Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

توێژه‌رانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و ده‌روونی‌ قوتابخانه‌كان به‌رۆڵی‌ خۆیان هه‌ڵناستن

xwendga

“توێژه‌رێك نه‌توانێت به‌ئارامی گوێ بگرێ ناشتوانێ ئه‌و گرفته‌ چاره‌سه‌ر بكات كه‌ قوتابیه‌كه‌ هه‌یه‌تی”

به‌پێی نوسراوێكی ڕه‌سمی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ده‌بێت له‌سه‌رجه‌م قوتابخانه‌كانی هه‌رێمدا ژووری تایبه‌ت‌و كه‌ل‌وپه‌لی پێویست بۆ توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ده‌روونییه‌كان دابین بكرێت، ئه‌وه‌ش هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ نه‌بوونی بینا‌و شوێنی پێویست نه‌ك هه‌ر بۆ توێژه‌ره‌كان، به‌ڵكو بۆ قوتابی‌و خوێندكاران‌و ئه‌وه‌ش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ توێژه‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ده‌روونییه‌كان ڕۆڵی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان نه‌بینن.

به‌رزان عه‌لی حه‌مه‌ له‌هه‌ولێر

ئه‌گه‌رچی‌ له‌شاری هه‌ولێر‌و ده‌وروبه‌ریدا نزیكه‌ 2018 قوتابخانه‌و 451 هه‌زار قوتابی هه‌یه‌، به‌ڵام نزیكه‌ی 800توێژه‌ری ده‌روونی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ 249یان له‌ناو سه‌نته‌ری شاردان هه‌یه‌، هاوكات له‌شاری سلێمانیش نزیكه‌ی 500 توێژه‌ری ده‌روونی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه‌‌و به‌بۆچوونی پسپۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تیش پێویسته‌ لانیكه‌م بۆ هه‌ر 250قوتابی یه‌ك توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی یان ده‌روونی هه‌بێت.

كه‌ ژوور نه‌بێ گرفت چۆن چاره‌سه‌ر ده‌بێ
سه‌روه‌ر سه‌عید، وه‌ك توێژه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆی‌ ناساند به‌نم نم‌و ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ له‌قوتابخانه‌ی حه‌وتی ئازاری بنه‌ڕه‌تی له‌سلێمانی ده‌وام ده‌كات، به‌ڵام به‌درێژایی دووساڵ ده‌وامكردنی‌ له‌و قوتابخانه‌یه‌ ژوورێكی تایبه‌ت به‌خۆی نه‌بووه‌و ئه‌وه‌ش گرفتی بۆ دروستكردووه‌، “كاتێك توێژه‌ر نه‌توانێت به‌شێوه‌یه‌كی باش چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ منداڵه‌كاندا بكات‌و نه‌توانێت له‌شوێنێكی باشدا به‌ئارامی گوێ له‌منداڵه‌كان بگرێت، كه‌واته‌ نه‌یتوانی ئه‌و گرفته‌ چاره‌سه‌ر بكات كه‌ منداڵه‌كه‌ یان قوتابیه‌كه‌ هه‌یه‌تی ئه‌مه‌ش یه‌كسانه‌ به‌وه‌ی كه‌ كاره‌كانی نه‌چووه‌ به‌ڕێوه‌و بووه‌ته‌ كه‌سێكی ناچالاك له‌قوتابخانه‌كه‌دا”.
ئه‌و توێژه‌ره‌، باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ هه‌ركاتێك منداڵێك كێشه‌ی هه‌بێت، پێویسته‌ دابنیشیت‌و به‌ته‌نیا قسه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌یت، به‌ڵام كه‌ ئه‌و شوێنه‌ نه‌بێت ئه‌وا ناتوانن به‌رۆڵی‌ خۆیان هه‌ستن، “ماوه‌ی دووساڵ شوێنم نه‌بوو ئه‌مساڵ ژوورێكمان بۆ دابینكراوه‌ به‌ڕاستی كار‌و چالاكییه‌كانمان زۆر به‌باشی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت”.

