Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

ناکۆتا و ئەودیو ناکۆتا! (بەشی دووەم)

نوسینی: جۆن بارۆ.

شێرکۆ ڕەشید قادر کردویە بە کوردی.

به‌شی دووەم:

ده‌یڤید هیڵبێرت، که‌ ماتماتیکناسێکی به‌ په‌رۆش بوو بۆ ناکۆتا، نمونه‌یه‌کی زۆر جوانی گرافیکیمان له‌مه‌ڕ پرسی ناکۆتا بۆ دەکێشێت. نمونه‌که‌ی هیلبێرت به‌ ئوتێل ناکۆتا[i] مه‌نشوره‌. فکره‌ی ئوتێل ناکۆتا له‌گه‌ڵ ئوتێل کۆتا یان ئوتێل سنورداردا(واتە ئوتێلی ئاسایی) جیاوازه‌، له‌ ئوتێلی کۆتاداردا، که‌ پڕ بوو ئیتر ته‌واو، چونکه‌ کاتێک ده‌چیت و ده‌بیته‌ میوان پێت ده‌ڵێن ببوره‌ ژوری به‌تاڵمان نییه‌ و جێگا نه‌ماوه‌. به‌ڵام له‌ ئوتێل ناکۆتادا به‌مجۆره‌ نییه‌، کاتێک ده‌بیت به‌ میوان، هه‌میشه‌ ده‌توانیت ژورێکت به‌ده‌ست بکه‌وێت ئه‌گه‌ر چی پڕیش بێت. چونکه‌ کابرای پرسگه‌ پێت ده‌ڵێت تۆزێک بوه‌سته،‌ ئێستا ژورێکت بۆ په‌یدا ده‌که‌م، دێ چی ده‌کات، به‌ میوانی ژوری ژماره‌ یه‌ک ده‌ڵێت بچێته‌ ژوری ژمارە دوو، به‌ میوانی ژوری ژماره‌ دوو ده‌ڵێت بچێته‌ ژوری سێ و به‌ میوانی ژوری سێش ده‌ڵێت بچیته‌ چوار، ئیتر به‌مجۆره‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و ژورێکت بۆ فه‌راهه‌م ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ئیسراحه‌ت تیا بخه‌ویت، خۆ ئه‌گه‌ر هاوڕێیه‌کی ترت هه‌ر ئه‌و شه‌وه‌ گه‌یشت، ئنجا یه‌کێکی تر، پاشان ژماره‌ی میوانی تازه‌ هه‌تا ناکۆتا هه‌ر به‌رده‌وام بوو له‌ هاتندا، ئه‌وا پێخه‌ف بۆ هه‌موو مسۆگه‌ر ده‌کات. ئه‌مجاره‌ کابرای پرسگه‌ میوانی یه‌که‌م ده‌خاته‌ ژوری ژماره‌ دوو، ژماره‌ دوو دوخاته‌ ژوری چوار، میوانی ژوری ژماره‌ سێ ده‌خاته‌ ژوری شه‌ش، چواریش ده‌نێرێته‌ ژماره‌ هه‌شت. به‌مجۆره‌ هه‌موو ژماره‌ ناکۆتای ژماره‌ تاکه‌کان چۆڵ ده‌بێت. ئه‌مه‌ نمونه‌یه‌کی جوانی پیشاندانی سێتێکی(لق) ناکۆتایه‌ که‌ سه‌بسێتێکی(پەل) خۆی له‌ خۆده‌گرێت.

خه‌ڵک ئه‌م نمونه‌یه‌ به‌ سه‌یر ده‌زانێت، به‌ڵام که‌سایه‌تی ئه‌م ماتماتیکناسه، وه‌ک زۆر له‌ ماتماتیکناسانی تر،‌ گه‌لێک سه‌یرتر بووه، چونکه‌ داستانێکی بچکۆله‌ له‌مه‌ر ده‌یڤید هیلبێرته‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ سه‌رنجڕاکێشه‌‌. جارێک هیلبێرت پرسێکی ماتماتیکی ده‌داته‌ قوتابییه‌کی خۆی بۆ ئه‌وه‌ی حلی بکات، قوتابییه‌که‌ له‌ ڕوی ده‌رونییه‌وه‌ کاراکته‌رێکی سه‌قامگیر و ئاسایی نه‌بوو، سه‌ر دێنی و سه‌ر ده‌بات، زۆر ده‌کۆشێت و خۆی هیلاک ده‌کات، به‌ڵام پرسەکە‌ی بۆ حل ناکرێت و سەرەنجام بە ته‌واوی کۆڵده‌دات. له‌ ئاکامدا قوتابییه‌ خۆی ده‌کوژێت. کاتێک دێته‌ سه‌ر ناشتنی، ماڵی بابی قوتابییه‌کە بانگهێشتی هیلبێرت ده‌که‌ن، چونکه‌ مامۆستای بووه و ناودارترین ماتماتیکناسی دنیا بووه‌ له‌و ڕۆژگاره‌دا‌‌، داوای لێده‌که‌ن که‌ گوتارێکی تایبه‌ت لە مەراسیمی ناشتنی کوڕه‌که‌یان پێشکه‌ش بکات، ئه‌ویش ڕازی ده‌بێت. کاتێک هیلبێرت دێته‌ گۆ و له‌ پرسه‌ ماتماتیکییه‌که‌ و قوتابییه‌ لاوه‌که‌ ده‌دوێت ده‌ڵێت که‌ ئه‌مه‌ تراژیدیایه‌کی ترسناک بوو چونکه‌ پرسیاره‌ ماتماتیکییه‌که‌ش قورس نه‌بوو.

له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌دا، ماتماتیکناسی گه‌وره‌ی ئه‌ڵمانی، جۆرج کانتور، زۆر نایابانه‌ پارادۆکسی ناکۆتای له‌ ماتماتیکدا یه‌کلایی کرده‌وه‌. کانتور له‌ بری خستنه‌گه‌ڕی ئه‌م جۆره‌ مه‌ته‌ڵ و پارادۆکسانه‌ له‌مه‌ڕ ژماردنی شته‌کانه‌وه‌، سه‌یری کرد که‌ پێناسی سێتی ناکۆتا بریتییه‌ له‌ واریکردنی میتۆدی سیسته‌می یه‌ک – بۆ – یه‌کی سێته‌که‌ خۆی له‌گه‌ڵ سه‌بسێتێکدا. ئه‌مه‌ش له‌ سێتێکی سنوردار یان کۆتاداردا ناشێت بکرێت، به‌ڵام هه‌روه‌ک چۆن باسمان کرد که‌ 1 بۆ 2 ، 2 بۆ 4 ، 3 بۆ 6 وه‌ک سه‌بسێتێک بۆ خۆی، که‌ ئه‌مه‌ لێره‌دا پێناسه‌ی سێتی ناکۆتایه‌، به‌ڵام کانتور زۆر له‌وه‌ زیاتر هه‌نگاوی هه‌ڵگرت. ده‌رکی به‌وه‌ کرد که‌ چه‌نده‌ها جۆری ناکۆتا بونی هه‌یه‌ و ئه‌م جۆره‌ ساکاره‌یان، که‌ ده‌توانین ئەندامەکان وه‌ک سیسته‌می یه‌ک – بۆ – یه‌ک به‌ ژماره‌ ئاساییه‌کان ڕێکبخه‌ین، ئه‌وا ده‌توانین بیانژمێرین. ئه‌م جۆره‌ ناکۆتایه‌ی به‌ ناکۆتای ژمێردراو ناوزه‌دکردوه‌، واته‌ ژماره‌ جوته‌کان ناکۆتای ژمێردراون، ژماره‌ تاکه‌کان ناکۆتای ژمێردراون، خۆ ئه‌گه‌ر پێکه‌وه‌ یه‌کیان بخه‌ین ، ئه‌وا هێشتا هه‌ر ناکۆتایه‌کی ژمێردراومان ده‌ست ده‌که‌وێت. ئه‌م پرسه‌ هه‌روا کارێکی سانا و فکره‌یه‌کی ساده‌ نییه‌ وه‌ک به‌و جۆره‌ی دێته‌ به‌رچاو، چونکه‌ چه‌ند شتێک هه‌یه‌ که‌ هه‌روا به‌ ئاشکرا دیار نییه‌ که‌ ناکۆتای ژمێردراون، فێڵه‌که‌ش له‌وه‌دایه‌ که‌ چۆن بزانیت چۆن ده‌یان ژمێریت. بێگومان به‌ پێناسه‌کردنی ناکۆتای ژمێردراو، هه‌نگاوی داهاتوی بر‌یتییه‌ له‌وه‌ی بۆمان بسه‌لمێنێت که‌ ناکۆتای تر له‌ ئارادا هه‌ن که‌ له‌ توانادا نییه‌ بژمێردرێت، ئه‌مانه‌ش به‌ ناکۆتای نه‌ژمێردراو ناوزه‌د ده‌کرێن. هه‌رچی که‌رته‌کانه‌، واته‌ ژماره‌یه‌ک دابه‌ش ژماره‌یه‌کی تر بکرێت، وه‌ک 1 له‌سەر  2، 3 له‌سەر 4، 7 له‌سه‌ر 4 ، ئه‌و ژمارانه‌ی که‌ ماتماتیکناسان به‌ ژماره‌ ڕێژه‌ییه‌کان ناوی ده‌به‌ن، ئه‌وا ئه‌م ژمارانه‌ به‌ ژمێردراو ناسراون و حساب ده‌کرێن و هیچ له‌ ژماره‌ ئاساییه‌کان گه‌وره‌تر نین. هه‌رچه‌نده‌ ئنسان وا ده‌زانێت که‌ ئه‌م ژمارانه‌ زۆر زیاترن، به‌ڵام لێره‌شدا دیسانه‌وه‌ وه‌ک ژماره‌ جوته‌کان یاخود تاکه‌کان ملکه‌چی هه‌مان فێڵن.

هەنگاوی داهاتوو لە مشتومڕەکەی کانتوردا زیاتر دراماتیکییە[ii]: جۆرە سەلماندنێکی تازەی هێنایە ئاراوە کە لەوەبەر نەبینرابو، ئەمەش بۆ خۆی ئەو جۆرە شتانەیە کە بە ڕاست ماتماتیکناسان حەزیان لێیە. کانتور دەیەوێت بۆمان بسەلمێنێت کە ئەگەر ئنسان هەر هەمو کەرتە هەرگیز کۆتایی نەهاتووەکانی ژمارەکانی وەک ڕێژەی نەگۆر (وەک چۆن کەرتی دوای فاریزەکەی ژمارەی ڕێژەی نەگۆر \pi هەرگیز کۆتایی نایەت)، کەژمارەیان ناکۆتایە، بەڵام ئایا ئەمانە ناکۆتای ژمێردراون یان ناکۆتای نەژمێردراون؟ وای دادەنێت کە ئەمە کۆتایەکی ژمێردراوە، سەرەنجام نیشانمان دەدات کە ئەمەش بۆ خۆی دەمان گەیەنێتە دەرەنجامی دژەسازی contradiction و بەمجۆرە گریمانە ئەسڵییەکەمان هەڵە دەردەچێت و ناکۆتاکەمان نەژمێردراو دەبێت.تەسوەورەکەی کانتور بە جۆرێکە کە ئەگەر بتوانین هەموو کەرتە هەرگیز کۆتایی نەهاتوەکان ڕیزبکەین ، لە پێشدا یەکەم پێنچ کەرتەکە باش دەبینین، بەڵام ڕیزکردنی ئەم جۆرە کەرتانە هەر بەردەوام دەبن و هەرگیز کۆتایی نایەن. هەروەک چۆن بۆ ناکۆتای ژمێردراو سیستەمێکی ژماردن هەیە، لێرەش هەمان شتە. پاشان ئەگەر ژمارەی یەکەم لە کەرتی دوای فاریزەکە وەربگرین، ئنجا دووەم، سێیەم، چوارەم و پێنچەم و هەریەک لەم کەرتانە یەکی بخەینە سەر واتە خاڵی یەکەم دەبێت بە 3، 8، 2، 1، 4 ، بەڵام ئەمە هەر بەردەوام دەبێت و هەتا ناکۆتا هەر دەڕوات، جا بە سیستەمی بنیاتنان، ئەم ژمارەیە لەم لیستی ناکۆتایەدا بەدەرناکەوێت، چونکە وا ڕێکخراوە کە تەواو لە ژمارەکانی تری لیستەکە یاخود ڕیزەکە جودا بێت،ئەمیش بە لایەنی کەمەوە بە یەک کەرت. بەمجۆرە لێرەدا دژەسازی دێتە ئاراوە: چونکە ئنسان ناتوانێت بە شێوەیەکی سیستەماتیکی کەرتە هەرگیز کۆتایی نەهاتوەکان بژمێرێت. ئەمانە پلەیەکی بەرزتریان لە ناکۆتا هەیە. هەتا پلەی ناکۆتا گەورەترن لە هەر سێتێکی ڕێژەکان یاخود سێتی هەموو ژمارە ساغەکان whole numbers.

cantor

له‌ دواییدا به‌رده‌وام بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ پیشانی بدات که‌ ئه‌مه‌ خاڵی وه‌ستان، یان دوا وێستگە نییه‌، هه‌ر به‌ هه‌قیقه‌تیش ئه‌مه‌ خاڵی وه‌ستان نییه‌ و له‌ هیچ شوێنێکیشدا ناوه‌ستێت. ته‌نانه‌ت ناکۆتایه‌کی گه‌وره‌تریش هه‌یه‌ که‌ ناخرێته‌ به‌رانبه‌ر هیچ که‌رتێکی ناکۆتای تر، ئه‌و ناکۆتایه‌ ناکۆتایه‌کی تر له‌سه‌ری که‌ڵه‌که‌ ده‌بێت و هه‌تا هه‌تایه‌ هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت. گه‌وره‌ترین ناکۆتا بوونی نییه‌. ئه‌مه‌ چۆن ئاوایه‌، ئنسان ده‌توانێت له‌ نمونه‌یه‌کی ساده‌ی کۆتاداره‌وه‌ سه‌یر بکات. ئه‌گه‌ر سێتێکی(لقێکی) سێ ئەندامیمان هه‌بێت، بۆ نمونه‌ ئەندامەکانی بریتین له‌ پاشا، پروشه‌ و لانکۆ، پاشان ئه‌گه‌ر بپرسین ژماره‌ی سه‌بسێته‌کانی(پەلەکانی) ئه‌م سێته‌ چه‌ندن؟ به‌ڵام سێتێک هه‌یه‌ که‌ به سێتی‌ به‌تاڵ ناو ده‌برێت و به‌ پێی یاسا هیچ یه‌کێک له‌م ئەندامانە له‌ باوه‌ش ناگرێت، پاشان سێ سێتی تر هه‌ن که‌ هه‌ر یه‌که‌یان بۆ خۆی ته‌نها ئەندامێک له‌ خۆده‌گرن، واته‌ سێتێک پاشا، سێتێک پروشه‌ و سێتێکیش لانکۆ، ئنجا سێ سێتی تر دێن که‌ هه‌ر یه‌که‌یان دوو له‌م ڕه‌گه‌زانه‌ له‌ خۆده‌گرن، پاشا و پروشه‌، پاشا و لانکۆ، پروشه‌ ولانکۆ، پاشان سێتێک که‌ هه‌ر سێکیان پێکه‌وه‌ له‌خۆده‌گرێت، به‌مجۆره‌ ژماره‌ی کۆی هه‌مووی ده‌کاته‌ هه‌شت، واته‌ دو توان سێ 23‌، لێره‌دا بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که‌ هه‌ر سێتێک کۆتا یان ناکۆتا، ناشێت کۆکراوه‌ی هه‌موو سه‌بسێته‌ ئیحتیماله‌کان به‌ جۆرێک ڕیکبخرێت که‌ له‌گه‌ڵ سیته‌که‌ خۆیدا ملکه‌چی سیسته‌می یه‌ک – بۆ – یه‌ک بێت. کاتێک مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سێتی ناکۆتادا ده‌که‌ین، هه‌میشه‌ له‌ ناکۆتا گه‌وره‌تره‌. کانتور به‌مجۆره‌ هه‌وڵده‌دات که‌ قه‌ڵای هه‌رگیز دوایی نه‌هاتووی ناکۆتامان بۆ بنیات بنێت، زیاتر له‌ سیستەمی پەیژەیی یان پلیکانەیی‌ ده‌چێت که‌ به‌ره‌و ئاسمان بڕوات، چونکه‌ هه‌رگیز دوایی نایه‌ت. لێره‌دا ناکۆتا ژمێردراوه‌کانمان هه‌یه‌ که‌ له‌ ژماره‌ ئاساییه‌کان دروست بوون، و له‌و لاشه‌وه‌ ژماره‌ که‌رته‌ هه‌رگیز کۆتایی نه‌هاتووه‌کانمان هه‌یه‌ و به‌سه‌ر پەیژەکاندا به‌ره‌و ناکۆتای ڕه‌ها ده‌ڕوات که‌ ئه‌مه‌ش شتێکه‌ ئنسان ده‌توانێت ته‌نها به‌ شێوه‌یه‌کی فۆرمالی پێناسیان بکات بەڵام وه‌ک شتێکی دیاریکراو بنیات نانرێت.

سه‌رتاپای سه‌رکردنه‌ سه‌ر ناکۆتا و به‌ر‌جه‌سته‌کردنی له‌ دوتوێی ماتماتیکدا، به‌ چه‌مکێکی چه‌ندایه‌تی وه‌ها که‌ بتوانیت بێنه‌وبرده‌ی له‌گه‌ڵدا بکه‌یت و تیۆرمی له‌سه‌ر بسه‌لمێنیت، له‌و ڕۆژگاره‌دا له‌ ئه‌ڵمانیا ته‌واو پێگه‌ی مشتومڕ بوو، به‌ تایبه‌ت که‌ بۆ یه‌که‌مجار هاته‌ ئاراوه‌. کانتور خۆشی بۆ زه‌مه‌نێکی درێژ‌خایه‌ن له‌ دونیای ماتماتیک دورکه‌وته‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ ئاکامی ئەو‌ خه‌مۆکییه‌ سه‌خته‌ی توشی بووبوو، جگه‌ له‌وه‌ی که‌ خه‌ڵکانێکی به‌ ده‌سه‌ڵات و ده‌ستڕۆیشتووده‌یان شکاند و ڕه‌زیلیان ده‌کرد، چونکه‌ خۆشییان به‌م باسانه‌‌ نه‌ده‌هات و به‌ به‌شێکی ماتماتیکیی یاخیگه‌رانه‌یان له‌ قه‌ڵه‌مده‌دا. له‌و ماوه‌ زه‌مه‌نییه‌ی کانتور له‌ ماتماتیک دورکه‌وته‌وه‌، به‌ ته‌نها سه‌رقاڵی خوێندن و کارکردن بوو له‌سه‌ر مێژوی ماتماتیک، به‌ڵام ئایدیا و هزره‌کانی له‌ لایه‌ن خه‌ڵکانێکی دیار و پایه‌به‌رزی کڵێسه‌ی کاتۆلیکی ئه‌ڵمانه‌وه‌ به‌ ‌هه‌ند، گرنگ و په‌رۆشه‌وه‌ وه‌رگیران، چونکه‌ تیۆلۆژیسته‌کانی کاتۆلیکی بۆیان ده‌رکه‌وت که‌ کانتور ڕێچکه‌یه‌ک یاخود میتۆدێکی داڕشتوە‌ بۆ حلکردنی ئه‌م پارادۆکسه‌ قه‌دیمییانه‌ی سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که‌ ئایا بونی چه‌مکی ناکۆتا له‌ ماتماتیکدا ته‌حه‌دایه‌کی تیۆلۆژییه‌ له‌ هه‌مبه‌ر خوداوه‌ندا، هه‌روه‌ها خۆ ئه‌گه‌ر ئنسان قه‌رار بدات و بڵێت که‌ ده‌شێت ناکۆتا له‌ گه‌ردوندا هه‌بێت، ئه‌مه‌ش دیسانه‌وه‌ ته‌حه‌دایه‌که‌ له‌ به‌رانبه‌ر مه‌زه‌بی تیۆلۆژی له‌مه‌ڕ نایابی و گه‌وره‌یی خوداوه‌ند به‌ شێوە ته‌قلیدییه‌که‌ی. لێره‌دا بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که‌ چۆن ته‌فسیرکردنی ئاسته‌ جیاجیاکانی ناکۆتا و جیاکردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات که‌ ته‌نها یه‌ک جۆر ناکۆتا بوونی نییه‌، ئه‌مه‌ش بۆ خۆی له‌ لای تیۆلۆژیستان شتێکی نوێ ‌بو، هه‌ر بۆیه‌ش کانتور سه‌یری کرد که‌ پسپۆڕانی ئایینی زیاتر له‌ ماتماتیکناسان بۆ مه‌سه‌له‌که‌ به‌ په‌رۆشن. حه‌ماسه‌تی ماتیکناسان بۆ لێکدانه‌وه‌ی کانتور دوایی ته‌شه‌نه‌ی کرد و ئێستاش چه‌مکی کانتور به‌ به‌ردی بناغه‌ی تێگه‌یشتنی ماتماتیکی داده‌نرێت له‌ له‌مه‌ڕ پرسی سێته‌ ناکۆتاکان و دونیای ناکۆتادا.

ئایا له‌ توانستی ئێمەی مرۆدا هه‌یه‌ که‌ ناکۆتای فیزیکی له‌ ژورێکی تاقیگه‌دا به‌ده‌ست بهێنین؟ یاخود ئایا گرنگە کاتێک حسابات ده‌که‌ین و ئه‌نجامی حساباته‌که‌ هێمای ناکۆتامان بۆ ده‌رده‌چێت؟ به‌ ڕاست ئه‌م دیارده‌یه‌ بۆ هه‌یه‌؟ ئه‌وەی پێویست ده‌کات بیکه‌ین ئه‌وه‌یە  که‌ ده‌بێت جارێکی تر تاقیکردنه‌وه‌که‌ دوبارە بکه‌ینه‌وه‌ و ئه‌مجاره‌ باشتر هه‌وڵبده‌ین و ئه‌نجامه‌کەش به‌هایه‌کی نزیکی approximation بێت و دیسانه‌وه‌ تاقیکردنه‌وه‌که‌ دوباره‌ بکه‌ینه‌وه‌ و به‌هاکه‌ش نزیکتر بێت، هه‌تا ده‌ره‌نجامه‌ ناکۆتاکه‌ خۆی دیارنامێنێت. خۆ ئەگەر ئەندازیاری فڕۆکە بیت، خەریکی خوێندنی هاتوچۆی هەوای ناو باڵە هەواییەکانی فڕۆکە بیت، ئەوا جار جارە پێشبینی ئەوە دەکەیت کە لەپڕ گۆڕانێکی ناکۆتا دروست دەبێت لە جەرەیانی هەوادا. ئەمە هەموو ئیشارەن بۆ ئەوەی کە لە هاوکێشەکەتدا وەک پێویست هیچ حسابێکت بە تەواوی بۆ لێکخشاندنی هەوا نەکردوە، ئەمەش دەبێت بەهۆی ئەوەی ڕوبەروی شەپۆلێکی شۆک ببیتەوە – کە گۆڕانێکی لەپڕە – بەڵام ناکۆتای خێرا نییە. بەمجۆرە قوتابخانەیەکی بیروڕا لە زانستی فیزیکیدا دێتە ئاراوە بۆ تەفسیکردنی ئەم دیاردانە، بێگومان بڵاوترینیان لە بابەتی ئەندازیاری وەک لەم بابەتەدا ئەوەیە کە ناکۆتا بە هەقیقەت بریتییە لە دەرەنجامی کەموکوڕی لە مۆدڵکردن و وەسفی ناتەواو، خۆ ئەگەر هەر بەڕاستیش زیاتر خۆت هیلاک بکەیت، ئەوا دیار نامێنن.

یه‌کێک له‌و بواره‌ به‌رینانه‌ی له‌ ساڵانی دواییدا هاتۆته‌ ئاراوه‌ و ناکۆتا له‌ ناویدا هاتوچۆ ده‌کات و بوە بەهۆی خوڵقاندنی مشتومڕگەلێک بریتییە لە گەڕان لە دوی تیۆری بنەڕەتی تەنۆلکە بنەڕەتییەکان. هەتا ساڵی 1980 و بۆ ماوەی نزیکەی چل ساڵێک، تیۆرییە کارپێکراوەکانی فیزیکی تەنۆلکەکان ڕوبەڕوی گرفتی ناکۆتا دەبونەوە، کاتێک حساباتت دەکرد، دەتتوانی پێشبینی ئەوە بکەیت کە ئەنجامی تاقیکردنەوەکان چین، بەڵام وەڵامی ناکۆتات لەم پێشبینییانە دەست دەکەوت. بەڵام کاتێک دوو وەڵاممان دەست دەکەوت، یەکێکیان بەهایەکی ماقوڵ، واتە ژمارەیەک و ئەوی تریان هیمای ناکۆتا بوو، دەمانتوانی لایەنی ناکۆتاکە فەرامۆش بکەین و بەمجۆرەش خۆمانی لێ لادەدا و کۆنترۆڵی تاقیکردنەوەکەمان دەکرد. وەڵامە ژمارەییەکە یاخود بە واتایەکی تر بڵێین کە بەهاکە ناکۆتا نییە، لەگەڵ سەرنجدان و ڕاماندا تەریب دەبێت و ئێمەش بە کارەکەمان ڕازی دەبین. بەڵام خەڵک هەمیشە وا بیردەکەنەوە کە میکانیزمی کارکردنەکە بۆ ئەم مەبەستە میکانیزمێکی دروست نییە، چونکە بۆچ دەبێت کە وەڵامە ناکۆتاکە هەروا و لە خۆڕا فەرامۆش بکرێت، ئەمەش تەنها لەبەرئەوەی دەمانەوێت پرۆسەکەمان نۆرماڵ بێت، بەڵکو پێویستە کارێکی وەها بکەین، یاخود بە ڕیگایەکی تر کارەکە بکەین کە لە حساباتەکەماندا ناکۆتا دەرنەکەوێت.بەمجۆرە ئەوەی لە فیزیکی تەنۆلکەکاندا ڕویدا ئەوەبو کە لادان و فەرامۆشکردنی دەرەنجامە ناکۆتاکە بووە بنەمایەکی ڕێنمایی لە توێژینەوەدا بۆ بەدەستهێنانی باشترین ئەنجام، هەتا لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردودا، بوارێکی تر لە زانستدا لەدایکبوو کە بە تیۆری ژێ[iii] string theory ناسراوە، ئیتر ڕۆژنامە و گۆڤار و میدیا کەوتنە بڵاوکردنەوەی بابەت لەسەر ئەم تیۆرییە نوێیە، بە ڕاستیش زۆر بە پەرۆشەوە لە هەموو لایەکەوە پێشوازی لەم تیۆرە کرا. هۆکاری ئەم گەرموگۆڕییەش ئەوەبوو کە بۆ یەکەمجار لەم تیۆرییەدا، واتە تیۆری ژێ، تیۆری تەنۆلکە بنەڕەتییەکان بوو کە پرسی دەرەنجامی ناکۆتای حلکرد و ناکۆتا لە مەسەلەکەدا دەرنەکەوت و بووە تیۆرییەکی کۆتادار(سنوردار). ئەم مەسەلەیە زۆر سەرنجڕاکێش بوو، بە تایبەت لە بوارەکانی ئەندازەکارییدا و ئێستاش لە فیزیکی سەرەتاییدا. ویستی ئنسان بۆ خۆلادان لە پرسی ناکۆتا پرینسپێکی زۆر بەهێزە بۆ ئەوەی بتوانێت لە گەڕاندا سەرکەوتوو بێت بۆ دۆزینەوەی تیۆرییەکی باشتر.

ناکۆتا، زۆر بە زەقی لە بوارێکی تردا دێتە ئاراوە، ئەویش ئەسترۆنۆمییە، کە بریتیە لەو وێنەیەی گەردون کە هەمانە. ئەگەر بڕوانینە ئەو چەمکەی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا دەربارەی گەورەبونی[iv](expanding)(یان کشانی) گەردون هەیە، واتە لە یەکتر دورکەوتنەوەی هێشوە گالاکسییەکان لەگەڵ گوزەری زەمەندا. جا گەردون یا بۆ هەتاهەتایی هەر بەردەوام دەبێت لە گەورەبون و کشاندا و یاخود ده‌ره‌نجام دەگەڕیتەوە و لە پڕ کرتەیەکی گەورە دەکات، به‌مه‌ش سیناریۆیه‌کی کارەساتی بچکۆله‌ له‌دایکده‌بێت.  به‌ریتانییه‌کان له‌م نێوه‌نده‌دا تیۆرییه‌کی میانه‌ڕه‌ویان هه‌یه‌. به‌ڵام له‌ ڕۆژگاری ئه‌مڕۆدا تیۆری کشانی هه‌تاهه‌تایی گه‌ردون ته‌واو له‌ ناوه‌نده‌ ئه‌سترۆنۆمییه‌کاندا زاڵه‌، گه‌ردونیش له‌ ڕابردودی نزیکدا کشانه‌که‌ی تاوی سه‌ندوه‌ و خێرابوه‌. ئه‌گه‌ر بڕوانینه‌ ئه‌مانه‌، ئه‌وا بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که‌ جۆرێک‌ دیارده‌ی ناکۆتای به‌قودره‌ت و ناکۆتای حه‌قیقی واری ده‌که‌ن. لێره‌دا ناکۆتای به‌قودره‌ت ده‌بێت چی بێت؟ ئه‌گه‌ر له‌ یه‌کێک له‌م گه‌ردونانه‌دا که‌ به‌ره‌و کشانی هه‌تاهه‌تایی هه‌نگاوده‌نێن، ئه‌وا بێگومان ناکۆتای به‌قودره‌تی زه‌مه‌ن به‌ ئاڕاسته‌ی ئایینده‌ بونی هه‌یه‌، له‌ ڕاستیدا و له‌م جۆره‌ گه‌ردونانه‌دا قه‌باره‌ی فه‌زاش ناکۆتایه‌. نمونه‌یه‌کی تری ناکۆتای به‌قودره‌ت ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌گه‌ر له‌ که‌شتییه‌کی ئاسمانیدا بین و هه‌ر به‌رده‌وام بێت له‌ ڕۆیشتندا، ئه‌وا هه‌رگیز ناگه‌ینه‌ که‌ناری ئه‌م گه‌ردونه‌، ئه‌مه‌ش چونکه‌ که‌ناری گه‌ردون بونی نییه‌. هه‌روه‌ها لێره‌دا پێشنیاری ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ که‌ ناکۆتای حه‌قیقیش له‌ هه‌مان گه‌ردوندا بونی هه‌یه‌، له‌ حاڵه‌تی سه‌ره‌تا و له‌ حاڵه‌تی دوایشدا هه‌ر یه‌ک له‌ چڕی و گه‌رمی وه‌ک هه‌ر شتێکی تر له‌ پله‌ی ناکۆتادان. ‌ئه‌م پرسه‌ هێشتا جێگه‌ی مشومڕه‌، بۆ نمونه‌ ئه‌گه‌ر فیزیکناسێکی ته‌نۆڵکه‌کان یان ئه‌ندازیارێک سه‌یری ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ بکات، ئه‌وا وه‌ک هه‌ر ناکۆتایه‌کی تر حسابی بۆ ده‌کات، واته‌، هه‌روه‌ک له‌وه‌به‌ر ئیشاره‌مان پێدا، وه‌ک هێمایه‌ک سه‌یری ده‌کات و وه‌ها بۆی ده‌چێت ئه‌گه‌ر خۆمان زیاتر هیلاک بکه‌ین ئه‌وا ده‌توانین فه‌رامۆشی بکه‌ین و ده‌ره‌نجامێکی باشترمان ده‌ست بکه‌وێت، چونکه‌ تیۆرییه‌کی وه‌هامان نییه‌ که‌ بتوانێت مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ناوەندێکی چڕی زۆر زۆر به‌رزدا بکات، واته‌ ئه‌و تیۆری کێشکردنه‌ی کاری پێدەکە‌ین و هه‌مانه‌ له‌م گه‌ردونی به‌ره‌و کشانه‌دا له‌وه‌دا شکستی دەهێنێت که‌ بتوانێت هه‌موو شتێک له‌م ناوه‌نده‌ چڕانه‌دا له‌خۆبگرێت، دور نییه‌ گه‌ردون بچێته‌ پلەیەکی تره‌وه‌، که‌ هه‌ڵبه‌زێته‌وه‌، یاخود بچێته‌ حاڵه‌تێکی وەستاو(ستاتیک) که‌ به‌ هیچ جۆرێک ناکشێت و دوای ئه‌مه‌ ئنجا گه‌ردون به‌ره‌و کشان ده‌چێت. خه‌ڵکانێکیش هه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕایه‌دا کۆکن که‌ ئه‌م جۆره‌ وه‌سفکردنه‌ کۆمپلیت نییه‌، چونکه‌ ئێمه‌ هه‌موو شتێک نازانین کە بۆ تێگه‌یشتن له‌م ناکۆتایانه‌ پێویستن، به‌ڵام چه‌ند هۆکارێکی سه‌رنجڕاکێش هه‌ن که‌ بۆچی هێشتا چاوه‌ڕوانی ڕودانی ئه‌م ناکۆتایه‌ ده‌که‌ین، ته‌نانه‌ت کاتێک هه‌موو فیزیکیش ده‌خه‌ینه‌ دووتوێی مه‌سه‌له‌که‌وه‌. ئه‌مه‌ ڕای که‌سێکی وه‌ک ڕۆجه‌ر پێنڕۆزه‌، به‌ڵام تێڕوانینی ستیڤن هاوکین، کۆکه‌ له‌گه‌ڵ مندا که‌ ئه‌مه‌ ناکۆتایه‌کی ڕاست نییه‌، ئه‌م گه‌ردون کشانه‌، ئه‌گه‌ر له‌ حاڵێکدا ده‌ستیش پێ بکات، ئه‌وا له‌ چڕییه‌کی سنورداره‌وه‌ ده‌ست پێده‌کات. به‌مجۆره‌ سه‌ره‌تایه‌کمان هه‌یه‌ که‌ حاڵه‌ته‌که‌ی سنورداره‌ یاخود سه‌ره‌تایه‌کمان هەیە که‌ حاڵه‌ته‌که‌ی ناکۆتایه‌.

داستانه‌که‌ زیاتر سه‌رنجراکێشه‌ ئه‌گه‌ر ته‌رکیز بخه‌ینه‌ سه‌ر ئه‌و گه‌ردونه‌ی که‌ ده‌ستده‌کات به‌ کشان و گه‌وره‌بون و هه‌تا ده‌گاته‌ پله‌ی ئه‌وپه‌ڕ و له‌ داهاتودا له‌ پڕ گه‌ردون دەچێتە قەیرانێکی گەورەوە. بەو شێوەیەی ئەمڕۆ گەردونم خستۆتەڕو لەگەڵ ئەو شێوەیەی لەوەبەر پیشانم داوە، ئەوا گەردون زیاتر شێوەیەکی هەرمێیی بە ئاڕاستەی ڕابڕدو هەبووە و ئەم شێوە هەرمێیە ئاڕاستەکەی بەرەو ئایندە دەبێت. واته‌ ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی که‌ له‌ ئه‌مڕۆدا به‌ بیگ بانگ یاخود ته‌قینه‌وه‌ی مه‌زن ناسراوه‌. ئه‌م پرۆسه‌یه‌ی چونه‌یه‌ک له‌ هه‌مان کاتدا هه‌موو شتێک به‌یه‌که‌وه‌ ده‌گرێته‌وه‌، هیچ مرۆڤێک ئه‌م پرۆسه‌ی ناکۆتایه‌ به‌دی ناکات، ئه‌مه‌ش چونکه‌ هه‌موو که‌سێک و له‌ هه‌موو شوێنێکدا به‌یه‌که‌وه‌ ڕوده‌ده‌ن.

به‌ڵام ئه‌وه‌ی شایانی باسه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ گه‌ردون له‌ هه‌مو شوێنێک به‌ ته‌واوی وه‌ک یه‌ک نییه‌. له‌ هه‌ندێک جێگا گالاکسی هه‌یه‌ و له‌ هه‌ندێک شوێن نییه‌. به‌مجۆره‌ ئه‌گه‌ر ویستمان له‌ شوێنێکه‌وه‌ بۆ شوێنێکی تر کشانی گه‌ردون زۆر به‌ وردی بپێوین، ئه‌وا تۆزێک جیاوازی به‌دی ده‌که‌ین. جیاوازییه‌که، هه‌تا بڵێیت بچکۆله‌یه‌، ده‌توانین بڵێین یه‌ک له‌ سه‌د هه‌زاره‌، که‌ ئه‌مه‌ش به‌هایه‌کی زۆر بچکۆله‌یه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی زه‌مه‌ندا، گه‌وره‌ و گه‌وره‌تر ده‌بێت، ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ندێک ده‌ڤه‌ری گه‌ردوندا، ناوچه‌ی وه‌ها چڕ هه‌ن که‌ ده‌ڵێیت خه‌ریکه‌ ده‌ڕمێت و هه‌ره‌س ده‌هێنێت و ده‌بێته‌ چاڵه‌ ڕه‌شێک و ده‌ڵێیت له‌ ئایینده‌دا حاڵه‌تی چڕی ناکۆتا په‌یدا ده‌بێت، به‌مجۆره‌ ده‌بینین که‌ وێنه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی گه‌ردون ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ هه‌ندێ شوێنی جیای گه‌ردون و له‌ زه‌مه‌نی جیاوازدا ‌خۆی ده‌دا له‌ ناکۆتا. ئه‌مه‌ زۆر ترسناکتره‌، چونکه‌ ئه‌گه‌ر له‌ کاتێکدا ئێمه‌ له‌ جوڵه‌دا بین به‌ ئاڕاسته‌ی ناکۆتا، ئاوڕێک به‌ره‌و دواوه‌ بده‌ینه‌وه‌، ئه‌وا هه‌ست ده‌که‌ین که‌ ئیشاره‌مان پێدەگات‌. بە دڵنیاییەوە، ئه‌مه‌ ئه‌و ناکۆتایه‌یه‌ که‌ ئه‌رستۆ خوازیاری بینینی نییه‌ و ته‌نانه‌ت ڕۆجه‌ر پێنڕۆزیش حه‌ز به‌ بینینی ناکات و ماوه‌یه‌کی زۆر له‌مه‌وبه‌ر ئایدیایه‌کی پێشکه‌شکرد‌ که‌ خه‌ڵکانی کۆسمۆلۆژی و تیۆریستانی نیسبی کاریان له‌سه‌ر ده‌کرد، به‌ڵام له‌ ئاکامدا ورده‌ ورده‌ ده‌ستبه‌رداری بوون. ئایدیاکه‌ی ڕۆجه‌ر پێنڕۆز بریتی بوو له‌ شتێک که‌ به‌ سانسۆری گه‌ردونی ناسرابوو، ئایدیاکه‌ به‌جۆرێکه‌ که‌ ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر ناکۆتاله‌ چڕی یاخود پله‌ی گه‌رمادا به‌ده‌رکه‌وێت، ئه‌وا هه‌رگیز کاریگه‌رییان له‌سه‌ر دونیای ده‌ره‌وه‌ نابێت، به‌ڵکو ته‌نها له‌ ناو چاڵه‌ ڕه‌شه‌کاندا خول ده‌خۆن و ده‌چه‌قن. مه‌به‌ست له‌مه‌ چییه‌؟ ئه‌گه‌ر ماده به‌ره‌و ماده‌ی تر بچێت، چڕی زیادده‌کات و سه‌ره‌نجام کایه‌ی کێشکردن هێنده‌ به‌هێز ده‌بێت که‌ چیتر هیچ شتێک ناتوانێت له‌م ده‌ڤه‌ره‌ هه‌ڵبێت و ڕابکات، ته‌نانه‌ت ڕوناکیش ناتوانێت لێی ده‌رچێت. به‌مجۆره‌ ده‌ڵێین که‌ چاڵه‌ ڕه‌شه‌کان دروستبون و ماده‌که‌ش شتێک له‌خۆده‌گرێت که‌ پێی ده‌ڵێن ڕوداوی ئاسۆ، یاخود ئاسۆی چاڵه‌ ڕه‌شه‌کان. خۆ ئه‌گه‌ر له‌ نێو ئه‌م ئاسۆیه‌دا بین، شته‌کان تەواو ئاسایی دێنه‌ به‌رچاو، وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌ له‌م ژوره‌دا بین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت جێگاکه‌ به‌جێ بهێڵین و بگه‌ڕێینه‌وه‌، ئه‌وا شکست ده‌هێنین. ئه‌مه‌ش چونکه‌ یاساکانی فیزیک ئه‌و ده‌رفه‌ته‌مان ناده‌نێ که‌ بتوانین هێنده‌ ووزه‌ به‌رهه‌م بهێنین که‌ بتوانین هێنده‌ی ڕوناکی خێرا بڕۆین، هه‌ر بۆیه‌ش فه‌شه‌ل ده‌هێنین و ناتوانین ڕابکه‌ین. خۆ ئه‌گه‌ر له‌ ده‌ره‌وه‌ بیت و له‌ چه‌قه‌که‌یدا چڕی ناکۆتا بێت، ئه‌وه‌ی له‌وێ ڕوده‌دات هیچ کاریگه‌ری نابێت له‌سه‌رمان، چونکه‌ به‌ پێی یاسای پاراستنی(یان مانەوە)  conservation ی فیزیک ئه‌وه‌ی له‌ چه‌قی چاڵه‌ ڕه‌شه‌کاندا[v] black holeڕوده‌دات کاریگه‌ری نابێت له‌سه‌ر ده‌ره‌وه‌. به‌مجۆره‌ گریمانی سانسۆری گه‌ردونی ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌موو ناکۆتاکان، هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌ تاکێتی[vi] singularitiesناوده‌برێن، به‌رگی ئاسۆی ڕوداو ده‌پۆشن. له‌ گه‌ردوندا ناکۆتای ڕوت بوونی نییه‌ که‌ بتوانین بیبینین و به‌ ئیشارەی ڕوناکی کارلێکردنمان له‌گه‌ڵدا بکه‌ن یاخود هه‌ست به‌ هێزی ڕاکێشانی بکه‌ین.

ئایدیاکه‌ به‌ ته‌واوی وه‌ک ده‌ره‌نجامێکی تیۆری نسبی گشتی ئاینشتاین نه‌سه‌لمێنراوه‌، به‌ڵکو هه‌وڵدانه‌کان بۆ سه‌لماندنی ئه‌مه‌ گه‌لێک سه‌رنجڕاکێشن و ئه‌وه‌شمان بۆ ئاواڵه‌ ده‌کەن که‌ سروشت چۆن کارده‌کات. بۆ نمونه‌ ئه‌گه‌ر چاڵه‌ ڕه‌شێکمان هه‌بێت و بسوڕێته‌وه‌، ئه‌وا بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که‌ له‌ سوڕانه‌وه‌که‌دا چاڵه‌ ڕه‌شه‌که‌ خێرایی شلۆقی  critical speed هەیە‌ و ئه‌گه‌ر له‌م خێراییه‌ تێپه‌ڕی ئه‌وا ئاسۆکه‌ دیار نامێنێت و له‌ توانادا هه‌یه‌ له‌ چه‌قی چاڵه‌ ڕه‌شه‌که‌دا چڕی ناکۆتا به‌دی بکرێت. ئه‌گه‌ر تاقیکردنەوەیەکی ئەقڵی[vii] واری بکەین و مۆدڵێکی ماتماتیکییانه‌ی چاڵی ڕه‌ش له‌ خه‌یاڵی خۆماندا دروست بکه‌ین و چاڵه‌ ڕه‌شه‌که‌ بکه‌وێته‌ خولانه‌وه‌ به‌ڵام به‌ خێراییه‌کی که‌متر له‌و خێراییە خەتەرناکەی  سه‌ره‌وه‌، پاشان ئه‌گه‌ر ته‌نۆلکه‌یه‌کمان هه‌بێت و ئه‌ویش بخولێته‌وه‌ و بە ئاڕاستەی چاڵه‌ ڕه‌شه‌که‌ بجوڵێت و چاڵه‌ ڕه‌شه‌که‌ ده‌یگرێت و بۆ خۆی ڕاپێچی دەکات، بەڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ یاسای گۆشەیی خولانەوە و تەوژم momentum پارێزراوه‌، ئه‌وا خولانه‌وه‌ زیادەکەی ته‌نۆلکه‌که‌ ده‌چێته‌ سه‌ر خولانه‌وه‌‌ی چاڵه‌ ڕه‌شه‌که ‌و ده‌بێت به‌ هۆی زیادبوونی خولانه‌وه‌که‌ی و خێراییه‌که‌ی به‌ جۆرێک که‌ دیسانه‌وه‌ خاڵی خێرایی شلۆق ده‌بڕێت و تاکێتی پوختمان به‌ده‌ست ده‌که‌وێت.‌ به‌ڵام مه‌سه‌له‌که‌ له‌ پرسی تیۆری نسبی گشتیدا به‌ جۆرێکی تره‌، چونکه‌ لێره‌دا هێزێکی تازه‌ دێته‌ ئاراوه، که‌ ده‌توانین بڵێین هێزی له‌ یه‌کتر دورکه‌تنه‌وه‌ی نێوان هه‌ردو بابه‌ته‌ خولاوه‌که‌ن، به‌مجۆره‌ کاتێک که‌ ئه‌م ته‌نۆلکه‌یه‌ خه‌ریکه‌ بچێته‌ ناو چاڵه‌ ڕه‌شه‌که‌وه‌ و تاکێتی پوخت دروست بکات، هێزی خوڵانه‌وه‌ی چاڵه‌ ڕه‌شه‌که‌ به‌ پله‌یه‌ک گه‌وره‌ ده‌بێت که‌ ده‌بێت به‌ هۆی دورخستنه‌وه‌ی ته‌نۆلکه‌ خولاوه‌که‌ و ناهێڵێت بێته‌ کایه‌ی چاڵه‌ ڕه‌شه‌که‌وه‌.له‌ ڕاستیدا ئه‌مه‌ ئه‌و جۆره‌ شتانه‌یه‌ که‌ به‌ره‌و ڕومان ده‌بنه‌وه‌، واته‌ هه‌موو ئه‌و بیرۆکه‌ ساده‌ و ساکارانه‌ی که‌ ده‌بێت بە تاکێتی، ناکۆتای پوخت دروست بکه‌ن هه‌میشه‌ به‌ هۆی کارلێکردنی ناسا و ناچیزه‌ی هێزه‌کانی سروشته‌وه‌ شکست ده‌هێنن، هه‌ر بۆیه‌ش خه‌ڵک گومان له‌و مشتومڕه‌ ده‌کەن که‌ ده‌ڵێت له‌ دونیای تیۆری نسبی گشتیدا له‌ گه‌ردوندا ناتوانرێت ناکۆتای پوخت بوونی هه‌بێت.

بەشەکانی تر:

بەشی یەکەم

بەشی سێیەم

پەراوێزەکان:

[i] ئەم مەسەلەی ئوتێل ناکۆتایە دوایی وەک شانۆگەری لە لەندەن لەسەر شانۆ پێشکەشکرا.

[ii]  لە راستیدا ئەم بەشەی سەلماندنەکەی کانتور هەروا ئاسان نییە بۆ خوێنەر لێی تێ بگات، لەبەر ئەوە هیوادارم خوێنەری خۆشەویست زۆر هیلاک نەبێت بە دەستیەوە چونکە خۆشم لەسەر کانتور نوسیومە و لە ئایندەدا بڵاوی دەکەمەوە.

[iii] تیۆری ژێ  string theory بریتییە لەو تیۆرەی هەوڵدەدات تەفسیرێکی سەراپایی و یەکگرتوو سەبارەت بە بونیاتی بنەڕەتی گەردون نمایش بکات و تێدەکۆشێت هەموو شتێک تەفسیر بکات. چۆن گەردون دەستی پێکردووە؟ چۆن کۆتایی دێت؟ ئەی گەردون بۆچی بەم جۆرەیە کە ئێستا هەیە و بە جۆرێکی تر نییە کە جیاوازبێت؟ تیۆرییەکە دەیەوێت لە هەموو هێزەکانی ناو مادە تێبگات. ئایا گەردونی تر هەیە؟ ئەمانە پرسیارن و پێویستە وەڵام بدرێنەوە.

[iv] تیۆری گەورەبوون یان کشانی گەردون سەرەتا لە لایەن ئێدوین هەبڵەوە (1889 – 1953) پێشنیازکرا. هەبڵ سەرەتا پارێزەر بوو، بەڵام خولیای چووە سەر ئەسترۆنۆمی و کارەکانی بوون بە سەرەتای شۆرشێکی گەورە و هاوچەرخانەی کۆسمۆلۆژی. کاتێک لە چیای ویلسۆن، لە کالیفۆرنیا، لەسەر گەورەترین بنکەی فەزایی و لە ساڵی 1914 وە وەک ڕاهێنان دەستیپێکرد و شەوانە بە سەرمای زستان کەوتە تۆمارکردن و پێوانی دوری نێوان گالاکسیەکان، سەرنجیدا کە ئەم گالاکسییانە بۆشایی نێوانیان گەورەتر دەبێت، ئیتر ئەمە سەرەتایەک بوو بۆ سەرهەڵدانی تیۆری بیگ بانگ کە ئێستا زۆر بڵاوە. بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت چەمکی گەورەبونی گەردون وێنابکات، ئەوا ئەگەر میزەڵدانێکی گەورەی فووتێکراومان لەبەر دەستدا بێت و لەسەر ڕوکەشی دەرەوەی میزڵدانەکە نوقتەی گەورە گەورەمان هەبێت، ئنجا هەردەم نادەمێک فووبکەینە میزڵدانەکە، هێدی هێدی سەرنج دەدەین کە نوقتەکان لەسەر ڕوی میزەڵدانەکە لە یەکتر دورکەوتونەتەوە.

[v] چاڵە ڕەشەکان black hole: بریتییە لە دیاردەیەکی گەردونی کە هێزی ڕاکێشان دەگاتە ناکۆتا و هیچ تەنێک ناتوانێت لێی هەڵبێت، تەنانەت ڕوناکیش. چاڵە ڕەشەکان کاتێک پێکدێن کە ئەستێرەیەکی زەبەلاح دەمرێت، ئەویش کاتێک لە کۆتایی ژیانیدا بەهۆی تەواوبونی وزەی گەرمی ناوکی ناوەوەی خۆی، ئەستێرەکە دەچێتە حاڵەتی ناسەقامگیری و لە ڕوی هێزی ڕاکێشانەوە بەرەو ناوەوەی خۆی هەرەس دێنێت. بەمجۆرە مادەی ئەستێرە مردووەکە لە هەموو ئاڕاستەکانەوە بەرەو ناوەوە چڕدەبێتەوە بۆ خاڵێک کە قەبارەکەی سفرە و چڕییەکەی دەگاتە پلەی ناکۆتا و پێی دەگوترێت خاڵی تاکێتی، یاخود singularity.

[vi] خاڵی تاکێتی: سەیری پەراوێزی ژمارە 16 بکە.

[vii] مەبەست لە تاقیکردنەوەی ئەقڵی ئەوەیە کە تۆ پێویست ناکات بە شێوەیەکی فیزیکی یان پراکتیکی تاقیکردنەوەکە بکەیت، تەنها ئەوەندە بەسە کە لە ئەقڵدا توانستی خوڵقاندنی ناوەندێکی تاقیکردنەوەت هەیە و بە ئەقڵ پرۆسەی تاقیکردنەوەکە ڕاڤە دەکەیت و پاشان دەگەیتە دەرەنجامەکان. وەک دەڵێن گالیلۆ توانایەکی بەرزی تاقیکردنەوەی ئەقڵی هەبوە.




نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
Chenar

ناکۆتا و ئەودیو ناکۆتا! (بەشی دووەم) Reviewed by Unknown on 2:52:00 م Rating: 5

ليست هناك تعليقات:

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.