Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

لەم بەسەرهاتەوە پەندێک

saman sewailyدەروونناس: سامان سیوەیلی

کچێکی تەمەن (١٧) ساڵ، دەرچووە بۆ پۆلئ (١٢)ی ئامادەیی، خێزانەکەی پەرۆشن بۆ ئەوەی بەباشی خۆی ئامادە بکات بۆ بڕینی ئەو قۆناغە چارەنووسسازەی خوێندن، بەڵام کچەکە لەناکاو دووچاری ئازارێکی جەستەیی توند دەبێت، سەرەتا خێزانەکەی وادەزانن ئازارێکی کاتیە و تێدەپەڕێت، بەڵام ئەم ئازارە جگە لەوەی بەردەوام دەبێت، هەندێ جاریش ئازارەکە زۆر توند دەبێت، بۆیە خێزانەکەی بڕیار دەدەن سەردانی پزیشکی پسپۆری هەناوی پێبکەن، دوای پشکنینی زۆر ورد، کچەکە دەنێردرێت بۆ گرتنی تیشک و سۆنار و پشکنینی خوێن و … تد، پزیشک ناگاتە ئەنجامێکی یەکلاییکەرەوە، هەندێ دەرمانی بۆ دەنووسێت، بەڵام ئازارەکە هەر بەردەوام دەبێت، خێزانەکەی سەردانی چەند پزیشکێکی تری پێدەکەن و چەندین پشکنینی تری بۆ ئەنجام دەدرێت، ئازاری کچەکە هەر بەردەوام دەبێت، بەمە خێزانی کچەکە دەکەونە دڵەڕاوکێیەکی زۆرەوە و بەرامبەر چارەنووسی کچەکەیان بەتەواوی نائارم دەبن، دواجار پزیشکێکی پسپۆر بڕیار دەدات لەڕێی ئامێری (MRI) (ئەوەی لەناو خەڵکدا بە ئەشیعەی تەنوری) ناسراوە، چەندین وێنەی تیشکی بۆ بگیرێت، بۆئەوەی بگەنە ئەنجامێک لەدەستنیشانکردنی هۆکاری ئەو ئازارە، لە نەخۆشخانە وادەیەک بۆ کچەکە دادەنرێت، خێزانەکەی ئەوەندە پەرۆشن بۆ ئەوەی زوو ئەو کارە ئەنجام بدەن هەوڵی زۆریاندا بەڵام نەخۆشخانەکە ئاگاداری کردن کە تەنها لەو وادەیەدا نۆرەی بەردەکەوێت کە بۆی دانراوە، ئەو ڕۆژەی وادەی ئەنجامدانی ئەو کارەیە لەنەخۆشخانە دایک و باوکی کچەکە لەگەڵیدا دەچن، کچەکە نۆرەی دێت و بەتەنها دەیبەنە ژووری ئامێری تیشکەکەوە کە وەک لەم وێنەیەدا دیارە دەبێت کەسەکە پاڵبکەوێت و ئەو بەشەی نەخۆشەکە لەسەری پاڵدەکەوێت دەچێتە ناو ئەو بەشە تەنگەبەرەی کە لەشێوەی بۆریەکدایە و دوای وەرگرتنی چەندین وێنەی تیشکی دەگیرێت لەلایەن ئامێرێکەوە، کچەکە نزیک ئامێرەکە دەبێتەوە و پەرستیارەکە داوای لێدەکات کە خۆی ئامادە بکات و ڕێنماییەکانی پێدەڵێت بۆ ئەوەی بچێتە شوێنی پاڵکەوتنەکە، بەڵام کچەکە لەو کاتەدا ترسێکی زۆر دایدەگرێت و دەکەوێتە لەرزین و دەقیژێنێت، بەپەلە پەرستیارەکە بانگی باوک و دایکی کچەکە دەکات بێنە ژوورەوە، ئەوانیش بەهەڵەداوان دەچنە ژوورەوە و دەبینن کچەکە لەبارێکی تۆقین و شڵەژانێکی دەروونی بەهێزدایە، بەهەرسێکیان پرسیاری لێدەکەن چی ڕوویداوە؟ بۆ وا شڵەژاویت؟ دەترسیت؟ شتێکی تر هەیە ئێمە نەیزانین؟ کچەکە بەوپەڕی نائارامیەوە دەڵێت ناچمە ناو ئەو ئامێرەوە، وازم لێبێنن، تیشکم ناوێت، بەدەم گریانەوە هاوار دەکات: بمبەنەوە بۆ ماڵەوە .. من ئەڕؤمەوە بۆ ماڵەوە .. با بمرم .. من ناچمە ناو ئەو کونەوە. پەرستیارەکە تێدەگات کە ئەو حاڵەتە ترسێکی نائاساییە و هەوڵدەدات شرۆڤەی پرۆسەی تیشک گرتنەکە و خودی ئامێرەکە بۆ کچەکە ڕوون بکاتەوە کە شایانی ترس نیە، بەڵام هەر سوودی نابێت، دایکی و باوکی داوای لێدەکەن لەپێناوی تەندروستی خۆیدا ڕێنماییەکان جێبەجێ بکات، هانی دەدەن و پاڵپشتی خۆیانی بۆ دەردەبڕن، بەڵام هەر سوودی نابێت، کچەکە بەردەوام دەڵێت نا .. نا .. نا .. باوەش بەدایکیدا دەکات و دەڵێت بابڕۆینەوە، دایک و باوکەکە لەم هەڵوێستەی زۆر نیگەران دەبن بەڵام لەبەرئەوەی باری تەندروستی تەواو نیە هەر بەنەرمی لەگەڵیدا مامەڵە دەکەن، دوای هەوڵدان و مشتومڕێکی زۆر بەناچاری وادەی چەند ڕۆژێکی تری بۆ دادەنێن، بێئەوەی تیشکەکە بگرێت دەگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە، لە وادە نوێیەکەدا دەچنەوە هەمان نەخۆشخانە، پێشتر دایکی و باوکی هانی دەدەن کە ئەمجارەیان وەکو جاری پێشوو نەکاتەوە، بەڵام کاتێک دەچێتەوە ژووری ئامێرەکە هەمان ترس و شڵەژانی دەروونی بۆ دەگەڕێتەوە، ئەمجارە پەرستیارەکە پەنا بۆ پزیشک و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە دەبات، ئەوانیش دێن و هەوڵ لەگەڵ کچەکە دەدەن، تەنانەت یەکێکیان بەپراکتیکی لەسەر ئامێرەکە پاڵدەکەوێت و بۆ کچەکە ڕوونی دەکاتەوە کە ئەم پرۆسەیە هیچ مەترسیەکی نیە، بەڵام هەر سوودی نابێت، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە و پزیشکەکە دایک و باوکی کچەکە بانگ دەکەنە ژوورێکی تایبەتەوە و لەوێ ئەوان تێدەگەنن کە ئەم حاڵەتە جۆرێکە لە ترسێکی نائاسایی کە بە (فۆبیا) ناسراوە و نەخۆشیەکی دەروونییە و پێویستە پسپۆرێکی دەروونی لەگەڵ ئەم کچەدا دابنیشێت، ئەمجارەش بەنائومێدی دەگەڕێنەوە ماڵەوە و دایک و باوکی کجەکە زیاتر لەجاران نیگەران بوون، بەجۆرێک ئەم ترس و شلەژانە دەروونیەی کچەکەیان خەریک بوو نەخۆشیەکەی پێشووی کچەکەیانی لەبیر بباتەوە، بۆ ڕۆژی پاشتر دایک و باوکەکە کچەکەیان برد بۆ سەردانی پسپۆرێکی دەروونی، دوای ئەوەی حاڵەتەکەیان بۆ پسپۆرەکە باس کرد، پسپۆرەکە دوای وەرگرتنی هەندێ زانیاری داوای لە دایک و باوکەکە کرد کە ژوورەکە بەجێبهێڵن، پسپۆرەکە دەستیکرد چاوپێکەوتنی ڕاستەوخۆ و دانیشتنی چارەسازیانە بۆ کچەکە، بەمجۆرە پاش ئەنجامدانی چەند دانیشتنێک لەگەڵ پسپۆرە دەروونیەکەدا هۆکاری ئەم ترس و شڵەژانە دەروونیە زۆرەی کچەکە دەسنیشانکرا و چارەسەر کرا و کچەکە توانی بچێتە ناو ئامێرەکە و تیشکەکانی بۆ گیرا و دەستنیشانی هۆکاری ئازارەکەی کرا و چارەسەری پێویستی وەرگرت و کۆتایی بەهەموو ناخۆشیەکانی ئەو خێزانە هات و تەندروستی باش بۆ کچەکە و ئارامیش بۆ خێزانەکەی گەڕایەوە.
ئەوەی مەبەستە لەم بەسەرهاتە ئەوەیە بزانین ئەم کچە بۆچی لەو ئامێرە دەترسا؟ بۆچی لەو شوێنە تەنگەبەرەی تیشکەکانی تێدا دەگیرێت دەترسا؟
لە زنجیرە دانیشتنەکانی پسپۆرە دەروونیەکەدا دەرکەوت کە ئەم کچە کاتێک تەمەنی (١٠) ساڵ بووە و لەپۆلی چوارەمی بنەڕەتی بووە، ئێوارەیەک کاتی خۆر ئاوابوون بەدزی دایکی و باوکیەوە دەچێتە مارکێتێکی نزیک ماڵی خۆیان بەمەبەستی کڕینی سێتێک قەڵەمی رەنگاوڕەنگ کە بۆ ڕەنگکردنی وێنە بەکاردێت، کچەکە کاتێک دەچێتە ناو مارکێتەکە بەهۆی ئەوەی کاتی خۆرئاوابوون بووە هیچ کڕیارێکی لێنەبووە تەنها خاوەنی مارکێتەکەی لێبووە، کچە (١٠) ساڵانەکە بەخاوەن مارکێتەکە دەڵێت کە ئەو قەڵەمی ڕەنگی دەوێت، خاوەن مارکێتەکە بە دەست ئاماژە بۆ شوێنی ئەو پێداویستیانەی قوتابخانە دەکات لەدوا بەشی مارکێتەکەدا دانراوە، کاتێک کچەکە دەچێتە بەشی دواوەی مارکێتەکە و بەناو قەڵەم و کاڵاکانی تردا دەگەڕێت لەناکاو خاوەن مارکێتەکە بەخراپ کەڵک لەچۆڵی مارکێتەکەی وەردەگرێت و خۆی دەگەیەنێتە منداڵەکە و دەست بۆ جەستەی دەبات و دەیەوێت بەخۆیەوە توندی بکات، منداڵەکەش زۆر هەوڵدەدات خۆی نەدات بەدەستەوە و خۆی ڕادەپسکێنێت لەدەستی، تووشی ترس و تۆقینێکی بەهێز دەبێت، ئەو بەشەی دواوەی مارکێتەکە شوێنێکی تەنگەبەرە و منداڵەکە کاتێک هەوڵدەدات خۆی دەرباز بکات لەبەر تەنگی شوێنەکە بەباشی ناتوانێت جوڵەی تێدا بکات، بەهەرحاڵ بەهۆی قیژاندنی منداڵەکەوە ناچار خاوەن مارکێتەکە دەکشێتە دواوە و منداڵەکە بەترس و شڵەژانێکی دەروونی بەتینەوە هەڵدێت و بەڕاکردن دەچێتەوە بەرەو ماڵەوە، ئەم منداڵە چونکە بەدزی ماڵەوەیان بەو ناوەختە هاتۆتە دەرەوە نەیوێراوە ئەم رووداوە بۆ دایکی و باوکی باس بکات لەترسی سزا، لەو کاتەوە ئەم ڕووداوە لەنەستی ئەم کچەدا پەیوەست بووە بە شوێنی تەنگەبەر و داخراوەوە، لەپاش ئەم رووداوە ئەم کچە لەهەر کاتێکدا ڕووبەڕووی شوێنی تەنگەبەر یان داخراو بووبێتەوە دووچاری ئەو ترس و شڵەژانە دەروونیە بۆتەوە کە بە (فۆبیا) ناسراوە، بەجۆرێک لەو کاتانەدا هەمان ئەو هەڵچوون و شڵەژانە دەروونیەی بۆ دەگەڕێتەوە کە لەکاتی ڕووداوە بنەڕەتیەکەدا بۆ دروستبووە، خێزانەکەی هەرگیز هەستیان بەم حاڵەتە دەروونیەی کچەکەیان نەکردووە هەتا ئەو کاتەی لەنەخۆشخانەکە ڕێکەوتی ئەو هەڵوێست و ترسەی کچەکەی خۆیان کرد، ئامانج لەگێڕانەوەی ئەم بەسەرهاتە ئەوەیە بڵێین: زۆربەی ئەو ترس و شڵەژان و ئاڕاستە دەروونیانەی بەرامبەر شوێنی داخراو یان بەرز یان تاریکی یان خوێن یان گیانلەبەرێکی دیاریکراو یان کەس و ڕەنگ و ڕووداو و خواردن و هەڵوێستە جیاجیاکان هەمانە، ڕایەڵەیەک ئەو حاڵەتە دەروونیانە دەبەستنەوە بە ڕووداوێکی ڕابردووەوە کە لەنەستدا پارێزراون و لەوێوە کار لە ڕەفتار و بیرکردنەوە و هەڵوێستەکانمان بەرامبەر ئەو شتانەی دەوروبەرمان دەکەن، هیوای ئارامی و دەرووندروستی بۆ هەمووان دەخوازم



نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
Parwarday Maxmur

لەم بەسەرهاتەوە پەندێک Reviewed by Unknown on 8:05:00 م Rating: 5

ليست هناك تعليقات:

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.