65 قوتابی له‌یه‌ك پۆلدا ده‌خوێنن!!!
ئاری هاوار به‌رپرسی‌ كۆمه‌ڵه‌ی كۆمه‌ڵناسان‌و ده‌رونناسانی هه‌ولێر ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ به‌ده‌ست قه‌یرانی‌ بینای‌ قوتابخانه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، “چوومه‌ته‌ قوتابخانه‌ی شۆڕش له‌هه‌ولێر محازه‌ره‌م هه‌بووه‌ له‌پۆلێكدا 65 قوتابی زیاتر دانیشتووه‌، له‌قوتابخانه‌ی شه‌نگه‌بێری كچان نزیكه‌ی 60 قوتابی له‌پۆلێكدا بوون 50قوتابی له‌پۆلێكدا هه‌ر ئاو خواردنه‌وه‌یه‌، سێ قوتابی له‌سه‌ر یه‌ك ته‌خته‌ دانیشتوون. له‌وڵاتی ئێمه‌دا بایه‌خ به‌زۆر شت ده‌درێت به‌داخه‌وه‌ بایه‌خ به‌قوتابخانه‌ نه‌دراوه‌. ڕێژه‌یه‌كی زۆر توێژه‌رمان هه‌یه‌، به‌ڵام به‌كاری ناهێنین‌و وه‌ك مامۆستا دایانمه‌زراندوون‌و عه‌ره‌بی‌و ئاین‌و مێژوویان پێده‌ڵێنه‌وه‌”.
ناوبراو، ڕه‌خنه‌ له‌به‌رپرسانی په‌روه‌رده‌ ده‌گرێت كه‌ ئاوڕ له‌توێژه‌ره‌كان ناده‌نه‌وه‌‌و ده‌رچووانی‌ به‌شه‌كانی‌ كۆمه‌ڵناسی‌و ده‌روونناسی گرنگیان پێنادرێت‌و له‌بواری‌ پسۆڕی‌ خۆیاندا دانامه‌زرێنرێن، “ئێستا نیسبه‌ دانراوه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌ر 200 بۆ 250 قوتابی توێژه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تییان هه‌بێـت، به‌ڵام ئێستا ڕێژه‌كه‌ به‌و جۆره‌ نییه‌و كه‌متره‌”، هه‌ربۆیه‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر بێت‌و له‌هه‌ر گه‌ڕه‌كێكدا یه‌ك توێژه‌ر هه‌بێت كه‌س پێویستی‌ به‌پزیشك نابێت.
به‌وته‌ی‌ ئاری‌ هاوار توێژره‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و ده‌روونییه‌كانیش بێبه‌ری‌ نین له‌وه‌ی‌ هیچ بایه‌خێكیان پێنادرێت‌و له‌بواری‌ پسپۆڕی‌ خۆیاندا به‌كارناهێنرێن، “من وه‌كو توێژه‌رێك ئه‌گه‌ر بمكه‌یت به‌به‌رپرسی گه‌ڕه‌كێك یان هه‌ر شتێكی تر‌و مانگانه‌ پاره‌كه‌م بۆ بێنیته‌وه‌ ماڵه‌وه‌ به‌حه‌یاتی نایه‌مه‌ پۆله‌كه‌ ئه‌مه‌ش كه‌مته‌رخه‌می توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تیه‌. ئێمه‌ له‌وڵاتێكین فێری ته‌مبه‌ڵی‌و ته‌وه‌زه‌لی‌و دانیشتن‌و كه‌یف‌و سه‌ڵته‌نه‌ت بووین ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ لایه‌نی به‌رپرس نه‌زانێت توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی چییه‌و ئیشی چییه‌؟ “به‌داخه‌وه‌ توێژه‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌قوتابخانه‌كاندا ئایین‌و عه‌ره‌بی‌و مێژوویان پێده‌ڵێنه‌وه‌ بۆیه‌ هێشتا نه‌گه‌شتووینه‌ته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كه‌ ڕاوێژمان پێبكرێت”.

رووبكه‌نه‌ توێژه‌ران نه‌ك شێخ‌و مه‌لا‌و زاهید
به‌بڕوای‌ هه‌ندێ له‌شاره‌زایان له‌زۆربه‌ی وڵاتانی جیهاندا توێژه‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ده‌رونییه‌كان به‌ئیداره‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌ڵێن كۆمه‌ڵگه‌ چیده‌وێت‌و چی ناوێـت؟ به‌ڵام له‌كوردستان تائێستا توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ده‌رونی نه‌یتوانیوه‌ ڕۆڵی سه‌ره‌كی خۆی ببینێت‌و ده‌سته‌ڵاتیش ئه‌و ڕۆڵه‌ی پێنه‌داوه‌‌و كۆمه‌ڵگه‌ش بۆ چاره‌سه‌ركدنی پرسه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ته‌نگژه‌ ده‌روونییه‌كانی خۆی ڕوو له‌ “شێخ‌و مه‌لا‌و پیاوچاكان” ده‌كات.
په‌رله‌مانتار به‌یان ئه‌حمه‌د له‌ لیژنه‌ی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی‌و منداڵ‌و خێزان داوا له‌هاووڵاتیان ده‌كات له‌كاتی‌ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و گرفته‌ ده‌روونییه‌كانیان روو له‌پسپۆڕان‌و سه‌رچاوه‌ زانستییه‌كان بكه‌ن، “ئه‌مڕۆ كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی زۆر زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ كه‌ به‌سه‌ردانی شێخ‌و ئه‌وانه‌ چاره‌سه‌ر ببێت ئه‌وه‌ی باشتر‌و زانستیتره‌ توێژه‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌. پێویسته‌ ئێمه‌ هه‌وڵی‌ ژماره‌یان زیاد بكرێت، ئه‌گه‌ر به‌دامه‌زراندن بێت یاخود سه‌نته‌ری تایبه‌تییان بۆ بكرێته‌وه‌‌و تا ڕۆڵی خۆیان بگێڕن”.
له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ عومه‌ر سوێری، وتاربێژی مزگه‌وتی سه‌واف له‌هه‌ولێر ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ پێغه‌مبه‌ری ئیسلام نه‌خۆشیی موسوڵمانی ناردووه‌ته‌ لای دكتۆر‌و شاره‌زایان، چونكه‌ “پێغه‌مبه‌ر هه‌رگیز چاره‌سه‌ری مادیی فه‌رامۆش نه‌كردووه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چاره‌سه‌ری ڕۆحی‌و دینیشی په‌سه‌ندكردووه‌”.

نه‌بوونی‌ سه‌نته‌ری‌ توێژینه‌وه‌ بڵاوه‌ به‌پسپۆڕان ده‌كات
به‌بڕوای‌ پسپۆڕان حكومه‌تی‌ هه‌رێم كه‌مته‌رخه‌م بووه‌ له‌ئاست توێژه‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و ده‌روونییه‌كان.
جه‌زا حه‌مه‌ ساڵح سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی كۆمه‌ڵناسانی سلێمانی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ له‌وڵاتانی دنیا‌و له‌حكومه‌ته‌ پێشكه‌وتووه‌كان له‌سه‌ر ئاستی نیشتمان‌و نه‌ته‌وه‌ ده‌زگای گه‌وره‌ی ده‌روونناسی‌و كۆمه‌ڵناسی هه‌یه‌ بۆ توێژینه‌وه‌كردن له‌سه‌ر دیارده‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسی‌و كولتوری‌و په‌روه‌رده‌ییه‌كان، به‌ڵام له‌كوردستان ڕۆژانه‌ چه‌ندان كه‌یسی كۆمه‌ڵایه‌تی ڕوو له‌توێژه‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ده‌رونیییه‌كان ده‌كه‌ن به‌هۆی‌ نه‌بوونی‌ سه‌نته‌رێكی لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی كۆمه‌ڵایه‌تی سسیاسی. نه‌توانراوه‌ توێژه‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیی‌و ده‌روونییه‌كان له‌ناوه‌ندێكدا كۆبكرێنه‌وه‌ بۆ دیراسه‌كردنی‌ ئه‌و رووداوو كه‌یسانه‌ی‌ دێنه‌ به‌رده‌میان.
به‌وته‌ی‌ جه‌زا حه‌مه‌ساڵح له‌و وڵاتان حكومه‌ت له‌سه‌ر ئه‌و ڕاسپارده‌و توێژینه‌وانه‌ی توێژه‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ده‌رونییه‌كان ده‌یكه‌ن بڕیار‌و پڕۆژه‌و پلانه‌كانی خۆیان داده‌ڕێژێ‌و هه‌موو وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی وه‌كو په‌روه‌رده‌وه‌، ته‌ندروستی‌و كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستییان هه‌یه‌ كه‌ چه‌ندین سۆسۆلۆژ‌و سایكۆلۆژ‌و پسپۆڕی گه‌وره‌ كاری تیا ده‌كه‌ن، به‌ڵام “به‌داخه‌وه‌ تائێستا له‌لای ئێمه‌ نه‌ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران‌و نه‌سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم‌و نه‌په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌و سه‌نته‌ره‌ی نییه‌ كه‌ توێژینه‌وه‌ی سۆسۆلۆژی‌و سایكۆلۆژی بكات”.

................................................................................................... سه‌رچاوه‌ : ماڵپه‌ڕی خوێندگه‌ | یه‌كه‌مین ماڵپه‌ڕی كوردی تایبه‌ت به‌ خوێندن Source : Xwendga  Website | Kurdish Education Website .................................WWW.XWENDGA.COM.................................  
سه‌رچاوه‌ ماڵپه‌ڕی خوێندگه‌

خوێندنه‌وه‌ی ته‌واوی بابه‌ته‌كه‌


توێژه‌رانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و ده‌روونی‌ قوتابخانه‌كان به‌رۆڵی‌ خۆیان هه‌ڵناستن Reviewed by Unknown on 9:14:00 م Rating: 5

ليست هناك تعليقات: