌لێک بابه‌ت ده‌رباره‌ی ماتماتیک و فه‌لسه‌فه ده‌نووسێت. هه‌روه‌ک له چه‌رخی پێنجه‌مدا نێوی سێ ژنی تر هاتوون وه‌ک ئه‌ندامانی ئەڵقەی برایانی فیساگۆرسه‌کان، ئه‌وانه‌ش بریتی بوون له فینتیس ، مێلیسا و تیمیچا. [7]Phintys, Melissa ,Tymicha .
هه‌ندێک سه‌رچاوه ئیشاره به‌وه ده‌ده‌ن که ژنان له قوتابخانەی فیساگۆرسه‌کاندا ته‌نها سه‌رقاڵی فێربوونی کاروبار و پیشه هونه‌رییه‌کانی ناوماڵ و دایکێتی و منداڵ به خێوکردن بوون، زۆر به ده‌گمه‌ن له بواره‌کانی ئایین و فه‌لسه‌فه و ماتماتیکدا کاریان کردووه[8].
ئه‌وه‌ی پێوسته لێره‌دا بگوترێت ئه‌وه‌یه که به فه‌رمانی فیساگۆرس خۆی له حوجره‌که‌یدا به‌کارهێنانی کتێب بۆ خوێندن یاساخ بوه، هه‌ر بۆیه‌ش زانیاری له‌مه‌ڕ فیساگۆرسه‌کان هه‌مووی ده‌ستی دووه و هه‌رگیز سه‌رچاوه‌که‌ی له قوتابخانه‌که‌وه نه‌هاتووه. دوو سه‌رچاوه‌ی هه‌ره گرنگ له‌سەر فیساگۆرسه‌کان بریتین له کتیبی ئایامبلیکه‌س و پرۆلۆکه‌س، که هه‌ردوکیان دوای چه‌نده‌ها سه‌ده نوسراون.
فیساگۆرس، یه‌که‌م که‌س بوو که حه‌زی ده‌کرد به فه‌یله‌سووف بناسرێت، چونکه ئه‌و ده‌م حه‌کیمان ته‌نها به نێوی سۆفیسته‌وه ده‌ناسران و شۆره‌تیان هه‌بوو. له وازییه‌کی ئۆڵۆمپیدا، لیۆن، میری فیلۆس philus پرسیاری لێده‌کات که چۆن وه‌سفی خۆی ده‌کات، فیساگۆرس یه‌کسه‌ر ده‌ڵێت: من فه‌یله‌سوفم، میر لیۆن تا ئه‌و ده‌م ووشه‌ی فه‌یله‌سووفی نه‌بیستبوو، هه‌ر بۆیه‌ش داوای لێده‌کات که ووشه‌که‌ی بۆ ڕوون بکاته‌وه. فیساگۆرس له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: میر لیۆن، ده‌شێت ژیان وه‌ک خه‌ڵکی ئه‌م یارییه وێنابکرێت، ئه‌م حه‌شاماته‌ی ئێره کە تۆ دەیانبینی، هه‌ندێکیان عه‌وداڵی پله و پایه‌ن، هه‌ندێکی تریان به هیوا و مه‌رامی شۆره‌ت و گه‌وره‌یی ده‌ژین، بەڵام له نێوان ئه‌م گرووپانه‌شدا خەڵکانێکی که‌م هه‌ن هاتوون بۆ سه‌یرکردنی ئه‌وانه‌ی که لێره دێن و ده‌چن.
ژیانیش هه‌ر به‌م جۆره‌یه، هه‌ندێک که‌وتوونه‌ته ژێر کاریگه‌ری خۆشه‌ویستی سامانه‌وه، هه‌ندێکی تر کوێرانه وه‌ک شێت سه‌رگه‌ردانی کورسی و ده‌سه‌ڵاتن، به‌ڵام نایابترین جۆری ئنسان ئه‌وه‌یه که ده‌ستبه‌رداری ژینی خۆی ده‌بێت له پێناوی که‌شفکردنی مانا و مه‌به‌ستی ژیان خۆی، عه‌و‌داڵه له دوو‌ی هه‌ڵدانه‌وه‌ی په‌نهانییه‌کانی سرووشت و گەردون. ئه‌مه ئه‌و مرۆڤه‌یه که من به فه‌یله‌سووف ناوزه‌دی ده‌که‌م. هه‌ر چه‌نده هیچ که‌س له هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌کانه‌وه کۆمپلیت حه‌کیم نییه، به‌ڵام ئه‌م که‌سه حیکمه‌تی هه‌ر وه‌ک ده‌روازیه‌ک به‌ره‌و په‌نهانییه‌کانی سروشت خۆشده‌وێ.
