Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

دوای 10 ساڵ دابڕان له‌خوێندن دووانه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم یه‌كه‌م‌و سێیه‌م بوون

chya u chnurچیاو چنور، كۆڵیان نه‌دا، دوای 10 ساڵ دابڕان له‌خوێندن (1999 – 2009)، جارێكی تر گه‌ڕانه‌وه‌و له‌پۆلی 12ی ئاماده‌ییدا توانیان پله‌ی‌ یه‌كه‌م‌و سێیه‌م له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌ستبهێنن، به‌وه‌ش خه‌ونی خۆیان به‌جێهێناو ئازاری دڵی دایكیان كه‌متر كرده‌وه‌، كاتێك ناچاربوو له‌به‌ر قورسی بژێوی ژیان له‌خوێندن ده‌ریانبهێنێت.
ئه‌و دوو خوشكه‌ دوانه‌ن‌و له‌ساڵی 1988 له‌ناوچه‌ی‌ شارباژێڕ سه‌ر به‌پارێزگای سلێمانی له‌دایك بوون، دوای ئه‌وه‌ی‌ گونده‌كه‌یان (مه‌مه‌ندئاوا له‌شارباژێڕ) له‌لایه‌ن حزبی به‌عسه‌وه‌ ده‌ڕوخێنرێت، رووده‌كه‌نه‌ سنوری سه‌یدسادق‌و ساڵی 1994 ده‌بنه‌ خوێندكار، تا پۆلی پێنج-ی سه‌ره‌تایی ده‌خوێنن، به‌ڵام ئه‌و ساڵه‌ ته‌واو ناكه‌ن.
ساڵی 1999 چیاو چنور واز له‌خوێندن ده‌هێنن، به‌هۆی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ گونده‌كه‌ی‌ خۆیان، كه‌ئه‌وكات زۆربوون ئه‌و خێزانانه‌ی‌ بۆ بژێوی رۆژانه‌ ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ گونده‌كانیان، به‌ڵام مانه‌وه‌یان له‌گوندی مه‌مه‌ندئاوا به‌یه‌كجاریی نابێت‌و جارێكی تر له‌ 2005 ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌یدسادق دوای ئه‌وه‌ی‌ باوكیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن.
چنورو چیا به‌بێ دوودڵی له‌ڕێی خوێندنی خێراوه‌ ساڵی (2009- 2010) ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ خوێندنگه‌، “ئه‌وه‌نده‌ تامه‌زرۆی‌ گه‌ڕانه‌وه‌بووین بۆ خوێندن هیچ هه‌وڵێك نه‌یتوانی ساردمان بكاته‌وه‌”، چنور وای وت.
به‌پێی سیستمی خوێندنی خێرا كه‌ له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌دایه‌، خوێندكار ده‌توانێت ساڵێك به‌دوو ساڵ ببڕێت، ئه‌وه‌ش بۆ چنورو چیا كارئاسانییه‌كی باش ده‌بێت.
ساڵی یه‌كه‌می چونه‌وه‌یان بۆ خوێندن پۆله‌كانی (پێنج‌و شه‌ش‌و حه‌وت‌و هه‌شت‌و نۆ)، له‌ماوه‌ی‌ سێ ساڵدا ده‌بڕن، دوای ئه‌وه‌ ده‌چنه‌  ئاماده‌یی‌ پیشه‌یی‌ له‌پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌و رۆژانه‌ هاتوچۆیان كردووه‌.
“هه‌میشه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خوێندن به‌شێك بوو له‌بیركردنه‌وه‌م یه‌كێكبوو له‌و بیرۆكانه‌ی‌ كه‌ده‌بوایه‌ ئه‌نجاممبدایه‌ ئه‌و خولیایه‌شمان وای‌ لێكردین به‌سه‌ر كه‌وتووی‌ سه‌رجه‌م قۆناغه‌كان ببڕین”، چیا وای وت.
هه‌رچه‌نده‌ دوای‌ ماوه‌یه‌كی‌ زۆر له‌دابڕان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ خوێندن، به‌لام ئه‌وه‌ بۆ چیاو چنور هیچ له‌كێشه‌كه‌ ناگۆڕێت، چی وتی “خۆشه‌ویستیم بۆ خوێندن نه‌یتوانی‌ به‌جێمان بهێڵێت له‌كاروانی‌ خوێندن”.
چیا حه‌مه‌خان، یه‌كێك ده‌بێت له‌یه‌كه‌مان له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم‌و نمره‌كه‌ی‌ 88.25 بوو، چنوریش یه‌كێك بوو له‌سێیه‌مه‌كان به‌كۆكردنه‌وه‌ی‌ 87.75 نمره‌.
ئه‌و دوانه‌یه‌، زۆرینه‌ی‌ كاته‌كان پێكه‌وه‌ سه‌عییان كردووه‌‌و له‌شه‌وو ڕۆژێكدا زیاتر له‌حه‌وت كاتژمێر خوێندوییانه‌، جگه‌ له‌ئه‌ركی خوێندن، ئیشی ماڵه‌وه‌شیان له‌سه‌ر بووه‌.
چنور وتی “له‌و ماوه‌یه‌ی‌ كه‌سه‌عیمان ده‌كرد به‌كه‌می‌ ته‌له‌فزیۆنمان ده‌بینی، هیچكات ئینته‌رنێت‌و مۆبایلمان به‌كارنه‌هێناوه‌، نه‌مانهێشتوه‌ ئه‌و ئامرازانه‌ ببنه‌ ڕێگر له‌به‌رده‌م خوێندنماندا”، بۆ  ئه‌وه‌ش سوپاسی ماڵه‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌هاوكاریكردنیان.
“ئه‌ركی ماڵه‌وه‌ ده‌كه‌وته‌ سه‌ر شانی دایكم… ئه‌وه‌ی‌ زیاتر ئه‌ركی‌ ئێمه‌و ماڵه‌وه‌ی‌ قورس كردبوو هاتوچۆكردنمان بوو له‌نێوان سه‌یدسادق‌و هه‌ڵه‌بجه‌دا”، چنور وای وت به‌هۆی ئه‌وه‌ی‌ خوێندنی پیشه‌ی‌ له‌سه‌یدسادق نه‌بووه‌.
شیرین قادر، دایكی‌ چیاو چنور، ئێستاش له‌دڵی ده‌رناچێت كاتێك به‌هۆی نه‌بوونی سه‌رچاوه‌ی‌ بژێوی‌ ژیان به‌ناچاریی كچه‌كانی له‌خوێندن ده‌ركردووه‌، “ئه‌وكات نه‌بوونی بژێوی هه‌موو كوردستانی گرتبووه‌وه‌، ئێمه‌ش خێزانێكی‌ 12 كه‌س-ی بوین دوای‌ گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ گوند باوكی‌ منداڵه‌كان كۆچی‌ دوایكرد ئه‌مه‌ش هێنده‌ی‌ تر باری‌ ژیانی‌ قورستر كردین, له‌گونده‌كانیش خوێندنگا كه‌م بوو له‌و گونده‌ی‌ ئێمه‌ خوێندنگانه‌بوو بۆیه‌ نه‌متوانی‌ بیانخه‌مه‌وه‌ به‌رخوێندن”.
“كچه‌كانم زۆر تامه‌زرۆی‌ خوێندن بوون، بۆیه‌ نه‌متوانی‌ ڕێگریان لێبكه‌م… ماوه‌ی‌ سێ ساڵه‌ ڕۆژانه‌ له‌كاتی‌ خوێندندا به‌به‌رده‌وامی‌ هاتوچۆی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كه‌ن ڕۆژانه‌ به‌هۆی‌ خراپی‌ ڕێگه‌وبانه‌وه‌ دڵم له‌لایان بوو”، شیرین وای وت.
چوونه‌وه‌ی‌ چنوورو چیا بۆ خوێندن له‌كاتێكدایه‌ تائێستاش چه‌ندین منداڵ له‌هه‌رێمی كوردستان بۆ په‌یداكردنی بژێوی ژیان ناچاربوون واز له‌خوێندن بهێنن.
شیرین به‌ڵێنیداوه‌ كچه‌كانی چ كۆلێژو زاكۆیه‌كیان به‌ڵد بێت رێگری نه‌كات، ده‌یه‌وێـ حه‌قی دوركه‌وتنه‌وه‌ی‌ كچه‌كانی له‌خوێندن‌و دابڕیانیان بۆ ماوه‌ی‌ 10 ساڵ بكاته‌وه‌.
یه‌كێك له‌مامۆستاكانی چنورو چیا، وه‌سفی ئه‌و دوو خوێندكار دوانه‌یه‌ ده‌كات له‌خوێندن‌و ده‌ڵێـ هیچ كاتی وه‌ڵامی تاقیكردنه‌وه‌كانی ئه‌وان ماندووی نه‌كردووه‌.
رێبین یار ئه‌حمه‌د، كه‌ وانه‌ی‌ ئینگلیزی‌ پێده‌وتنه‌وه‌، وتی “چه‌نده‌ بۆ كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ جێگه‌ی‌ شانازیه‌ هێنده‌یش بۆ من جێگه‌ی‌ شانازییه‌، ئه‌وان دوو خوێندكاربوون ئومێدی ئه‌وم هه‌بوو كه‌بتوانن ئه‌و نمره‌یه‌ به‌ده‌ستبهێنن”.
“زۆر جدی‌ بوون به‌ده‌وامی‌ ڕۆژانه‌وه‌، ڕۆژێك نه‌بینی‌ دواكه‌ون له‌خوێندن یان ئاماده‌نه‌بن له‌هۆڵی‌ وانه‌وتنه‌وه‌”.
چنورو چیا، كه‌ شه‌ش براو دوو خوشكی‌ تریان هه‌یه‌، یه‌كێك له‌براكانیشیان دوای‌ 17 ساڵ دابڕان له‌خوێندن چووه‌ته‌وه‌ خوێندنگه‌و ئێستا مامۆستایه‌.
ئه‌و دوو دوانه‌یه‌ دوای هێنانه‌دی خه‌ونه‌كه‌یان، ده‌ڵێن هه‌ردووكیان یه‌ك ئامانجیان هه‌یه‌، بتوانن به‌قه‌د ئاستی‌ زانستی‌ خۆیان ئه‌و نمره‌یه‌ی‌ به‌ده‌ستیانهێناوه‌ به‌شێكبن له‌خزمه‌تكردنی كۆمه‌ڵگه‌.



نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
Parwarday Maxmur
دوای 10 ساڵ دابڕان له‌خوێندن دووانه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم یه‌كه‌م‌و سێیه‌م بوون Reviewed by Unknown on 3:22:00 م Rating: 5

ليست هناك تعليقات:

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.