هه‌رچه‌نده خه‌ڵکان له گه‌وره‌یی و کاریگه‌ریی که‌سایه‌تی فیساگۆرس گه‌یشتبوون، به‌ڵام هیچ که‌س له وورده‌کاری و ته‌فسیلات و بنه‌ما ئایینی، فه‌لسه‌فی و ماتماتیکییه‌کانی ناو خانه‌قاکه ئاگادار نه‌بوو، چونکه ئه‌مانه کۆمه‌ڵه سڕێک بوون که ته‌نها ئه‌ندامانی قوتابخانه‌که ده‌یانزانی، نه‌ک دونیای ده‌ره‌وه، جگه له‌وه‌ی ئه‌ندامان سوێنده‌دران که به هیچ کلۆجێک ده‌رسه‌کانی حوجره و دۆزینه‌وه ماتماتیکییه‌کان لای که‌س باس بکه‌ن یاخوود بدرکێنن. ته‌نانه‌ت دوای مردنی فیساگۆرس، یه‌کێک له ئه‌ندامان سنووری په‌یڕه‌وی سڕقایمی قوتابخانه‌که ده‌شکێنێت و گه‌لێک نهێنی ده‌درکێنێت، سه‌ره‌نجام ئه‌م ئه‌ندامه له ناو ئاودا نقووم ده‌کرێت هه‌تا گیان له ده‌ست ده‌دات. ئه‌م سیفاتی سڕقایمییه له ئاسا به‌ده‌ره هه‌تا رۆژگاری ئه‌مڕۆش له نێوه‌نده ماتماتیکییه‌کاندا باوه. جگه له‌وه‌ی که‌م که‌س ئاگادار بوون له‌وه‌ی فیساگۆرسه‌کان چ پله‌یه‌کی سه‌که‌وتنیان له بواری زانست‌دا به ده‌ست هێناوه. هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو‌ه به هۆی که‌می زانیاری وورد سه‌باره‌ت به فیساگۆرس و فیساگۆرسه‌کان. زیندووترین نموونه‌ی لەم جۆره سڕقاییمییە ماتماتیکییە له رۆژگاری ئه‌مڕۆدا کاره گه‌وره و به شۆره‌ته‌که‌ی ئه‌ندرو وایلزی ئنگلیزی بوو، که بۆ ماوه‌ی حه‌وت ساڵ چووه دونیای گۆشه‌گیری، به جۆرێک هاوڕێ نزیکه‌کانیشی نه‌یانده‌زانی وایلز ئالووده وعەوداڵی چییه؟ هه‌تا له پڕ له ساڵی 1993دا به جیهانی راگه‌یاند که وی دوا تیۆرمی فێرماتی سه‌لماندووه و ئێستا ئاماده‌یه پێشکه‌ش بە جیهانی بکات.
ئایینی فیساگۆرسه‌کان
فیساگۆرسه‌کان به پله‌ی یه‌که‌م ژماره له لایان ڕه‌هه‌ندێکی پیرۆزی هه‌بوو و به جۆرێک له ژماره‌یان ڕوانییوه که گه‌وهه‌ری هه‌موو بوونێک و دیارده‌یه‌که له سرووشتدا و ته‌نانه‌ت گه‌ردوونیش په‌یوه‌ندییه‌کی ژماره‌یی له خۆ گرتووه. هه‌روه‌ک له‌وه‌به‌ر باسمان کرد که سوێندی یه‌که‌م و ئاخری ئه‌ندامانی فیساگۆرسی ژماره بوو. به‌ڵام له هه‌مان کاتدا ژماره ڕه‌هه‌ندێکی غه‌یب و ئه‌فسوناویشی هه‌بوو. قوتابخانه‌ی فیساگۆرسه‌کان له دوا سێ چاره‌که‌ی چه‌رخی شه‌شی پ‌ز درووستبوو، ئه‌و چه‌رخه‌ی که ئنسان هێشتا ته‌واو گیرۆده و ملکه‌چی غه‌زه‌ب و ڕه‌حمه‌تی سرووشت بوو. جگه له‌وه‌ش مرۆ بۆ سه‌بووری و ئارامی ته‌نها په‌نای بردووه‌ته به‌رده‌م خواکان و پاڕاوه‌ته‌وه. واته سرووشت درامایه‌ک بوو‌ه و خوداکان ده‌رهێنه‌ر و ئاده‌میزادیش قوربانی بوو‌ه، هه‌ر بۆیه‌ش ناچار بوو‌ه چاره‌نووسی خۆی بداته ده‌ست ئه‌م خودایانه. به‌ڵام کاری ئه‌م خودایانه هه‌رگیز پێشبینی ناکرێت. ئنسان له چه‌رخی شه‌شی پزدا، به هه‌ر جۆرێک بوو، ئه‌و فکره‌یه‌ی له لا درووستبوو که دیارده‌کانی سرووشت له لایه‌ن خوداکانه‌وه ئاراسته ناکرێن، به‌ڵکوو ئه‌مانه ده‌رئه‌نجامی چه‌ند پرۆسه‌یه‌کی ناو سرووشت خۆین، وه‌ک چۆن ڕووده‌ده‌ن ئاواش پێده‌چێت مرۆڤ بتوانێت پێشبیننی ئه‌م کاره‌ساتانه بکات. به‌مجۆره ئنسان له بری په‌نا بردنه به‌ر خوداکان، ده‌توانێت له هه‌مبه‌ر سرووشت خۆیدا بوه‌ستێت و بە بێ ترس بپرسێت؛ تۆ چیت؟ تۆ کێیت؟. ئه‌مه سه‌ره‌تای له دایکبوونی فه‌لسه‌فه و بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌قڵگه‌راییه، مژده‌ی له دایکبوونی چه‌مکێکی شۆڕشگێرانه‌یه له مێژووی بیرکردنه‌وه‌ی به‌شه‌رییه‌تدا که هه‌تا ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامه. تاڵیس و قوتابخانه‌ی ئایۆنی به ڕابه‌ر و نەوەی یەکەمی ئه‌م شۆڕشه داده‌نرێن، فیساگۆرسه‌کانیش به نه‌وه‌ی دووه‌م.
هه‌ندێک له بنه‌ما ئایینییه‌کانی قوتابخانه‌ی فیساگۆرسی بریتی بوون له‌وه‌ی که ژنان و پیاوان هه‌مان مافیان هه‌بوو، که ئه‌مه بۆ ڕۆژگاری خۆی دیارده‌یه‌کی ناسا و ده‌گمه‌ن، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا نایاب بوو‌ه. موڵک هی هه‌مووان بوو‌ه. لای فیساگۆرسه‌کان ئێمه له‌م دونیایه‌دا غه‌ریبین، جه‌سته گۆڕی رۆحه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، بۆ رزگارکردنی ڕۆح له نێو ئه‌م گۆڕه تاریکه، پێویسته هه‌رگیز په‌نا نه‌به‌ینه به‌ر خۆکوشتن، چونکه ئێمه ڕانه‌مه‌ڕین و شوانه‌که‌مان خوداوه‌نده، هه‌ر بۆیه‌ش بێ فه‌رمایشی ئه‌و ئێمه ئه‌و هه‌قه‌مان نییه که ڕابکه‌ین، ئەمە دیاردەیەکە لە ئایینی ئیسلامدا هەیە و بۆ ئادەم گوناهە کە کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت.
لای فیساگۆرسه‌کان، بۆیه پێویسته ڕوو له خوێندنی ماتماتیک(ژمارە) بکه‌ین چونکه هۆکارێکه بۆ پاکژکردنه‌وه‌ی رۆح، جگه له‌وه‌ش ڕۆح هه‌رگیز نامرێت، به‌ڵکو له فۆرمێکی ژیانه‌وه نه‌قڵ ده‌بێت بۆ فۆرمێکی تر، له به‌رگێکه‌وه بۆ به‌رگێکی تر، له زینده‌وه‌رێکه‌وه، مرۆڤێکه‌وه یان گیانه‌وه‌رێکه‌وه بۆ یه‌کێکی تر ده‌گوازرێته‌وه. ئه‌ندامان پێویسته له‌و هه‌قیقه‌ته بگه‌ن که جه‌سته‌یان ته‌نها کاتییه، به‌ڵام ڕۆحیان بوونێکی ئه‌به‌دییه و هه‌رگیز نامرێت، ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانن که ڕۆحیان دوور نییه له جه‌سته‌ی مرۆڤێکی تر، باڵنده‌یه‌کی تر یان زینده‌وه‌رێکی تره‌وه هاتبێت.ڕه‌وتی ئه‌م پرۆسه‌یه هه‌میشه له جووڵه‌دایه و هه‌رگیز کۆتایی نایه‌ت. ده‌گێرنه‌وه ده‌ڵێن جارێک فیساگۆرس خۆی کاتێک به کووچه‌یه‌کدا گووزه‌ر ده‌کات، ده‌بینێت کابرایه‌ک به دار که‌وتۆته لێدانی سه‌گێک، فیساگۆرسیش له کابرا تووڕه ده‌بێت و ده‌ڵێت “مه‌که، مه‌که، لێی مه‌ده، ئه‌م سه‌گه ڕۆژێک له ڕۆژان هاوڕێی من بوو‌ه، چوونکه ده‌نگی ئه‌م سه‌گه باش ده‌ناسمەوە، ئه‌مه ده‌نگی هاوڕێکه‌ی منه”. جگه له‌وه‌ش خۆی گووتوویه‌تی (وه‌ک ده‌ڵێن) که بیری دێت له‌ڕۆژگاری ترۆژاندا له به‌ده‌نێکی تردا ژیاوه، چونکه کاره‌سات و ڕووداوه‌کانی ئه‌و زه‌مه‌نه‌ی باش له یاده و بیرێتی که یوفه‌ربه‌س (Euphorbus) کوڕی پانته‌س (Panthus) چۆن له لایه‌ن مینه‌لاوس (Menelaus) وه ده‌کوژرێت[9]. ئه‌مانه لای ئه‌ندامانی قوتابخانەکە ته‌واو جێگای باوه‌ر و متمانه بوون، ته‌نانه‌ت وه‌ک مه‌حفوزات به دڵ و گیان له‌به‌رکراون. بێگومان ئیلهامی چه‌مکی نه‌مری ڕۆح ئه‌و زه‌مه‌نه لای فیساگۆرس درووست بوو که له ووڵاتی میسر ده‌ژیا، دیراسه‌یه‌کی قوڵ و تێروته‌سه‌لی نووسراوه پیرۆزه‌کانی میسری کرد. له راستیدا مه‌رامی سه‌ره‌کی فیساگۆرس له فه‌لسه‌فه‌که‌یدا بریتی بوو له داڕشتنی بونیات و هه‌یکه‌لی ڕۆحێکی به‌رز و نموونه‌یی خوودایی، به جۆرێک به به‌رده‌وامی ڕۆح بۆ لای ده‌گه‌ڕێته‌وه، سه‌ره‌نجامیش له یۆنان‌دا باش بڵاوبوەوه.
فیساگۆرس چونکه که‌سایه‌تییه‌کی کارێزما و به ویقار بوو‌ه، کاتێک له‌گه‌ڵ هه‌ر که‌س ئاخاوتبێ، ئه‌و که‌سه سامی کردووه و ته‌واو بێده‌نگ بوو‌ه. فیساگۆرسه‌کان زۆر به جدی ملکه‌چی فه‌رمایشته‌کانی ئوستادی مه‌زنیان فیساگۆرس بوون، هه‌رگیز له مه‌زهه‌به‌که لایان نه‌داوه. بۆ نموونه گوناه بوو که ئه‌ندامان فاسۆلیا(هه‌ندێک ده‌ڵێن نیسک) بخۆن، ده‌ست بده‌ن له که‌ڵه‌شێری سپی، به ئاسن ئاگر تێکبده‌ن، له ته‌نیشت ڕووناکییه‌وه بڕواننه ئاوێنه، ڕه‌شی بن مه‌نجه‌ل بسڕنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی جێگه‌که‌ی دیار نه‌مێنێ و ئه‌و شته‌ی که‌وته سه‌ر عه‌رد، نابێت هه‌ڵبگیرێته‌وه.[10]
ئه‌گه‌ر ئه‌م سیفاتانه‌ی لای سه‌ره‌وه له ڕوانگه‌ی ئنسانی هاوچه‌رخه‌وه غه‌ریب و ناسان، ئه‌وا پێویسته ئه‌و راستییه له به‌ر چاو بگرین که له ڕۆژگاری خۆیدا، واته دوو هه‌زار و پێنچ سه‌د سال به‌ر له ئێستا، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی گه‌وره‌یی که‌سایه‌تی پڕ له کاریگه‌ر، هه‌یبه‌ت و بلیمه‌تی فیساگۆرس خۆی له‌و چه‌رخه‌دا ده‌خه‌نه ڕوو، سیمای فیساگۆرس وه‌ک له داستانه هاتووه‌کانه‌وه ده‌رده‌که‌وێت، ئه‌گه‌ر چی زیاده‌ڕۆییشی تێدا کرابێت، پڕبووه له کاریزما، جگه له‌وه‌ی که گووتاربێژ و ره‌وانبێژێک بوو‌ه که ته‌ئسیری ڕاسته‌وخۆ و قووڵی کردووه‌ته سه‌ر خه‌ڵک. سه‌رباری ئه‌مانه‌ش، پێویسته ئه‌و هه‌قیقه‌ته له به‌رچاو بگرین که بلیمه‌تان و که‌سانی گه‌وره و مێژوویی به درێژایی ڕه‌وتی پێشکه‌وتنی فکر و زانستی به‌شه‌رییه‌ت سیفاتی ناسا و جودایان له خه‌ڵکی تر هه‌بووه. فیساگۆرس هه‌رگیز له‌م چوارچێوه‌یه به‌ده‌ر نییه. هه‌روه‌ها به ڕاشکاوی، ئاشکرا و قووڵی ئیمانی ته‌واوی به خێو و جنۆکه و خه‌رافییات هه‌بووه.
فیساگۆرس له رۆژگاری خۆیدا وه‌ک کوڕی خوداوه‌ند سه‌یرکراوه، چونکه وا بڵاوبوو که کوڕی خوداوند ئه‌پۆلۆیه و دایکیشی، پاتایس(Pathais) ،هه‌ر به پاکیزه‌یی فیساگۆرسی لێبووه. وه‌ک ده‌ڵێن موجیزه‌ی نواندووه، له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵاندا ئاخاوتووه و گوێی له مۆسیقای ته‌نه گۆییه ئاسمانییه‌کان بوو‌ه. مریده‌کانی وه‌ک مه‌خلوقێکی نیمچه ئیلاهی سه‌یریان کردووه، مه‌سه‌لێکیان هه‌یه ده‌رباره‌ی فیساگۆرس که ده‌ڵیت ” له نێو مه‌خلووقاتی ئاقڵدا، خواوه‌ندان و ئنسان و مه‌خلووقی وه‌ک فیساگۆرسیش هه‌ن”. هه‌ر بۆیه‌ش سه‌باره‌ت به ژینی ئه‌م مرۆڤه، زه‌حمه‌ته ئنسان بتوانێت هه‌قیقه‌ت له ئه‌فسانه جودابکاته‌وه، چونکه چه‌نده ڕاستی له‌خۆده‌گرێت، پێده‌چێت هێنده‌ش خه‌یاڵ هۆنراوه‌ته‌وه و ئاوێته‌ی داستانی ژیانی بوو‌ه. فیساگۆرس له عه‌سرێکدا له‌دایکبوو، که چه‌مکی غه‌یبگه‌ری به ناو ڕۆحی کلتووری یۆنان‌دا رۆچووبوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا سه‌ره‌تای له‌دایکبوونی فیکری ئه‌قڵگه‌رایی بوو. هه‌ر بۆیه‌ش فیساگۆرس خۆی بووه‌ته هه‌لگری هه‌ردووک ڕێبازه دژ به یه‌که‌که و له بۆته‌یه‌کدا تێکه‌ڵی کردوون، پێکه‌وه ده‌ژین و کارده‌که‌ن، که‌واته ڕاستە ئه‌گه‌ر ئنسان بڵێت که فیساگۆرس ئاوێنه و ئاوێته‌ی چه‌رخه‌که‌یه‌تی.
پێویسته لێره‌دا ئیشاره به‌وه بده‌ین که له نێوانی ژیانی فیساگۆرس و ژیانی عیسای مه‌سیح دا وێکچوونێک، هاوته‌ریبییه‌ک هه‌یه، هه‌ردووک کوڕی خوداوه‌ندن[11] و له ژنانی پاکیزه له دایکبوون و هاتوونه دونیاوه. له هه‌ردوو حاڵه‌تدا، شه‌وی به‌ر له‌دایکبوون، بابیان په‌یامیان بۆ هاتووه که ژنه‌کانیان منداڵی تایبه‌تییان ده‌بێت، له حاڵه‌تی عیسای مه‌سیح دا، یوسف، واتە بابی، فریشته دێته خه‌ونی و په‌یامه‌که‌ی پێ راده‌گه‌ێنێ، له حاڵه‌تی فیساگۆرسیشدا، باوکی فیساگۆرس، منێسارچۆس، هه‌واڵی مزگێنی خۆشیی له دێلفییه‌وه بۆ دێت. هه‌ردووک زه‌مه‌نێکی ژیانیان به گۆشه‌گیری له ئه‌شکه‌وتی چیایه‌کی پیرۆزدا به‌سه‌رده‌به‌ن و سه‌رقاڵی خه‌ڵوه‌ت و ڕامان ده‌بن. هه‌روه‌ها هه‌ردووک په‌یامه‌کانیان له فۆرمی زاره‌کی بۆ مه‌ردووم راگه‌یاندووه. جگه له‌مانه‌ش، هه‌ردووکیان، دوای مردنیان، به‌ره‌و ئاسمان هه‌ڵکشاونه‌ته‌وه. هه‌ندێک ده‌ڵێن که مه‌سیحییه به‌راییه‌کان گه‌لێک داستانی ئه‌فسانه‌ییان له‌ژیانی فیساگۆرسه‌وه وه‌رگرتووه و داویانه‌ته پاڵ پێغه‌مبه‌ره‌که‌ی خۆ‌یان که عیسای مه‌سیحه. چونکه ئه‌و له‌و زه‌مه‌نه‌دا هه‌روه‌ک فیساگۆرس زیاتر وه‌ک سیمایه‌کی ئایین سه‌یرکراوه.
سەرچاوە و پەراوێز
[1] Men of Mathematics. E.T. Bell. Touchstone Books. (Paperback 2014)
[2]Fermat’s Last Theorem: Unlocking the Secret of an Ancient Mathematical Problem by Amir D. Aczel (Hardcover – 1997)
[3]A Concise History of Mathematics [Fourth Revised Edition] by Dirk J. Struik (Paperback- 1987)
[4]Pi in the Sky: Counting, Thinking and Being (Penguin Mathematics). John D. Barrow (Paperback 1993)
[5]پارەی کۆنی یۆنان.
هەمان نمونە لەسەر ئەکلیدس هەیە، کاتێک شاگردێکی دەڵێت: من چ سودێک لە جیۆمەتری وەردەگرم، ئەکلیدس گازی کۆیلەیەک دەکات و دەڵێت: ئا دو عانەی بدەیە، ئەم مرۆیە جیۆمەتری خوێندووە، پێویستە سودێک وەربگرێت.
[6] هەتا ئێستاش چەندەها بەرهەم لە بازاڕەکاندا هەن بە ناوی مایلۆ وە گوایە بەدەن جوان دەکەن و جەستەی مرۆ پتەودەکەن وەک شیری مایلۆ، تۆزی مایلۆ.
[7] Pythagoras’ Trousers: God, Physics and the Gender Wars by Margaret Wertheim (Paperback 1997)
[8] Four Seasons of Greek Philosophy by Maureen O’Sullivan (1987)Efstathiadis Group .
[9]جەنگی تروژان: لە میتۆلۆژیای یۆنانیدا، جەنگی تروژان، ئەو جەنگەیە کە یۆنانەکان لە دژ شاری ترۆی دەیکەن. ئەمەش چونکە پاریس، میری ترۆی هێلین ژنی شای سپارتا دەفڕێنێت.
[10]زۆربەی ئەم جۆرە نەرێتانە لە ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، چەند جار بیستومانە دەڵێن بە شەو سەیری ئاوێنە مەکە چونکە لە مەنزڵەکەت دوردەکەویتەوە. یاخود لە هەندێک ئایندا کەڵەشێر یاخود کەروێشک ناخۆن.
[11] Music of Pythagoras. Kitty Ferguson (Hardcover- 2008)
بێگومان گەلێک لەم داستانانە لەمەڕ ژیانی فیساگۆرس لە سەدەی یەکی زایینییەوە نوسراون، بۆ نمونە ژیاننامەی فیساگۆرس لە لایەن ئایامبیکەلۆس، لە دوای لەدایکبونی مەسیحەوە نوسراوە.
نووسراوه له‌لایه‌ن
Chenar
ليست هناك تعليقات: